نێچیرڤان بارزانی چی کرد؟
2023-06-10 07:06:56
نووری بێخاڵی
چوار ساڵ سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لەناو دنیایەک ئالنگاری و هەڵبەز و دابەزی کێرڤی ناکۆکییە کوردستانی و عێراقی و هەرێمایەتییەکاندا، کە تیایدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتیش هەبوون، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو.
لەو وتارەی کە لە ڕۆژی سوێندخواردنیدا (١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩) پێشکەشی کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "قۆناغهكانى داهاتوو، هاوكارى و ههماههنگى و پهرهپێدانى زياترى پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستانمان لێ دهخوازێت لهگهڵ عێراق و وڵاتانى ناوچهكه و دۆستانمان له جيهاندا."
بە هۆی ئەم دیدگا ڕۆشن و دووربینییە سیاسییەیەوە، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک کەشتیوانێکی لێزان، خاوەن ئەزموون و پشوودرێژ، توانی کەشتیی هەرێمی کوردستان چ لە ناوخۆ، یان لە ئاستی عێراقی و هەرێمایەتیدا، لە زۆر شەپۆلی سەرشێت و بەرکەوتنی بەربەست و بەستەڵەک، بپارێزێت.
لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، هەر لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونیدا بە تەنگ یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە بوو و سەرۆکایەتیی هەرێمی کردە چەتری کۆکەرەوەی هەمووان. هەر لەو ماوەیەشدا، داوای ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێی لە نێوان پارتی و یەکێتی کرد. چونکە بڕوای تەواوی بەوە هەبووە و هەیە، کە ئەم هەرێمە بەبێ ئەم دوو هێزە سەرەکییە بەڕێوە ناچێت و هەر بەریەککەوتنێکی نەخوازراوی نێوانیان، دواجار داهاتووی هەرێمەکە و چارەنووسی گەلەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. بۆیە لە میانی وتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئێمه زۆر جار له فهرههنگی سیاسی و نهريتى میدیایيماندا پتر له پێویست جهخت لهسهر ململانێ، ناتهبایی و ناسازیمان دهكهین. با لهمهودوا له گشت ئاستێكی كۆمهڵايهتى و سیاسیدا لهگهڵ یهكتر كۆك و تهبا و ساز بین... دهزانم ململانێ و جياوازى ههر دهمێنن، ئهمه شتێكى ئاسايييه، بهڵام داوا دهكهم با بیركردنهوهمان ناكۆك، ناتهبا و ناساز نهبێت. لهبری بيركردنهوه له چۆنيهتيی بنكۆڵكردنی پێگهی یهكتر، با بیر و ههڵسوكهوت و كردارمان پێكهوه و بنياتنهرانه بێت بۆ گهڕان به دوای چارهسهری هاوبهش و ئایندهی هاوبهشدا."
هەر لەم روانگەیەشەوە، ئەو کە دەیتوانی لەو هاوکێشەیەی ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەدا بچێتە نێو بازنەیەکی تەسکی سیاسی و ببێتە بەشێک لە کێشەکان، کەچی لەبری ئەوە و بەرمەبنای ڕوانگە نیشتمانییەکەی، بووە کلیلی چارەسەر و هەر ئەمەش وای کرد حکوومەتێکی سەقامگیر لە هەرێمدا بێتە ئارا، کە بپەڕژێتە سەر کار و پڕۆژەکانی و تیمی یەکێتیش بگەڕێتەوە ناو کابینەکە.
هەر لە ئاستی هەرێمدا، وەک باوەڕ و پرەنسیپی نەگۆڕی خۆی، سەرۆکی هەرێم لە سەنگەری پاراستن و داکۆکیکردن لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکانی کۆمەڵگا، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، ئازادی و مافەکانی ژنان، کرانەوەی کۆمەڵایەتی و لە سەرووشیانەوە، لە مەتەرێزی قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان مایەوە و دەشمێنێتەوە.
لە ئاستی عێراقیشدا، وێڕای بوونی چەندین کێشە و ناکۆکی، بەڵام بە لۆژیکی گفتوگۆ و دانوستاندن، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای بە ئاقاری پەیوەندییەکی جیددی، پتەو، ستراتیژی و بەرهەمداردا برد، کە بەرهەمەکەی ڕێککەوتنێکی سیاسی بوو. ڕێککەوتنێک کە بە قازانجی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی تەواو بوو. ئەمەش بە کرداری سەلماندنی ئەو ڕوانگەیەیان بوو، کە لە ڕێورەسمی سوێندخواردنەکەیاندا ئاماژەیان پێی کرد، بەوەی کە "دهبێت لهگهڵ حكوومهتی فیدرال له بهغدا پێكهوه كار بكهين بۆ دۆزينهوهى چارهسهرى هاوبهش له چوارچێوهی دهستووری فیدرالی عێراقدا." بۆیە ئەم دەرفەتە ئەوە لە پارتی و یەکێتی دەخوازێت بەیەکەوە بکەونە کار، بۆ ئەوەی بۆ داهاتووی نزیک و دوور، لەگەڵ عێراقدا بگەنە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی، کە لە سایەیدا دەستوور سەنگی مەحەکی یەکلاکردنەوەی هەموو ناکۆکییەکان و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بێت.
لە ئاستی هەرێمایەتیشدا، لەپێناوی سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە، گەشەپێدانی بازرگانی، زەمینەسازیی وەبەرهێنان و پتەوکردنی پەیوەندیی دیبلۆماسی لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و داب و دەستووری دیبلۆماسی، لهسهر بنهماى دراوسێیەتی باش و ڕەچاوکردنی بهرژهوهنديى هاوبهش و ڕێزلهيهكگرتن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەک مەسافە و تەریب، پردی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پتەوتر کرد و دڵنیایی ئەوەی پێدان، کە هەرێمی کوردستان نەک هەر نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی، بەڵکوو بە پارێزگاریکردن لە سەروەریی خۆی، هەمیشە بە فاکتەری سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە دەمێنێتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کە بە درێژایی ئەم چوار ساڵە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نێچیرڤان بارزانی ڕووخساری نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستانە. ئەمەش پەیوەستە بەو متمانەیەی کە لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیدا و لە میانی پاراستن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەوڕوپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی بڕیار بەدەستدا، بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە.
ماوەتەوە بڵێین: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە درێژایی چوار ساڵی ڕابردوو و تا ئەمڕۆش، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە ئاراستەی هێنانەدی کۆمەڵگایەک کاری کردووە و دەکات، کە شوێنی هەمووانی تێدا ببێتەوە. ئاراستەیەک کە پێویست دەکات هەمووان هاوکار و پاڵپشتی بن.