Draw Media

پێشمەرگە نەک دەنگی ئەبێ خۆشی ھەڵبوەشێتەوە

پێشمەرگە نەک دەنگی ئەبێ خۆشی ھەڵبوەشێتەوە

2018-06-10 08:07:47


■ لەتیف شێخ مستەفا 
پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری کوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە دەرەکییەکان و بەرگری لە کوردستان ، ناش بێت دەستوەرداتە کاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان بەکاربھێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە کوێی ئەم دوو ئەرکەدایە ؟
یەکەم: سەبارەت بە بەرگری ھێڕشە دەرەکییەکان 
١- عێراق ھێڕشیکردوو ٥٠٪‏ ی خاکی کوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەک ھەر بەرگری نەکرد بەڵکو پاشەکشەیەکی شەرمەزاروو ئابڕوتکێنی پێکرا.
٢- ئەوە تورکیا بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر ھاتوەتە ناو خاکی کوردستان دەیەھا بارەگای داناوە و ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەکات ، کەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە ، ئەڵێی سوپای تورکیا چوەتە ناو خاکی حەبەشەوە.
٣- ئێرانیش خۆی کەی پێی خۆش بێت و تا کوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی تورکیا زیاتر نابێت.
٤- لەشەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چیان وت ، تەیارەکانی تەحالوف قەسفیان دەکرد شوێنەکانیان ڕزگار دەکرد ، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت.
دووەم : لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەکاردەھێنرێت و بەکارھێنران : 
١-لە شەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێ بەکوشت دان.
٢- لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان بەکاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەکانی سوپایەکی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نیە و کراونەتە میلیشیایەکی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریاندەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنییەکان بە چەک و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەکان و خەڵک دەکوژن یان فەلاقەیان دەکەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەکانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەکەن .
٣- لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی دەنگدانی تایبەت بەکاردەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێکخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات.
٤- بەکارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەکان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار کەس بەناوی پێشمەرگە موچە و دەرماڵە و خەرجی سەربازییان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەکرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردەگرن لە ٥٠ ھەزار کەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەکانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساکەی حوکمەت تایبەت بە ڕێکخستنەوەی مووچە و نەھێشتنی موچەی بندیوار فەرماندەکانی ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەکەن بۆئەوەی یاساکە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان کردبوو.
کەواتە پێشمەرگە بەم شێوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانیە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێکی ھەبێ ، بەپێچەوانەوە بوەتە ئامڕازێک بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵک ، دەبێ یان ڕزگاربکرێت و بکرێتەوە بە سوپای بەرگری کوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand