گۆڵکردن لە مردن ...
2018-06-28 20:55:21
■ئاراس فەتاح..
زیندانییەکانی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانی نازییەکان (کە بە KZ بەناوبانگە) شوناسیان نەبوو، بەڵکو خاوەن ژمارە بوون، کە بانگیش دەکران بە ژمارە بانگدەکران، نەک بە ناو. کاتێکیش بە شەمەندەفەری وڵاغ-گوازەرەوە بۆ ئۆردوگاکان دەھێنران، سەرەتا ریزیان پێدەبەستن، ناچاردەکران ماوەیەک بە چینچکانەوە دابنیشتن تاوەکو ئەژنۆکانیان سڕدەبوو و پەکیاندەکەوت، پاشان بەسەر قاوشەکاندا دابەشدەکران. لەورۆژەوە ”وەرزش“ لە وێنەی ئەشکەنجەدانێکی سیستەماتیکی ڕۆژانە دەستیپێدەکرد. ”وەرزشەکان“ فۆرمی جیاوازیان ھەبوو، لەوێنەی ڕیزگرتن، دانیشتن، چۆکدادان، لەسەردەست وەستان، سنگ بە زەویدا خشاندن و ھتد. ھەرکەسێک لەشی سووک نەبوایە و کارەکانی لەکاتی خۆیدا رانەپەڕاندایە، بیراز (فەلاقە) دەکرا. ھەرکەسێک چاپوک و چالاک نەبوایە، حەسیرمەیدان دەکرا، ھەرکەسێکیش لاواز و کەنەفت بوایە، بەگوللەی رەحمەت دەکوژرا، یان دەبرا بۆ ژووری گازبارانکردن و جەستەکەی دەخرایە ناو کوورەی سوتاندنەوە و ژیانی دەکرا بە دوکەڵ. ئەمە دۆخی ”وەرزشکار“انەی ژیانی زیندانییانی ناو ئۆردوگای زۆرەملێی نازییەکان بوو کە جوولەکە و سنتی و رۆما ”قەرەج“ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای تێدا کۆدەکرایەوە.
لە ساڵی ١٩٤٢دا (ھانریش ھیملەر)ی گەورە نازی، کە سەرۆکی ھەموو ئۆردوگاکان بوو، بڕیارێکی بۆ زیندانییان دەکرد کە لەمەودوا بۆیان ھەیە وەرزش بکەن. ئەم بڕیارەشی وەک دیارییەکی ناوێزەی سەرۆک (ھیتلەر) بە ڕای گشتیی فرۆشت. دیارە زۆرینەی مێژوونووسان لەسەر ئەوە ھاوڕان کە بڕیاری وەرزشکردن لە ئۆردوگاکاندا ھێندەی پابەندی ئەوە بوو کە دۆخی جەستەیی زیندانییان باشبکات، بۆئەوەی ھێزی کارکردن و توانای بەرھەمھێنانیان برەوپێبدات، ئەوەندە پەیوەندی بەوەوە نەبوو کە زیندانییان لەکاتی فەراغدا چێژ لە ژیانیان ببینن. ھێزی دەستی کار بەبۆنەی جەنگەوە بەرەو نەمان دەچوو، بۆیە زیندانییان تاکە پڕکەرەوەی ئەم بۆشاییە بوون کە لە پیشەسازیی چەک و تەقەمەنییدا دروستبووبوو. لەپاڵ ئەم ھۆکارە ئابوورییەدا نازییەکان پێویستیان بە پڕوپاگەندەش بوو دژ بەو زانیارییانەی کە لەسەر ژیانی وەحشەتئاسای ناو ئۆردوگاکان بۆ دەرەوە دزەیان دەکرد. ئەوان دەیانویست لەڕێگای وەرزشەوە نیشانیبدەن کە دۆخی نیشتەجێیانی ناو ئۆردوگاکان چەندە باشە. ھەر ئەمەش بوو وایکرد کە دەربازبووان تا ساڵانێکی زۆر باسی ئەم بابەتە نەکەن، نەبا وێنایەکی پۆزەتیڤ لەسەر سیاسەتی نازییەکان لەناو ئۆردوگاکاندا دروستبکات.
سەرەڕای ئەم پاشخانە ئابوورییەی بڕیارەکەی ھیملەر، وەرزش بە گشتیی و بەتایبەت تۆپێن بوو بە ھۆکارێک بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی بچووک بەسەر ژیانی ئینسانی ناو ئۆردوگاکاندا، بوو بە دیارییەک کە بۆ چەند ساتێکیش بێت زیندانییان لەڕێگایەوە ژان و خەم و ئازارەکانیان بیربچێتەوە. زیندانییەکان دوای چەندین کاتژمێر لە کاری قورس و نائینسانیی، دەیانتوانی لە رێگای تۆپتۆپێنەوە پشوویەک بدەن و ژیانێکی تر بژین. ھەر ئەمەش وایکرد کە زوو بکەونە خۆیان و تیپ و خولی وەرزشیی و کەلەوپەلی وەرزش دروستبکەن. لە چەرمی پێڵاوی ھاوڕێ کوژراوەکانیان تۆپیان دروستدەکرد، لە جلوبەرگەکانیشیان تی-شێرت و فیکەی پاسەوانەکانیشیان کە بۆ ھەڕەشە و ئاگادارکردنەوە بەکاردەھێنرا، بۆ ناوبژیوانی بەکاردەھێنا. بەشێوەیەکی گشتیی تیمی یاری تۆپێنەکان لە حەوت کەس پێکھاتبوون و ھەر گێمەی تەنھا 35 دەقیقە بوو. بینەرانی یارییەکان تەنھا زیندانییان نەبوون، بەڵکو پاسەوانەکانیش بوون. ھەربۆیە یارییەکان بەبەردەوامی بینەری زۆریان ھەبوو.
یاری تۆپێن بوو بە ھۆکارێک بۆ گەورەکردنی شانسی ژیان لە ئۆردوگاکاندا، نەک تەنھا لەڕووی جەستەییەوە کە وەرزش ھۆکارێکی گرنگ بوو بۆ تەحەمولکردنی ئەو ھەموو پڕوکاندن و ماندووبوونەی کاری رۆژانە، بەڵکو لە تیپەکاندا سەرۆکی بەشەکانیش یارییاندەکرد و ھەندێک لە یاریکەرەکانیش پاسیان دەدا بە سەرۆکەکانیان، بۆئەوەی گوڵ بکەن. ئەمەش دەبووە ھۆی ئەوەی کە نانی زیاتر یان کاری باشتریان دەستبکەوێت. نان و کار لە ئۆردوگاکاندا تاکە گەرەنتییەک بوون بۆ بەردەوامبوون لە ژیاندا.
لە ئۆردوگاندا چەندین گروپی کاری جیاواز و نەتەوەی جیاواز و چەندین ئیمانداری سەر بە ئایینی جیاوازیش زیندانیی بوون. ھەریەکەیان گروپی تۆپێنی تایبەت بە خۆی دروستکردبوو کە لە خولەکاندا بەرامبەر بە یەکتر یارییاندەکرد. ئەم رەھەندە چەندە لە رووی سۆسیۆلۆگییەوە سەرنجڕاکێشە، ئەوەندەش لە رووی ئینسانییەوە کارەساتبار بوو. چەندین یاری کە لە نێوان گروپە نەتەوەییەکاندا سازدەکران، توندوتیژیی لێدەکەوتەوە و ھەندێک جار کوشتاریشی تێدەکەوت. بۆ نموونە رقی پۆلۆنییەکان لە ئەڵمان گەورە بوو، ئەوان دەیانویست بیسەلمێنن کە ئەڵمانەکان ھەڵبژاردەی رەگەزی مرۆڤ نین و لە ھەموو کاتێکدا باشترین نەتەوە و باڵاترین رەگەز نین. ئەوان لە کاتی تۆپێندا ئەوەیان بیردەچووەوە کە ھەموویان لە ئۆردوگاکاندا یەک چارەنووسیان ھەیە، ئەویش مردنە.
یاری تۆپتۆپێن لە ئۆردوگاکاندا شوناس و کەسایەتییەکی تری بە زیندانییان بەخشی. لەکاتی یاریکردندا زیندانییەکان یاریزان بوون، ھەر وەرزشەوانێک وەزیفەیەکی دیاریکراوی ھەبوو کە لە ناو تیپەکەیدا دەیگێڕا، جیاواز لەو وەزیفەیەی لەناو ئۆردوگا زۆرەملێکاندا بۆیان دیاریکرابوو. بۆنموونە زیندانیی لە تیمەکەیدا رۆڵی گۆڵچی دەگێڕا، ئەندامەکانی تر بەرگریکەر بوون، یان لە خەتی نێوەند یارییاندەکرد، یاخود رۆڵی ھێرشبەریان دەگێڕا. ئەوان لەو چرکەساتانەدا ھەڵگری شوناسە راستەقینەکەی خۆیان بوون. تەنانەت بینەرەکانیش ھەستیان بەوەدەکرد کە ئامانجێک ھەیە و بۆ چرکەساتێکیش بێت دەتوانن بۆی بژین، ئەویش پشتیوانیکردنی تیپەکەیان و ھاندانیانە بۆ بردنەوە.
ئەم کەشەش دۆخێکی خوڵقاندبوو کە ھەرکەسێک بەلای ئۆردوگاکاندا بە پیاسە بڕۆشتایە و یاری تۆپێنی زیندانییانی ببینایە و ھاتوھاواری ھاندەرانی گوێ لێبوایە، ھەستی نەدەکرد کە ئەوێ شوێنێکە بۆ بەرھەمھێنانی مردن، بەڵکو وێنای ئەوەی لەلا دروستدەبوو کە ئەوێ شوێنێکە بۆ کاتبەسەربردن و چێژبینین لە ژیان.
کاتێک تێپێکی جوولەکە لەگەڵ تیپێکی پاسەوانانی ناو ئۆردوگادا یارییان دەکرد، زیندانییان لەو چرکەساتەدا بیریان لەوە نەدەکردەوە کە ھەمان ئەو رکەبەرانە دوای یارییەکە دەبنەوە بە دوژمنەکەیان و دەشێت لە سەرپێچیکردنێکدا بیانکوژن. بردنەوەی زیندانییان لە پاسەوانان تەنھا بردنەوەی گەمەیەک نەبوو، بەڵکو نیشاندانی ئەو راستییەش بوو کە ئەمان لە شوێنێکی تردا بەتواناتر و بەدەسەڵاتترن. زیندانییان ھەمیشە دۆڕاو نین وەکو لە گەمەی دەسەڵاتدا دەیبینین، بەڵکو دەشێت لە شوێنێکی تردا براوەی گەمەیەکی تر بن، وەکو لە یاری تۆپێندا دەبینرا. گەر پاسەوانان لە گەمەی ژیاندا براوەبن، ئەوا دەشێت لە یاری تۆپێندا دۆڕاوبن. گەر پاسەوانان لە ژیاندا گۆڵ لە زیندانییان بکەن، ئەوا زیندانیان لە تۆپێندا دەتوانن گۆڵیان لێبکەن. گوڵکردن لە پاسەوانان و بکوژان، بەخشینی ھەستی سەرکەوتن بوو لە گەمەیەکی راستەقینەی رکەبەرێتییەکی شێوەھاوتادا. زیندانییان ئەو راستییەیان باش دەزانی کە ئەوان لە گەمەی دابەشکردنی پێشوەختی دەسەڵاتدا لەسەر بناغەی ھێز، یارییەکەیان درۆڕاندووە.
یاری تۆپێن لە ئۆردوگاکاندا بە ھەموو ڕەھەندە ئاڵۆزەکانییەوە، شانسی ژیانی زیندانییانی گەورەتر کرد و وێنایەکی تر و وشیارییەکی تری پێبەخشیین. زیندانییان لەو ڕۆژانەی یاری تۆپێنیان دەکرد، گۆڵیان لە مردن دەکرد، لانی کەم لەکاتی یاریکردندا ئەوەیان بیردەچووەوە کە مردن سبەینی گۆڵیان لێدەکات.
................
ئەم وتارە نووسینێکە پێش چوار ساڵ لە سەروبەندی مۆندیالی ٢٠١٤دا نووسراوە و لە ھەفتەنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە. باس لە گرنگیی کردەی تۆپ تۆپێن دەکات بۆ زیندانیانی ناو ئۆرگاکانی مردن لە سەردەمی دەسەڵاتی نازیزمدا.