کۆنگرەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و وەڵامێک بۆ شێخ ناسری حەفید
2023-04-30 16:32:09
جەمال لۆلۆ
سالم دەفەرمووێت:
بە حەیا بێرە حزور و بە ئەدەب سوجدە بەرە
خەڵوەتی دولبەرە "سالم" ئەمە مەیخانە نییە
ئایا کۆنگرە سەرکەوتوو بوو، ئامانجی زانستییانەی خۆی پێکا؟
بەڵێ کۆنگرە سەرکەوتوو بوو، لەو ڕوانگەیەوە کە هەر لە سەرەتاوە پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا. هەروەها بەراورد بەو کارانەی پێشوو کراون، داهێنانی کردبوو. کۆنگرە میتۆدێکی زانستییانەی وەرگرت، هەر لە هەڵبژاردنی کەسانی پسپۆڕ و بابەتی تایبەت و وروژاندنی کۆمەڵێک پرسیار کە خەڵک بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێت.
گومانم نییە کە خودی کۆنگرەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئەگەر بە وردی لێی بڕوانیت، وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەی تێدابێت کە لێرە و لەوێ سەبارەت بە کۆنگرەکە وروژێندراوە. بۆیە هەندێک جار دەڵێم، پێویست بە وەڵامدانەوە ناکات، بەڵام لێدوانی هەندێک کەس لە تەوەری بابەتەکە لا دەدات، ناچارت دەکات کە ڕوونکردنەوە بدەیت. بە دیاریکراوی کاک ناسری حەفید و کاک سەید ئەحمەد بەرزنجی.
ڕەخنەکانیان دوورکەوتنەوەیە لە بابەتی توێژینەوەکانی کۆنگرە و پیشان نەدانی ڕووی زانستییانەی کۆنگرەکە و شکانەوەیە بە لای بوختان و خەو بینین بە ڕابردووی خۆیانەوە. ئەگەر سەرنجیش بدەین، لە دوای کۆنگرەی مەولانا خالید، زۆرترین بابەت لەبارەیەوە نووسرا لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە عێراقی و ئێرانی و بیانییەکاندا. ئەمە بۆخۆی سەرکەوتنی کارەکە دەگەیەنێت. پێم خۆش نییە نووسینەکەم ببێتە وەڵام بۆ ئەو کەسانەی لەسەر کۆنگرەکە قسەیان کردووە.
کۆنگرەی مەولانا ڕوویەکی جوانی زانستی پیشاندا. ئێوە بۆ بە ئاقارێکی خراپدا دەیبەن، بەتایبەت کۆمەڵە خەڵکانێک کە خۆیان بانگهێشتی ئەو کۆنگرەیە نەکرابوون، هیچیان نەبینیوە، کەچی ڕەخنەی وادەگرن سەرت سوڕ دەمێنێ، لە خۆیانەوە چۆن ئەم قسانە دەکەن. بەشێک لە شێخەکان هەر بانگهێشت نەکرابوون، کەچی بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی باسکردنی مەولانا و شێخ مارفی نۆدێی، هەر لە خۆیانەوە شیکاری و ڕاڤەی بۆ دەکەن، لە کاتێکدا باس لە یەکێک لە بۆچوونەکان کرا کە گوایە شێخ مارف کاک ئەحمەدی کوڕی ناردبێت بۆ کوشتنی مەولانا. ئەم مەسەلەیەیان زیاد لە لزوم گەورە کرد. ئەم هەڵوێستەی خزمانی بەرزنجە قسەیەکی سیاسەتمەدارێکی ئەمریکیم بیر دەهێنێتەوە. دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە ڕۆژانی عاشوورادا بەناو شاری بەغدا دەگەڕێت و دەبینێ هەر خەڵکە و لە خۆیان دەدەن و خوێن بە گیانیاندا هاتۆتە خوارەوە. دەپرسێ ئەمە چییە؟ دەڵێن حسێن کوژراوە، جا دەڵێ کێ کوشتوویەتی بابیگرین و بیدەینە دەستی دادگا؟ دەڵێن نا، حسێن ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا کوژراوە. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئەم میللەتە زۆر لە ڕابردوودا دەژین.
خزمان، کۆنگرەی مەولانا خالید زۆر بە زانستیانە باسی ئەم کێشەیەیی کرد، ئەگەر نەیکردایە مانای کەمی کۆنگرەکەی دەگەیاند، بەڵام وەڵامەکەی ئێوە بەتایبەت کاک ناسر، زۆر لە ڕابردوودا دەژیا. پاشان باس باسی مەولانا و شێخ مارفە، کەچی سەید ئەحمەد دەڵێ کۆنگرەی شێخ مەحموود دەبەستین. باس باسی مەولانا و شێخ مارفە، کەچی کاک ناسر دەیبات بۆ ڕقی شەخسی و ڕوو لە کارە زانستییەکە وەردەگێڕێت و باس لە پارە و سەرمایەی داینەمۆی ئەم کۆنگرەیە دەکات، کە ئەم باسەی ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە مەولانا و شێخ مارفەوە نییە. پاشان کاک ناسر، تۆ دەپرسیت هەڵگری بیری کۆمەنیستی و کۆنگرەی مەولانا خالید، ئەم دووانە یەک ناگرنەوە، کاک ناسر بیری چوو کە خۆی هەڵگری بیری پێشکەوتنخوازی بووە و بەشی زۆری ژیانی لە ئەوروپا بردۆتەسەر. کەچی شێخایەتی دەکات.
هەروەها گومان لە سەروەتی کۆکراوەیی داینەمۆی کارەکە دەکات، دیسان لە بیری چۆتەوە کە خۆی لە هەموو ژیانیدا عارەقی نەکردووە، ئەو سەرمایەیەی لەکوێ بوو! من نازانم بۆ ئەوەندە خەلفیەتی بنەماڵەکەت کردووە بە دەرگایەک و لێی دەچیتە ژوورەوە، کە کەس گومانی لە گەورەیی مێژووی پڕ خزمەتی بنەماڵەکە نییە. لە کاتێکدا خۆت کۆسەی، ڕیشی باب و باپیرت بە تۆ چی. باوەڕبکە و ئەم قسەیەم لێ وەرگرە. ئێستا شێخ مارف لە ژیاندا بووایە، زۆربەتانی لە خۆی بێ بەری دەکرد، بە ئاکاری زۆربەتان ڕازی نەدەبوو. جارێک ئەندام پەرلەمانێکی کورد کە زۆر نزیک بووە لە د. ابراهیم جەعفەری، لە میواندارییەکدا بە د. ئیبراهیم دەڵێ: گریمان حسێن نەکوژراوە و بیست ساڵی تر ژیاوە و دواتر بە مردنی ئاسایی خۆی مردووە، ئێوە بۆ وادەکەن؟ د. ئیبراهیم جەعفەری بە پێکەنینەوە دەڵێت: ئێمە نانی ئەو دەخۆین.
کاک ناسر دەزانیت، ئەمە بۆ ئێوەش ڕاستە، چونکە مەسەلەی شێخ مارف ئەوەندەی بۆ ئێوە ماددیە، ئەوەندە سۆز و میهرەبانی نییە. ماڵ و سەروەتتان بەهۆی ئەوەوە پێکەوەناوە، کەچی زۆرینەتان ئامادەییتان تێدا نییە دوو فلسی تێدا خەرج بکەن. لە کاتێکدا پیاوێک کە لە پشت زۆربەی کارە ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی و کوردستانەوەیە، تۆ بە فکری خۆت دەیخەیتە ژێر پرسیارەوە، گومانم نییە کە خودی ماڵباتەکەی تۆش قەرازاری بن.
ئێوە ئەوەندەی قسەدەکەن، کردارتان نییە، کوا کۆکراوەی شێخ مارف و کاک ئەحمەد و شێخی نەمر. هەزار لاپەڕە لەسەر شێخ مەحموود نووسراوە و تانە لە شێخ درا، جەنابتان لەباتی ئەوەی لیژنەی عیلمی بۆ ببەستن و بە چەند کتێبێک وەڵامی بدەنەوە، وەک و خەڵکێکی ئاسایی بە چەند دێڕێکی ناو فەیسبووک وەڵامتان دایەوە، ئێوە نانی ئەو مێژووە دەخۆن، دەی نمەک حەرام مەبن، شتێک پارەشی تێدا سەرف بکەن و لە دەرگای حیزب و خەڵک مەدەن تا کۆنگرەتان بۆ ببەستێت. ڕۆنی شێخ مارف و شێخ مەحموود هی خۆیانە لە لای ئێوەیە، بەس سمێڵی خۆتانی پێ چەور بکەن. تۆزێکیش ئەو مێژووەی پێ ئاوەدان بکەنەوە.
خزمان، بۆ لە خۆتان ناپرسن، چیتان بۆ شێخ مارف کردووە، کۆنگرەیەکی ئاوها ناوی نەهێنایە، خۆ ئێوە هەر لە بیریشتان نەبوو، فەرموو گومەزەکەی سەر قەبران، کە لە ڕاستیدا بۆ پاشای بابان دروست کراوە، ئێستا بە ناوی شێخ مارفەوەیە، وا ڕووخا بۆ ناچن ئاوەدانی بکەنەوە.
جەمال لۆلۆ
٢٨/٤/٢٠٢٣