Draw Media

لەودیوی سۆزانیبازو دینبازەوە

لەودیوی سۆزانیبازو دینبازەوە

2023-01-07 17:09:34


پەیكار عوسمان

(٤)

لەشفرۆشی و قومارو هاوڕەگەزخوازی و ئەم شتانە، هۆکارەکەی هەرچی بێت، چارەسەرەکەی شەڕی بەدر نیە، چونکە لە شەڕا لە شتەکان تێناگەیت، خۆ ئەگەر شەڕەکە بەرگی موقەدەسی لەبەرکرێ، ئەوە ئیمکانی تێگەیشتن هەر نامێنێ، چونکە "شەڕ و موقەدەس" دوو دیواری دەروونی زۆر ئەستورن لەنێوان تۆ و بابەتداو نایەڵن ساتی بابەتیبوون و ڕاستەوخۆیی ڕووبدا!

"ڕاستی" سرکەو بەقەت "ڕاستیخوازی" خۆت لێتەوە دەرئەکەوێ. چەنێک بەدوای ڕاستی شتێکەوە بیت، هەر ئەونە ڕاستی ئەو شتەت بۆ دەرئەکەوێ، چەنێکیش خەریکی شەڕبیت، ئەونە ڕاستی شتەکەت لێ ون ئەبێت، چونکە تۆ خەریکی ڕاستی نیت و خەریکی شتێکی تریت. ڕێگای "چارەسەر" بە ناو تێگەیشتندا ئەڕواو ڕێگای شەڕ ڕێگای ناتێگەیشتنەو ڕێگای چارەسەر نیە.

ئایین، سەرەتا "چاوی پیرۆزیی" ڕووکردە دەرەوەو ئەمەش کێشەیەک نەبوو، چونکە لەو مێژووەدا، هێشتا کایەکان تێکەڵەو ئاینیش عەبای هەموویەتی. بەڵام کاتێ دەورانی مێژوو ئەگۆڕێ و کایەکان سەربەخۆیی وەرئەگرن، ئیتر عەبای ئاین هەر بەقەت جەستەی ئاینەو ناکرێ بیدەی بە شانی کایەکانی تردا. "ئیسلامیزم" ئەم گۆڕانەی مێژوو نابینێ و هەر بەزۆر ئەیەوێ عەباکەی ئاین بداتەوە بەسەر شانی شتەکاندا، کە لێرەدا تەنیا کایەکانی تر تاریک نابن، بەڵکو عەباکەی ئاینیش ئەدڕێ و یەک دنیا کونی ستەم و نیفاقی تێ ئەبێ!

مەسەلەن "جێندەر" قابیلی لێکۆڵینەوەیەو تۆ مەجبور نیت بەبێ جوین قوتیدەی، بەڵام جوینێک بە عەقڵی ڕەخنەیی، نەک بە عەقڵی ئاینی، چونکە ناکرێ شتێک بکەیت بە "بابەت" بەڵام "نابابەتی" مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. خۆ مرۆڤ لەت ناکرێ و تۆ ناتوانی ئاینداربیت و نائایینیانە بیربکەیتەوە، بەڵام ناکرێ فرەڕەهەندیی خۆت لەدەست بدەیت و وابزانیت تۆ تەنیا ئاینیت و ئاینیش هەرئەوەیە کە سەلەفی و کۆمەڵ و یەکگرتوو تێیگەیشتووە.

بەڵێ تۆ ئاینداریت، بەڵام هێشتا مرۆڤێکی فرەڕەهەندیت، هێشتا شتێک هەیە پێیئەوترێ عەقڵ، ئەتوانی بەکاری بهێنیت و تێگەیشتنی ڕەسەن و جیاواز بەرهەم بهێنیت. عەقڵیش یەک عەقڵ نیە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە عەقڵی غەریزی و عەقڵی زانستی و عەقڵی ئاینی و عەقڵی فەلسەفی و عەقڵی هونەری و عەقڵی سیاسی و عەقڵی کۆمەڵایەتی..

ئاگاداربە، "لە مرۆڤخستن" ڕێک بریتییە لە "لە عەقڵ خستن"، لە عەقڵخستنیش ڕێک بریتییە لە (لە فرەیی خستن)!

لەکوێدا یەک ڕەهەندی عەقڵ، ئینقیلابی کرد بەسەر فرەیی عەقڵدا، لەوێدا ناعەقڵانیەت دەستیپێکردوە. لەکوێدا تاکە دیدێک، سپی کراو دەرەوەی ئەو دیدە ڕەش و بێئەخلاقی بوو، ئا لەوێدا بێئەخلاقییەک دەرهەق بە فرەڕەهەندی ئینسان و ژیان ڕوویداوە.

هیچ مرۆڤێک ناتوانرێ کەر بکرێ، ئەگەر سەرەتا کورتانی "تاکڕەهەندی" نەدرابێ بە کۆڵیدا. تاکڕەهەندیش لە دۆخی ترس و شەڕو تەقدیسدا دروست ئەکرێ. هەمان وێنە لە گۆشەی ناترس و ناشەڕو ناموقەدەسەوە، سەیرێکی تری بکە، تێگەیشتنێکی تر بەرهەمدێ و ئیتر تۆ و وێنەکەش لە قۆرخکاری بینینە باوەکە ئازاد ئەبن. کاتێکیش ئەمە ڕووئەدا، خواو ئیمان و ئاین و ئەخلاق، هیچی لێ کەم نابێ، هەر تۆزێ بازاڕی دنیبازەکان کز ئەبێ!

فەرقیشی نیە وێنە تاکڕەهەندەکە بە چ ئایدۆلۆژیایەک دروستکراوە، ناسیۆنالیستی ئیسلامیستی کۆمۆنیستی ئاپۆیستی فێمینیستی.. گرنگ ئەوەیە ئیتر تۆ بەس ئەم چاوەت هەیە، کە چاوی خۆت نیەو لێت بارکراوە. وێنەکانی ئەو چاوەش وێنەی واقع نیە، بەڵکو مۆنتاجکردنی دنیایە بە تەفسیرە ئایدۆلۆژییەکە.

"موقەدەس" هیچ وتراوێک نیە، بەڵکو ساتێکی ئازادە کە وتەی ڕەسەنی تیا ئەوترێ. موقەدەس ئەو بینینەیە کە تەسلیمی بینی باوی کۆمەڵگا نابێ، پێغەمبەرانیش ئا لەوێوە ڕوانیویانە، بۆیە توانیویانە گۆشەی نوێ ببینن و وتراوی نوێ بڵێن.

لەوێشدا ئیتر ڕۆحی ئازادو بیری ڕەسەن ئەدوێ و ئەوە ساتەکەیە کە ئازادو پیرۆزە، نەک ئەوەی کەسەکەو وتراوەکەی پیرۆزبێ. ئەو ساتەش ئۆفەرێکی ناکۆتا کراوەیەو ماڵی ڕاستەقینەی مرۆڤە. هەموومان ئەتوانین لەوێوە دنیا ببینین، ئەگەر ئامادەبین دەمارگیرییەکانی خۆمان بکوژین و خۆمان بدەینە دەست ساتە ئازادەکان و نەترسین لەوەی کە لەوێدا چی ئەوترێ و چی دێتە سەر زمانی دڵ. هایدیگەر ئەڵی زمان ماڵی بوونە، زمانی مەرحەبایی و ژیانی ڕۆژانە نا، بەڵکو زمانی ساتە ڕەهاو ئازادەکان!

وەحی بریتییە لەوەی کە نەترسی لەوەی ڕۆح چی ئەڵێ و ئازادیکەیت، وەحی هیچ نیە جگە لە ساتێکی ئازاد، کەچی "وەحیگەراکان" دوژمنی سەریان ئازادییە! ئیتر هەرگیزیش لە وەحی و لە ئازادی بەهرەمەند نابن، چونکە هەردوکی هەر یەکەو "ترس" دەرگای هەردوکیانت لێ دائەخات!

تێگەیشتن پێویستی بە خۆکوژییە، ئیگۆ یەکێ لە دیوارە بەرزەکانی نێوان تۆ و تێگەیشتنە، شەڕیش ئەو دیوارە تەواو بەرزئەکاتەوەو ئیگۆیەکی (خۆ بە ڕاستزان)ی مەغرورت بۆ دروست ئەکات، کە یەقینی هەیەو پرسیار و گومانی نەماوە. ئاخر ئایدۆلۆژیا شەڕی هەیەو شەڕیش بە پرسیارو گومانەوە ناکرێ، بۆئەوەی عەسکەرێکی باشی ئایدۆلۆژیابیت، ئەبێ ئەو فیوزەت بسوتێنرێ. ئێ پرسیارو گومانیش کەرەستەکانی بیرکردنەوەن، یەعنی لە شەڕو جەمسەرگیرییدا، تۆ عەقڵت لێ زەوتکراوەو بە خۆت نەزانیوە!

یەعنی مەسەلەکە ئەوەنیە جێندەر باشە یان خراپ، گریمان دوای کۆششێکی عەقڵانی، ئەگەینە ئەوەی کە زۆر خراپە،، بەڵام کێشەکە ئەوەیە شەڕو جەمسەرگیری نایەڵێ بچینە ناو پرۆسە عەقڵانییەکەو بە پرۆسەی وروژاندن و ترساندن و کەراندندا ئەبرێین!

بۆچی قۆناغی زانست لە هەموو قۆناغەکان ڕۆشنترە؟ چونکە مرۆڤ لە زانستدا گەیشتە "عەقڵی خۆکوژی" کە هەمان عەقڵی نوێبوونەوەیە. زانست ئیگۆی نیە، یاخود ئیگۆیەکی تەنکی هەیەو ئاسان ئەتوانێ خۆی بکوژێ و تیۆرێک بخاتە جێگای تیۆرێکی تر.

بەڵام ئیگۆی خۆبەڕاستزانی ئایدۆلۆژی، هەموو ئەوانیتر ئەکوژێ بەس بۆ ئەوەی خۆی بمێنێتەوە. قورئان لە شوێنێکدا بە یەهود ئەڵێ خۆتان بکوژن، ئەوە خۆکوژی جەستە نیە، خۆکوژی ئیگۆیە، چونکە ئیگۆی ئەوان زۆر فووی تێ کرابوو. جا مرۆڤی موسوڵمان، زۆر سادەو ئامادەیە بۆ خۆکوژی، ئەوەی کە نایەڵێ خۆی بکوژێ و بەردەوام فووئەکاتە ئیگۆکەی، دینبازییە!

دینبازی، بە جوملە ئیگۆی "گەلی هەڵبژاردەت" لادروست ئەکاو بە تاکیش ئیگۆی "خۆ بە چاکزان"، ئیتر خەڵک بە تاک و بە کۆ، لەناو واقعدا ئەژی و پێش ئەکەوێ، تۆش بە تاک و بە کۆ لەسەر ئەو دوو وەهمە ئەخەویت و ئەکەویتە دەرەوەی مێژوو. ئەو دوو وەهمەش تەنیا وەسیلەی گەمژاندنەو مێگەل بارئەهێنێ بۆ کەهەنەو سەڵاتین، هیچ ڕەبتی بە ئەخلاق و ئیمان و خواناسییەوە نیە!

هەڵبەتە ئەو یارییە، بە هەموو ئایدۆلۆژیاکانی تریش ئەکرێ، فەرقەکە هەر ئەوەیە، یزمەکانی تر، وەکو ئیسلامیزم، دومبەڵەو ئەزنیفەکەی خۆیان ناونەناوە یاری خوا. یاری هەمووشیان هەر (میتافیزیک و وروژاندن و تەقدیسە) تەقدیسی نەتەوەو چین و حیزب و شۆڕش و ئایدۆلۆژیاو سەرکردە.. بەڵام کەسیان وەکو ئیسلامیزم نوقتەی زوعفی ئینسانی نەگرتووە لە دایکی هەموو میتافیزیکەکانەوە، کە ئاینە.

سادەترین نمونە، جۆرێک لە دەنگ بەرزکردنەوە هەیە، ئەگەر یەکێ لەو سەر جادەیە وا قسەت لەگەڵ بکات، قبوڵی ناکەیت و ڕێک ئەکێشی بە دەمیا، بەڵام هەمان کەس، بە بەرگی دینەوە ئەتوانێ وا قسەت لەگەڵ بکاو تۆش قبوڵی ئەکەیت!

ماویەتی

لەودیوی سۆزانیبازو دینبازەوە

(٣)

ئەگەرچی پەڕینەوە لە میزاجی کەسەوە، بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و کاری دەزگایی و دەستووری، خاڵێکی گەشی مێژووی مرۆڤایەتییە، بەڵام لات سەیر نەبێ، پێشڕەوییە کەسییەکان و پاشەکشێ دەزگاییەکانی لای خۆمان، بە شتێکی باش ئەزانم، لەپێناو ڕاستی. بۆ ئەوەی چیتر ئەو درۆیە کۆتایی بێت، کە دەسەڵاتدارەکان، خۆیان لە پشتی دەزگای کارتۆنییەوە بشارنەوە.

دیموکراسی و دەزگاییبوونی ڕاستەقینە، لە کۆتاییهاتنی یارییە درۆیینەکانەوە دەستپێئەکات. جا وا باشە ماسکی ئەزموونەکەمان بکەوێ و بچێتە سەر پلێت، بۆئەوە نا کە تەسلیمی خێڵ و بنەماڵەکان ببین، بەڵکو بۆ ئەوەی چیتر ڕەخنە لە خودی پلێتەکە بگرین، نەک شەڕ لەگەڵ کەڤەرە گاڵتییەکان بکەین.

بابەتێکی زانستیم کەوتە بەرچاو، ئەڵێ ئەو خانە دەمارانەی کە (پرسە ئاینییەکان و پرسە سێکسییەکان) ئەوروژێنن، هەمان ناوچەیە لە مێشکدا.. شتێکی سەیرنەبوو بەلامەوە، چونکە لە واقعیشدا هەر وایە. هەر بەڕاست باسە سكسییەکان نەبووایە کاهینەکان چییان ئەکرد؟!

لەڕاستییدا ئاینی کاهینەکان هیچ نیە جگە لە گرێیەکی سێکسی پیرۆزکراو، ئاینی ڕاستەقینەش، کافربوونە بەو ئاینە گرگنەو بەرزبوونەوەیە بۆ ئەو ئاگایی و عیشق و ئیمانەی کە لای عارف و حەکیمەکان هەبوو، کە ئەوەش لەناو مرۆڤ خۆیدایە، نەک لە هیچ دوکان و پەرستگایەک.

ئەو ئایینەی کە لە کابول خوێندنی کچان قەدەغە ئەکا، ئاینی گرێ سێکسییەکەی پیاوە، نەک ئاینی مرۆڤێکی ئاگاو خوایەکی نوور. ئەو ئاینەی کە یەکسانی ژن و پیاو هەزم ناکاو فێڵبازانە "هاوڕەگەزخوازی" ئەکاتە پاساوی لێدانی "یەکسانی جێندەری"، ئا ئەوە ئاینی دەسەڵاتی پیاوسالارییە، نەک ئاینی حەقی خوایی.

جیاکاریی ستوونی، مەشروعی هێزو زاڵیتییە نەک مەشروعی حەق. مەشروعی حەق ئاسۆییەو لە حەقدا خواش دێتە پەیوەندی ئاسۆیی و ئەبێتە خەلیل و هاوڕێ ی ئیبراهیم، کەچی کاهینی پیاوسالار، واز لە خوایەتی ناهێنێ و نابێتە هاوتاو هاوڕێ ی ژن.

ڕووکەشبینی ئیسلامییەکان، تەنیا حیکمەتەکانی ناو قورئانی نەکوشت، بەڵکو حیکمەتی ناو ئەفسانەکانی تریشی مراند. هەر دەمئەکەنەوە ئەڵێن تەورات تەحریفکراوە، چونکە لە تەوراتدا خوا لەگەڵ فڵان پێغەمبەر پیاسە ئەکا.. لەکاتێکا ئەوە جوانترین و ئەدەبیانەترین وێنەی پەیوەندی مرۆڤ و خوایە. ئەوان خوایەک هەزم ناکەن هاوڕێ ی مرۆڤبێ و مرۆڤێکیش قبوڵ ناکەن هاوڕێ ی خوابێ، بەڵکو ئەبێ خوا سەدام بێت و مرۆڤەکانیش جوندییەکی ترساوی شەڕەنگێز.

خوا چاکەیەو چاکە لەناو خۆماندایە، ببین بە هاوڕێ ی چاکە، ئەبینە هاوڕێ ی خوداو ئیتر پیاسەشی لەگەڵ ئەکەین و چاشی لەگەڵ ئەنۆشین، چونکە ئیتر ئەوەی کە چایەکە ئەنۆشێ و ئەوەی کە چاکە، هەر یەکە. تەوحید ئەوەنیە ژمارەی بتەکان کەمبکەیتەوە بۆ یەک و ناوی بنێ ی یەهوا یان ئەڵڵا.. تەوحید ڕۆحی تۆیە ئەو کاتەی ئەگاتە دۆخی پیاسەکردن لەگەڵ خودا.

ئا لێرەدا مەسیحییەت لە دینەکانی تر باشتر لە شتەکە تێگەیشت، بەو مانایەی کە خودا نابێ شتێکی جیابێ لە مرۆڤ، بەڵام لەوێدا تێکیاندا کە مرۆڤێکیان جیاکردەوە لە مرۆڤەکانی ترو کردیانەوە بە خودا، لەکاتێکا چاکبوون و خوداییبوون ئیمکانێکی کراوەی هەموو مرۆڤەکانە.

ئەگەر بچینە لای دەروونە سیانییەکەی فرۆید: (ئید و ئیگۆ و سوپەرئیگۆ)، ئاینی کاهینەکان، ڕێک ئاینی ئیدە، هەموو شت بە غەریزە تەفسیر ئەکا، پاداشتەکانی ئەودنیاشی هەر سێکس و خواردن و خواردنەوەیە، کە داواکارییەکانی ئیدە. ئەو بەهەشتەی ئادەمی لێدەرکرا، قۆناغی ژیانی ئاژەڵیی بوو، کە ئەخۆیت و ئەخۆیتەوەو سێکس ئەکەیت و نەمریشی، چونکە هۆشیار نیت بە مردن.

کاتێ مرۆڤ هۆشیاربووەوەو لە سێوی مەعریفەی خوارد، ئیتر زانی مردن هەیەو لەو کاتەوە بۆ نەمری ئەگەڕێ. بەهەشتی کاهینەکان بەهەشتی مرۆڤ نیە، بەهەشتی ئاژەڵە، پشیلەیەک ئەخواو ئەخواتەوەو سێکس ئەکاو "نەمریشە" چونکە نازانێ مردن چیە. کاهینەکان ئەوەیان ناونا بەهەشت، یەعنی ئەو قۆناغەی کە مرۆڤ بە پەرەسەندنی مەلاین ساڵ تێیپەڕاند، لە ئەخیرا ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ و ئەبێتەوە بە حەیوانەکەی پێش ئادەم!

با ئید غەریزەبێ و ئیگۆ عەقڵبێ و سوپەرئیگۆ ئەخلاقی کۆمەڵگا بێت. پێغەمبەرو حەکیمەکان، ئەوانەن کە لە خۆیاندا هاوسەنگی ڕوویداوەو تەعدیلی سوپەرئیگۆیان کردۆتەوە بە ئیگۆیەکی عاقڵتر لەوەی کە هەیەو باوە. کاهینەکان بە پێچەوانەوە، سوپەرئیگۆیان هێناوەتە ئاستی ئیدو بەوەش ئیگۆ عاقڵەکەیان کوشتووە.

قەت لە خۆتت پرسیوە بۆچی پێغەمبەران هەمیشە تەنیابوون، بەڵام کاهینەکان هەمیشە دەوریان قەرەباڵغە؟ چونکە داناکان دەسکاری ئەو سایکۆلۆژیا ئیدییە ئەکەن کە کۆمەڵی لەسەر گیرساوەوتەوە، بەڵام کاهینەکان ڕێک نوێنەری ئەو سایکۆلۆژیا ئیدییەی خەڵکەکەن و پاریزگاریی لێ ئەکەن!

لێرەشەوە ئیتر شەقوەشێنەکە شەرت نیە سەلەفی بێت، بەڵام سەر بە هەمان سوپەرئیگۆی کاهینەکانە. کاتێ (ژن لەش سێکس) ئەبێتە گرێ و تابۆ و هەموو ئەخلاقی پێوە ئەبەسرێتەوەو کۆی سوپەرئیگۆی لەسەر بینائەکرێ، ئیتر شەقاوەیەکی حەشیشخۆرو نوێژکەرێکی موحتەرەم، فەرقی نامێنێ و هەمان سایکۆلۆژیاو عەقڵیەت و گرێ، لەناو هەردوکیاندا کارایە.

هاوپەیمانییەکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان خێڵ و کاهین و دەسەڵات و عامەی خەڵکدا هەیە بۆ پاریزگاریکردن لە سوپەرئیگۆی پیاوسالاری، لەو پێناوەشدا بە هاوڕەگەزبازی و قەحبەبازی و بێئەخلاقی ئەوترسێنن، لەکاتێکا دوای ئەخلاقی پیاوسالاری، ئێمە ناکەوینە ناو بێئەخلاقییەوە، ئەکەوینە ناو ئەخلاقێکی مرۆڤانەترو هاوسەنگترو خواییترەوە. ئەگەر تەعدیلی سوپەرئیگۆ، کارێکی نائەخلاقیی بێت، کەواتە هەموو پێغەمبەران بێ ئەخلاق بوون، چونکە پێغەمبەرایەتی هیچ نیە، جگە لە پرۆسەی ئەپدەیت و تەعدیلکردنەوەی سوپەرئیگۆی باوی کۆمەڵگا.

ئەمر بە مەعروف، یەعنی هێشتنەوەی کۆنێک کە شایەنی مانەوەیەو هاتنی تازەیەک کە شایەی هاتنە. نەهی لە مونکەر، یەعنی تێپەڕاندی کۆنێک کە شایەنی تێپەڕاندنەو بەرگری بەرامبەر تازەیەک کە شایەنی نەهاتنە. ئەوە یاسای ئەپدەیتی سوپەرئیگۆیە، کە پێش مۆدێرنە، پێغەمبەرو حەکیمەکان کردویانە، دوای مۆدێرنەش لەبری "شەخس" دەزگاو دەستور کارەکە ئەکەن.

بەڵام کاهینەکان یاساکە بە هەڵگەڕاوەیی بەکارئەهێنن. ئەوەی کە پیویستە بێت، نایەڵن بێت، ئەوەی کە پێویستە بڕوا، نایەڵن بڕوا. ئیتر لەبری ئەوەی ئیگۆیەکی ئازادی عەقڵانی ئەپدەیتی سوپەرئیگۆ بکاتەوە، ئیگۆیەکی ترساوی ئیدیی، توند دەسئەگرێ بەوەوە کە هەیە.

ماوەیەتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand