چەک داماڵین و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان...
2018-06-30 10:03:19
■ڕێبین عبدالرحمن فتاح...
کۆمەڵگەیەکی ئارام بێ گیروگرفت، سەرچاوەی سەرەکی دروست بوونی ژیانێکی سادە و خۆشگوزارەنە بۆ خزمەتکردنی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، چونکە ژیانی مرۆڤ ئەوەندە پەیوەستە بە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ڕێک و پێک، ئەمەش بە پێویستی بە تاکێکی تەندروست و سەغلامە.
چەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەکارهێندراوە ، هەمیشە لەلایەن مرۆڤەکانەوە پەنای بۆ براوە وەکو ئامرازی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەکان. بەدرێژایی مێژووش چەک و ئامرازەکانی چەک ، بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونیان هەبووە، جا لە هەر سەردەمە و بەشێوە و جۆرێک بۆ حسم کردنی ململانیەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا،
بۆیە بوونی چەک پێشینەکی دێرینی هەیە ، لەسەر هەبوونی ئەم پێشینەیەش داماڵینی لە داهاتوودا کارێکی ئاسان نیە بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی.
چەک داماڵین، یان دابڕان لە چەک ، زیاتر لە مەحاڵەوە نزیکە بە قەدەر ئەوەی واقع بێت، چونکە هەرگیز ناتواندرێت کە چەک بەتەواوی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی داببڕێندرێت یان کۆتایی پێ بهێندرێت. لەبەرئەوەی واقعی ململانی مرۆڤایەتی پێویستی بە چەکە، زۆر کاتیش ململانیەکان بەرەو ململانێی توندوتیژ دەڕۆن، مرۆڤیش لەم کاتەدا پەنا دەباتە بەر چەک.
لەهەرێمی کوردستان بەدرێژایی سەدەکانی ڕابردوو و بۆ داهاتوویش کورد هەمیشە لەسەر ئاستی دەرەوەی خۆی پێویستی بە چەک و ئامرازەکانی چەکە لەبەرمبەر دوژمنەکانیدا، چونکە کورد کێشەی بوونی هەیە، ئەوانی تر نکوڵی بوونی دەکەن، ئەم حاڵەتەش پێویستی بە خۆ سەلماندن هەیە بۆ بەرامبەر لەلایەن کورد خۆیەوە، کە لەم ڕووەوە کورد درێغی نەکردووە و هەوڵی سەلمانی بوونی خۆی داوە.
بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەتایبەت دوای دروست بوونی حکومەتی خۆجێی کوردی لە هەرێمی کوردستان، واتا لە دوای ساڵی 1991 وە چەک هەم لای خەڵک و هەم لای هاوڵاتیانیش بوونی هەبووە و بەردەوامیش بوونی دەمێنێ، چونکە خەڵک هەست بە ئەمن و ئارامی ناکات، ئاسایشی لەئاستێکی بەرزدا نیە تا بتوانێت بێ هەبوونی چەک لەماڵەوەی خۆیدا بژی.
بۆیە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە قۆناغی شۆڕش و ڕاپەڕیندا ڕۆشتوون، زۆر کات کۆمەڵگەیەکی چەکخواز بوون و چەک بوونی هەبووە لەو کۆمەڵگەیەدا، چونکە لەدوای هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکان چەکەکان داخلی ناو کۆمەڵگە بووە، خراپی ئەمەش ئەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایبەتییەکانی خۆیان بەکارهێنانی چەکیان بە گونجاو زانیوە و بەکاریان هێناوە، سەرئەمجام کۆمەڵگەیەکی چەکدار درووست بووە کە کۆنترۆڵ کردنی زۆر زەخمەتە، لەبەر ئەوەی سوپایەکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە کە تەنها چەک لەدەستی ئەم هێزە نیشتمانیەدا بێت، نەک حیزب و بنەماڵەو عەشیرەت و ، چونکە زۆرجار حیزبەکانیش بۆ مانەوەی خۆیان چەکیان دژی یەکتر بەکارهێناوە و ئەگەری دووبارە بونەوەشی هەیە، چونکە هەر ئەم پارتانە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.
جا بەم شێوەیە ناتواندرێت داوا لە تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێت کە دەستبەرداری چەکەکانیان بن. داماڵین ، واتا کەمکردنەوەی چەک لە کۆمەڵگەدا نەک بە یەکجاری نەمانی، چونکە خۆی داماڵین مەبەست لێی کەمکردنەوەیە ئەمە بۆ هەردوو ئاستی دولی و ناوخۆش ڕاستە.
زیانەکانی هەبوونی چەک لەکوردستاندا زۆر زیاترە لە سودی، چونکە کێشەی کۆمەڵایەتی زۆری لێ دەکەوێتەوە و حکومەتیش توانای کۆنترۆڵ کردنی نیە، چونکە ئەوە هەر حکومەتە کە مۆڵەت دەدات بە هەڵگرتنی چەک بۆ تاکەکان، ئەمەش سیاسەتی دوو فاقی حکومەتە، کەمکردنەوە هەڵگرتنی چەک لەلایەک و مۆڵەت پێدان بە هەڵگرتنی لەلایەکی ترەوە.
باشترین چارەسەر ئەوەیە کە چەک هەڵگرتن بەشێوەیەکی زۆر کەمکرێتەوە، ئەمەش لەئاستی باڵاوە دابەزێتە خوارەوە نەک بە پێچەوانەوە، و بە یاسا سزایی توندی ئەو کەسانە بدرێت کە چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن و لە کێشەکانیاندا بەکاری دەهێنن، یاسا دەبێت ببێتە سەنگی مەحکی بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا پەنا بۆ چەک دەبەن، ئەم سزایەش نابێ ئیستسنائی بۆ هیچ کەسێک تیادا نابێت، بۆ دوور کەوتنەوە لە بەکارهێنانی چەک لە کۆمەڵگەو کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا.