له ئه‌گه‌ری شكستهێنانیدا، ئایا ئه‌ردۆغان واز له ده‌سه‌ڵات ده‌هێنێـت؟
2023-05-01 14:04:11
هێمن خۆشناو
به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی له توركیادا (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو) كاندیدی هاوپه‌یمانی (میلله‌ت) له‌پێش (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) كاندیدی هاوپه‌یمانی (كۆمار)ه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌رێكی زۆره هه‌ڵبژاردن بچێته گه‌ڕی دووه‌مینه‌وه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌نجامی راپرسییهكان دوو ئه‌گه‌ری به‌هێزمان بۆ ده‌خه‌نه‌ڕوو:
یه‌كه‌میان: له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په)و پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست (مه‌هه‌په) به دوو لیستی جیاواز به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن (هاوپه‌یمانی كۆمار) زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست ناهێنێت. به واتایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ سیسته‌می حوكمڕانی توركیا وه‌كو رابردوو په‌رله‌مانی ده‌بوو، كورسی ئه‌م دوو پارته به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد به ته‌نیا حكومه‌ت دروست بكه‌ن.
دووه‌مینیان: ئه‌گه‌ر له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا هیچ كاندیدێك رێژه‌ی (50٪+1) به‌ده‌ست نه‌هێنێت كه ئه‌گه‌ری هاتنه‌دی به‌هێزه، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار ده‌چێته گه‌ڕی دووه‌مینه‌وه، له‌م گه‌ڕه‌شدا كه‌مال كلیچدارئۆغڵو به جیاوازیه‌كی زۆری ده‌نگه‌كان ده‌بێته سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا.
پێشبینی شكستهێنانی ئه‌ردۆغان له‌لای زۆربه‌ی پسپۆران و چاودێرانی سیاسه‌تی توركیا له‌ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا ئه‌م پرسیاره ده‌وروژێنێت:
ئه‌گه‌ر (ته‌یب ئه‌ردۆغان) شكست بهێنێت، ئایا به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌و پابه‌ند به نه‌ریتی دیموكراسیانه ده‌سه‌ڵات راده‌ستی (كلیچدارئۆغڵو) ده‌كات و واز له سیاسه‌ت دێنێت؟
بێگومان له ئێستادا وه‌ڵامی كۆتایی ئه‌م پرسیاره ته‌نیا لای ئه‌ردۆغانه. به‌ڵام په‌یوه‌ست به راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌كاتی شكستهێناندا له هه‌ڵبژاردن، كه بنه‌مایه‌كی هه‌ره سه‌ره‌كی یاری دیموكراسییه له جیهاندا ده‌كرێت به خوێندنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌ردۆغان له چه‌ند ساڵی رابردوودا د‌رك به نیازه‌كانی بكه‌ین.
له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا له ئاداری ساڵی 2019 دیارترین ئاماژه‌یه بۆ ده‌رخستنی ئه‌م راستییه. ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان نیازی راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووایه، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵی له 2019 قه‌بوڵ دهكردو له‌رێگای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن هه‌وڵی دووباره كردنه‌وه‌ی نه‌ده‌دایه‌وه. ئه‌گه‌ر نیازی قه‌بوڵكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی هه‌بووایه، هه‌وڵی نه‌ده‌دا له‌رێگای نامه‌یه‌كی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له زیندانی ئیمڕالی داوا له ده‌نگده‌ری كورد بكات تا بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بكات. ئه‌گه‌ر نیازی هه‌بووایه له‌رێگای دادگا بڕیاری قه‌ده‌خه‌كردنی سیاسه‌تی به‌سه‌ر (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ و (جانان كه‌فتانجیئۆغڵو) سه‌رۆكی لقی جه‌هه‌په له ئیستانبۆڵ نه‌ده‌سه‌پاند. ئه‌گه‌ر نیازی هه‌بووایه له 23 نیسانی 2023 كه 21 رۆژ مابوو بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی فه‌رمانی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چه‌ندین رۆژنامه‌نوس و كه‌سانی ئه‌كادیمی كوردی ده‌رنه‌ده‌كرد.
بێگومان له ئێستادا به راشكاوانه دیاره ئه‌ردۆغان له ئیرداه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ترسێت و له بهرامبهریشددا پڵانێك ئاماده ده‌كات، كه په‌یوه‌سته به پێشبینیكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.! به‌ڵام ترسی ئه‌مجاره‌ی ئه‌ردۆغان جیاوازه ترسێكی ئاسایی نیه. بۆیه له ئێستادا له قۆناخی بڕیاردانه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا گفتوگۆ چڕ‌و پڕ ده‌كات هه‌وڵی تاوتوێكردنی هه‌ردوو بژارده‌كه ده‌دات:
هه‌موو شتێك بخه‌مه ژێر ده‌ستی خۆم و سیسته‌مێكی ته‌واو دیكتاتۆری رابگه‌ێنم؟
یان هه‌موو شتێك له‌ناو به‌رگی ئاسایی خۆیدا بڕوێنم و رووبه‌ڕوی هیچ مه‌ترسیه‌ك نابمه‌وه؟
ئایا له‌م دوو رێگایه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌ردۆغان كامه‌یان هه‌ڵده‌بژێرێت!
به‌گوێره‌ی (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) هاوسه‌رۆكی پێشووی هاداپ كه زوڵملێكراوێكی ده‌ستی ئهردۆغانهو له 4 تشرینی دووه‌می 2016 به‌دواوه له زینداندا ده‌ستبه‌سه‌ركراوه، سه‌ركۆماری توركیا رێگای دووه‌مین هه‌ڵده‌بژێرێت! ده‌میرتاش له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (پۆلۆتیكۆ) له 26 نیسانی 2023دا، له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌ڵێت:" پێموایه ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردن شكستبهێنێت ده‌سه‌ڵات به‌جێدێڵێت و ده‌ڕوات. جگه له‌مه نهمومكینه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بیر بكه‌ینه‌وه". ئه‌م وه‌ڵامه‌ی ده‌میرتاش مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن و تێڕامانه. ئایا ده‌میرتاش بۆ جۆشدانی ركابه‌رانی ئه‌ردۆغان ئه‌م قسه‌یه ده‌كات، یان پێشتر له‌م مه‌سه‌له‌یه ورد بۆته‌وه‌و گه‌یشتۆته ئه‌م ئه‌نجامه‌ی سه‌ره‌وه.
له ئێستادا باشترین رێگا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری: ئایا ئه‌ردۆغان به رۆحێكی وه‌رزشكارانه و دیموكراسیانه واز له ده‌سه‌ڵات دێنێت؟ خوێنده‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌یه كه ئه‌ردۆغان پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت.
با له‌و ستافه ده‌ست پێبكه‌ین كه ئه‌مڕۆ ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌مین له ده‌وروبه‌ری ئه‌ردۆغان پێكدێنن. به ده‌گمه‌ن نه‌بێت كه‌سانی بیرمه‌ند، ئه‌كادیمی و پسپۆر له ده‌وروبه‌ری ئه‌ردۆغان نابینین. كاتێك سه‌ركۆماری توركیا سه‌یری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، ده‌بینی كه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی هه‌ڵده‌ستن و سوێندی به‌سه‌ر ده‌خۆن، به‌دوای ته‌نده‌ری پڕۆژه‌كان ده‌گه‌ڕێن، چۆنایه‌تی پڕۆفیلهكانیان لاوازه، ژیر‌و تێگه‌یشتوو نین، له خوێندنه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م بێچاره‌ن و له دواوه به‌جێماون. واته له ده‌وروبه‌ری ئه‌ردۆغاندا یه‌كێتی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان هه‌یه، ئه‌م یه‌كێتییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی ماددی زۆربه‌ی به‌ها ئه‌خلاقی، ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی فرۆشتووه. ئه‌وانه‌ی ئه‌م به‌هایانه‌یان فرۆشتووه ئه‌گه‌ر پێویست بكات له رۆژی خۆیدا ئه‌ردۆغانیش ده‌فرۆشن. ئه‌ردۆغان له هه‌موو كه‌س زیاتر د‌رك به‌م راستیه ده‌كات. ده‌زانێ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌هایانه بفرۆشێت دواڕۆژیشی ده‌فرۆشێت و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو پیرۆزییه‌كان بكاته پاره. بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر. كه‌واته ئه‌درۆغان كاتێك ئه‌م كه‌سانه‌ی ده‌روبه‌ری خۆی ده‌بینێت، بوێری نایگرێت له دژی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه.
رێگای دووه‌مین كه رێگای مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌سته‌به‌ر ده‌كات ئه‌نجامدانی كوده‌تایه‌كی مه‌ده‌نیه، هه‌رچه‌نده زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بێت. كوده‌تای مه‌ده‌نی جگه له‌وه‌ی گۆمی خوێن دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ری زۆره به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكیانه كۆتایی ئه‌ردۆغان له‌ڕووی سیاسی و جه‌سته‌ییش نزیك بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر بخوازێت نموونه‌ی (ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ) سه‌رۆكی بلاڕوس دووباره بكاته‌وه‌و له‌رێگای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن ده‌ستكاری ئه‌نجامی هه‌لبژاردن، ئه‌وه ده‌بێت پێشتر حسابی ئه‌وه‌ی كردبێت كه توركیا بلاڕوس نیه‌و دینامیكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناو توركیا شتێكی جیاوازه.
ئه‌ی كێ كوده‌تای مه‌ده‌نی ئه‌نجام ده‌دات؟
باڵی (مه‌هه‌په) له‌ناو سوپای توركیا زۆر به‌هێزه، هه‌روه‌ها له‌ناو هه‌واڵگری و ئاسایشیش ئه‌وانه پێگه‌یان هه‌یه. به‌ڵام ئایا مه‌هه‌په و سه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌مه بۆ ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌ری ده‌وڵه‌تپه‌رستی مه‌هه‌په بگرینه به‌رچاو، نه‌وه‌كو مه‌حاڵه بۆ خاتری مانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌م پارته هاوكار بێت بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان له كه‌ناڵێكی دیكه‌شه‌وه هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كوده‌تا بدات، به‌دووری نازانم مه‌هه‌په له‌دژی ئه‌ردۆغان هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه و داوای لێبكات ده‌سه‌ڵات راده‌ستی ئه‌و لایه‌نه بكات كه له هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه.
له‌لایه‌كی دیكه، راسته چه‌ندین ساڵه ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكی مه‌هه‌په (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رم و گوڕیان هه‌بووه. به‌ڵام له ئێستادا په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا له‌م ئاسته‌دا نیه، هه‌رچه‌نده هه‌ردووكیان دوو ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ناو هاوپه‌یمانی كۆمارن، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك به لیستێكی جیاواز به‌شداری ده‌كات، كه به‌یه‌ك لیست به‌شداری له هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن ئایا مومكینه به‌یه‌كه‌وه كوده‌تای مه‌ده‌نی ئه‌نجام بده‌ن؟ بێگومان هه‌ر كودهتایهكیش له توركیادا مه‌هه‌په پشتگیری نه‌كات ئه‌نجام نادرێت و روونادات.
هۆكارێكی دیكه كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵات راده‌ستی ركابه‌ره‌كه‌ی بكات له ئه‌گه‌ری شكستهێناندا، متمانه‌ی ئه‌ردۆغانه به زاتی خۆی. نهموكینه كه‌سێكی پراگماتیستی وه‌كو ئه‌ردۆغان به‌ڵگه‌یه‌ك له‌دوای خۆیدا به‌جێبێڵیت كه دواتر تووشی دادگا‌و لێپرسینه‌وه‌ی بكات. ئه‌ردۆغان له رێگای ئه‌و گرووپ و كه‌ناڵانه‌ی ناو ده‌وڵه‌ت كه په‌یوه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندی كۆیان ده‌كاته‌وه، توانای سپیكردنه‌وه یان گونجاندنی به‌ڵگه‌كانی له‌گه‌ڵ یاسادا هه‌یه. پێموایه ئه‌و گرووپ و كه‌ناڵانه رۆڵێكی دیاریان ده‌بێت له راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا. ئه‌وانه به‌شێوه‌یه‌ك زه‌مینه خۆشده‌كه‌ن تا ئه‌ردۆغان دڵنیابێ نه‌خۆی و نه داروده‌سته‌كه‌ی تووشی هیچ ده‌رده‌سه‌ریه‌ك نابن ئه‌گه‌ر واز له ده‌سه‌ڵات بێنن. دوورنیه ئه‌م سه‌ودایه كرابێ یان له رۆژانی داهاتوودا بكرێت.
هۆكارێكی دیكه هه‌یه كه له‌وانه‌یه ئه‌ردۆغان پشتی پی ببه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات راده‌ستی ركابه‌ره‌كه‌ی بكات، هه‌بوونی پاره‌ی نه‌ختینه‌ییه له ده‌ستی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی. هه‌بوونی پاره‌ی نه‌ختینه‌یی به‌تایبه‌تی له رۆژی بێ پاره‌ییدا ئه‌ردۆغان ده‌گه‌ینێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه به پاره ده‌توانێ هه‌موو كه‌س بكڕێت و بفرۆشێت. ئه‌زموونی ئه‌ردۆغان ئه‌م راستیه پشتڕاست ده‌كاته‌وه. له رابردوودا به زه‌بری پاره زۆر كه‌سی له‌ناو پارته سیاسییه‌كان و رایگشتی توركیادا كڕی. كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی چه‌ند فیگوڕێكی خاوه‌ن پێگه‌و سه‌نگ له‌ناو جه‌هه‌په‌شدا بكڕێت و هه‌وڵبدات له رێگه‌یانه‌وه گورز له‌م پارته بدات و گرفتی بۆ دروست بكات.
مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر گرنگی دیكه كه ره‌نگه ئه‌ردۆغان پێی باوه‌ڕ ده‌كات ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بێ ترس له دواڕۆژی خۆی واز له ده‌سه‌ڵات بێنێت، هه‌بوونی پاڵپشتی 35٪ ده‌نگده‌ره. پێیوایه هه‌ر كاتێك پێویست بكات ئه‌و 35٪ ده‌هێنێته سه‌ر شه‌قام و ژیانی هه‌مووان ژه‌هراوی ده‌كات. حسابی ئه‌وه ده‌كات كه له هه‌موو پارته‌كانی دیكه‌ی توركیا ژماره‌و رێژه‌ی ده‌نگده‌ری زیاتره، به‌مه مه‌یدان ده‌خوێنێت و ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر بوێریتان هه‌یه وه‌رن ده‌ستم بۆ درێژ بكه‌ن".
فاكته‌رێكی دیكه كه ئه‌ردۆغان پشتی پێ ده‌به‌ستێت فاكته‌ری 21 ساڵی ده‌سه‌ڵاتداریه به تاقی ته‌نیا. له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده پیاوی خۆی له‌ناو ده‌وڵه‌تدا چاندووه، كه پاككردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌و كه‌سانه پێویستی به‌ماوه‌یه‌كی درێژه. به حسابی ئه‌ردۆغان تا ده‌سه‌ڵات دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌مانه خاوێن ده‌كاته‌وه، به‌خۆی جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
له ئه‌گه‌ری شكستهێنانیشدا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و كه‌سانه رێگا له هه‌موو هه‌نگاوێكی حكومه‌تی نوێ بگرن. كه‌واته ئه‌ردۆغان به حكومه‌تی نوێ ده‌ڵێت:" تا ئێوه من دادگایی ده‌كه‌ن، من ئێوه دادگایی ده‌كه‌م".
ئایا ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵات راده‌ست ده‌كاته‌وه؟
دوای هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌كرێت بڵێین: ئه‌گه‌ری راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به ركابه‌ره‌كه‌ی زیاتره له راده‌ست نه‌كردنه‌وه‌ی. حسابی سه‌ره‌كی ئه‌ردۆغان په‌یوه‌سته به قۆناخی دوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و پێیوایه دوای هاتنه سه‌ر كاری ده‌سه‌ڵاتی نوێ ده‌توانێ ئاسته‌نگیان بكات و له واده‌یه‌كی كه‌مدا ناچاریان بكات هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام بده‌نه‌وه. ئایا زه‌مینه‌ی ئه‌مه له‌باره؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا ئاماژه‌كان ده‌بینین.
له كۆتایشدا ره‌هه‌ندێكی گرنگی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ماوه، كه به‌بێ وروژاندنی ئه‌م نوسینه ناگاته ئه‌نجامه‌كانی. له‌م رۆژانه‌ی دوایی به‌تایبه‌تی له سۆسیال میدیادا، ده‌نگۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستی ئه‌ردۆغان پانتایه‌كی به‌رفراوانی داگیركرد. نازانین ئه‌م ده‌نگۆیه چه‌ند له راستییه‌وه نزیكه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر راست بێت، ئه‌وه پڵانه‌كانی ئه‌ردۆغان بۆ دوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گۆڕانكاری تیادا ده‌كرێت و ده‌بێت ئه‌و كاته له روانگه‌ی جیاوازه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی داهاتووی توركیا بكه‌ین.