بەربەستەکەی تر
2018-06-25 16:33:06
■ پەیكار عوسمان ....
ئەو بۆشاییەی کە ئایدیۆلۆژیایەك دروستی ئەکات، ئایدیۆلۆژیایەکی تر پڕی ئەکاتەوە، ئەمەش باشترین خزمەتە کە ئایدیۆلۆژیای یەکەم پێشکەشی ئایدیۆلۆژیای دووەمی ئەکات، ئەگەرچی مونافس و دژیشن، بۆیە گرنگە مافی ڕەوا بە ئایدیۆلۆژیاوە نەبەستینەوە، چونکە ئایدیۆلۆژیا چەنت ئەداتێ ئەونەشت لەکیس ئەدات!
سەیرکە قەومچێتیەکەی باشور چەنێك دەسکەوتی هەبووە، دوو ئەونە دەگەی لێداوین، سەیرکە پەکەکە لە باکور بۆشاییەکی گەورەی پڕکردەوە، بەڵام بۆشاییەکی گەورەشی بەجێهێشت بۆ ئاکەپە، ئەمەوێ بڵێم ئایدیۆلۆژیا لەباشترین حاڵدا تەمسیلی نیوەی قەزییەکە ئەکات، بۆیە نابێ هەمووی پیاهەڵواسین.
کە مافێك بە ئایدیۆلۆژیادا هەڵئەواسین، خودی مافەکە ئەبێتە وەسیلەو ئایدیۆلۆژیاکە ئەبێتە ئامانج، بۆیە ڕەنجێکی زۆر ئەدەیت و مافەکە هەر بەدەست نایەت، چونکە تۆ ڕەنجەکەت بۆ شتێکی تر داوەو بەخۆت نەزانیوە.
ئێمە تا قەزییە ڕەواکەمان لە ئایدیۆلۆژیا ڕزگارنەکەین، ناتوانین لە شتی تر ڕزگاری بکەین، تاکو لە سەرو ئایدیۆلۆژیاشەوە نەیبینین، نازانین کە سنوری ڕەوایەتییەکەی تا کوێیە، ئاخر کەم نین ئەو ناڕەوایەتیانەی کە ئایدیۆلۆژیا پێ ی کردوین ئەگەرچی قەزییەکەشمان ڕەوایە، مەسەلەن 'شۆڕشی چەکداری'.
(بەربەستی ئینتیخابی تێپەڕێنرا، ئیتر کاتی تێپەڕاندنی بەربەستی ئایدیۆلۆژییە، تۆ بە تێپەڕاندنی بەربەستی ئینتیخابی نیوەی دەنگی باکورت بەدەست هێناوە، بەڵام بە تێنەپەڕاندنی بەربەستی ئایدیۆلۆژی نیوەکەی ترت لەدەسداوە!)
دیموکراتیش ئەوەیە کە تۆ هەوڵ بدەیت بۆ زۆرینە، بەڵام بەتەمای هەموو نەبیت، کە بەتەمای هەمووش نیت، کەواتە ئەویتر کە دەنگت ناداتێ، نە جاشەو نە خائین، بەڵکو هەروەکو تۆ بەشێکە لە یارییە دیموکراسیەکەو بۆی هەیە جاری داهاتوو دەنگت بداتێ، بۆیە ناگونجێ تەخوین و برینداری بکەیت.
کرانەوەی هەدەپە بەڕووی خەڵکی دیندار ڕەنگە تۆزێ زەحمەتبێ، بەتایبەت کە هەدەپە کراوەتەوە بەڕووی چەپەکانی تورکیادا، بۆیە هەدەپە هەر ئەونەی پێئەکرێ و تەواو، چارسەر دروستبوونی حیزبی ترە لە باکور!
گرنگە لە دەرەوەی چەتری پەکەکە، حیزبی ترو ئاڕاستەی تر دروست ببێ، بەتایبەت کە باکور باشترین ساحەیە بۆ فرەحیزبی کوردی، چونکە بواری چەکدارو شەڕی ناوخۆی نیەو مەجبورن ململانێ ی مەدەنی بکەن.
ئەو بۆشاییەش کە هەدەپە پڕی نەکردۆتەوە، بەڵکو حیزبی تر بەشێکی پڕبکەنەوەو بواری گەشەکردنی ئاکەپە تۆزێ بچوك ببێتەوە. "ئەمەش ناوئەنێم کرانەوەی یەکەم"
کرانەوەی دووەمیش ئەوەیە چۆن خاڵی هاوبەش لەگەڵ کوتلەی کوردی ناو ئاکەپە بدۆزرێتەوە، بێگومان مەبەستم خاڵی هاوبەشی ناسیۆنالستی نیە کە هەردولا تێیانپەڕاندوە، مەبەستم خاڵی هاوبەشی خەدەمی و کولتوریی و ئاشتی و کرانەوەیە..
چۆن وابکرێ هەدەپە گەورەترین فشاری ئاشتی بێت لەسەر پەکەکە، ئاکەپە کوردەکانیش گەورەترین فشاری ئاشتی بن لەسەر حکومەت؟ چۆن وابکرێ باکورییەکان هەموویان پێکەوە پرۆژەیەکی ئاشتی پێشکەشی پەرلەمان بکەن؟ چۆن وابکرێ بەرەی فشاری ئاشتی، لە هەموو بەرەو دابەشبوونەکانی ئێستای تورکیا فراوانترو گشتگیرتربێ؟
بێگومان موبادەرەی شەڕو ئاشتی بەدەست ئەردۆگانە، چۆن وابکرێ ئەم پیاوە جارێکی تر بخرێتەوە سەر تەمای ئاشتی.
جا ئەوانەی لە باکور دەنگ ئەدەن بە ئاکەپە، بە مەنتیقە تەسکەکەی باشور خائینن، بە مەنتقی هەدەپە خۆی، ئەوان مافێکی دیموکراسیانەی خۆیان بەکارئەهێنن، ئاخر هەدەپە خۆی تورکیاییانەو نیشتمانیانەو بان ناسیۆنالیزم بیرئەکاتەوە، دەی ئەو خەڵکەش هەر وایان کردوە، بۆیە دەنگیان داوە بە ئاکەپە، خۆ شتێکی زیاتریان نەکردوە!
ئەسڵەن دەنگدەرەکان ئایدیۆلۆژیی نین، لە باکور هەدەپە تەنیا چەن هەزارێك چالاکوانی هەیە کە چەپن، ئاکەپەش چەن هەزارێك چالاکوانی هەیە کە ئیسلامیین، بەڵام ئەو مەلایین خەڵکەی کە دەنگ ئەدا بە هەردولا نە چەپن نە ئیسلامیین، ئەوان هاوڵاتین و هەنێکیان ژیانێکی باشتریان لەگەڵ ئاکەپە بینیوەو ئەمە پێش ئەخەن، هەنێکیان کرانەوەی زیاتری سیاسی و دەستوری پێش ئەخەن، هەردوکیشی ڕەوایەو هیچیان تاوان نین، بەڵام لە هەردوکیان ڕەواتر ئاشتییە، چونکە ئاشتی هەردو بوارەکە ئەڕەخسێنێ!!