ئەردۆغان و مەسەلەی کورد
2023-05-21 16:10:24
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
(٢-٢)
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە دۆخی کورد لە دوای هاتنە سەر حوکمی پارتەکەی ئەردۆغانەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٤ لە تورکیادا هەندێک گۆرانکاریی بەسەرداهات، کە لە رەوتی چۆنیەتی مامەڵەکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا هاتنی ئاکەپە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ڕاستە ئەو گۆڕانکارییانەی ئەردۆغان ئەنجامیدا لەگەڵ خواست و چاوەروانییەکانی میلەتێکدا ناگونجێت کە سەدەیەکی رەبەق لەو وڵاتەدا رووبەرووی سیاسەتی تواندنەوە و راگواستن و پەراوێزخستن، تا بە کوشتن و بڕین و لەناوبردن دەگات، بووەتەوە. بەڵام گۆرانکارییەکان لەناو مێژووی درێژی پڕ تاوانی تورکیادا بەرامبەر بە کورد، هێمایان بۆ هاتنەکایەی دۆخێکی نوێ و جۆرێکی تازە لە مامەڵەکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا دەکرد. ئەو گۆڕانکارییانە، وەک وتم، پەیوەندیان بە قۆناغی یەکەمی حوکمڕانییەکەی ئەردۆغانەوە هەیە وەک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لە ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٤. ھەرچی قۆناغی دووهەمی حوکمڕانییەکەی ئەم پیاوەیە، واتە لە دوای ٢٠١٥ ەوە بۆ ئێستا، قۆناغی پشتکردنە ئەو گۆرانکارییانە و گەڕانەوەیە بۆ ھەمان کەلەپوری ستەمگەرانەی مامەڵەکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا. لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە، ئەردۆغان تاوانبارێکی گەورەی تری ناو مێژووی تورکیایە و درێژەپێدەری کەمالیزم و ناسیۆنالیزمی راسیستیی تورکییە، بەڵام لە بەرگێکی دینیی ئیسلامی سونیدا.
لە ٢٠١٥ ەوە بۆ ئێستا، واتە لە ٨ ساڵی رابوردودا، هەم ئاکەپە بووە بە حیزبێکی خۆسەپێن و قۆرخکارو گەندەڵ، هەم ئەردۆغان خۆیشی بووە بە سەرۆکێکی دەسەڵاتگەر و سیاسییەکی ستەمگەر کە خواستەکانی خۆی وەک یاسا مامەڵەدەکات و لە رێگای ھێزەوە بەسەر ھەمووانیدا دەسەپێنێت. سەرجەمی ئەزموونە سیاسییەکەی تورکیاشی بەتەواوی گۆریوە بۆ ئەزموونێکی تاکەکەسیی دەسەڵاتگەر. ئەگەر لە دوای ساڵانی ٢٠١٠ یان ٢٠١١ ەوە سەپاندنی دەسەڵاتی شەخسیی ئەردۆغان وەک مەیلێک لەناو ئاکەپەدا لە ئارادا بووبێت، لە ساڵی ٢٠١٥ بەدوا دەبێت بە تاقە واقیعێکی سیاسیی ناو ئەو حیزبە و ناو وڵاتەکە خۆیشی. وەک لە نووسینی پێشودا باسمکرد ئەم گۆڕانکارییە خۆنمایشکردنی جەوهەرێکی فاشیستی نییە کە ئەم پیاوە لە سەرەتای سەرەتاکانەوە هەڵگری بووبێت، بەڵکو بەرەنجامی ئەو گۆرانە سیاسییە گەورانەیە کە دروستدەبن و کاردانەوەیە بە رووی ئەو ھاوکێشانەدا کە دێنەکایەوە.
لە قۆناعی یەکەمدا، ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٤، یەکەمین شتێک ئاکاپە لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە ئەنجامیدا هەڵگرتنی «دۆخی لەناکاو» بوو لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا. لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ ەوە دەوڵەتی تورکیا ناوچە کوردییەکانی وەک ناوچەی «دۆخی ناکاو»، state of emergency، ناساندبوو. ئەمەش وایکردبوو دەوڵەت و سوپا چیان بوێت بەبێ مەترسیی لێپرسینەوە و گوێرایەڵیکردنی یاسا ئەنجامیبدەن. ئەوەی ئاکەپە وەک یەکەمیان کارێک لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە ئەنجامیدا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆخەبوو لە ساڵی ٢٠٠٢دا. سێ ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ئاکەپە دانی بەوەشدا نا کە شتێک لەناو تورکیادا هەیە ناوی "مەسەلە“ یان "کێشەی کورد"ە و ئەم کێشەیەش پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە. ئەردۆغان خۆی لە وتەیەکیدا لە شاری دیاربەکر و لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا ووتی: ”کێشەی کورد کێشەی منیشە" و باسی لە گرنگیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی لە تورکیادا کرد. ئەمە یەکەمجاربوو سەرۆکوەزیرانێک لە تورکیادا قسەی لەوجۆرە بکات و دان بەوەدا بنێت کە کورد نەک لە تورکیادا بوونیان هەیە، بەڵکو خاوەنی مەسەلەیەکن و ئەو مەسەلەیەش پێویستی بەچارەسەر هەیە. دوو ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، لە پەیوەندیدا بە ئەگەر و ئومێدی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، ئاکەپە ئەو پاکێجە سیاسییە پەیرەودەکات کە ناوی «کرانەوەی دیموکراسیی»ە، Democratic Opening. ئەم کرانەوەیەش برتیبوو لە بەهێزکردن و پەرەدان بە سیستمی دیموکراسیی لە تورکایدا، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دابینکردنی مافە ئەتنی و کولتورییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیادا. لەم بوارانەشدا کۆمەڵێک ھەنگاوی گرنگ نران. لە پەیوەندیدا بە کوردەوە ئەم کرانەوەیە بوو بە ھۆی کردنەوەی بەشی کوردیی لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی تورکیادا، رێگەدان بە نووسین بە زمانی کوردیی و رێگەدان بە فێڕبوونی زمانی کوردیی لەلایەن هەرکەسێکەوە بخوازێت، ئینجا جێگیرکردنی خوێندن بە کوردیی لە ئاستی زانکۆدا بۆ ئەو قوتابیانەی دەخوازن لەم بوارەدا بڕوانامە بەدەستبھێنن. ئینجا ڕێگادان بە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت کە بە زمانی کوردیی وانەبڵێنەوە گەر بیانەوێت.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەردۆغان ئەو سیاسەتە دەستپێدەکات کە وەک سیاسەتی "دەستپێشخەری کوردیی" ‘Kurdish Initiative ناودەردەکات. خاڵە سەرەکییەکانی ئەم دەستپێشخەریە بریتیبوون لە دوو بەش: "دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کورد"، لەگەڵ "دانانی چەک لەلایەن پەکەکە"ەوە. لە ساڵی ٢٠١٣ دا دانوسان لەگەڵ سەرۆکی پارتی کریکارانی کوردستان، ئۆچ ئالاندا، دەستیپێکرد. لە ساڵی ٢٠١٤ یشەوە بڕیار لەسەر ئەوەدرا کە خەڵک بتوانن ناوی کوردیی بە کاربهێنن و ناوە کوردییەکانیش بۆ ئەو شار و شارۆچکە و گوند و ناوچانە بگەڕێنەوە کە لەپاڵ سیاسەتی بەتورککردندا سڕابوونەوە و لابرابوون، ناوی تورکیان لێنرابوو. ھاوکات بە فەرمی ڕێگە بەوەشدرا کە بە زمانی کوردیی کەمپینی هەڵبژاردن و گفتوگۆی سیاسیی ئەنجامبدرێت..
ئۆچ ئالان خۆی لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە بە گەشبینییەوە لە چاوپێکەوتنێکدا ووتی: "ئومێدی گەورە هەیە کە چەرخەیەکی نوێی خەباتکردن دەستپێبکات. ئێستا دەرگا بە رووی قۆناغێكی نوێدا دەکرێتەوە تیایدا ئێمە بتوانین لە قۆناغی خەباتی چەکدارەوە بۆ سەردەمی خەباتی سیاسیی و دیموکراسیی هەنگاوبنێین". بڕوانە ئەم سەرچاوەیە (Burak Bilgehan Özpek, ‘Paradigm Shift between Turkey and the Kurds: From ‘Clash of the Titans to ‘Game of Thrones,MiddleEast Critique,V ol.27:No.1(2018),p.49.).
هەموو ئەم گۆڕانکارییانە لەسایەی ئەو ئومێد و خەونانەدا دروستبوون کە تورکیا دەیویست ببێت بە بەشێک لە یەکێتی ئەوروپا و لەوێشەوە ئەو یاسا و نۆرم و بەھایانە پیادەبکات کە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا بوونیان ھەیە، لەم رووەوە هاندانی ئەوروپییەکان بۆ ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریەکی گەورەی هەبوو. ئەردۆغان و ئاکاپە لەو قۆناغەدا ئومێدێکی گەورەی بەو ئەندامبوونە هەبوو.
بەڵام کۆمەڵێک ھۆکار کۆتاییان بەم قۆناغە ھێنا، لەوانە: بێئومێدبوونی تورکیا لەوەی ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، حەز و خەونی شەخسیی ئەردۆغان خۆی بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە گۆرینی سیستمی سیاسیی وڵاتەکە بۆ سیستمی سەرۆکایەتیی، ئینجا هاتنەکایەی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیی و بەھێزبونی ئیخوانی موسلیمین، بە تایبەتی دروستبوونی دۆخی جەنگ و پێکدادان لە سوریادا، دروستبوونی خەلافەتەکەی داعش، بەرگریکردنی ئەمریکییەکان لە کوردانی سوریا، هتد.. هەموو ئەمانە وایانکرد دۆخێکی سیاسیی تەواو جیاواز لە ناو تورکیا خۆی و لە ناوچەکەدا بێتەکایەوە. لە پەیوەندیدا بە سوریاوە ئەردۆعان دەیویست ڕژێمەکەی ئەسەد بکەوێت و ئیسلامییەکان شوێنی بگرنەوە. بەمەش ھەم لە گەشەکردنەکانی کێشەی کورد لە سوریادا ڕزگاریببێت، ھەم ”ھێزێکی سونی“ ئیسلامیی و”ھاودین“، بەتایبەتی ئیخوانی موسلیمن، دەسەڵاتی بکەوێتە دەست. ئەردۆغان خۆیشی وەک باوکی ئیسلامی سیاسیی سەرۆکایەتیان بکات و تورکیاش بکاتە مەرجعی ڕژێمە ئیسلامییەکانی ناوچەکە.
لە راستیدا لەو قۆناغەشدا کە ئەو پێشەوەچونە پۆزەتیڤانەی سەرەوەی تێدابوو، لە ھەمانکاتدا سەرەتاکانی گۆرانی سیستمە سیاسیەکەشی بەرەو دەسەڵاتگەریی و ئەوتۆریتاریزم تێدابوو. لە دوای ٢٠١٥ ەوە ئیتر ئیرادەی شەخسی ئۆردوغان دەبێتە بڕیاردەری ژمارە یەک لە وڵاتەکەدا و سیستمی سەرۆکایەتیش هێز و میکانیزمی ئەوەی دەخاتە بەردەست ببێت بە سەرۆکێکی ستەمگەر و ترسناک. لەناو ئەم دۆخە تازەیەدا ئاکەپە و ئەردۆغان نەک تەنھا پشتیان کردە بەشی هەرەزۆری ئەو چاکسازییانەی ئەنجامیاندابوو، بەڵکو سیاسەتێکی تازەیان پەرەپێدا تەواو پێچەوانەی ئەوانەی پێشویان. لە پەیوەندیدا بە کوردەوە ئەم وەرچەرخانە مانای کۆتاییهێنان بوو بە دانوسان لەگەڵ ئۆچ ئالان و بەرتەسککردنەوەی بڕێکی زۆری ئەو ئازادییانەی کە هاتبوونەکایەوە، تا بە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پەلاماردانی بەردەوام و گرتن و زیندانیکردنی سەدەها سیاسیی و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی شارەکانی کوردستان. ئەردۆغان جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ زمان و حیکایەت و تێزی ناونوسکردنی مەسەلەی کورد بە مەسەلەی تێرۆر و تێرۆریزمەوە. تێرۆریزم دەبێتەوە بەو چوارچێوەیە کە تیایدا مەسەلەی کورد باس و مامەڵەدەکرێت. جارێکی دیکە بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و سەیرکردنی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر تورکیا سەرجەمی ئەو گۆڕانکارییە پۆزەتیڤانە کۆتایی پێدێنێت و زۆربەی ھەرەزۆریان دەسڕێتەوە. سیاسەتی گەشەدان بە ترس و گریمانکردنی بوونی مەترسیی گەورە لەلایەن کوردەوە لە سەر تورکیا جارێکی دیکە دێتەوەکایە. ناونانی هێزە کوردییەکان بە تێرۆریست و دابەشکەر دەمانباتەوە ناو هەمان ئەو زمانەی سوپای تورکیا لە مێژووی تورکیادا قسەیپێکردوە. میدیای تورکیش، کە ئەردۆغان و پارتەکەی لەوەدا سەردەکەون کە زۆرینەیان قۆرخ و ئاراستە بکەن، گەشە بەم گوتاری تێرۆر و تێرۆریزمە ئەداتەوە.
بە کورتییەکەی، ئەردۆغان و ئەردۆغانیەت دیاردەیەکی تازەی ناو سیاسەت و کۆمەڵگای تورکییە، کە دەکرێت بە ئاسانیی دوو قۆناغی سەرەکیی و ناکۆک بەیەکی تیادا لەیەکتری جیابکەینەوە. قۆناعی یەکەمی قۆناعی ئەو چاکسازییانە بوو کە باسمانکرد. بەڵام قۆناعی دووھەمی، واتە ئەردۆغانیەت لە ئێستادا، قۆناغی گۆڕانی ئەم پیاوەیە بۆ دەسەڵاتگەرێکی ترسناک.ئەردۆغانی ئێستا دیماگۆگێکی گەورەیە کە لەگەڵ دیندا دەخەوێت و لەگەڵ دیندا خەبەری دەبێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەوڵەتی تورکیی و حوکمرانییەکەی گۆڕابێت بۆ دەوڵەت و حوکمڕانییەکی دینیی. وڵاتەکە بە کردەوە لەژێر دەستی ئەردۆغان خۆیدایە و چی بوێت ئەوە دەسەپێنێت. تورکیا بۆئەوەی لە خراپەوە بەرەو خراپتر نەڕوات، پێویستی بەوەیە کۆتایی بە حوکمڕانیی ئەم پیاوە بھێنێت.