Draw Media

کــــــــــاتی چییە ؟

کــــــــــاتی چییە ؟

2018-03-25 12:35:25


ئاراس فەتاح

لەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوێنێی شارەکانی ھەرێم و کەرکوک و ئەو کەرامەتشکاندن و توندوتیژییەی دژ بە مامۆستایانی ژن و پیاوی ھەولێر و دھۆک کرا، دەبێت ھەموو ئەو ڕاستییەمان بۆ دواجار لەلا ڕوونبێت کە ئەم سیستەمە کرۆکخێزانییەی ھەرێمی کوردستان قابیلی ریفۆرم نییە. تاوەکو دەزگای پەرلەمانتارییش لەژێر سیناریۆ و دەرھێنانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەدا بمێنێتەوە، ھیچ مانایەکی سیاسیی بۆ خەباتی پەرلەمانیی نامێنێتەوە. ئەرکی پلە یەکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارەکانی دەرەوەی خێزانە حوکمڕانەکانە کە لەمڕۆوە دەستبەرداری تەعزییەی سیاسیی و باوێشکی سیاسیی و پۆپۆلیزمی سیاسیی و ماراسۆنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بن. پێویستە بۆیەکەمینجار نەک تەنھا چالاکانە بەشداربن لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیی وسیاسییەکانی وڵاتەکەیان کە بە گوتارەکانیان لە میدیاکانیانەوە پشتیوانییان دەکەن، بەڵکو دەبێت دیدگایەکی سەرووی بەرژەوەندیی حیزبیی و نێرجسییەتی سیاسیی بۆ دواڕۆژی ئەم ھەرێمە گەڵاڵەبکەن.

سەردان و بەسەرکردنەوەی خۆپیشاندەران ھیچ بەھایەکی سیاسیی و واقیعیی نییە گەر تەنھا قەرزێکی ئەخلاقیی و خۆنماییشکردنێکی ڕەمزیی ئەم سەرۆک و ئەو ئەندام پەرلەمان و فڵان کاندیدی داھاتووی ھەڵبژاردنەکان بێت، بەڵکو دەبێت وێنەکە گەورەتر ببینرێت و بیری عەقلانیی لە دروستکردنی دەرچەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئەم ھەرێمە بکرێتەوە. خێوەتی خۆپیشاندەران خێوەتی پرسەی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو دەبێت بکرێت بە خێوەتێکی سیاسیی فاتیحەخوێندن بۆ ئەم دەسەڵاتە. کوردستانی دوای ریفراندۆم پێویستی بەوە نییە مەینەتی خەڵک بکرێت بە کەرەسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و وەھم و خەونی عەوامفەریبیی ئەوەیان لادروستبکەن گەر دەنگ بە فڵان ھێز بدەن، ئیتر ئەوان لە ھەموو زوڵمێک ڕزگاریان دەبێت. بەڵکو دەبێت بە قووڵیی و بەرپرسانە بیر لە پەیوەندیی کۆمەڵگای ئێمە بە دەسەڵاتی خۆی و بە بەغداوە بکرێتەوە و پێکڕا ڕێگە لەوەبگرن کە چیدی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییمان لەوە زیاتر وێراننەکرێت کە ئەم دوو حیزبە لەماوەی ئەم نیوسەدەیەدا بەسەر ھەرێمدا ھێناویانە.

بۆئەوەی خەڵکی مەدەنیی ئێمە جارێکی تر بەرامبەر بەم دەسەڵاتە ستۆک و شەڕانگیزە تەنھانەخرێت و ھەرکەس و لایەنە شۆربای سیاسیی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانیاندا نەکوڵێنێت، دەبێت ھەمووان پێکڕا پەیامێکی ڕوون و جەریئانە بە کاربەدەستە بێئیشەکانی دەسەڵات بدەن کە چیدی بێنرخ تەماشاکردنی داواکانی خۆپیشاندەرانی ئەم ھەرێمە و شکاندنی بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئێمە ھێڵی سوورە و دەبێت مافەکانی پارێزراوبێت و رێگەنەدرێت بەڵتەجییەکانی دەسەڵات بکەونە گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشکان و خەڵکی ناڕازیی و بە ئارەزووی خۆیان ئەشکەنجەیان بدەن و کەرامەتی ئینسانییان لەوە زیاتر بشکێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەریان کراوە. ئەرکی ئەخلاقیی و سیاسیی ھەمووانە پێکڕا لە بەرەیەکدا ڕێگریی لەوەبکەن کە جەنگی پڕوکێنەری دەستەویەخە لەنێوان خەڵکی مەدەنیی و مۆب و شەقاوەکانی دەسەڵاتدا دروستنەبێت و بە دیزاینەرەکانی ئیفلاسی سیاسیی و موفلیسە ئابوورییەکانی رژێمەکەی ھەولێر بڵێن کاتی ئێوە تەواو بوو، چونکە ئاشکرایە ئەمجۆرە دەسەڵاتدارانە لە کۆتایی تەمەنی شەرعییەتی سیاسییاندا تەنھا ھێزێکی دڵسۆز کە لەدەوریان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریی لێکردنیان، بەڵتەجییەکانیانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand