Draw Media

دادگای فیدراڵی عێراق و عەبادی

دادگای فیدراڵی عێراق و عەبادی

2018-06-25 11:44:19


■ بەرهەم مستەفا.....
بەدرێژایی مێژووی دروستبونی دەوڵەتی عێراق لەساڵی 1920 بەدواوە تا ئێستا، نەتوانراوە ئەم وڵاتە بەدیموکراسی بکرێ. بێگومان بەو ماوەی حوکمی خۆبەخۆی کوردیشەوە لەهەرێم ..، ئەوەی بینراوە حەزێکی سوڵتانی بووە بۆ کورسی،  بەکورد وعەرەبەوە ، ڕودانی کودەتا و پاشکۆیەتی بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی بووە..، تا دەگاتە دیموکراسیەکی دەمامکدار و هەڵبژاردنێکی خەڵەتێنەر بۆ تاکەکانی ، هەرچەند بەشێک لەسەردارانی عێراق بەهەرێمیشەوە، هەڵگری بڕوانامەی بەرزن و گوایە خاوەنی ئەقڵێکی کراوەن ،بەڵام لەواقیعدا نەیانتوانیوە لەچوارچێوەی خێڵ و مەزهەبگەرایی بێنە دەرەوە ..، پێم وایە هەرکاتێ دیموکراسی کرایە قوربانی تەوافقی سیاسی ئەم مەهزەلەی لێدەکەوێتەوە ، کەهەر لایەو بەشەکێکی خۆی بەلاوە گرنگە، نەک خزمەت بە هاوڵاتی و خاک.. ، هەرکاتێ لە دنیای سیاسیدا تەوازن لەپێناو ڕازیکردن بوو ، کەلەئەساسدا نامەعقولیەت لەو تەوازنەدا هەیە ،ئەوا دیموکراسی تەنها وەک ناوێک دەمێنێتەوە ، نزیکەی مانگێکە هەڵبژاردن لەم عێراقی ڕافیدەینەدا  کراوە ، کەچی تا ئێستا تاکی عێراقی نازانێ دەنگەکەی بۆ کوێ چووە! لەتەنیشتمانەوە تورکیای دراوسێ لەشەو ڕۆژێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ڕاگەیاند ، کەچی موحەلیلە داماوەکانی وڵاتی ئێمە دێن و ڕەخنە و شیکاری لەسەر تورکیا ئەکەن ،  لەکاتێکا سەراپای عێراق وێڵ و دەسخەڕۆ بووە  بە دەست سیاسیە بێ تواناکانی خۆیەوە ...،! ئەوەی جێگەی ئومێد بوو لای خەڵکی و بەشێکی زۆر لەسیاسیەکان .، دادگای فیدڕاڵی عێراق بوو ،بەڵام ئەم دەزگایەش بوەتە شوێنی سوڵح و ڕاگرتنی تەوازنێکی ماڵوێرانکەر لەسەر حیسابی دیموکراسی ، دوابەداوی بڕیاڕەکانی پەرلەمانی عێراق و بڕیاڕدان لەسەر بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان و ڕەتکردنەوەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێم و هەندێ ناوچەی تر ..، هەر زووبەزوو بەشێک لە لایەنەکان کەوتنە خۆیان و سەرەتا بەسوتانی کۆگای هەڵگرتنی سدوقەکان ..، دواتر لێرەو لەوێ هەڕەشەکردن لەئەگەری گۆڕانکاری لەدەنگەکان ئەوا وڵات ئەبێتە سوتماک ! بێ ئەوەی دادگا بتوانێ ئەوانەی هەڕەشە ئەکەن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات ، کەئەمەش یەکێکی ترە لە مەهزەلەکانی دەوڵەتداری کە لەکوردستان چەند هێزێک خاوەنی میلیشیای خۆیان بن و لەعێراقیش هەر تاقم و مەزهەبەو بەتەشی خۆی دەیڕێسێ و خاوەنی عەسابەو میلیشیای جۆربەجۆرن.. بێگومان ئەم فەزایە بەرهەمەکەی دادگایەکی لەوشێوە ئەبێ  ، کە لەجیاتی ئەوەی یاسا سەروەربکات گەڕاوەتەوە  بۆ ئەوەی چۆن دڵی هەمولایەک ڕازی بکات لەسەرحسابی دەنگدەر ، هەر لەڕێوە دژی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت وەستایەوە و دواتر  دەڵێن دەنگەکان بەدەست هەژمارئەکرێنەوە و بڕیاڕی پەرلەمان دەستوریە ، بەڵام چۆن هەژمارکردنەوەیەک  ئەو سندوق وێستگانەی سکاڵایان لەسەرە !!! کارەسات ئەوەیە دەزگایەکی گرنگی وەک قەزا نەتوانێ یاسا وەک خۆی بچەسپێنێ و چاودێری جێبەجێکردنی بکات ، بەڵکو  ٫تەوازن شیعاری بێ؛ بۆ ڕازیکردنی دڵی تەزویرچی و تەزویر لێکراو ..، ئەم هەڵسوکەوتەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەڵێنەکانی عەبادی وەبیر هێنامەوە کە ماوەی زیاد لەشەش مانگ و هەفتانە لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکانیدا  ئەیووت ووردبینی ئەکەین و موچەی تەواوی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی ڕاستەوخۆ ئەدەینە فەرمانبەرانی ئەم دوو وەزارەتە ، کەچی لەشەو ڕۆژێکدا ڕاستەوخۆ خستیانە دەستیێکی نائەمین کەحکومەتی هەرێم بوو ، بۆیە  عبادی و  دادگای فیدڕاڵی عێراق دووانەیەکی لەیەکچوون،  با لەکوێوە بێ لەوێوە شەن ئەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand