Draw Media

لەدواى 30/ 6/ 2018 بۆشایى دەستوریى لەعێراقدا دروست دەبێت؟

لەدواى 30/ 6/ 2018 بۆشایى دەستوریى لەعێراقدا دروست دەبێت؟

2018-06-13 15:28:32


■ د. ئیسماعیل نامیق....

هەندێک هێزو لایەنى سیاسى بەبیانوى ئەوەى لەدواى 30/ 6/ 2018 بۆشایى دەستورى لەعێراقدا دروست دەبێت، دەیانەوێت ئەنجامەکانى هەڵبژاردن بەو هەمو کەم وکوڕى وسکانداڵانەوە تێپەرێنن وبیکەنە دیفاکتۆ، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین داوایان لەدادگاى فیدراڵى کرد بۆ راگرتنى جێبەجێکردنى هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران، لەم پێناوەدا پەلەپەل وجۆرێک لەفشارى دەرونیان لەسەر ئەندامانى دادگا دروستکرد، بەڵام دادگاى فیدراڵى تەسلیمى ئەو واقعە دروستکراوە نەبو، بەتەواوى بنەما یاساییەکانى جێبەجیکرد وبەکۆى دەنگى ئەندامانى وداواکانیانى رەتکردەوە، ئەمەش بڕیارێکى یاسایى دروستە پشت دەبەستێت بەو بنەما یاسایەى کە دەڵێت: (( یاسا یان بڕیارى کارگێڕى ئەگەر پوچەڵیش بێت، پێویستە جێبەجێ بکرێت تا ئەو کاتەى حوکم دەدرێت بەهەڵوەشاندنەوەى )). لەبەرئەوەى هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەبەردەم دادگاى فیدراڵیدا تانە لەیاسایبونى دراوە ودواکراوە هەڵوەشێنرێتەوە، تا ئەو کاتەى هەڵئەوەشێنرێتەوە پێویستە جێبەجێ بکرێت. هەرچەند من باوەڕم وایە هەڵناوەشێنرێتەوە، چونکە ئەو تانانەى تانەدەران لەیاساکەیان داوە لەو ئاست وهێزەدا نین بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى یاساکەیان لەسەر بدرێت.
بۆیە بەبڕواى من ئەنجومەنى بالاى دادوەرى بەردەوام دەبێت لەريكاره كانى بوجێبەجێ کردنى یاساکە ودەنگەکان بەدەست ئەژمار ئەکاتەوە، ئەم پرۆسەیەش ماوەیەکى ئەوێ، لەکاتێکدا پێویست بو یەکەم کۆبونەوەى خولى چوارەمى ئەنجومەنى نوێنەران لە 1/ 7/ 2018 گرێبدرایە، بەڵام بەپێى هەمو لێکدانەوەیەک، ئەژمارى دەستى دەنگەکان وپەسەندکردنى ئەنجامەکان وبانگهێشتى ئەنجومەنەکە بۆ کۆبونەوە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ئەکەوێتە دواى ئەو ماوەیە. پرسیارى یاسایى لێرەدا ئەوەیە، ئایا لەدواى 30/ 6/ 2018 عێراق دەکەوێتە بۆشایى یاسایەوە؟ ئایا چۆن چارەسەرى ئەم بارە دەکرێت؟
دەقە دەستوریەکان وبڕیارى دادگاى فیدراڵى ژمارە ( 8 لە 21/ 1 / 2018 ) بە هیچ جۆرێک رێگە بەوە نادەن ئەنجومەنى نوێنەران تەمەنى یاسایى خۆى درێژ بکاتەوە، کەواتە لە 1/ 7/ 2018 تەمەنى خولى سێیەمى ئەم ئەنجومەنە کۆتایى پێدێت وناتوانێت بەردەوام بێت، ئەو کات عێراق بەبێ پەرلەمان دەمێنێتەوە. پرسیارى گرنگ ئەوەیە ئایا دروستە وڵات بۆ ماوەیەک پەرلەمانى نەبێت؟ ئایا لەبارێکى وادا بۆشایى دەستورى دروست دەبێت؟
لەوەڵامدا دەڵێین، ئەسڵ ئەوەیە وڵات بەبێ پەرلەمان نەبێت، بەڵام نەبونى پەرلەمان بۆ ماوەیەکى کاتى دیاریکراو بارێکى نامۆ نیە لەفیقهى دەستورى وواقعى عەمەلیشدا، ئەم بارەش لە دەستورى عێراقیدا سکراوە، وەکو لەمادە 64 ى دەستورەکەدا هاتوە، دەکرێت ئەنجومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنرێتەوە، لەحاڵەتى هەڵوەشاندنەوەشیدا ئەنجومەنى وەزیران بەدەست لەکارکێشاوە دادەنرێت ولەراپەڕاندنى کاروبارى رۆژانە بەردەوام دەبێت، سەرۆکى کۆماریش داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەکات لەماوەیەکدا کەلە 60 رۆژ زیاتر نەبێت لەرَوژى هەڵوەشاندنەوەوە. بەپێى ئەم دەقە لەماوەى 60 رۆژ لەرۆژى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە پێویستە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، راگەیاندنى ئەنجامەکان ویەکلایکردنەوەى تانەکان وپەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایى بەلایەنى کەمەوە 20 رۆژ بۆ مانگێکى ترى دەوێت، کۆى ئەو ماوەیەش کە تەسەور دەکرێت تیایدا پەرلەمان بونى نەبێت بەنزیکەیى دەکرێت سێ مانگ بێت، لەم بارەشەدا وا دانانرێت بۆشایى دەستورى دروست بوە. 
راستە ئەم دۆخەى کە ئێستا عێراقى تێکەوتوە پەرلەمان هەڵنەوەشێنراوەتەوە بەڵکو خۆى ماوەکەى تەواو بوە، بەڵام دەکرێت سود لەئەحکامەکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان وەربگیرێت وبەسەر ئەم حاڵەتەى ئێستادا جێبەجێ بکرێت، چونکە لەحاڵەتى هەڵوەشاندنەوەو لەم حاڵەتەشدا لەهەردوکیاندا پەرلەمان بونى نامێنێت، کەواتە هەردوو حاڵەتەکە لەیەک دەچن، بۆیە کارێکى نایاسایى نیە ئەگەر لێکدانەوەیەکى هاوشێوەیان بۆ بکرێت وبوترێت لەهیچیاندا بۆشایى دەستورى دروست نابێت.
پشت بەو راستیانە دەتوانین بڵێین لەدواى 30/ 6/ 2018 خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەران بونى نامێنێت، حکومەت ئەبێتە حکومەتێکى کاربەڕێکەر وە هیچ بۆشاییەکى دەستورى دروست نابێت، ئەنجومەنى دادوەریش 60 روژى لەبەر دەمدایە بۆ ئەژمارکردنەوەى دەستى دەنگەکان، پاشان دادگاى فیدراڵى ئەنجامى کۆتایى پەسەند دەکات وخولى چوارەم گرێدەدەرێت. بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگە بدرێت بەبیانوى دروستبونى بۆشایى دەستورى، ساختەکردنى ویستى خەڵک بکرێت بەدیفاکتۆ، چونکە ویستى خەڵک لەهەمو شتێک باڵاترە، دادگاو یاساو دەستوریش دروستکراو وبەرمەبناى ویستى خەڵکن، پێویستە لەخزمەت ویستى خەڵکدا بن وگوزارشتى ڵێبکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand