لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی "ئارام"دا.
2023-01-30 13:01:27
پشکۆ نەجمەدین
خوێندنەوەیەک بۆ خەبات، فیکر و کەسییەتیی سیاسیی شەهید شاسوارجەلال"ئارام"، لە دووتوێی کتێبی (کۆمەڵە لە سێدارەوە بۆ ڕاپەڕین.)
قۆناغی دووەمی مێژووی خەباتی کۆمەڵە، سەردەمی گورزبەرکەوتنی ئەم ڕێکخراوە و، شیرازەگرتنەوەی ڕێکخستن و ئامادەکارییە بۆ سازدانەوەی بزووتنەوەی چەکداری و خەباتی چەکداریی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
شەهید ئارام، کەساێتی و سیمبۆلێکە، لە ترۆپکی ئەم قۆناغەدا، دەدرەوشێتەوە.
شەهید ئارام، گەرچی لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەدا، وجودی نەبووە و ئەندامی نێوەندی کۆمەڵە نەبووە، بەڵام لە سازدانی زەوینەی فیکری و ڕۆشنبیریی کۆمەڵەدا، پێش دامەزراندن و پاشتریش، جێگای دیاری هەبووە. ئەو، وەکوو ڕۆشنبیر و نووسەرێکی چەپخواز، چ لە ڕۆژنامە فەرمییە ئاشکراکانی ئەو سەردەمەدا و چ لە پرۆسەی وەرگێڕانی فیکری چەپ و سۆسیالیستیدا، لەنێو ڕیکخستنی کۆمەڵەدا، کاری گەورە و بەرچاوی، ئەنجام داوە.
(( ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە لەوێدا کاریان دەکرد. وەک شەهیدئارام. ئەگەر سەیری لاپەڕە دووی ژمارەیەکی ئەو ساڵانە بکەیت، هەست دەکەیت کە هاوکاری وەک بڵاوکراوەی کۆمەڵە وایە... یەکێک بوو لە لێپرسراوە زۆر هۆشیارەکانی کۆمەڵە، سەرەتا لە لیژنەی شاری بەغداد لەگەڵ شێخ دارۆ و کاک جەمیلی عەلی ناجیدا کاری دەکرد. کوردییەکی زۆرچاکی دەزانی. لەگەڵ کاک حیلمی عەلی شەریفدا، کتێبەکانی (کیم ئیل سۆنگ)یان وەردەگێرا کە ئەوکات سەرۆکی کۆریای باکور بوو... ماوەیەک سەرپەرشتیاری لاپەڕە دووی ڕۆژنامەی هاوکاری بوو. گۆشەیەکی هەفتانەی لەسەر (خەباتی گەلان) هەبوو... شەهید ئارام بەناوی (شاسوار) یان (جوامێر)ەوە شتی دەنووسی.))(فواد قەراخی، کۆمەڵە لە سیدارەوە بۆ ڕاپەڕین.)
شەهید ئارام، لە قۆناغی سەرەتادا و لە زەوینەی دەرکەوتن و زەقبوونەوەی کێشەکانی دەروونی کۆمەڵەدا، بەرچاوڕوون و هێڵێکی فیکریی ڕۆشن و داساکاوی هەبووە. ئارام، لە ململانێ و کێشمەکێشی بینیندا بۆ ڕووبەری خەبات و ستراتیگی سیایی کۆمەڵە، کوردستانی بووە و بیرۆکەی ڕێکخستنێکی سەرتاسەری، بۆ کرێکارانی ئێراق، بە هزری ویدا، گوزەری نەکردووە.
(( بە هیچ شێوەیەک شەهید ئارام لەگەڵ ڕێبازی ئێمە نەبوو، شەهیدئارام وەک کوردستانییەکان بیری ئەکردەوە و خاڵە شەهابیش زۆر بەتوندی کوردستانی بوو، شەهید چەعفەر عەبدولواحیدیش زۆر کوردستانی بوو هەروەها ئاوات عەبدولغەفور پیاوێکی ڕۆشنبیر بوو ئەو کاتی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی ئێمە...لەگەڵ شەهیدئارام زۆرمان یەکتر دەبینی و زۆرجار دادەنیشتین و بیروڕامان دەگۆڕییەوە لەسەر چۆنییەت ئیشکردن بۆ دواڕۆژ...))(ئەشرەف تاڵەبانی، هەمان سەرچاوە)
شەهید ئارام، چ لە دەستپێکی کاردا و چ پاشتریش کە دەبێتە لێپرسراوی "کۆمیتەی هەرێمەکان" و سکرتێری کۆمەڵە، لە کردار و هەڵویست و نووسینەکانیدا، لە بواری فیکر و ڕوانینیدا، بۆ ڕێبازی فیکر و سیاسەتی کۆمەڵە، تەمومژێک بە ئاسۆی بیرکردنەوەیەوە نابینرێت.
ئارام، نەک هەر لە بواری کاری ڕێبەریکردنی ڕێکخستندا، بگرە لە ڕێڕەوی داڕێشتنی سیاسەتی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیدا، چ لە شار و چ لە شاخ، لێزان و بیرتیژ و کارامە بووە.
شەهیدئارام، لە دەستپێکی سازدانەوەی مەفرەزە چەکدارە سەرەتاییەکان و شۆڕشی چەکداریدا، کەسێکی بیرفراوان و ڕاشیۆناڵ بووە. ئەو چوارچێوەی بزووتنەوە چەکدارییەکەی لە سنووری بینینەکانی کۆمەڵە، فراوانتر بینیوە و لە هەوڵی کۆکردنەوەی هێزە چەپەکاندا بووە، ئەگەر ئەو هێزانەش ئێراقی و نەیاری فیکری کۆمەڵەش بووبن. ئەو، ڕێبەرێکی دنیابین و دیموکرات بووە.
(( لە پایزی 76 بینیم لە ماڵی دکتۆر سەردار مەحمود. لە جادەی برایم پاشابەدوی منی نارد و دەشیزانی کە من لە تەنزیمی کۆمەڵە نەماوم و لەگەڵ بیروباوەڕی کوردستانی نیم، وتی وەرە با چاوم پێت بکەوێت، لەو دانیشتنەدا کە سەعاتێکی خایاند و کاک ئەکبەر مەحمودیشمان لەگەڵ بوو، زۆر وتووێژمان کرد لەسەر مەسەلەی دەستپێکردنەوەی شۆڕش و ئایا ئەکرێت پێش ئەوەی حیزبی سیاسی گەشە بکات شۆڕش بکرێت...
بەڵام کە هاتینە سەر مەسەلەی کوردستانی شەهیدئارام وتی: (لەو مەسەلەیە وتوێژ ناکەین، چونکە ئەو مەسەلەیە یەکلابووەتەوە و ئێمە وەکو کۆمەڵە و منیش وەکو خۆم من کوردستانیم و کۆمەڵەش بڕیاری کوردستانی بونی داوە، لەبەر ئەوە ئەو بابەتە بەسەرچووە و با باسی نەکەین و کاتمانی پێوە نەکوژین... بەڵام تۆ ئەتوانی بێیتە دەرەوەو ئەتوانی بیروباوەڕی خۆت ببێت و مەفاریز دروست بکەیت و ئێمە وەکو دۆست هاوکار دەبین و من پێم باشە ئێمە دۆست بین...ئەگەر ئێوە بێنە دەرەوەش بۆ پێشمەرگایەتی من پشتیوانیتان لێ دەکەم و هاوکارتان دەبم...))(ئەشرەف تاڵەبانی، هەمان سەرچاوە)
ئارام، لە کۆتایی ساڵی "1975" وە و پاش شاڵاوی بەعس و دەستگیرکردنی ڕێبەران و هاوڕێیانی کۆمەڵە، بە هاوکاری و تێکۆشانی هاوڕێکانی، ڕێکخستەکانی کۆمەڵە، ڕێک دەخەنەوە و تەواوی ئەو پلان و بەرنامانەی بۆ سازدانەوەی شۆرش، لە لایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە "درەوە"ی وڵات داڕێژرابوون، لە واقیعی سەختی ئەوسەردەمی کوردستاندا، بە کۆمەڵێک داهێنانی نوێوە، جێبەجێ دەکەن.
ئەو کەس و کادرانەی، لە نزیکەوە، لەگەڵ ئارام هەڵسوکەوتیان کردووە و هاوکار و هاوخەباتی بوونە، بەجۆرێک باس لە بیر، ڕۆشنبیری، مامەڵە و ڕەوتاری ئەو دەکەن، وەک ئەوەی بڵێین:
شاسوارێک لە تیشک و ئارامێک لە شنەبا، لە قۆناغی دووەمی مێژووی کۆمەڵەدا، تاجی ڕێبەریی لە سەر ناوە!
پاش شەهیدبوونی ئارام، هیچ یەک لە هاوڕێ و شاگردەکانی، نەیانتوانی هەڵگری بیر و بەرنامەی سیاسی و خەسڵەتەکانی وی بن و ئیدی لەگەڵ زەمەندا، کۆمەڵەیان یەکسان بە یەکێتی کرد و پاشتریش کفنودفنیان کرد.