هەدەپە و کوردبوون و ھەندێک شتی تر
2018-06-26 11:26:24
■ مەریوان وریا قانع ...
ئەوەی لە دۆخی سیاسیی کوردانی باکور بڕوانێت پێویستە دڵخۆش بێت بەو ئەزموونە ئازادیخواز و زیندووە کە وزە و توانای ڕێکخستن و چالاککردنی بەشێکی گرنگیی کۆمەڵگایەکی تەواو چەوساوە و ھەژار و پەراوێزخراوی سیستماتیکیی، ھەیە. بە تایبەتی لە ھەلومەرجێکی تەواو نەخواستراوی پڕفشار و دەستدرێژیی و پەلاماردانی ڕۆژانەی ھەمەلایەن، ھەلومەرجێک پڕ لە گرتن و بێماف و بێڕێزیکردنێکی پلانبۆدانراوی بەرفراوان. لە باکوردا میلەتێکی زیندوو ئامادەیە کە ھێشتا خەریکی تەکاندنی تەپۆتۆزی سەدەیەک تواندنەوە و بە تورککردنێکی قووڵ و ھەمەلایەنە، ھێزگەلێکی زیندووش ھەیە کە لەم ساتەدا ھەزاران چالاکەوان و ھەواداریان لەناو زیندانەکانی ئەردۆگاندایە و بەسەدەھا شێوازیش فشاریی ڕۆژانەی بەردەوام و ھەمەجۆریان لەسەرە. ئەوەی لە باکوردا ئامادەیە ئەو فۆرمانەیە لە زیندووبوون کە دەشێت ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤیان لەسەر بنیادبنرێت. ئەوەی لەوێیە وزەیەکی گەورە و سەرسوڕھێنەری ئیشکردن و نەبەزینە کە دەتوانێت سەرچاوەی دەرسێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گرنگ بێت بۆ ھەموو ئەو کەس و ھێز و لایەنانە ی کە نووقمی ناو باوێشکدان و خەواڵوبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆرن.
لەناو کوردانی باشوردا گوتارێکی بێمانا و ترسناک ئامادەیە کە جگە لەوەی سادەبوونێکی کوشندە ئاراستەی دەکات و پێیوایە کوردبوون دیاردەیەکە پێویستە بەزەوقی ئەوان بجوڵێتەوە و یەک شێوە و یەک مانا و یەک دەرکەوتی ھەبێت کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەواندا بگونجێت، ھاوکات گوتارێکی تەواو تاریک و نائومێدکەریشە کە ئەرکی ژمارە یەکی شاردنەوەی تواناکەنای ئینسانی ئێمە و سڕینەوەیەکی ھەمەلایەنی ڕەھەندە سیاسییەکانی ناو کەسایەتی ئەو ئینسانەیە. نیشاندانێتی وەک بوونەوەرێکی بێکردە و بێتوانای ناچالاک. لەسەرێکی دیکەوە ئەم گوتارە ڕۆحیەتێکی نارسیستیی و خۆپەرستانەی سەرسوڕھێنەر ئاراستەی دەکات کە زمان و دەستەواژەی سەرەکیی بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کۆمەڵگایە بریتییە لە بە گەمژە ناساندن و بە ھیچ تەمەشاکردن و بێنرخکردنی کردە مێژوویی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی. لەمەش خراپتر نمایشکردنی ئەم کۆمەڵگایە وەک کارخانەیەکی گەورە بۆ بەرھەمھێنانی حەیوانات، کۆمەڵگایەک گوایە خەریکی بەحەیوانکردنی مرۆڤەکانیەتیی و جگە لەم بەحەیوانکردنەش ھیچ ھونەرێکی تر نازانێت.
بەبۆچوونی من ئەوەی ھەدەپە لەناو ھەلومەرجی سەختی تورکیای ئەمڕۆ و خەونی سوڵتانیانەی ئەردۆگاندا بەدەستیھێناوە، دەسکەوتێکی گرنگ و گەورەیە. ھێما بۆ ئەو فۆرمە کراوە و زیندوو و چالاکەی کوردبوون دەکات کە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەوە لەم قۆناغەدا ئامادەیە. ھەدەپە یەکێکە لە ھێزە زیندووەکانی ناو ئەو ھەلومەرجە پڕ ستەمگەریەی ئەردۆگانیزم دروستیکردوە. ھەدەپە نیشانیدایەوە کە ھێزێکی زیندووە و وزەیەکی گەورەیە کە بە ئاسانی لەناوناچێت.