تورکیا لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا
2018-06-22 14:48:48
■ کارۆخ عوسمان ...
دیمۆگرافیای تورکیا بەپێی ئاماری٢٠١٦: ٨٠ ملیۆن ٨١٠ هەزارو ٥٢٥ کەسە.
ڕێکخستنی ئیداری: پێکهاتووە لە ٧ هەرێم و ٨١ پارێزگا، کە ٢١ پارێزگایان نیشتمانی کوردانن.
شارە کوردستانیەکانی تورکیا : (ئامەد - دێرسیم - موش - ماڵاتیا – وان – مێردین – بەدلیس – ئورفا – بینگۆڵ - ئادیامان – جۆلەمێرگ – ئەرزنجان – شرناخ – خارپیت – ئاگری – ئەرزەڕووم – ئیغدیر – قاڕس – ئەردەهان – باتمان – سێرت)
ژمارەی کورد: 22.691.824 کەسە.
-شێوەی ھەڵبژاردن:-
-توركیا (٧) ھەرێمی سروشتی و مرۆییە، سیستەمی ئیداری وڵات ھەڵبژاردنی دابەشی سەر (٨١) پارێزگا كردووە، كە ھەریەكەیان بازنەیەكی جیاوازی ھەڵبژاردنن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانەوە هەندێ ویلایەت زیاتر لەبازنەیەکی هەڵبژاردنیان هەیە.
لەم ھەڵبژاردنەدا؛ (٥٦) ملیۆن و (٣٤٢) ھەزارو (٢٦٣) كەس لەناوخۆی توركیادا دەنگ دەدەن.
- (٣) ملیۆن و (٤٩) ھەزارو (٦٥) كەسیش لەدەرەوەی توركیا لە (٦٠) وڵاتی جیادا لەڕێگەی (١٢٣) سندوقەوە دەنگ دەدەن.
-كۆی گشتی دەنگدەرانی ئەم ھەڵبژاردنە (٥٩) ملیۆن و (٣٩١) ھەزارو (٣٢٨) كەسە.
-لەم ڕێژەیەشدا (١) ملیۆن و (٦٥٠) ھەزارو (١٧١) كەس بۆ یەكەمجارە مافی دەنگدانیان دەبێت.
-(٦٦٤)ھەزارو (٣٢٦) كەس كەتەمەنیان لەسەرووی (٧٠) ساڵیەوەیە دەنگ دەدەن.
-(٢) ملیۆن و (٤٧٣) ھەزارو (٨٠٠) كەس بەهاوکاری یەكێك لەئەندامانی خێزانەكانیان دەنگ دەدەن كەپێشتر ناویان لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن تۆماركراوە بۆ ئەم مافە.
-بۆ یەكەمجارە لەمێژووی ھەڵبژاردنی توركیادا سندوقی گەڕۆك دابین بكرێت، بەو ھۆیە نەخۆشەكان دەتوانن لەڕێگەی (٢٧١) سندوقی گەڕۆكەوە ھەر لەنەخۆشخانەكانەوەڕا دەنگ بدەن.
كۆی گشتی سندوقەكانی دەنگدان (١٨٠) ھەزارو (٨٩٦) سندوقە.
ئامانج لەھەڵبژاردن:- (١) پەرلەمان
- ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ پێكھێنانی حكومەتە، ئەم وڵاتە بە ٢٧مین ھەڵبژاردنی گشتیدا تێپەڕ دەبێت و لەئەنجامی سەركەوتنی پڕۆسەكەشدا (٦٦)مین حكومەت لەمێژووی توركیا تەشكیل دەبێت.
- یەكەمین حكومەت لەدوای دامەزراندنی كۆمار لەساڵی (٢٣) پارتی گەلی كۆماری (CHP)بەسەرۆكایەتی (عیسمەت ئینۆنو) تەشكیلی دەكات، عیسمەت ئینۆنو بۆ (١٠) جار توانی سەرۆكایەتی حكومەتی توركیا بكات.
- پێكھێنانی حكومەتی ئەمجارەی توركیا بەڕەوشێكی دژواردا تێپەڕ دەبێت، چونكە وادەبینرێت كەھیچ یەكێ لەپارتەكان بەتەنھا ناتوانن ڕێژەی پێویست بەدەست بھێنن، كە (٣٠١) كورسی پەرلەمانیە، بۆیەش (٣٠١)كورسی چونكە لەدوای ڕێفراندۆمی دەستوری ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ەوە ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان لە (٥٥٠) كورسی بەرزكرایەوە بۆ (٦٠٠) كورسی. لەم ڕێژەیەش تەنها (٤)کورسی بۆ ناوچە کوردیەکان زیادکران. بەپێی دەستوریش وایە كەھەر پارتێك (نیوە+١)ی كورسیەكانی بەدەستھێنا مافی بەتەنھا تەشكیل كردنی حكومەتی ھەیە ئەگینا دەبێت لەماوەی سێ مانگ بەدوای كواڵسیۆندا بگەڕێت.
لیستەكانی ھەڵبژاردن:-
لەم ھەڵبژاردنەدا (١٠) لیست لەسەرئاستی پارت بەشدارن.
ڕێژەی ژن لەھەر یەكێكیاندا جێگەی سەرنجە، كە بەپێی ستانداردی جیھانی پێویستە ڕێژەی ژن لە (٣٣.٥٪) بێت واتا لە ٧ كاندید پێویستە ٢ دانەیان ژن بن.
لەخوارەوە پۆلێنی لیستەكان دەكەین لەكۆی (٦٠٠) كاندید:-
١-لەلیستی AKP (١٢٦) ژن و (٤٧٤) پیاو ھەیە. ڕێژەی ژن دەكاتە ٢١٪
٢-لەلیستی CHP (١٣٧) ژن و (٤٦٣) پیاو ھەیە. ڕێژەی ژن دەكاتە ٢٣٪
٣-لەلیستی HDP (٢٢٠) ژن و (٣٨٠) پیاو ھەیە. ڕێژەی ژن دەكاتە ٣٧٪
٤-لەلیستی MHP (٦٩) ژن و (٥٣١) پیاو ھەیە. ڕێژەی ژن دەكاتە ١١.٥٪
٥-لەلیستی .İYİ P (١٥٠) ژن و (٤٥٠) پیاو ھەیە. ڕێژەی ژن دەكاتە ٢٥٪
٦-لەلیستەكانیتریشدا ڕێژەیەكی ئێجگار كەم دەبینرێت كەشایەنی باسكردن نیە.
ئەوەی جێگەی باسە:
-ئەكادیمیستە سەربەخۆکانی تورکیا دەڵێن؛ لیستی HDP لەھەموویان زیاتر جێگەی ڕەزامەندی چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان و خەڵكی ڕۆشنبیری توركیایە. چونكە زۆرترین كاندیدی ئەكادیمی و بەتواناو گەنج و خوێنی تازەو گەرمی لەگشت چین و توێژە جوداکان لەخۆ گرتووە. وە لەكۆی ٦٠٠ كاندید ٢٢٠ ژن ھەیە.
زیاتر لەڕێژەی ستانداردی جیھانی حەقی بەژنداوە، كەواتە لیستیHDP لە ٣٧٪ ڕێژەی ژنی تێدایە. ڕێژەكە دەگاتە ٤٢٪ بەھۆی سەرۆك لیستە ژنەكان، كە ١٩ ژنن. جگە لەHDP ھیچ پارتێكیتر نەگەیشتۆتە ڕێژەی ستانداردی جیھانی لەبەشداری پێكردنی ژندا. تەنانەت İYİ Parti كە سەرۆكەكەشی ژنە. تەنانەت لەناو حکومەتی ئێستای AKPدا لەکۆی ٢١ وەزارەت تەنها یەک وەزارەت دراوە بە (ژن) ئەویش (فاتمە سایانکایا وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتیە کە بەوەزارەتی کاریگەر دانانرێت). لەماوەی ١٦ ساڵ حکومڕانی ڕەهای AKP تەنها لەیەک کابینەدا دوو ژن بەشداری پێکراوە، ئەگینا لەیەک ژن زیاتر تێنەپەڕیوە.
-دیسان ئەوەی لیستەكەیHDP بەھێزكردووە فرەڕەنگی نەتەوەو ئاین و ئایدیاكانە. لەناولیستەكەدا:
•ئایینەكانی (مسوڵمانی سوننی و عەلەوی، ئیزدی، مەسیحی) ھەیە.
•نەتەوەكانی (كورد، تورك، سوریانی، ئەرمەنی، چەركەس، عەڕەب، ڕۆم، ئاڕناڤوتلا، گورجی، جۆرجی و لاز) ھەیە.
•ئایدیاكانی (ڕاستڕەو، چەپڕەو، سۆسیالیست و سێكولار) ھەیە.
•ھاوسەرۆكان پەرڤین بوڵدان لە ئیستانبۆڵ و سەزای تەمەلی لە وان لیستەكەیان بەھێزكردووە، چونكە ئەم دووانە لەڕەقەمە سیاسیەکانی تورکیان و خەڵکی تورکیا هیاواکانیان لەسەر هەڵدەچنن کە هەم بڕیاردەری پارتەکەیانن هەمیش دەبن بەبڕیاردەر لەناو پەرلەماندا.
•شتێکی سەرنجڕاکێش لەتەواوی تورکیادا: (یاڵچن یانک) کەڕەشپێسێکی ئەفریقیە، لەلیستی HDP لەبازنەی یەکەمی شاری (ئیزمیر)دا کاندیدە. بۆ یەکەمجارە ڕەشپێستێک لەهەڵبژاردنی تورکیادا کاندید بێت بۆ پەرلەمان.
ئامانجی ھەڵبژاردن:- (٢) سەرۆكایەتی كۆمار
ھەر لە ٢٤ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ھەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار بەڕێوە دەچێت، كە لەمێژووی توركیادا ١٣مین ھەڵبژاردنە بۆ ئەم پۆستە.
لەم ھەڵبژاردنەشدا (٦) كەسایەتی لە (٧) پارتی سیاسیەوە كاندیدن بۆ سەرۆكی كۆماری دەوڵەت.
١-ڕەجەب تەیب ئەردۆگان: سەرۆك كۆماری ئێستا، كاندیدی پارتەكەی خۆی و پارتی جوڵانەوەی نەتەوەپەرەستMHP یە. تەمەنی ٦٤ ساڵەو ئەكادیمیای بازرگانی و ئابوری تەواوكردووە.
٢- محڕڕم ئینجە: پەرلەمانتاری شاری (یاڵۆڤا) لەلیستی پارتی گەلی كۆماری CHP. چوارەمین خولە ئەندامی پەرلەمانە، تەمەنی ٥٤ ساڵەو ئەسڵی پیشەكەی مامۆستایە.
٣- سەلاحەددین دەمیرتاش: پەرلەمانتاری زیندانیكراوی شاری ئیستانبۆڵە، لەپارتی دیموكڕاتی گەلان HDP. تەمەنی ٤٥ ساڵەو گەنجترین کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیایە. لەئێستاو لەڕابردووشدا. پارێزەرەو كوردی خەڵكی شاری ئەلازیخە.
٤- دۆگو پەرینچەك: سەرۆكی پارتی (وەتەن) Vatan Partis، تەمەنی ٧٦ ساڵەو توركێكی لەدایك بووی شاری گازی ئانتابی كوردیە. پارێزەرو نوسەری ٥٤ كتێبی چاپكراوە. یەكێكە لەڕەمزی چەپڕەوەكانی توركیا. لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا نێوانی لەگەڵ عەبداللە ئۆجەلان باش بووە، ١٢ ساڵ بەو ھۆیەوە زیندانی بووە.
٥- مەڕاڵ ئاكشەنەر: سەرۆكی پارتی باش İYİ Parti. تەمەنی ٦٤ ساڵەو پێشتر وەزیری ناوخۆی توركیا بووە لەلیستی MHP. سیاسیەكی ئەكادیمیسیانە.
٦- تەمەل كەڕە موللائۆغڵو: سەرۆكی پارتی سەعادەت Saadet Partisi. تەمەنی ٧٧ ساڵەو پێشتر سەرۆكی شارەوانی سیواس بووە. مھندس و دیندارێكی وشكە.
شایەنی بیرهێنانەوەیە: یەكەمین سەرۆكی كۆمار (مستەفا كەمال ئەتاتورك)ەو بەكودێتا بەسەر سەڵتەنەتی عوسمانیدا دەوڵەتی كۆماری بونیادنا. توركیا (١٢) سەرۆك كۆماری فەرمی و (٥) سەرۆكی بەوەكالەت بەڕێكردووە. ئیدی چاوەڕێدەكرێت گەلی توركیا لەم ھەڵبژاردنەدا سەرۆكەكەیان نوێبكەنەوە.
لەدەستوری وڵاتدا وانوسراوە كە دەبێ كاندیدی ئەم پۆستە ٥٠+١ دەنگی گەل بەدەست بێنێت ئینجا دەتوانێ بەربەست تێپەڕێنێت، ئەگەر ھیچ كامێكیان لەقۆناغی یەكەمی ھەڵبژاردندا نەیانتوانی ئەو ڕێژەیە قازانج بكەن ئەوا دوو لەو كاندیدانەی كە زۆرترین دەنگیان ھەڵگرتووە دەچنە قۆناغی دووەمی پێشبڕكێكەوە.
لەم لیستە شەش كەسیەدا دوو كەس ھەن كە ئەردۆگان لەبەرامبەریاندا سڵ دەكاتەوە، بەدەرەجە یەك محڕڕم ئینجە بەربژاری CHP ئینجا سەلاحەددین دەمیرتاش. محڕڕم ئینجە یەكێك لەسیاسیە ناودارو كاریگەرەكانی توركیایە كە لێھاتوویەكەی بەرچاوەو توانای بەرەنگاری تەواوەتی (ئەردۆگان)ی ھەیە. زۆربەی چاودێران لەسەر ئەوە كۆكن كە محڕڕم ئینجە بەرامبەر ئەردۆگان دەچێتە قۆناغی دووەمی ھەڵبژاردن، چونكە ٨٠٪ وادەبینرێت كە لەجەولەی یەكەمی ھەڵبژاردندا ھیچ یەكێكیان ناتوانن ٥٠+١ تێپەڕێنن. ھەرچی دەمیرتاشە لەئاستی توانای ئینجەیە بەڵام پارتەكەی لەئاستی دەنگدا لەدوایCHP دێت بۆیە پێناچێت بگاتە قۆناغی دووەم. پێویستە کورد هەر لەئێستاوە کار بۆ قۆناغی دووەمیش بکات هەتتا زەروورە پڕۆتۆتکۆڵیک لەگەڵ CHP ئەنجام بدرێت، لەبەرامبەر پشتیوانی دەنگدەرانی کورد لە CHP بەڵگەی مەلموس لەمەڕ پێدانی مافەکانی کورد بەواژۆی دیپلۆماسیەوە بێتە نێوانیان.
لەڕێگەی خەباتی مەدەنیەوە کورد دەتوانێ زۆرشت بەدەست بهێنێت چونکە بەبڕوای من لەناو تورکیادا چیتر پارتی سوڵتە ڕەها مۆدێلی نامێنێت ئینجا دەبێت گەورەترین لیست بەدوای کواڵسیۆندا بگەڕێت بۆ تەشکیلی حکومەت و وەک دوای ٧ی حوزەیرانیش HDP دیسان ڕووبەڕووی تەکلیف دەبێتەوە، بۆیە پێویستە مامەڵەی وریاتر لەجاران بکەن ئەگەر لەگەڵ AKP ش بێت هەر دەبێت بەشداری حکومەت بن و ئەو ئەزمونەش تاقیبکەنەوە.
شێوەکانی ساختەکاری:-
-باری نائاسایی
-حوکمی پۆلیس
-سزابڕینەوە بۆ بەشێک لە کاندیدە ناودارەکان کە بەهۆیەوە مافی خۆ پاڵاوتنیان لەدەستدا.
-قەدەغەکردنی ڕێکلام لەهەندێ کاندیدی لیستی ئۆپۆزسیۆن.
-دانەنانی سندوقی دەنگدان لەهەندێ ناوچە بەبیانووی نەبوونی ئەمنیەت.
-بەکارهێنانی بودجەی گشتی لەڕێکلامی ئینتخابی لەبەرژەوەندی پارتی حاکم.
-سانسۆڕ لەسەر خاوەن کار، فەرمانبەر، خوێندکار، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد.
بەمجۆرە ساختەکردن واریدە وەلێ هێشتا نابێتە هۆکاری ئەوەی کە حزبێک بتوانێت هاوکێشەی ئینتیخابی بەلەسەدا پێنجیش ئاوەژوو بکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخانەو تورکیای خستۆتە بەردەم قۆناغێکی هەستیار، خۆ ئەگەر ئیسلامیە ئیخوانیەکان AKP لەم هەڵبژاردنە بیدۆڕێنن هەردەبێ وەکو سیکۆلارەکان بەئاشتی حوکمڕانی تەسلیم بکەن بەڵام گرفتەکە لە ئارتەشدایە، سیکۆلارەکان چۆن دەستیان گرتبوو بەسەر سوپادا ئیخوانەکانیش وایانکرد، ڕەنگە پڕۆسەی وەلانان و هێنانی ئەویتر بەچەشنی پێشوو بێ گرفت تێنەپەڕیت.
- شارەزای کاروباری تورکیا