رێككەون پێش باهۆزەكە
2018-06-12 10:55:23
■ كهمال رهئوف
ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن، دوایی رێككەوتنی ترامپ و كیم جونگ، گرنگی زیاتری ئەمریكا بۆ ناوچە گەرمەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، واتە دەستێوەردانی ئەمریكا لەو ناوچانەی، كە كێشەی زۆری تێدایە ئەگەری بەهێزە و رەنگە بەزووی هەندێك گۆرانكاری لەسیاسەتی ئەمریكا لەكوردستان و عێراق و سوریا ببینین.
بۆ ئەمریكا گرنگ بوو پێش ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ ئێران بەجێگەیەك بگەیەنێت، لەگەڵ كوریای باكوور هێوری بكاتەوەو رێككەوتنێك هەبێت.
ترامپ چاوی لەسەر ئەوەیە لەرێگەی سەرمایەی نووستووی وڵاتانی كەنداوە، باری ئابووری وڵاتەكەی چاك بكات و لەو رێگەیەوە بەرنامە ئابوورییە جەهەنەمیەكەی لەسەر ئەرزی واقیع بخاتە گەر، باشترین رێگەش بۆ دەستراگەیشتنی بە پارەو نەوت و غازی كەنداو دروستكردنی ئاڵۆزییە لەگەڵ ئێران تا ترسی ئێران كلیلی كردنەوەی خەزینەی وڵاتانی كەنداو بێت بەرووی ئەمریكادا.
عێراق لەم دۆخەدا ، كە حەوشەی پشتەوەی ئێرانە، بەهۆی قبوڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكان و كاری ساختەكاری و گۆرینی نەخشەی حوكمرانی، رووی لەپێشووی و ئاڵۆزی كردووە، ئەمەش فرسەتێكی باش دەدات بە هێزە هەرێمایەتییەكان بۆ دەستتێوەردان، لەشكركێشی توركیا و رێككەوتنی ژێربەژێری لایەنەكانی تر تەنانەت سوننەو شیعە، كە لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا هەردوولا خاوەنی خۆیان هەیە، لەناوچەكە تەریككردنەوەی كوردی لێ دروست دەبێت و ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە نەكرێت ئەگەری ئەوەش بەهێز دەبێت ئاگری شەر بهێنرێتە هەرێمی كوردستانەوە.
خولاسەی كەلام ئەوەیە، ئێستا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەك تەبا نین و بەرچاو رونیان نییە بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە، تەنانەت هەندێكیان دەیانەوێت رۆڵی بكەریشیان پێبدرێت لەم ئاڵۆزییە.
بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە پێش روودانی باهۆزەكە پەلەبكرێت بۆ دروستكردنی تەفەهوماتێكی سیاسی، دەنا بەپێچەوانەوە رەنگە ئاگری ئەم شەڕو ئاڵۆزییە پێش هەركەس و لایەنێك ئەوانە بسوتێنێت، كە خۆیان بە بەهێز و خاوەن بریار دەزانن لەهەرێمی كوردستان و ئەوكاتە هەموو شارو ناوچەكانی هەرێم بەناوی پارێزگاری كردنەوە بەدەردی كەركوك بچێت.