Draw Media

گێژاوی هەڵبژاردن

گێژاوی هەڵبژاردن

2018-06-23 14:53:26


■ فەرید ئەسەسەرد....

پێشبینی نەدەكرا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو تەنگژە گەورەیەی لێ‌ بكەوێتەوە. گەورەترین كێشە ئەوەیە كە خودی ئەنجومەنی نوێنەران لە بری ئەوەی كە ببێ‌ بە بەشێك لە چارەسەر، بۆتە بەشێك لە كێشەكە. گومانێكی زۆر لە یاساییبونی هەنگاوەكانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە. بەم هەنگاوانە ئەنجومەنی نوێنەران دەرگای هەموو ئەگەرە خراپەكانی بەكراوەیی هێشتۆتەوەو بڕیاری وای دەركردووە كە هیچ ئومێدێكیان بە گەیشتن بە چارەسەر نەهێشتۆتەوە. 
ئەگەر ئامانجی لایەنە ناڕازییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن ‌و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بێ‌، ئەوا ئەم ئامانجە مەحاڵە بێتە دی. ئەگەر سوریش بن لەسەر ئەم ئامانجە، هیچ گومان لەوەدا نامێنێ‌ كە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە دوایین هەڵبژاردن لە مێژوی عیراقدا.
هەنگاوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كە لەڕووی یاسایی ‌و دەستورییەوە مایەی گومانن، كێشەكەیان پێ‌ چارەسەر ناكرێ‌ ‌و ئاڵۆزییەكی زۆرتر لەسەر ئاستی عیراق دروست دەكەن، چونكە ئەم هەنگاوانە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر سیستمی دەستوری ‌و یاسایی دەوڵەت ‌و بەكردەوە بونەتە مایەی ئیفلیجبونی دەوڵەت.
هەر لەو ماوەیەدا توركیا دوو هەنگاوی ناوە كە هەردووكیان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی عیراقدا ناگونجێن. یەكەمیان، گرتنەوەی ئاوی روباری دیجلەیە بۆ پڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆ و دووەمیان، ناردنی هێزە بۆ ناو خاكی عیراق بە بیانوی هێرش كردنە سەر پەكەكە ‌و نەشاردنەوەی نیازی هێرش كردنە سەر قەندیل ‌و مەخمورو شنگال. لە هەردوو نمونەدا حكومەتی عیراق هیچ هەڵوێستێكی تۆكمەی دەرنەبڕیوە. هۆكەش بۆ ئەو تەنگژە ناوخۆییە دەگەڕێتەوە كە ئێستا بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە ئارا دایە.
تا تەنگژەی هەڵبژاردن چارەسەر نەكرێ‌، ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێ‌ هیچ رۆڵێكی ئەكتیڤ بگێڕێ‌ ‌و حكومەتیش هەر وەك حكومەتێكی كاربەڕێكەر دەمێنێتەوە ‌و هیچ دەسەڵاتێكی راستەقینەی نابێ‌. لە دۆخێكی وادا كۆمەڵگا تەنگی پێ‌ هەڵدەچنرێ‌ ‌و ناچار دەبێ‌ لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایی ‌و دەستورییە هەڵپەسێردراوەكان بە دوای چارەسەردا بگەڕێ‌.
لە دۆخی ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەكی راستەوخۆ و حكومەت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، فشارێكی زۆریان لەسەر كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دروست كردووەو هەر یەكەیان بە شێوەیەك تەنگی پێ‌ هەڵدەچنێ‌، لە كاتێكدا كێشەكە لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا نییە، بەڵكو كێشەكە لەو یاسایانە دایە كە حكومەت وەك پرۆژە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووەو ئەنجومەنی نوێنەران دەری كردون. ئێستا هەردولا كۆمیسیۆن بە كەموكوڕی تومەتبار دەكەن، لە كاتێكدا كە كەموكورییەكە لە خودی یاساكان دایە، نەك لە كۆمیسیۆندا.
سەرەڕای هەموو شتێك، ئەم دۆخە نالەبارە پێویستی بە دۆزینەوەی دەریچەیەكە بۆ رێگرتن لە هەرەسی تەواو، چونكە ئەگەر ئەم دۆخە لەوە زیاتر بەردەوام بێ‌، سەرۆكایەتیی كۆمار و حكومەتی عەبادی و ئەنجومەنی نوێنەران ماوەی یاسایی خۆیان تەواو دەكەن و وڵات پێ‌ دەنێتە قۆناغی بۆشایی دەستورییەوە كە تێیدا هیچ دامەزراوەیەك شەرعیەتی نامێنێ‌ ‌و هیچ بڕیارێكیش پشت ئەستور نابێ‌ بە یاساو دەستور.
بەدڵنیاییەوە، هێزە بنچینەییەكان هەست بەم مەترسییە دەكەن. ئەمەش هانیان دەدا دەریچەیەكی گونجاو بۆ دۆخەكە بدۆزنەوەو سازانێك لەسەر ئاستێكی دیاریكراو بۆ تێپەڕین بەناو مینە چێنراوەكان دا وەدی بێنن و بتوانن سەقامگیریی پێویست دەستەبەر بكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand