چایەک بەنرخی ژیان: چیرۆکەکانی تەسفییەی سیاسی لەڕێی ژەهرەوە
2022-11-11 09:06:06
ئارام رهفعهت
لەم رۆژانەدا خانەوادەی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند کە ئەو پەرلەمانتارە ژەهرخوارد کراوەو باری تەندروستی ناجێگیرە. پێشتریش چەند ئەندامێکی باڵای حیزبێکی دەسەڵات ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ژەهرخوارد کراون. لە دوو دەیەی رابردووشدا، مەرگی چەند کەسایەتییەکی دیاری حیزبێکی تری دەسەڵات دەنگۆو گومانی ژەهرخواردکردنی بەدوادا هات. ئەو دەنگۆو ئیدیعایانە راست بن یان نا، کاریگەری نەرێنی و نەخوازراوی لەسەر ژینگەی سیاسی و ململانێی ئاشتیانەو پرۆسەی بە دیموکراسیکردن هەیە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەو دۆخ و فاکتەرانە چین کە سیاسییەکان ناچاردەکات ژەهر وەک چەکێک بۆ تەسفییەی نەیارو رکابەرەکانییان بەکاربێنن؟
لەبەر ئەوەی هیچ کام لە ئیدیعاکانی ژەهرخواردکردنی کەسایەتییەکانی باشور لەلایەن دادگا یان راپۆرتی پزیشکی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بۆیە ناکرێت وەک کەیسێک بۆ گەییشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە سودییان لێوەربگیرێت. لەبری ئەوە، چەند کەیسێکی بەناوبانگی مێژوویی وەک نموونە بۆ تیشک خستنەسەر زەمینەو فاکتەرەکانی پشت ژەهرخواردکردن وەردەگرین.
کەیسی ژەهر خواردکردنی بەرهەڵستکارەکانی پۆتین سەرنجراکێشترین کەیسی لەو جۆرەی سەدەی بیست و یەکن. پێشنیوەڕۆی یەکی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ ئەلێکساندەر لیتڤینێنکۆ، ئەندامی پێشووی دەزگای هەواڵگری (کەی جی پی) رووسی و بەرهەڵستکارێکی دیاری ئەوسای پۆتین لە هۆتێلێکی لەندەندا لەگەڵ دوو لە کۆنە هاوڕێکانیدا دیدارێکی دەبێت و چایەک دەخواتەوە. دوای نیوەڕۆکەی هەست بەو هەڵە گەورەیەی ژیانی دەکات و ئەو چایە دەبێتە دوا چا خواردنەوەی ژیانی. دواتر پزیشکەکان رایانگەیاند لیتڤینێنکۆ ژەهرخوارد کراوەو دوای چەند رۆژ گیانی لەدەست دا. ١٤ ساڵ دواترو لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢دا، ئەلەکسی ناڤالنی، بەرهەڵستکاری قسەلەڕووی پۆتین لە فڕۆکەخانەی تۆمسک و پێش چوونە ناو فڕۆکەکەی چایەک دەخواتەوە. لەناو فڕۆکەکەیدا باری تەندروستی تێکدەچێت و فڕۆکەکە ناچار بە نیشتنەوە دەبێت دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە. ناڤالنی، وەک لیتڤینێنکۆ بەدبەخت نەبوو و لەمەرگێکی حەتمی رزگاری بوو. بەڵام ئەو دکتۆرە نەگبەتەی ئەو رۆژە ئێشکگری نەخۆشخانەکە بوو و پشکنین و چارەسەری بۆ ناڤاڵنی کرد دوای ماوەیەک کتوپڕو بەمەرگێکی گوماناوی دەمرێت.
کەیسێکی تری سەرنج راکێش، ژەهرخواردکرنەکەی راسپۆتینە. لە دوا رۆژەکانی ساڵی ١٩١٦، وەک زۆرجاری تر، راسپۆتین لەلایەن هەردوو شازادەی روسیا، فلیکس یوسوپۆڤ و دەمتری پاڤلۆڤیچ بانگێشتی کۆشککەکەیان دەکرێت. بەڵام ئەمجارە بە ئامانجێکی جیاواز، بۆ تەسفیەکردنی هاوڕێ و دۆستی قەیسەرو ژنەکانی خانەوادەکەیان بوو لە رێگای ژەهرەوە. ئەو رۆژە دەبوایە راسپۆتین بمرێت، باشترین مەرگێکیش کە هەندێک لە شکۆو ئابڕوی خانەوادەی قەیسەر بپارێزێت، ژەهرخواردکردن بوو. ژەهرێکەو لە جەوێکی هاوڕێیانەداو لە حزووری شازادەکاندا دەخورێتەوەو دواتریش رادەگەیەنرێت راسپۆتین بەمەرگی ئیلاهی ئۆغری کردو نهێنییەکانیشی لەگەڵ خۆی دەمرن. شازادەکان کێک و شەڕابی تژی لە ژەهرییان خستە بەردەم راسپۆتین. ئەم بەچێژەوە کەوتە خواردنییان، بەڵام وەک ئەوەی هەنگوین نۆش بکات نەک ژەهر، بەخەیاڵیدا نایەت و بەردەوامە لە نۆشکردنی شەراب و کێک. ناچار شازادەکان راستەوخۆ دەیدەنە بەر دەسڕێژی گولـلەو راسپۆتین و نهێنییەکانیش دەبنە مۆرکێکی هەمیشەیی بە تەوێڵی خانەوادەی قەیسەرو پەڵەیەکی نەسڕاوەی مێژوویان.
تەسفییەو لەناوبردنی رکابەرو نەیارەکان بە ژەهرخواردکردن دیاردەیەکی تایبەت نییە بە مۆدێرنەتەوە، بەپێچەوانەوە، لە سەدەکانی ناوەڕاستیش دەیان چیرۆکی بەناوبانگی ژەهرخواردکردن تۆمارکراون، بەتایبەتی لە ئیتالیای سەروبەندی رێنسانسدا. بەڵام، بۆ خوێنەری کورد نزیکترین نموونەی ئەو چیرۆکانە ژەهرخواردکردنی میر سلێمان، میری میرنشینی سۆرانە لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەمدا. میر سلێمان لەکاتی سەردانی بۆ بەغداو دانوسانکردن لەگەڵ والی عوسمانییەکاندا، بەپیلانی والی و بە هاوکاری لەشکری ژەهرخوارد کرا. دیوە خەمناکەکانی ئەم رووداوه فرەن، بەڵام هەرە خەمناکەکەیان غەدرو خیانەتی والی بەغدا بوو. میر بۆ دانوسان لەگەڵ والی عوسمانییەکان دەچێتە بەغداو دەبێتە میوانی والی. بەڵام والی دوور لە عورف و ئەخلاقی سیاسی و میوانداری، پیلانی ژەهرخواردکردنی میر دادەڕێژێت . لە خیانەتی والی خەمناکتر، خیانەتی لەشکرییە لە میر. لەشکری جێی متمانەو دەستەڕاستی میرو سەر لەشکری سوپاکەشی بوو، ئەو متمانەو باوەی میری قۆستەوە بۆ ژەهرخواردکردنی بەو ئومێدەی ئەم لە شوێنی میر سڵێمان ببێتە میری سۆران، هەروهک والی پەیمانی پێدابوو. رەنگە ئەمە کۆنترین کەیسی ژەهر خواردکردن و تاکە کەیسی لەوجۆرەش نەبێت لە مێژووی کورددا، بەڵام بەناوبانگترین کەیسە. شۆکی رووداوەکەو دەرهاویشتەو دەرەنجامەکانی هێندە کاریگەربوون تا ئێستاش هەم لە کۆنەست و لە فۆلکۆری کوردیدا بەنەمری ماونەتەوە.
لەڕاستیدا ئەگەر ژەهرخواردکردن وەک بەشێکی کەلتوری سیاسی تەماشای بکرێت، ئەوا ریشەی ئەو کەلتورە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین. دوو رووداوی مێژوویی ژەهرخواردکردن لە چوار سەدەی پێش زاییندا شایستەی هەڵوێستە لەسەرکردنن. رووداوی یەکەم ژەهرخواردنەوەی سوقراتە. سەدەی چوارەمی پێش زایین و بەدیاریکراویش لە ساڵی ٣٩٩ی پێش زاییندا، مێژوو دەبێتە شاهیدی بەناوبانگترین کەیسی ژاراویکردن، ئەمیش ژەهرخواردنەوەی سوقرات، فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی، بوو. هەرچەندە، سوقرات خۆی ژەهرەکەی ئاگاییانە خواردەوەو وەک کردەیەکی خودکوژی چاوی لێدەکرێت، بەڵام ئەو، خۆبەخشانە فەرمانی دادگای جێبەجێکرد نەک به ویستی خۆی خودکوژی بکات. دادگای ئەسینا، فەرمانی مردنی سوقراتی لەرێگای خواردنەوەی کوپێک لە ژەهری هێملۆکی دەرکرد. بەگوێرەی یاساکە، سوقرات دەبوایە خۆی ئەم ژەهرە بخواتەوە، واتە خۆی ببێتە جەلادی خۆی. رەنگە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەمە ئاشکراترین و مەردانەترین شکۆمەندترین کردەی ژەهرخواردکردن بێت. ئاشکراترین کەیسی ژەهر خواردکردنە، چونکە سوقرات دەیزانی ئەو بادەیەی دەیخواتەوە ژەهری هێملۆکی کوشندەیە. مەردانەترینی کردەی ژەهر خواردکردنیشە، چونکە هەم لایەنی بکوژ لەرێگای دادگایی کردنێکی ئاشکرا کە سوقرات خۆی تێیدا بەشدار بوو و بەرگری لەمافی خۆی دەکرد بڕیاری ژەهرخواردکردنی سوقراتی دەرکرد. ئەم کردەیە، شکۆمەندانەترین کردەی ژەهر خواردکردنیشە چونکە سوقرات لەپێناوی بیروباوەڕەکەیدا ئامادەی ژەهرخواردنەوەو مەرگی حەتمی بوو.
دووەم رووداوی بەناوبانگی پێش زایین دەرکردنی یاسای لێکس کۆرنیلیان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی رۆمانییەوە. یاساکە تایبەتە بە سزادانی ئەوانەی تاوانی ژەهر خواردکردن ئەنجام دەدەن و بەیەکەم یاسای لەم شێوەیە هەژمار دەکرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە سەدەی چوارەم تا سەدەی یەکەمی پێش زایین، لە هەرێمەکانی ژێر قەڵەمڕەوی رۆمانەکاندا ژەهرخواردکردن دەبێتە مۆدێکی باوی کوشتن و مۆتەکەیەکیش بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی بەوهۆیەشەوە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ئیمپراتۆرە بەتەواوی ئاڵودە دەبێت. فراوانی ئەو شێوازی تەسفییەیە بەرادەیەک فراوان بووە کە لە ساڵی ٨٢ پێش زاییندا، ئیمپراتۆری رۆمانی ناچار دەبێت ئەو یاسایە دەربکات. دوای دەرکردنی یاساکە بە دەیان تاوانبار، لەوانەی لە تاوانی ژەهرخواردکردن تێوەگلا بوون سزای مەرگییان بەسەردا سەپێنرا.
دوا چیرۆکی سەرنجڕاکێش. دەمەقاڵێی ژەهرخواردکردنە لەنێوان ناسنی ئەستۆرو وێنستن چێرچڵ، کە دوو لە بەناوبانگترین سیاسییەکانی سەدەی بیستی بەریتانیان و جێپەنجەیان بەسەر مێژووی بەریتانیاو جیهانەوە هەیە. ناسنی یەکەم ژنە پەرلەمانتاری بەریتانییەو چێرچڵیش کاریگەرترین سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. نانسی بە چێرچڵ دەڵێت "وینستن، ئەگەر تۆ مێردم بویتایە ژەهرم دەکردە چایەکەت". چێرچڵیش لەوەڵامدا دەڵێت "ناسنی، ئەگەر تۆ ژنم بویتایە چایەکەم دەخواردەوە". ئەگەر بەسەر دیوە گاڵتەجاڕییەکەی ئەم گفتوگۆیەدا بازبدەین ئەوا دیمەنێکی تر دەبینین، دیمەنی رق یان ترس تاڕادەی بیرکردنەوە لە ژەهرخواردکردنی ئەوی تر.
ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، زەمینەو فاکتەرەکانی پشت ژەهرخواردکردن چین؟
لەو کەیسە مێژووییانەدا کە لەسەروە ئاماژەمان پێداوە، سێ فاکتەری سەرەکی هاوبەش هەن کە وادەکەن ژەهر خواردکردن ببێتە بەدیل و شێوازێکی گونجاوی تەسفییەو لەناوبردن. فاکتەری یەکەم رق یان ترسە لە قوربانییەکە، رق و ترسێک تا رادەی ئارەزووی تەسفییە و لەناوبردن. ئەم رقە یان ترسە، لە پۆتین بەرامبەر لیتڤینێنکۆ و ناڤالنی؛ رق و ترسی شازادەکانی روسیای قەیسەری بەرامبەر راسپۆتین و والی بەغداش بەرامبەر میر سلێمان بە ئاشکرا دەردەکەوێت. فاکتەری دووەم، متمانەیە. هەمیشە لەنێوان تاوانکارو قوربانییەکەدا متمانەیەک هەیەو تاوانکار پێویستی بەو کەشی متمانەیە بۆ ژەهرخواردکردنی قوربانییەکەی. ئەمەش لە متمانەی لیتڤینێنکۆو ناڤاڵنی بە چایخانەکان، لە میر سڵێمان بە لەشکری و والی بەغدا، لە راسپۆتین بە شازادە 'هاوڕێ'کانیدا دەردەکەوێت. نانسیش پێویستی بە متمانەی ژن و مێردایەتی بوو بۆ ژەهرخواردکردنی چێرچل. فاکتەری سێیەمیش، ونبوونی ئاسەوارەکانی ژەهرخواردکردنە. جا چ لەبەر ئەوەی زۆربەی جارەکان ژەهرخواردکردن لەگەڵ مردنی ئاساییدا تێکەڵ دەکرێت، یان لەبەرئەوەی کەسی تاوانکار هێندە نزیکە لە قوربانییەکەوە، کەمتر شک و گومانی دەچێتە سەر. زۆربەی جارەکانیش، کەسی ژەهرخواردکراو یەکسەر نامرێت و ئەمەش وادەکات کەس و لایەنی تاوانکار لەناو کۆمەڵێک گومانلێکراودا، وون ببێت.