له په‌راوێزی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی توركیادا؛
2018-06-28 10:57:33
كامه‌یان سه‌ركه‌وت؛ فاشیزم یان دیموكراتی؟!
■حه‌سه‌ن جودی..
1. به‌م هه‌ڵبژاردنه؛ سیاسه‌تی فاشیستانه‌ی ئاكه‌په- مه‌هه‌په سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی قایمتر بكات و درێژه‌ی پێبدات، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وت له‌وه‌ی دینامیكی دیموكراتی توركیا، كه هه‌ده‌په‌یه تێكبشكێنێت.
2. هه‌ده‌په وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی ئازادی و دیموكراتی؛ سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی نیوه‌ی پیلانه‌كه‌ی فاشیزمی ئاكه‌په-مه‌هه‌په پوچه‌ڵبكاته‌وه و به‌ربه‌ستی 10%ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت. به‌ڵام نه‌یتوانی فاشیزم و سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی تێكبشكێنێت. واتا دیموكراتیه‌ت نیو هه‌نگاو سه‌ركه‌وت، سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی بمێنێته‌وه و تێكنه‌شكێت و توانستی به‌رده‌وامبوون و سه‌ركه‌وتنی زیاتر بكات. بۆیه پێویستیی به تێكۆشانی زیاتر هه‌یه بۆ تێكشاندنی یه‌كجاره‌كی فاشیزم.
3. ئاكه‌په-مه‌هه‌په و ئه‌ردۆغان، به‌و گۆڕانكارییانه‌ی له سیسته‌می سیاسی و ده‌ستووری توركیا كردوویانه، به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره‌شیه‌وه؛ ئیدی ئێستا ته‌واو گه‌یشته ئاستی فاشیزمی مۆدێل به‌عسی عێراقی و دیكتاتۆریه‌تی مۆدێلی سه‌ددامی، كه كۆی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت له ئاكه‌په و شه‌خسی ئه‌ردۆغان خۆی كۆده‌كاته‌وه، به په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادوه‌ری و سوپا و راگه‌یاندن و ده‌زگا و كایه‌كانی تریشه‌وه.
4. به‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری فاشیزم له توركیا، ئه‌وا توركیا و كوردستان و كۆی خۆرهه‌ڵاتی ناوین پێده‌نێته قۆناخێكی مه‌ترسیدارتره‌وه. هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ته‌كانی چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموكراتی بۆ كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته و ناوچه‌كه - له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه كێشه‌ی ماف و ئازادی گه‌لی كوردستان - كه‌متر و به‌رته‌سكتر ده‌كاته‌وه. به‌مه‌ش زه‌مینه‌ی شه‌ڕه دژواره‌كان زیاتر ده‌بن.
5. بۆیه له‌ناوخۆی توركیادا؛ ململانێ و ناكۆكی و شه‌ڕی نێوان فاشیزم و دیموكراتی قووڵتر و فراوانتر ده‌بێته‌وه. توركیا ناتوانێت به‌و دۆخه داته‌پیوه ئابووری و سیاسییه‌ی ئێستای خۆیه‌وه ته‌نیا به فاشیزم قه‌ڵمڕه‌وی بكات و له‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌رده‌وام بێت. به‌مه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی؛ سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری گشتی توركیا، یان كوده‌تای سه‌ربازی، یان ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی زیاتر ده‌بن.
6. له‌ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهانیشدا؛ به تۆكمه‌بوونی زیاتری فاشیزم له توركیادا كۆی ناوچه‌كه و جیهان رووبه‌ڕووی دۆخێكی گێژاوتر و ئاڵۆزتر ده‌بێته‌وه. زۆر له‌و دۆخه ده‌چێت كه هیتله‌ر پێش "دووه‌مین جه‌نگی جیهانی" به هه‌ڵبژاردن هاته سه‌ر حوكم و دواتر جه‌نگی دووه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسا و ده‌یان ملیۆن مرۆڤی تێدا بووه قوربانی. هه‌ڵبه‌ته دۆخی ئه‌وكاته‌ی ئه‌ڵمانیا و دونیا و دۆخی ئێستای توركیا و دونیا زۆر له‌یه‌كتر جیاوازن، به‌ڵام ئه‌و لێكچوونه‌ش هه‌یه.
7. بێگومان فاشیزمی توركی- ئیسلامی نه‌ك هه‌ر توانستی دروستكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانیی نییه. به‌ڵكو ئه‌گه‌ری زۆره دۆخی توركیا به‌ره‌و دۆخی سوریا یان ئێراق ببات و وێرانتری بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له ئارادایه كه‌وا ئه‌گه‌ر زوو رێگیری له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م فاشیزمه نه‌كرێت ئه‌وا چاره‌نووسی توركیا له چاره‌نووسی یۆگسلاڤیای هه‌ڵوه‌شاوه خراپتر ببێت. چاره‌نووسی ئه‌ردۆغانیش له میلۆسۆڤیچ و سه‌ددام خراپتر ببێت.
8. راستترین هه‌ڵوێست له ئاستی توركیا، كوردستان، خۆرهه‌ڵاتی ناوین و دونیا له‌به‌رامبه‌ر به توركیا ئه‌وه‌یه كه؛ له‌هه‌موو به‌ره و بوارێكدا: به‌ره‌ی دژه فاشیزم رێكبخرێت و په‌ره‌بسێنێت تا بتوانرێت رێگیری ئه‌وه‌ی لێبكرێت تا كاولكاری زیاتر له‌وه‌ی كردوویه‌تی نه‌كات و كۆی توركیا و كوردستان و خۆرهه‌ڵاتی ناوین نه‌كاته سوتماكی فاشیزم.
9. به‌تایبه‌تی له ئاستی كوردستاندا؛ پێویسته ده‌رك به‌وه بكه‌ین كه سه‌ركه‌وتنی فاشیزمی توركی- ئیسلامی (ئاكه‌په و مه‌هه‌په) ئه‌وكاته دێته‌دی كه بتوانێت ئیراده‌ی ئازادی گه‌لی كوردستان له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا تێكبشكێنێت. ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه بێته‌دی. چونكه بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان پێگه و توانستێكی مه‌زنی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی هه‌یه، هه‌م له ئاستی كوردستان و توركیا، هه‌میش له ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهاندا. بۆیه بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان و گه‌لی كوردستان پێشه‌نگی ئه‌و به‌ره دژه فاشیزمه‌ن كه بۆته پێویستییه‌كی به‌په‌له و ژیانیی بۆ توركیا و كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان.
10. ده‌رفه‌ته‌كانی ئاشتی له توركیا تادواڕا‌ده له‌باربراون، رێگاكانیشی داخراون. مسۆگه‌ر باشترین ده‌رفه‌ته‌كان ده‌ستپێشخه‌ری و پرۆژه ئاشتیخوازییه‌كانی رێبه‌ر ئۆجه‌لانه، نزیكترین رێگاش بۆ ئاشتی ئیمراڵییه. بۆ داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌گه‌ری هه‌ره لاواز ئه‌وه‌یه كه: جارێكی دیكه ده‌رفه‌ته‌كانی ئاشتی له‌دایكببنه‌وه، رێگاكانیشی بكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش كاتێك دێته‌دی كه راسته‌وخۆ رێبه‌ر ئۆجه‌لان موخاته‌ب وه‌ربگیردرێت و رێبه‌ر ئۆجه‌لانیش وه‌ك هه‌موو جاران، له‌میانه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری و پرۆژه‌كانییه‌وه، هه‌ده‌په و په‌كه‌كه‌ش رۆڵی بنچینه‌یی خۆیان له‌مه‌دا ببینن، پێهه‌ڵگرتنێكی مه‌زن بكات و كه‌شێكی گونجاو بۆ دانوستاندن و به‌دیهێنانی ئاشتی و چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموكراتیانه‌ی پرسی گه‌لی كوردستان و دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می توركیا بڕه‌خسێنێت.