ئاییندەی تاران لە چاوی واشینتۆنەوە
2018-06-18 11:07:17
■ سۆران پاڵانی
لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، كاتێك كە خومەینی و لایەنگرەكانی بەرهەمی شۆڕشیان دزی، دەسەڵاتدارانی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی لە تاران یەكەم كارێك كە كردیان هێرشیان كردە سەر سەفارەتی ئەمریكاو هەموو كارمەندەكانیان بە بارمتە گرت.
ئیتر لەو كاتەوە ئەم دوو وڵاتە، كە بەر لە سەركەوتنی شۆڕش هاوپەیمان بوون، بوونە دوو دوژمنی سەرەكی و پەیتا پەیتا ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی یەكتر لە لایەك و لێدان لە بەرژەوەندی و دژایەتی هاوپەیمانەكانی یەكتر لە لایەكیترەوە بوو بە ئەجیندای كاریان.
ئەگەرچی ئەمریكا زلهێزێكی جیهانی بووەو هەیە، ناتوانرێ ئاستی تواناییەكانی ئێرانی لە گەڵ بەراورد كرێ، بەڵام ئێران وەك هێزێكی ناوچەیی و هەرێمی كە لە سەر بنەمای سەركوت و تێرۆر و دەستێوەردان كار دەكا، هەمیشە یەكێك لە مەترسییە سەرەكییەكانی سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی هاوپەپمان و دۆستی ئەمریكا بووە. ئەمەش وای كردووە زۆر جار لە پێناو هاوسەنگی راگرتن و پێكدانەدانی بەرژەوەندییەكانیان پەیامی ناڕاستەوخۆ یان رێكەوتنی بێدەنگانە له نێوانیاندا هەبووبێ.
ئەگەرچی ئێران بۆ یەكەم جار لە سەردە می محەممەد خاتەمی سەرۆك كۆماری ریفۆرمخواز ویستی لە ژێر ناوی گفتوگۆی شارستانییەتیەكاندا دەرگای دیالۆگ لە گەڵ ئەمریكادا بكاتەوە، بەڵام هیچ بەرهەمێكی نەبوو. تا ئەو كاتەی كە "بوش"ی كوڕ عێراقی بە هێرشی سەربازی رووخاند و پیاوە پەروەردەكراوەكانی دەستی مەرجەعیەتی قه ومی لە بەغدای پایتەختی شارستانێتی عەباسیدا كرد بە حوكمڕانی عێراق. لە كاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، رۆژئاوا و ئەمریكاییەكان هەڵەیەكی كوشندەیان كرد، كاتێك لە فەرەنساوە خومەینیان هێنایەوە و كردیان بە رێبەری شۆڕش. بە داخەوە ئەم مێژووە جارێكیتر دووبارە بووەوە كاتێك كە حوكمڕانەكانی عێراق به پاڵپشتی تانگەكانی ئەمریكاو زۆرینەیان لە ئێرانەوە گەڕانەوە عێراق. ئیتر لەم كاتەوە قۆناغێكی تایبەتی ململانێ و پەیوەندی ئاڵۆز لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا دەستی پێكرد.
نەوەكانی خومەینی لە عێراقدا ئەگەرچی بە چەكی ئەمریكی دەپارێزران ،بەڵام وەفادار بە ئێران بوون. ئەمریكا ئەگەرچی توانی حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەدام حوسێن لە عێراق بڕوخێنێ. بەڵام بە هۆی شێوانی ئاسایشی ئەم دوو وڵاتەو پەرەسەندنی تێرۆرو گیان لە دەستدانی سەربازانی ئەمریكایی و شێوانی دیمەنی ئەمریكا لە هێزێكی رزگاركەرەوە بۆ هێزێكی داگیركەر لە رای گشتیدا، كە ئێران دەستێكی باڵای تێدا هەبوو، ناڕەزایەتی خەڵك لە ناوخۆی ئەمریكا سەریهەڵدا، تەنانەت وای كرد كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا پیاوێك بەكۆمهڵێك دروشمی بریقەدارەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی جیهانی و نیشاندانی وێنەیەكی ئاشتیخوازانەی ئەمریكا و كشانەوەی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق بە ناوی باراك ئۆباما ببێ بە سەرۆك كۆماری ئەمریكا. پیاوێك كە بە هاتنی، ئێرانیەكانی زیاتر لە خۆی خۆشحاڵتر كرد.
ئێران، بەردەوام ئەمریكای وەكوو دوژمنی سەرەكی فیكری و دژە دەسەڵاتدارێتی خۆی نیشانداوەو بۆ ئەمەش بە سەدان ناوەندی لێكۆلێنەوە، دەزگای میدیایی و رێكخراوی چەكداری و ... دروست كردووە، رای گشتی ئێران پڕە لە دروشمی بریقەداری دژە ئەمریكا، مردن بۆ ئەمریكا دروشمی نەگۆڕی چڵ ساڵەی دەسەڵاتدارانی ئێرانە. ئێران بۆ فریودانی ئەوانی تر ئەمریكا بە دوژمنی جیهانی ئیسلام و بنەما ئایدۆلۆژییەكانی خۆی دەناسێنێ لە كاتێكدا بۆ خۆی لە باوەشی رووسیاو چینە. بەڵام پرسیارێكی سەرەكی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا چاوی واشنگتۆن ئێستا بە هەمان مەست بوونی دەورانی ئۆباماوە لە ئەم دوژمنە ئیسك قورسەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەڕوانێ؟ ئایا ئاییندەی تاران لە روانینی ئێستای واشنگتۆنەوە پڕ لە جیاوازی و مەترسیی نیە؟ ئایا جیاوازەكانی بارودۆخ و تێڕوانینەكان لە كوێ، و چۆن دەبێ دەستنیشان بكرێن؟ كە ئەم پرسیارانەی سەرەوە لەم شیكارییانەی خوارەوەدا خۆی دەنوێنێ.
ئێران لە سەردەمی ئۆبامادا
ئۆباما لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە كۆمەڵێك دروشم و بەرنامەی جیاوازەوە هات كە خەڵكی ئەمریكای هاندا و پشتیوانی ئەوانی بۆ سەركەوتن دەستەبەر كرد. سیاسەتی سەرەكی ئۆباما لە ئاستی جیهانی كاركردن بوو بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ناوخۆ و دروست كردنی ژینگەی دیالۆگ و ئاشتی بۆ چارەسەی كێشەكان. كە سەرەنجام ئاڵوگۆڕی گەورەی لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەو جیهاندا لێكەوتەوە.
نابێ ئەوە نادیدە بگرین كە سیاسەتەكانی "بوش" بە تایبەت لە ئەفغانستان و عێراق ئەمریكای تووشی قەیرانی گەورەو ئاڵۆزی و سەرئێشەی ناپێویست كرد. ئەمریكا لە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی و هەرێمی بە داگیركەرو بە تایبەت لە وڵاتانی موسوڵماندا هەستی دژە ئەمریكایی زیادی كرد. ئۆباما هەر لە سەرەتاوە بۆ رەوینەوەی نیگەرانیەكان و ئاشتی لە گەڵ جیهانی ئیسلام، سەردانی مزگەوتی موسوڵمانەكانی لە میسر كرد و تەنانەت هەڵسوكەوت و قسەكانیشی بۆنی لێبووردنی بەرامبەر جیهانی مسوڵمانان لێدەهات. بە هۆی كشانەوەی سەربازەكانی لە عێراق و ئەفغانستان "سەرەڕای هەموو تێچووەكانی ئەمریكا" ئاییندەی ئەم دوو وڵاتە تەسلیم بە نەیارەكانی كرا. بەهاری عەرەبی روویدا و ئەمریكا بوو بە هێزێكی تەماشاكەر. رووسیا گەڕایەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتی خەلافەت لە عێراق و سوریا خۆی راگەیاند. دۆستە دێرینەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بە تایبەت وڵاتانی كەنداو لە چین و رووسیا نزیك بوونەوەو متمانەیان بە ئەمریكا نەما. ئیسرائیلی هاوپەیمانی هەمیشەیی، هاواری لێهەستاو پەیوەندییەكانیان روی لە ساردبوونەوە كرد، لێدوانی دژ بە یەك لە هەردوولا دهبیسترا. سوریای بەشار ئەسەد كە بە كوشتنی نیو ملیۆن خەڵكی وڵاتەكەی تۆمەتبارە، هێڵی سوور كە بە كارهێنانی مەوادای كیمیایی بوو بە كاری هێناو ئەمریكا بە شێوەیەكی شەرمنانە تەنها ئیدانەی كرد. كۆریای باكوور توانایی ئەتۆمی خۆی زیاتر كردو هەڕەشەی لە ئەمریكا دەكرد. كۆچی بە ملیۆنی پەنابەران، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستی پێكردو ئەوروپای خستە سەر لێشێوانی و ئاَلۆزیی و ژێر فشارەوە. هەموو بەرژەوەندی و سامانە گەورەكانی ئەمریكای لەو ناوچانە جێهێشت و بۆ سەلماندنی ئاشتیخوازی خۆی روویكردە كوبا. لە لایەكیترەوە ئێرانی "هێزێك كە لە لێواری لە ناوچوون بوو" كرد بە هێزێكی وا هەرێمی كە بە ئاشكرا ئیدعای مافی خاوەندارێتی چوار پایتەختی وەك بەغداو بەیروت و سەنعا و دیمەشق بكا.
لە راستیدا، سەردەمی ئۆباما، دەتوانێ بە باشترین خوڵقانی دەرفەت بۆ ئێران لە بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیش دابنرێ. سەردەمێك كە ئێرانی لە هێزێكی ماندوو روو لە شكست و گیرۆدەی دەیان كێشەو ململانێ، رزگار كردو بە سیاسەتە هەڵەكانیەوە كردییەوە بە هێزێكی شوێن دانەر. لە سەر ئاستی ناوخۆییدا لە شكست رزگاری كردو لە ئاستی ناوچەییدا هەژموون و لە ئاستی جیهانیدا ئیعتیباری بۆ گەڕاندەوە.
لە ساڵی 2009 كاتێ گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ناسراو بە "بزووتنەوەی سەوز" لە ئاكامی دزینی دەنگی كاندیده کانی سەرۆك كۆماریدا هاتە ئاراوە. ئەمریكا لە باتی پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە كە بۆ چەندین مانگ بە ملیۆنان خەڵكی هێنابووە سەر جادە نەك پشتیوانی نەكرد، بەڵكوو لە ژێرەوە نامەی بۆ خامنەیی ناردو داوای باشتر كردنی پەیوەندییەكانی لە گەڵ كردن. لە كاتێكدا كە كچێكی چاونەترس بە ناوی"نەدا" لە خۆپیشاندانەكان بە دڕندانەترین شێوە كوژرا، كۆشکی سپی وتی ئۆباما لەو پێوەندییەدا قسە دەكا، سەرۆك هات و وتی ئیدانەی دەكەم. ئەمە لە كاتێكدا بوو ئەحمەدی نەژادی سەرۆك كۆمار لە هیچ وشەیەكی سووك و لە هیچ هەڵوێستێكی شێتانە بەرامبەر بە ئۆباما و گەلی ئەمریكا درێغی نەدهكرد.
لە سەر ئاستی ناوچەیی لە وڵاتی عێراق، ئەمریكاییەكان، كە چوار هەزار سەربازیان بۆ بە كوشت دابوو، سەربازە ماوەكانیان كشاندەوەو عێراقیان بە هەموو چەكەكانی خۆیانەوە تەسلیمی نەوەكانی خومەینی و ئێرانیەكان كرد. پشتیوانیان لە مالیكی كرد بۆ سەرۆك وەزیران كە پیاوی ئێران بوو. بە ئاشكرا و بە بەرچاوی ئەمریكیەكانەوە قاسمی سولەیمانی تەڕاتێنی نێوان هەردوو سنووری دەكرد. رەسمی خومەینی و خامنەیی لە باتی رەسمی قوربانییەكان هەڵواسران. لە سووریادا، بە ئاشكرا ئێران، چەندین لهشكهر سەربازو قورسترین چەكی نارد بۆ پشتیوانی ئەسەد و كوشتنی خەڵكی مەدەنی سوریا. حوسیەكانی لە یەمەن پاراست و پشتیوانی كردن تا دەستیان بە سەر سەنعادا گرت. لەوێوە بە ساروخی ئێرانی بەردەوام ریازیان بە ئامانج دەگرت. لە لوبناندا حیزبوڵای بەهێز كردو هەڕەشەی ناردنی ساروخی بۆ ئیسرائیل كرد. بە ناوی شەڕی داعش ئێران زیاتر لە ئەمریكا سینگی دەرپەڕاندو سەرەڕای هەموو ملهوڕییەكانی لە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی وەكو وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل. چاوی لە ئێران داخست و هاوپەیمانەكانی بە جێهێشت.
لە سەر ئاستی جیهانیدا خراپترین رێكەوتنی لە ژێر ناوی بەرجام لە پێوەند بە مەسەلەی دروست كردنی بۆمبی ئەتۆم، لە گەڵ ئێراندا ئیمزا كرد. ئەم رێكەوتنە گەورەترین دەسكەوت بوو بۆ ئێرانێك كە لە لێواری شكست و داڕوخانی یەكجاری گەورەی ئابووری و دەسەڵاتیدا بوو. بەم رێكەوتنە، ئێران سزاكانی لە سەر هەڵگیراو، بە ئازاد كردنی سەد ملیارد دۆلار هەناسەی ژیانەوە بۆ ئێران گەڕایەوە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەڕانەوەی كۆمپانیا جیهانییەكان بەرەو ئێران و بە پێچەوانەوە دەستی پێكرد. ئێران گەڕایەوە بازاڕی جیهانی نەوت و وزە. لە وڵاتێكی تێكدەرو سەرچاوەی كێشەو مەترسی و توندڕەوییەكان بوو بە بەشێك لە چارەسەرو نەسیحەتی ئەوانیتری دەكرد. بەم پارە كە دەستیان كەوت "بۆ بوژانەوەو بنیاتنانەوەو ئاوەدانی ئێران بە كار نەهات" بە داخەوە وەك هەمووان چاوەڕوانیان دەكرد بووەوە بە بەشێك لە سەرمایە بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا بە كرێگیراوەكانی لە ناوچەكەدا. لەمەشدا سەرەڕای ئاگاداركردنەوە لە مەترسیی و هۆشدارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانەكانی، گوێی لێیان نەگرت و بە تەنها بەجێی هێشتن. تەنانەت باس لەوەش دەكرا ئێران وەك جێگیرەوەیەك بۆ ئەوان سەیر بكات بە تایبەت بەرامبەر بە سعودییە. سەردەمی ئۆباما سەردەمی لە دەستدانی هەژموونی ئەمریكا و بەهێز بوونی نەیارەكانی بوو، سەردەمی تووڕەبوونی دۆست و هاوپەیمانەكان، لاوازی ئەمریكا بوو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەرەنجامی سیاسەتەكانیشی جگە لە بردنەوەی خەڵاتی جیهانی نۆبڵ لە لایەن ناوبراوەوە. هیچی بۆ ئەمریكا لێ سەوز نەبوو.
ئێران لە سەردەمی ترامپدا
لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2016 پیاوێك دەركەوت كە بە وتارە جیاواز و تا رادەیەكی زۆر سەیرو سەمەرەكانیەوە جیهانی سەرقاڵ كرد، تەنانەت زۆر جاریش بە شێت و شەڕانی پێناسە دەكرا. بەڵام قسەكانی لە هەموو كەس زیاتر دەسەڵاتدارانی ئێرانی ترساند. كاتێكیش بوو بە سەرۆك كۆمار لە هەموو كەس زیاتر ئێرانیەكانی تووشی شۆك و دڵە ڕاوكێ و سەرئێشە كرد.
ترامپ بە دروشم و پلانی دژە ئێرانییەوە هات. ئەو ئۆبامای بە سەرۆكێكی خراپ لە قەڵەم دا كە خراپترین و شەرمهێنه رترین رێكەوتنی لە مێژوودا لە گەڵ ئێرانییەكان كردووە. بەردەوام دڵی هاوپەیمانەكانی دێرینی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشدەكردو هەڕەشەی لە ئێران دەكرد بە هاتنی تەمبێیان دەكات. ناڕاستەوخۆش ئەوەی دەوت كە خەڵكی ئێران ئازادیخوازو شایانی دەسەڵاتی لەوە باشترن.
هاتنی ترامپ هاوسەنگی هێزی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییش بۆ هەمووان گۆڕی ئەوەی ئۆباما كردی ئەم پێچەوانەی دەست پێكردووە. بە جۆرێك لە ماوەیەكی كورتتدا ئەمریكا بە هەژموون و هێزو قسەی یەكلاكەرەوەوە گەڕاوە بۆ نێو كایە جۆراوجۆرەكان لە هەموو ئاستەكاندا. ئەو بە كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ و مێژوویی زۆر وڵاتانی جیهانی تووشی شۆك كرد. بەڵام ئەوەی زۆرترین عەزیەت و ئازارو مەترسیەكانی ترامپی هەست پێ كردبێ و تاڵیەكانی دەچێژێ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانن.
ترامپ بەم جیهانبینی و تێڕوانینە تایبەتانەی كە هەیەتی، هاتنی دیاردەیەكی نوێیە كە دەروازەكانی بە شێوەی ئاسانتر، به تێچوونی كەمتر و بە دەسكەوتی زیاتر بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەكاتەوە. ترامپ ئەگەرچی هەر لە سەرەتای دەست بە كار بوونیەوە تا ئێستا كابینەكەی تووشی چەندین ئاڵوگۆڕو رووبەڕوونەوەی نەیارانی سیاسی و میدیایی لە ناوخۆیی ئەمریكا بووەتەوە، بەڵام ئەوەی ویستی لە پێناوی ستراتیژییەكەیدا پێی گەیشتووە. تیمێكی هێناوەتە مەیدان كە بۆ كاركردن لە پێناو پلانەكانی ترامپدا رەنگە خۆی لە هەموویان ئارامتر بێ.
لە تێڕوانینی ترامپدا، دوو گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئێران و كۆریای باكورن. بۆ ئەمەش لە سەر ئاستی جیهانیدا بە پلان و بەرنامەی تایبەتەوە كار لە سەر گەڕانەوەی هەژموونی ئەمریكا دەكات. هەژمونێك كە لە هەر هەنگاوێكیدا، پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ئاستی یەكەم و بەشداری هاوسەنگ و هاوشێوەی هاوپەیمانەكانی لە "بەرامبەر پاراستنیاندا" لە ئاستی دووهەم دێت. هەر بۆیەش لە ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەیدا هەم دوژمنەكانی ترامپ باش دەناسن و هەم هاوپەیمانەكانیشی ئەویان باش خوێندۆتەوە.
ترامپ تا ئێستا توانیوویەتی بە بێ بە كوشتدانی یەك سەربازی ئەمریكایی تەنها لە رێگای تویتەكانیەوە له تویتهر كۆریای باكوور ناچار بە سەردانی كۆریای باشوور و پابەندی بەڵێندان بە لە ناوبردنی چەكە ئەتۆمییەكانی بكات و دیدارە مێژووییەكەشیان لە سەنگاپوورە وەك سەردەمێكی نوێ لە پێوەندی هەردوولا و دەسكەوتێكی گەورەی دیپلۆماسی بۆ ئەمریكا ئەژمار دەكرێ. دیدارێك كە ئازارەكانی تاران قوڵتروو باوەڕكانی ترامپ بە كارەكانی پتەوتر دەكات.
لە هەمبەر ئێراندا، ترامپ هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونیەوە، تا ئێستا بەردەوام سزاو ئازاری تاران دەدات. مەرجی مانەوەی هەر كەسێك بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە كابینەكەیدا، ئەوە بووە تا چەند دژی ئێران و هاوپەیمانەكانیەتی. بۆیەش دەبینین ئەوانەی راڕا بوون زوو وەلا نران و كەسانی نزیك له باوەڕكانی ترامپ شوێنیان گرتنەوە. دانانی مایك پۆمپیۆ بۆ وەزیری دەرەوەو جۆن بۆڵتن بۆ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئامادەكاری تەواو بۆ ئەو پلانانە بوون كە ترامپ دەیوست بەرامبەر بە ئێران دەستی پێبكات. هەر بۆیە ئەوە ماوەیە كە داینابوو بۆ كشانەوە یان مانەوە لە رێكەوتنی ئەتۆمی دوای دەست بەكاربوونی ئەوان چوار رۆژ زووتریش لە رێكەوتنامە جیهانیەكە كشایەوە. بە هەمووانیشی وت تا ئێران پابەندی ئەو مەرجانە نەبێ و ملكەچ نەكا بۆ رێكەوتنێكیتر ئەمریكا لە رێكەوتنامەكە دێتە دەرەوەو داسەپاندنەوەی سزا ئابوورییەكان بە سەر ئێراندا دەست پێدەكاتەوە.
لە قۆناغی دووهەمدا پلاتفۆرمە دوازدە خاڵییەكەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە كە باس لە هەموو كارە ناڕەواو خراپەكارییەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەو مەترسییەكانی دەكات لە سەر ئاسایشی جیهانی و هاوپەیمانەكانی، ئەو مەرجە ئاشكرایانەن كە ئێران بە پابەند نەبوونی تووشی شكستی گەورەو بە پابەند بوونیشی تووشی پاشەكشەو داڕمانی زیاتر دەبێ. بە تایبەت هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بنكە سەربازییەكانی ئێرانی لە سوریا كردە ئامانج و لە وەڵامدا كە "بەردەوام باسی سڕینەوەی ئیسرائیل دەكەن" تەنها لە ژێر لێوە وه ئیدانەیان كرد. لە عێراقدا سەدری نەیاری ئێران و دۆستی سعودیە هەڵبژاردنی بردەوەو حوسییەكانیش رۆژانە بەرەو شكست و پاشەكشە دەڕۆن. بەردەوام كۆمپانیا بازرگانیە جیهانییەكان لە بازاڕ ئێران دەكشێنەوەو بانكەكان و پشكەكان بەهای خۆیان لە دەست دەدەن. بە كورتی ئێران لەم سەردەمەی ترامپدا هەموو شانە هەنگوێنەكانی سەردەمی ئۆبامای لێ بووەتە ژەهر.
ئێران لە ئێستادا
سەرەڕای هەموو كرانەوەكانی ئێران لە سەردەمی ئۆباماو تەنگ پێهەڵچنینەكانی لە سەردەمی ترامپدا، ژێرخانی ئابووری رۆژ لە دوای رۆژ روو لە هەرەسهێنان و داتەپینە. له دەستدانی بەهای تمەنی ئێرانی، رێژەی پەرەسەندنی بێكاری، نەدانی مووچەی كارمەندانی دەوڵەت و كەرتی تایبەت، پاشەكشەی بواری وەبەرهێنان و پیشەسازی، بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و برسێتی، نەمانی مەشروعیەت و هەڵگەڕانەوەی بەرپرسانی باڵا لە دەوڵەت. تووند بونەوەی باڵهكانی نێوان دەسەڵات و یەك تۆمەتبار كردن بە گەندەڵی و دزی و بێ ئەخلاقی، پەرەسەندنی گەندەڵی و دزی و بوونی باندی مافیایی. بێبەش بوونی خەڵك لە خۆشگوزەرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی رۆژانە. پەرەسەندنی لە شفرۆشی و ئیعتیاد. دەستگیركردن و ئیعدام و سەركوت. لە پاڵ ئەمانەشدا پەرەسەندنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەكان، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیە جۆراوجۆرەكان لە شارە جیاوازەكانی ئێران و دڕاندن و سوكایەتی بە پیرۆزییەكان. بەردەوامی هاتنە سەر شەقام و رەد كردنەوەی داواكاری بەرپرسان و بەردەوامی بە گردبوونەوەی ژنان و لاوان كارمەندان و مامۆستایان و كرێكاران. لە ژێر پێ نانی بنەماكانی ویلایەتی فەقیە. لە هەمووی گرنگتر شكانی ترس وەك وەهمێكی ئەساسی لە بیروڕای گشتیدا كە هەمیشە یەكێكە لە كۆڵەكەكانی راگرتنی سیستەمە دیكتاتۆرییەكان. ئەمانە هەمووی نیشانەكانی دەركەوتنی قۆناغێكی نوێن لە مێژووی ئێراندا. كە قۆناغی شۆڕش بۆ تێپەراندنی كۆماری ئیسلامی و شادبوونی گەلانی ئێرانە بە سیستەمێكی نوێ و دەسەڵاتێكی نوێ.
جیاوازی هەرە سەرەكی ئەم دوو قۆناغە، لە دوو خاڵی سەرەكیدایە. یەكەم ئۆباما پشتیوانی گەلانی ئێرانی نەكردو پشتی تێكردن. دووهەم ئێرانی لە دەوڵەتێكی ماندوو و گەمارۆدراوی نێودەوڵەتیەوە رزگار كردو دەروازەكانی ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسی بۆ كردنەوە بەڵام ئەوەی ترامپ دەیكا هەر لە بزووتنەوەی بەفرانباری پار ساڵی ئێران چەندین جار خۆی و بە دەیان جاریش كابینەكەی هاوشانی گەلانی ئێران و خەڵكی ناڕازی وەستاون. دووهەم بە هاتنە دەرەوەی لە بەرجام و گەمارۆدانی ئێران بە سزا ئابووری و مەرجداركردنی بە پاشەكشە لە ناوچەكە تووشی سەرلێشێوان و هەڵتەكان و پەرتەوازەیی زیاتری دەكاتەوە.
ئەم ستراتیژەی ترامپ لە پێناو گەڕانەوەی هەژموونی ئەمریكاو پاراستنی دۆست و هاوپەیمانەكانیەتی لە ئێران، بەڵام كەس ناتوانێ ئەم فاكتەرە دەرەكییە لە توند كردنەوەو پەرەسەندن و بەرەو پێشچوونی ناڕەزایەتیەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر بەهێز كردن و یەكگرتوویی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نادیدە بگرێ. ئەوانەی كە فاكتەری دەرەكی لە ئاڵوگۆڕەكاندا نادیدە دەگرن و تا ئاستی هەڵگەڕانەوەو پشت تێكردن لە پرینسپیەكان دەڕۆن. ناتوانن خوێندنەوەی دروستیان بۆ یاسا نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان هەبێ. بە تایبەت فاكتەری دەرەكییەك كە هاوشان و هاوتەریب بێ لە گەڵ بەرژەوەنده كانی تۆدا. ئەمە بە مانای پشت كردن لە باوەڕبوون بە هێزی خەڵك لە گۆڕانكاریەكاندا نیە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە پاڵپشت و هاندەرو تەواوكەریەتی.
دەرەنجام
ئەوەی بۆ هەمووان روونە، چاوی واشنگتۆن لە سەر ئاییندەی تاران كراوەیەو ستراتیژی ترامپیش روونە. درەنگ یان زوو، ئاڵۆزی و پێكدادانی بەرژەوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە پێ دەنێتە قۆناغێكی تازەوە. ئەمە یارمەتیدەرو دەرفەتێكی نوێیە كە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە گشتی و ئۆپۆزسیۆنی كورد بە تایبەتی، هاتۆتە پێشەوە. بەڵام ئەوەی بۆ كورد وەكو نەتەوەیەكی مافخوراو لە كوردستانی رۆژهەڵات گرنگ و حەیاتیە. كاركردنە لە سەر داڕشتنی پلاتفۆرمێكی هاوبەشی كوردستانی، كە سەرەكیترین ماف و داخوازییەكانی كورد بە میكانیزمە یاسایی و بەرنامە داڕێژراوەكان لە خۆ بگرێ. پلاتفۆرمێك كە كورد بكاتە هێزێكی كاریگەرو ئەكتەرێكی سەرەكی لە ناوەندە ئێرانی و ناوچەیی و جیهانییەكان. هێزێك كە ئاییندەی ئێران بێ ئەو ناهاوسەنگ و ئەكتەرێك كە بێ بەشداری ئەو ناوەندەكانی بڕیار هیچ یاسا و دەستوورێك نەنووسنەوە.
كوردو مێژووەكەی، كوردو بزووتنەوەكەی، كوردو قوربانیەكانی خاوەنی ئەو پێگەو قورساییە بوون و هەن. بەڵام بەو مەرجەی هەموومان لە بەرامبەر چارەنووس و ئاییندەماندا بەرپرسیار بین.