هەموومان لە چاوەڕوانی مەرگداین
2018-06-28 10:21:18
■ سەرتیپ جەوهەر ..
فارس محەمەد بەڕێوبەری گشتیی لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەبەرچاوی خەڵك تیرۆركرا، گەنجێك لەسەر فول لایت لەسەرشەقام درایە بەر گولە، یەكێكی دیكە لەسەر شكاندنەوەی ئۆتۆمبێل درایە بەرگولە، كوڕو باوكێك بەیەكەوە درانە بەر فیشەك و كوژران! گەنجێكی دیكە لەكەسنەزان لەسەر شەقام درایە بەرفیشەك و جوانەمەرگكرا..تد.
ئەوەی باسیدەكەم ئەو جۆرە كوشتنەیە كە رۆژانە گوێبیستی دەبین، نەك تیرۆری سیاسی و رۆژنامەنوسان، ئەوەیان باسێكی دیكەیە و قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت و لێرەدا دەرفەتی باسكردنیمان نییە، ئەوەی ئێستا باسی دەكەین، بەشێكە لەرووداوەكان، بەشێك لە روداوەكان بەكپكراوی دەمێننەوەو دەستی میدیاكانی پێڕاناگات، ئەگینا تاوان و روداوەكان زۆر لەوە زیاترە.
دەكرێت بڵێین ئەو شێوە كوشتن و تیرۆركردنەی لەكوردستان هەیە، هی ئەوە نییە لەوڵاتێك روبدات و دامەزراوەی پۆلیس و دادگای هەبێت، ئەو دامەزراوانە وەك باڵەخانەو فەرمانبەرو قانونی كاركردن، بونیان هەیە، بەڵام لاوازیی ئەو دامەزراوانەو خراپی كاركردنیان، وایكردووە متمانەیان لای هاوڵاتی زۆر لاواز بێت، یان هەر نەبێت.
درێژەكێشانی ئەو دۆخەو بەردەوامبونی دیاردەی كوشتن و تیرۆر، وایكردووە خەڵك متمانەی بەدامەزراوەكانی حكومەت لاوازبێت، هەر روداوێك بێتەپێش، بەرلەهەمووشتێك تێكەڵ بارودۆخی سیاسی دەكرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییەی كوردستان و دەستوەردانی حزب لەبارودۆخی حوكمڕانیی، بێگومان ئەمە وایكردووە پرسی چاككردنیشی لەبازنەیەكدا بەردەوام بەبێ چاكبون بخولێتەوە.
ئەمانە هەواڵەكانی كوردستانن و ترسێكی ئێجگار زۆری لەدڵی خەڵك دروستكردووە، بۆیە ئەگەر بڵێین شەو خەوتین و بەیانیەكەی بەسەلامەتی خەبەرمان بویەوە، ئەوا دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە دەشێت شەو بێنەسەرمان و تیرۆرمان بكەن و سبەی روداوی كوشتنەكەمان تەنها دەبێتە هەواڵی بەشێك لەمیدیاكانی كوردستان و مشتومڕی سەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی، دەبێ بزانین یان بكوژەكە دیار نییەو نایدۆزنەوە! یانیش دیارەو كەس ناوێرێ دەستگیری بكات! یاخود دەستگیری دەكرێت، بەڵام دوو رۆژی دیكە بەبڕیارێكی تایبەتی لێبوردنی گشتیی، پوختەو جوان ئازادی دەكەن، ئەمەش ریسەكەمان لێدەكاتەوە بەخوری!!
كوشتن یان تیرۆركردن، دیاردەیەكی چارەسەرنەكراوە لە كوردستان، رەنگە هۆكار زۆربێت بۆ تەشەنەسەندن و بەردەوامبونی ئەو دیاردەیە، بەڵام دەتوانین دیارترینیان بۆ دوو هۆكاری سەرەكی بگێڕینەوە، یەكەمیان: هەژمونی حزب بەسەر كۆی كایەكانی ژیان و دروستكردنی خەڵكی دەستڕۆیشتو لەسەروی قانون و دادگاكان و رەخساندنی زەمینەی تاوانكردن و داڵدەدان. دوومیان: خراپی دادگاكان و لاوازی بەشێك لەدادوەران بەهۆی ترسی حزب یان بەهۆكاری دامەزراندنیان لەسەربنەمای مەحسوبییەت و مەنسوبییەت و كاریگەربونیان بەبارودۆخی سیاسی.
خراپتر ئەوەیە، لەبارەی هەر روداوێكەوە پۆلیس هەر لێكۆڵینەوەو زانیارییەك دەخاتەڕوو، خەڵك متمانەی بەزانیارییەكانی پۆلیس لاوازە، هەندێجاریش بەشێك لەو زانیارییانەی لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر روداوێكی دیاریكراو دەخرێتەڕوو، زۆر لاوازەو خەڵك بەسیناریۆی تێدەگات، بۆیە دەبینین روداو هەیە ئەو تاوانبارەی لەسەری گیراوە گوایە دادگایی دەكرێت، كەچی تائێستا هیچ شتێك دیارنییە!
لەهەمووی خراپتر، دەركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتییە بۆ تاوانباران! بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی، ئەوانەی بەهۆی تاوانی جۆراوجۆرەوە بەتایبەت كوشتن بەبڕیاری لێبوردنی گشتیی ئازاد دەكرێن، زۆربەیان دوای ئازادكردنیان دوبارە تاوانیان كردۆتەوەو دەستگیركراونەتەوە! ئەم بڕیاری لێبوردنی گشتییە، وایكردووە ببێتە دەرفەتێكی باش بۆ تاوانباران، تا لەدوای تاوان بێ سزا، ئازادبكرێن.