لە پەراوێزی پەسەندکردنی بوودجەی عێراقدا
2023-06-09 21:33:15
خەبات عەبدوڵا
یەکەم: حاڵی حازر ڕووبەڕوو لەگەڵ شکستێکدا وەستاوینەتەوە، شکستێکی بەتەنها سیاسی و ئیداری نا، بەڵکو شکستێکی جڤاکی.
دووەم: وەکو یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم شکستە، لەمڕۆدا شتێک نەماوە لە عێراق ناوی دۆزی کورد بێت. دۆزی کورد لە عێراق لەسەر دەستی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئەوانەی پێیان دەوترێت "نوێنەرانی کورد" لە بەغدا، لە پۆست و پارەدا کورت کرایەوە و کۆتایی پێ هێنرا.
سێیەم: لە سایەی ئەم سەرکردایەتییەدا وێنەی ئێمه له عێراق ئاڕاستهیهکی یەکجار ناشرینی وهرگرت، وێنهی کورد له نهتهوهیهکی ئازادیخوازهوه که خولیای ئازادی و سهربهخۆیی ههبوو، گۆڕدرا بۆ دەرۆزەکەرێکی چاوبرسی.
چوارەم: کورد لە سایەی لێکترازان و نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕۆشندا، نوێنەری لە بەغدا نییە. بەشی هەرە گەورەی ئەوانەی بەغدا نوێنەری خۆیان و پاڵەوانی دیموکراسیی هەڵبژاردنن. بەشێکی زۆری ئەوانەی بەناوی نوێنەرانی کوردەوە لە بەغدان، لەڕووی سیاسییەوە کەسانی بێ سەواد، دەستوپێ سپی و کاراکتەری هەرزەگۆن. ڕاستییەکەی "نوێنەرانی کورد" لە بەغدا، چینی کۆمبرادۆری کوردین.
پێنجەم: لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، هیچ دەمێک هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم چارەنووسی نادیار و مەترسی دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە.
شەشەم: ئێمە حاڵی حازر شاهیدی نابووتبوونی کۆی ئەو پارادایمە سیاسییەیەن کە بە درێژایی شەست ساڵی پێشوو و تا ئێستا لەلایەن دوو مەیلی سیاسییەوە دنە دەدرا.