ڕووخانی هەرێم یا دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو؟!
بڵاوکراوەتەوە لە : 1 حوزەیران 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 1 حوزەیران 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
د. كامەران مەنتك
هەموو پلانەکان بۆ ئەوە خراونەتە کار بۆ ئەوەی دوا فیشەک لە تابووتی ئەو هەرێمە بدەن، کە بەرلەوان دوو بنەماڵەی سیاسی سڕیان کردووە و لە پەلۆپۆیان خستووە، ئێستا هەموو شتێک لە کوردستان لە پێناو مانەوەی ئەو دوو بنەماڵەیە نەک بە تەنیا لە دەسەڵات بەڵکوو لە گۆڕەپانی سیاسی و تەنیا کۆمەڵایەتییش. ئەوەی سەیرە لە کاتێکدا هەرێم وەکوو جەستەیەکی ماندوو شەکەت لە هۆش چووە و کەوتووەتە سەرپشت. هەموو ئەندامەکانی جەستەی لەکار کەوتووە، دوو دیاردەی ئێجگار سەیر بەدیار دەکرێت، یەکەمیشیان ئەوەیە ئەو دوو بنەماڵەیە تا ئێستا لە خەمی هیچدا نین تەنیا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا نەبێت، دیاردەی دووەم، کە دیاردە ترسناکەکەیە ئەوەیە خەڵکی کوردستانیش نەک لەو گەڕەلاوژەیە پشتگوێخراوە، بەڵکوو بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوانی ڕووخانی ئەو هەرێمە دەکات، وەک ئەوەی ئەو هەرێمە موڵکی ئەو دوو بنەماڵەیە بێت و بە ڕووخانی هەرێم تۆڵە لەوان بکاتەوە!
ئەمە دیاردەیەکی ترسناک و تێگەیشتنێکی ئێجگار هەڵەیە، نابێت قەوارەی هەرێم وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری، کە تاقە قەوارەیەکە بۆ کورد ڕەخساوە و ماوەیەکە لە لایەن زلهێزەکانەوە پارێزراوە، تێکەڵ بە دەسەڵاتێکی سیاسی گەندەڵ و بێباک بکرێت، دەبێت هەر چۆنێک بێت ئەو هەرێمە بپارێزرێت، بەرامبەر ئەمەش بە هەر شێوەیەک دەبێت نەک بە تەنیا ئەو دوو بنەماڵەیە، بەڵکوو حیزبە ئۆپۆزسیۆنە هەلپەرست و بێهەڵوێستەکانی تریش هاوشێوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، لە گۆڕەپانی سیاسی دوور بخرێنەوە و بەرلەوەی هێزە دەرەکییەکان بە بیانووی جیا جیا بیانخاتە بەردەم دادگاکان، کۆمەڵگەی کوردی خۆی دادگاییان بکات لێپێچینەوەیان لەسەر ئەو تاوانە سیاسی و ئابوورییانەی بەرامبەر کورد کردوویانە لە هەموو بەشەکانی کوردستان لەگەڵیاندا بکات. دەبێت تاکی کورد بەو شێوەیە دەستبەرداری خەونەکانی خۆی بێت هەموو شتێک بخاتە دەست قەدەر و لە دەرەوەی ڕووداوەکانەوە سەیری خۆی بکات، کاتی ئەوە هاتووە، بەرلەوەی لە دەرەوە دۆخێک بەسەر کورددا بسەپێنرێت، کە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسووتێنێت، خەڵکی کوردستان خۆی ئەو مۆدێلە سیاسییە لە گۆڕ بنێت، دیارە ئەم ئەرکەش ئەرکی دەستەبژێرێکی ڕاستەقینەیە، تاوەکوو ئێستا وەکوو پێویست لە گۆڕەپانی سیاسی، بەتایبەتی باشوور جێگەی نەگرتووە و نەیتوانیوە بوونی خۆی وەکوو پێویست بسەلمێنێت، ئەوەی گەڕەلاوژەچییانەش، کە بە ناوی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و... هتد لە زوڕناژەنین ناکەون، هاوشێوەی ئەو خائینانەی کوردیان بەم ڕۆژە گەیاند دەبێت بدرێنە دادگاکان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چیتر کاتی ئەوە نەماوە کورد چاوەڕوان بکات، باوک و کوڕ و ئامۆزاکان لەسەر دامەزراندنی کوڕ و نەوەکانی خۆیان لە ململانێدابن، بەو دۆخە حکومەت هەرگیز نەک پێکنایەت، بەڵکوو ئەمە خۆی ڕێگایەکە بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی حکومەت.
پێویستە بەند و بالۆرەی دروستکردنی حکومەت بەو شێوەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت، کە دەتوانین بە دوا چریکەی بەرلە کۆتایی هەژماری بکەین، نابێت خەڵک فریو بدات، چونکە لە ڕووی یاساییەوە ئەو هەڵبژاردنەی دەیانەوێت پشتی پێ ببەستن بۆ دامەزراندنی حکومەت، هیچ بەهایەکی نەماوە و هاوکات لە سایەی ئەو دوو بنەماڵەیە هەڵبژاردنیش هیچ بەهایەکی نەماوە، بۆیە لە جیاتی ئەوەی کورد چاوەڕوان بکات لە دەرەوە هێزێک بێت و ئەو دۆخە بگۆڕێت، دەبێت خۆی خۆی کۆبکاتەوە و ئەو مۆدێلە لە گۆڕ بنێت و مۆدێلێکی تر دامەزرێنێت، ئاساییە گەلان دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕن، بەڵام هیچ نەتەوەیەک هەرگیز کار بۆ ڕووخاندن و لەناوبردنی وڵاتی خۆی ناکات!
1\6\2026