(کلیة الطب)ی  زۆرەملێ

Draw Media

2022-09-25 20:14:19



د. دانا حەمەعەزیز

سیستەمی سیاسی وڵاتانی خۆرهەڵاتیی، ڕۆلێکی خراپی هەیە لە ئاراستەکردنی پەروەردە و زانست.  پێوەر و فلتەرەکانی خەمڵاندنی  زیرەکیی لە کۆمەلگەی خۆرهەڵاتی و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەراست(جگە لە ئیسرائیل) وەك سیستەمە سیاسیەکەی شەرمهێن و تا ئەندازەی کارەسات چەواشەکارانەیە. گەورەترین هەڵە لە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی دا ئەوەیە خاوەن نمرە بەرزەکانی دوا قۆناغی ئامادەیی - زانستی، یەکسەر ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی بکرێن و ڕەچاوی ئارەزوی خوێندکار نەکرێت. هەڵەیەکی گەورەیە زیرەکیی گشتی خوێندکار لە نەشتەرگەریی و لێکۆڵینەوە لە سەر نەخۆشی و دەم و دان  دا کورت بکرێتەوە، لە بەرامبەردا بوارەکانی دیکەی خوێندن و لێکۆڵینەوە بە کەمتر بخەمڵێنرێت، لە کاتێکدا خوێندنی پزیشکیی توانای زانستی کەمتر پێویستە لە چاو هەندێك بواری دیکە، لە بنەڕتدا پزیشکیی بەبێ کارەبا و تیشك و کۆمپیوتەر، بەبێ تێگەیشتن لە کیمیا و بایۆلۆجی و بنەما و فۆرمولە فیزیایی و ماتماتیکیەکان، هیچ بەهایەکی نیە.
دکتۆریی یان بە دکتۆرکردنی منداڵەکان، ئەوەندەی گرێی دەروونیی کۆمەڵگاکانی دنیای سێ یە بەتایبەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێندە پەیوەست نیە بە چنینەوەی سەرمایەی کاری دکتۆریی وەك بزنسێکی باش. ڕەنگە بەشی زۆری ئەم گرێ یە، پەیوەست بێت بە کەلتوری ئەم کۆمەڵگەیانە کە مرۆڤ بە حەز و بە ویستی خۆی ناژی،  وەك خۆی چێژ لە ئارەزوەکانی ژیان وەرناگرێت و هەمو شتێك دەکرێت بە قوربانیی بۆ ڕازیکردنی دەوروبەر.
گرێی دکتۆریی یان کەلتوری بەزۆر بە دکتۆرکردنی منداڵان تەنها هەر  لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای سێ باو نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی خراپتر ڕەوندی "عەرەبیی و کوردی و تورکی و ئێرانی و هیندی..." دانیشتوی ئەوروپا و ئەمریکای گرتۆتەوە، ئەمە تەنها منداڵانی لە مەیل و ئارەزوی خۆیان بۆ خوێندن، بێ بەش نەکردوە، بەڵکو زیانێکی گەورە و مەترسیداریشی بە خودی زانستی پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی گەیاندوە.
 ئەوانەی بەبێ ویستی خۆیان و بە حەزی دایك و باوك ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی کراون، سەرکەوتو نین و دکتۆر یان پسپۆڕێکی باشی تەندروستیان لێ دەرناچێت. بۆ نمونە بریتانیا ئەو وڵاتەیە کە ساڵانە زۆرترین دکتۆری بە بنەچە خۆرهەڵاتی بەرهەم دەهێنێت، بەپێی پێوەری وردی زانستی، زۆرترین دکتۆری کۆڵەوار لە کەرتی تەندروستی بریتانیا دا هەیە کە ئینگلیز نین، ئەمەش کەلێنێکی دیاری پیشەیی لە  خزمەت گوزاری تەندروستی نیشتیمانی NHS  دا دروست کردوە، ئەم کەلێنە لە کەرتی تەندروستی وڵاتانی دنیای سێ دا زۆر ترسناکترە!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand