بژاردەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عیراق
2018-06-20 11:34:14
■ فەرید ئەسەسەرد
هێشتا هیچ كام لە دوو جەمسەرە گەورەكەی عیراق، واتە سەدر-عەبادی و مالیكی– عامری، هاوپەیمانییەكی گەورەیان پێ دروست نەكراوەو هێشتا هەردووكیان لە قۆناغی چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان دان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران.
گەورەترین كێشەی بەردەم پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكە ئەوەیە كە جیاوازییەكی كەم لە ژمارەی كورسیدا لە نێوان هەردوو جەمسەردا هەیە كە ئەمەش هەردوولا ناچار دەكا هەوڵی راكێشانی لیستەكانی تر بەلای خۆیاندا بدەن. بەڵام كێشەی لیستەكانی تر لەوە دایە كە پشتگیری كردنی هەر كام لەم دوو جەمسەرە دەشێ ببێتە مایەی تێوەگلانیان لە گیروگرفتی گەورە. ئەمەش هانیان دەدا پەلە نەكەن تا ئەو كاتەی بەرچاویان بە باشی روون دەبێتەوە. دۆخێكی نزیك لە هاوسەنگی و ترس لە نێوان هەردوو جەمسەردا هەیە كە ئەگەری پێكدادان بەرەو هەڵكشان دەبات. ئەمە دەستەواژەكەی "هاوسەنگیی ترس" دێنێتەوە یاد كە لیستەر پێرسن لە ساڵی 1955 دا لە گەرمەی ململانێی نیوان ئەمریكاو یەكێتیی سۆڤێتدا بەكاری هێناوەو بەو جۆرە گوزارشتی لێ كردووە كە" هاوسەنگیی ترس جێی هاوسەنگیی هێزی گرتۆتەوە."
ئەوەی كە دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، جیاوازیی تێڕوانینی ئێران و ئەمریكایە بۆ مەسەلەی عیراق. عیراق بۆ هەردوولا گرنگە و هیچ لایەكیان نایەوێ عیراق بۆ لایەنەكەی تر بەجێ بێڵێ. لەهەمووی خراپتر ئەوەیە كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هاوكات بوو لەگەڵ خراپترین قۆناغی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكاو بەدڵنیاییەوە ئەم ململانێیە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی عیراق دەبێ.
هێزی سەدر لە شەقام دایە، لەكاتێكدا هێزی عامری لە حەشدی شەعبی دایە. ئەمە بەم مانایە دێت كە هەر حكومەتێك جەمسەری مالیكی- عامری پێكی بهێنێ، روبەروی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكانی سەدر دەبێتەوەو وڵات تا ماوەیەكی دورودرێژ لە دۆخێكی ناجۆردا دەژی. هەر حكومەتێكیش سەدر- عەبادی پێكی بهێنن، دەبێ چاوەڕێی یاخیبونی حەشدی شەعبی و پێكدادانی چەكدار بكات. لە هەردوو سیناریۆدا عیراق سەقامگیریی خۆی لە دەست دەداو دەرفەتێك بۆ سەرهەڵدانەوەی پاشاگەردانی و پەیدابونی گروپە چەكدارەكانی داعش دێتە ئاراوە.
هەردولا دەزانن لایەنەكەی تر لێ ناگەڕێ بە ئاسودەیی حوكمڕانی بكات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا رەنگە ببێ بە هاندەر بۆ كاركردن بۆ گەیشتن بۆ چارەسەرێكی مامناوەنجی. كەس نازانێ ئەو چارەسەرە مامناوەنجییە چۆن دەبێ، بەڵام دەشێ بگەن بە جۆرە دابەش كردنێكی دەسەڵات كە هەردوولا تێیدا لە ژێر چەتری یەك حكومەتدا كۆ ببنەوەو هەر یەكێكیان بۆ دوو ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی لە لا بێ. هەروەها دەشێ هەردوو جەمسەر لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت رێك بكەون كە سەر بە هیچ یەكێ لە دوو جەمسەرەكە نەبێ. هەرچەند عەبادی و سەدر لە جەمسەرێكدا كۆبونەتەوە، بەڵام هێشتا ئەوە رون نەبۆتەوە كە ئاخۆ سەدر پشتگیریی عەبادی دەكات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرەك وەزیران یان نا. رەنگە كێشەكە لەوەدا بێ كە عەبادی وەك كاندیدی ئەمریكا ناوی دەركردووە، لەكاتێكدا سەدر خراپترین پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە. بەڵام ئێستا عەبادی، بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەكانی پێشتر، چانسێكی كەمتری بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرەك وەزیران هەیە و زۆرتر پێویستی بە پشتیوانیی سەدر هەیە.
لەلایەكی ترەوە، زۆر ئەستەمە حكومەتی داهاتوو بەبێ بەشداریی فراكسیۆنی سەدر پێك بهێنرێ. لە راستیشدا بەرژەوەندیی عیراق لەوە دایە فراكسیۆنەكەی سەدر لەكابینەی تازەدا بێ، نەك هەر لەبەر ئەوەی فراكسیۆنی سەدر گەورەترین لیستی براوەی هەڵبژاردنە، بەڵكو هەروەها لەبەر ئەوەی بونی ئەو فراكسیۆنە لە حكومەتدا مەرجێكی سەرەكیی دابین كردنی سەقامگیرییە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، بە رەچاوكردنی پێویستیی جێبەجێ كردنی هەندێ لە مەرجەكانی سەدر. بونی نوێنەرانی سەدر لە ناو حكومەت، دەشێ رۆڵی هەبێ لە هیۆركردنەوەی دۆخی نێوان حكومەت و شەقامدا.
چاوەڕوان دەكرا عیراق لە چوار ساڵی داهاتوودا بەشێكی زۆری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی چارەسەر بكات، بەڵام ئەمە بەبێ دابین كردنی سەقامگیری نایەتە دی. رەنگە ئەمەش ببێ بە مایەی هاندانی لایەنە سیاسییەكان بۆ كەمكردنەوەی دووبەرەكییەكانیان بە مەبەستی دەستەبەركردنی سەقامگیری.