دژی بێباکی و لە ستایشی تووڕەییدا: مرۆڤ ناتوانێت شتێک بێت کە نەیبینیوە

Draw Media

2022-10-02 18:38:55



د. چۆمان هەردی

 
ئێمە لە سەردەمێکی جیاوازدا دەژین، سەردەمێک کە ژن تیایدا دینامۆی گۆڕانکارییە. لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژھەڵات و ئێران ژنان ڕابەری بزوتنەوەی ئازادیخوازین. ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی داگیرکار، دیکتاتۆرییەت، پیاوسالاری، ھەژاری و نادادپەروەری دەجەنگن. بۆیە بە یارمەتی فایەق بێکەس، ئەم بەیتە لەگەڵ ئەمڕۆدا دەگونجێنم و دەڵێم:
میللەتی بێ عیلم و بێباک چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟
واسیتەی بەرزی و تەرەققی ھیممەتی ژنانەیە (١)

تووڕەیی ژن لە چەوسانەوە و بەگژداچوونەوەی نادادی کردەگەلێکی خۆماڵی و خۆکردیین و ھاوردەی ھیچ شوێنێک نین. ژنان لە بەشە جیاکانی کوردستان چیتر بە کۆتوبەندی پیاوسالاری و ستەمکاری ڕازی نین و خاوەندارێتی جەستە، بڕیار و ژیانی خۆیان دەکەن. کەچی لە باشوور تازە پیاوانی دەسەڵاتدار پێماندەڵێن ژن کێڵگەی دروستکردنی منداڵە، ژن دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی مێرد و منداڵی بکات، ژن دەبێت خەتەنە بکرێت تا شەھوەتی کەم بێتەوە و ”بەدڕەفتاری" نەکات، مافی پیاوە ھەرکاتێک ویستی و گەر بە زۆریش بێت لەگەڵ ژنەکەی بخەوێت. 

لە باشوور کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن، ڕێگرتن لەوەی ھوشیاربێت، بخوێنێت و کاربکات وەک شێوازێک لە پاراستن نمایشدەکرێن. سیستەمی پیاوسالاری ھەر خۆی مەترسی دەستدرێژی، گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دروستدەکات و ئەم مەترسییانەش بەکاردێنێت و بە ناوی ”پاراستنی ژن"ەوە ڕێگری لە بەشداری ژن دەکات لە کایە ھونەری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکاندا. 

ئەم پیاوسالارە ئایینی، حیزبی و نەریتخوازانە ھەموو توانای خۆیان بەکاردێنن تا ژن بە دەستەمۆیی و بێدەسەڵاتی بھێڵنەوە. ھەر بۆیە لە ساتێکدا کەسێک یان گرووپێک ھەڕەشە لەو سیستەمە بکات کە ئەوان دەیان ساڵە دەیچنن و دروستی دەکەن، ئەوا بەوپەڕی ھێزی خۆیانەوە پەلاماری دەدەن. 

سیستەمە لاوازبووەکان و ئەوانەی لەژێر مەترسیدان ھەمیشە توندوتیژترینن (جا ئەوە دەوڵەتی ئێران بێت یان سیستەمی پیاوسالاری)، ئەوان بەھێزترین چەکەکانی خۆیان بەکاردێنن تا داکاکۆکی لە مانەوەی خۆیان بکەن. بۆیە گەر یەکێک لێی پرسیت: ئایا گۆڕانکاری ڕوویداوە؟ پێی بڵێ: ئەو ھەموو ھێرشە توندەی دەکرێتە سەر ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەڵگەیە بۆ ئەوەی درز کەوتۆتە گوتار و تێڕوانین و ھەوڵەکانی زۆرداران و پیاوسالارانەوە.

فێمینیستەکان دەمێکە وتوویانە: مرۆڤ ناتوانێت شتێک بێت کە نەیبینیوە. بە واتایەکی تر گەر ژنان ھەرگیز ژنێکی ئازاد و ئازا نەبینن، پێیانوایە کە شتی وا بوونی نییە و ناتوانن وا بن. بەڵام سەیری ئەو ھەموو ژنە تووڕە و ئازاد و ئازایەی دەوروبەرمان بکە کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و چیتر بێدەنگ نابن. ئەوان ڕۆژانە پیشانماندەدەن کە گەر پێکەوە کاربکەین، دەتوانین لە پیاوسالاری و نادادپەروەری دەربازبین. 

بەڵام خانمی گەنجی باشوور، پێش ھەموو شتێک بخوێنەرەوە، خۆت پەروەردە بکە، ھاوپشتی ژنانی دەوروبەرت بکە، ستراتیژی کارت ھەبێت و وزەی خۆت بپارێزە بۆ کاتی گونجاو. 

ئازادی لە ڕواڵەت و جوانکاری و جلوبەرگدا کورتمەکەرەوە، چونکە ئازادی واتە بەرپرسیارێتی. خۆت پێبگەیەنە تا بتوانی بەرپرسیارێتی بڕیاردان و خاوندارێتی خۆت ھەڵگریت. بێباک مەبە لە چەوسانەوە! تووڕە بە بەرامبەر بە زوڵم. تووڕەیت لە نادادپەرەوەری بەکاربێنە تا شەڕ و گۆڕانکاری گەورە بکەیت کە تەنھا بە گرووپ دەکرێت نەک بە شەڕی بچووک و بەتەنھا. لە شەڕە تەنھاکاندا زۆرجار دەدۆڕێیت بەڵام لە کاری پێکەوەییدا ھیوای سەرکەوتنت ھەیە.

(١) لە بنەڕەتدا بەیتەکەی مامۆستا فایەق بێکەس بەمجۆرەیە:
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟
واسیتەی بەرزی و تەرەققی ھیممەتی مەردانەیە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand