داهاتووی ئێران بەرەو کوێ؟!
2018-06-29 18:43:08
■عەلی کەریمی..
دوای نزیک بە چل ساڵ حکومەتی ئاخوندیی شیعە و حکومەتێکی تەواو ئیسلامی و نادیمۆکرات و سەرەڕۆ لە ئیران، ئەم رۆژانە هەوا و قسە و باسی ئاخر رۆژەکانی ئەم رژیمە داپلۆسێنەرە هەر دێ لە سەر زار و دمی ناو خەڵک و حکومەتەکانی دنیا و بەتایبەت ئەمریکا زیاتر و گەرمتر دەبێ.
با بپرسین ئەرێ بەڕاست تەمەن یان باشتر بڵێم تاریخی مەسرەفی کۆماری شیعەی ولایەتی فەقێ بە زوویی بەسەر دێ و نامێنێت؟!
کۆمەڵە فاکتەرێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم بۆچوونەمان زیاتر بۆ وەراست دەگەیەنێت کە ئیتر کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە شەرعییەتی مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوای نەماوە.
رژیمی شای ئێران لە ئاخر و ئۆخری ساڵانی ٧٠ی زایینی ئێسکی خۆی لە سەر چەند کێشەیەکی جیهانی وەک سێعری نەوت و گوێڕایەڵ نەبوونی بە رۆژئاوا قورس کرد و هەروەک هەموو دەزانن بە چەند کۆبوونەوەیەکی وەک سەرانی دەوڵەتانی فەرانسە و ئەمریکا و ئینگلیس و ئالمان لە سەرەتای ساڵی ٧٩ لە گوادلۆپ( Guadeloupe Conference) ئاخر بزماریان لە تابوتی خانەدانی پەهلەوی دا و بە یەکجاری لە مێژووی ئێران مەحویان کردەوە.
دیارە ئەوانەی لە بیریان دێ شۆڕش لە ئیران کرا و بە رەواڵەت مەحەمەد رەزای شای ئێران بە شۆڕشی گەلانی ئێران تەخت و تاراجی تێکشکا و لە ئێران دەریان کرد و رژیمەکەشی سەرەونخوون کرا. ئەوەی خۆم لە بیرمە و بەشدار بووم لە بیدایەتی نارازییەکانی شارەکانی ئێران و دواتریش لە کاتی هەڵاتنی شای ئێران، هێزگەلی زۆری وەک تودە، چریک، موجاهید، رێکخراوەکانی خەتی سێ و جبهەی میللی و ... دەور و رۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەڵام ئاخوندێکی شیعە لە نەجەف و دواتر لە لادێیەکی بچوکی فەرانسە (نۆفل لێ شاتۆ - Neauphle-le-Château) هات و لە گەڵ خۆی دەریایەکی بێ بنی لە ئاخوند و عەبا و عەمامە بەسەر هێنا و حکومەتی ئێرانیان دا دەستی و لە ماوەیەکی کەمی یەکدوو ساڵی دا هەرچی نەیار و ئۆپۆزیسۆنی حکومەتی ئیسلامیان بۆ لە ناوبرد و رێگەیەکی ساف و تەختیان بۆ ئامادە کرد بۆ دوو مەبەست:
1- لە ناو بردنی کۆمۆنیستەکان، لە مێژ بوو رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا ترسی داگیر کردنی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان هەبوو لە لایەن یەکێتی سۆڤێتەوە، بە تایبەت ئێران کە رێگای سۆڤیەتی دەکردەوە بۆ دەست گەیشتنی بە ئاوە گەرمەکانی خلیج و باشوری ئێران. (رەنگە ئەگەر ئەمریکا زانیبای رێک ١٠ ساڵ دواتر واتا لە ٨٩ ئەم دێوەزمەی سۆڤییەت کە لێی تۆقیبو دەروخێ و ئاساری بەسەر پادارێوە نامێنێ و دەبێتە دەیان کوتەوە هەرگیز دەستی بۆ ریسکێکی وا نەبردبایە و ئاوا بێ رەحمانە لە گەڵ غولامی خۆی واتا شای ئێران نە جوڵاباوە). بۆیە هەر یەکودوو خومێنی و حکومەتی مەلایان دەستیان کرد بە کۆمۆنیست کوشتن و تەنانەت رەحمیان بە مێرمناڵی ١٧ و ١٦ ساڵیش نەدەکرد هەر ئەوەندە زانیبایان بە بنەمالە، بۆنی چەپ بوون و رێکخراوگەلی کۆمۆنیستیان لێ دێت. ئەرکی پاک کردنەوەی چەپ لە ئێران کە زۆر بە دڵی ئەمریکا بوو زۆر بە پەلە و سانایی جێ بە جێ کرا، یان کوژران یان بەند کران و یانیش هەڵاتن.
2- پەیداکردنی بازارێکی بێ بنی مەزادخانە و چەک فرۆشتن بۆ رۆژئاوا و کۆنترۆڵی سێعری نەوت لە دەستی خۆیان. ئەوەشیان بە باشترین و قێزەونترین مکانیزمی مومکین بۆ کرد. شیعارێک قوت بۆوە لە ناکاو بە ناوی "صدور انقلاب" واتا هەناردە کردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی تری دەر و دراوسێ. ئەم تاکتیکە بوو بە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسێکانی ئێران بکەونە خۆ بۆ چەک کڕین لە ترسی جڕجاڵ و هێرش و داگیرکردنی ولاتەکانیان بە دەستی ئێران. لە وەشدا بە هۆی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران – عێراق و حیزبوڵا و تەداخولی لوبنان و سوریا و عێراق لە لایان کوردەکانەوە و زۆر رووداوی تر بە باشترین شێوە ناوچەکەیان کردە بازارێکی گەرمی چەک فرۆشتن و ئارامی و کەم بوونەوەی فشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە لایان گشت وڵاتە عەرەبێکانەوە. راستە بە رەواڵەت شیعاری شەیتانی گەورە بۆ ئەمریکا و نەمانی ئیسرائیل و گەیشتن بە قودس بەرێگای کەربەلادا هەبوو بەڵام هەرچی دەکرا لە بەرژەوەندی رۆژئاوا و ئیسرائیل دابوو. بە کورتی ئەوەی حکومەتی مەلای ئێران کردی بۆ رۆژئاوا بێ وێنە بوو.
بەرای من دوای ٤٠ ساڵ و ئەمڕۆ؛ ئیتر ئەم پێداویستییە مێژووییەی ئێران برەوی جارانی نەماوە و ئیتر هەموو دنیا تێگەیشت و رۆژئاواش دەیان تاکتیک و مکانیزمی تری دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی وەک قاعیدە و نەسر و داعش و دەیانی تری پەیدا کردوە و دەیکا. ئەمڕۆ بە تایبەت بۆ کۆماریخوازەکانی ئەمریکا کە بە مێژوو لایەنگری ئێقتدار و هێژمۆنیان لە عاست دەرەوەی وڵات بوون و ترەمپ بە ئاشکرا باسی بێعورزەگی و شەلوار لە خوارەوەبوونی ئەمریکای کرد لە ژێر سایەی سەرۆک کۆمارێکی وەک ئۆباما و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بەوە دەکرد کە شەلواری داکەوتووی ئەمریکا هەڵدەکێشێتەوە. زۆر نیشانگەلی عەزەمەت تەڵەبی ترەمپ، ویست و داخوازییەکانی وڵاتانی وەک سەعودییە لە دۆستی ستراتیژی خۆیان، تەداخولی بێ سنوری ئێران لە عێراق و یەمەن و لوبنان، پێمان دەڵێ لە وانەیە ئێتر پێویستێیەکی ئەوتۆیان بە کۆماری مەلاکان نەمابێ.
لە لایەکی تر بە هۆی گەشەی تێکنۆلۆژیا و عەسری سورعەت و فەیسبووک و ئینترنێت، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئیتر چیتر بە ناوی خودا و ئیمام حوسێن و کەربەلا فریو ناخۆن و داوای ماف و سەروەت و سامانی خۆیان دەکەن کە چل ساڵە بە بیانووی ئیسلام و عەلی و حوسێن لێیان زەوت کراوە و لەژێر ناوی هەناردەی شۆڕش بۆ عێراق و سوریا و... خۆیان لەوپەڕی زەحمەت و کوێرەوەریدا دەژین، ئەوەتا هاوار دەکەن پڕ بە جادەکانی تاران: "بەسە ناردنی پول و پارەمان بۆ سوریا"!
ناوچەکە بە کۆمەڵێک روداوەوە ئاوسە و بە دڵنییایی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەرەکە، جا چ سیاسی بێ چ ئابووریی بێ یان کۆمەڵایەتی. زۆر ئاشکرا و دیارە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نایانهەوێت بێزراو بن و پاساپۆرتیان لە هیچ کوێی ئەم جیهانە موعتەبەر نەبێ بە هۆی سیاسەتی دژ بە خەڵک و شەڕەنگێزی دەسەڵاتدارەکانیان لە ئێران، ئەوان شادی و ئاشتی و حەسانەوە و سەیر و سەفەریان گەرەکە، ئەوان عەدالەت و بنبڕکردنی گەندەڵی مەلا و بنەماڵەکانیان دەوێت و نیشانگەلی ئەوە لە گشت لاوە پەیدا بوون ئیتر چیتر قبوڵی ناکەن مەلا تەنانەت تەداخولی قژ و مێکاپی ژنەکانیان بکات.
ئەمڕۆ هەرجۆرێک بڕوانین تەمەنی حکومەتی مەلا لە ئێران روو بە کزی و خامۆشی دەڕوات، دڵنییام میللەتی ئێران دنیای بە بێ مەلا پێ خۆشتر دەبێ، بەڵام دەبێ کوردەکانی ئێران ئەم راستییە بزانن هەر کەس و لایەنێک دوای مەلا بێتە سەرکار، بەهۆی دەمارگیری و ناسیۆنالیزمی بەهێزی ئێرانی و تەنانەت شۆڤێنی بوونیان، مافەکانیان بە ئاسانی دەستەبەر ناکرێت و زۆر لایان ئاسایی دەبێ ئەوانیش لەسەر گەیشتنی کوردەکان بە مافەکانیان لە کۆماری ئیسلامی و تەنانەت شای ئێران کە پێشەواکەیانی بە سێدارەوە کرد و کۆمارە ساواکەیانی لە مەهاباد جوانەمەرگ کرد، خراپتر بکەن، زۆر سەیرە داوای مافە سەرەتاییەکانی کورد ئەمڕۆ لە کوڕی ئەم کەسە بکەیت!
ئەوەی ئەمڕۆ سەرکردەکانی بە ناو کوردی ئێران، لە ئۆردوگاکانی ژێر سێبەری یەکێتی و پارتی لە باشوری کوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەکردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە. ئێمە بەم سیاسەتە ساویلکانەی ئەم هێزانە هەرگیز ناتوانین بەرەوپیری گۆڕینی نیزام لە ئێران ببینەوە، ئێمە دەبێ قبوڵ کەین لە عاست تموحی ئەمریکا و ئەوانەی خۆیان بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران ئامادە کردوە زۆر زەعیف و لاوازین. کوا یەک بوونمان!؟، کوا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی؟! کوا ژووری عەمەلیات؟! کوا نزیکیمان لە نەوەی نوێ؟! کوا تاکتیک و ستراتیژمان؟! کوا گوتارمان بۆ ئێرانییەکان؟! کوا سیاسەتی یەکگرتوومان لەهەمبەر ئەمریکا و وڵاتانی جێهان؟! کوا بەرنامەمان بۆ هێزی چەکدار و پێشمەرگە؟! کوا و کوا و کوا؟!
ئاخر چەواشەکردن دادمان نادا، هەموو دەزانن باوکی هیچ نەما بە کوردی نەکا کە چی دەچی لە کوڕەکەی کە خۆی ئاوارە و هیچ بەدەستە داوای مافی لە دەستچوومان دەکەی ئەویش لە کوێ لە ئەمریکا کە خۆی پەنابەرە! بە بەر چاوی هەموو عالەم ئیدەعا دەکەی حیزبەکەم هەمووی گەنجە و گەنجان بەرێوەی دەبەن؛ ئاخر برا گیان؛ کۆنەکان خۆیان هیچیان ئیشت لە گەڵ ناکەن و هەمووت پەرش و بڵاوە پێکرد چونکێ ئاغابەڵێیان نەدەگوت، ئەمە کوا نوێبوونەوەی پێدەڵێن هەرچی کادری بە ئەزموون و پێشمەرگەی دێرینە بە جێ هێشتووی و چووی جێگات بە حیمایە و خەڵکی بێ ئەزموون و گوێ لەمستی خۆت پڕ کردۆتەوە؟!
کوردی ئێران بەم سەرکردانەی لە ئێستاوە خۆیان بۆ پۆست و مقام لە تاران خۆش کردوە و مناعەتیان نییە بۆ ئەم کارەیان تەنانەت پەنا بۆ سوکترین رۆژنامەنووسی مێژووی ئێران بەرن، دەبێ بزانن ئەوان لە مەیدانی شەڕی سیاسی داهاتووی ئێران ناتوانن مافەکانمان دەستەبەر بکەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران دەروخێ، ئێمەی کورد شەڕی گەورەمان لە پێشە، یەکەم سەرکەوتنمان دەبێ خاشەبڕکردن و حەرامکردنی شەڕی ناوخۆ بێ. عەقلییەتی لە ناوبردنی فیزیکی هاورێی دۆینێ هەمان عەقلییەتی لە ناو بردنی خۆت و سوتانی گەلی کوردە، کوردی ئێران دەبێ ئەزموون وەرگرێت و ئیجازە نەدا بەناوی کوردایەتی و سیاسەت کردن کۆمەڵیک خەڵک خۆیان دەوڵەمەند بکەن و کچ و کوڕ وبرا و ژنیان بەسەر خەڵکدا بکەن بە فێرعۆن، ئەوەی دیمان لە باشور!
ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات دەبێ خەڵکانێک پێش خەین کە ئیمتحانی رابردوویان دابێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان ببینن، ئەوانەی ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە ناوی سەرکردایەتی کوردی ئێران بوونە دمڕاستی خەڵکی کورد دەبێ لێپرسینەوە قبوڵ کەن و ولامدەر بن بۆ چی بەم ماوە زۆرە خۆیان قەتیسکردوە لە ئۆردوگاکان؟! بۆچی کێشەی کورد لە ئێران دوای ٨٠ ساڵ یەک بست بۆ پێشەوە نەچووە لە سایەی رێبەریی ئەوان؟! کارنامەی کاری سیاسی و شۆڕشگێریان پێشکەش بە بارەگای بەرزی میللەتی خۆیان بکەن، شەڕی ناوخۆیان لە پێناو چیدا کرد؟! ئەوهەموو ئینشقاق و لێکدابڕان و تەرەکردنی کادر و پێشمەرگە بۆ کران؟! و سەدان پرسیاری بێ وڵام دەبێ وڵام بدرێتەوە، دەبێ مەحاڵ بێ بۆ کەسانێک کە هاورێ و براکانی دۆینێی خۆیان کوشت ئەمڕۆ دیسان بێنەوە پێش.
داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی کوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدەن بە ناوی کوردایەتی بچن بۆ دەسکەوتە تابیەتییەکانی خۆیان. لە یەکەم حەرەکە و جوڵە لە رۆژهەڵات حەقە رێ بە میلیشیای حیزبی نەدرێت و گەر قەرارە هێزی نیزامی هەبێ دەبێ هێزی پێشمەرگەی نەتەوەیی بێتە چێ کردن و حەقی سیاسەتی نەبێ و هیچ حیزب و کەسایەتییەکیش بۆی نەبێ هێزی چەکداری هەبێ. کەسانێک بنێرین بۆ تاران و گفتوگۆ کە بچوکترین نیاز و بەرژەوەندییەکی تاکی خۆیان نەبێ.
ئەمڕۆ دەبێ کوردی ئێران ئامادە بێ بۆ هەموو گۆڕانکاریی و شۆڕشی سەرانسەری یان گۆڕینی رژیم لە سەرەوە، ئەوەش بە خەڵکانێک دەکرێت کە ئیمتحانی دڵسۆزی و وەفایان بۆ گەل و نیشتمان دابێت.
قەرارە حەسر و تەحریمەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە مانگی ئابەوە بە توندی دەست پێ بکات و لە ئێستاوە دیارە؛ سێعری دولار و شتوومەک چی بەسەر هاتوە، دڵنییام ئێران چەند مانگی زۆر عاستەم و سەخت چاوەڕوانی دەکات و کوردەکانیش لە بەردەم ئازموونێکی سەخت و مێژووییدان.