مەرگی مرۆڤ و ستراتیژە ترسناكەكانی جیهان
2018-03-25 08:18:14
ئاسۆ جەبار
بەر لە ١١ سێپتەمبەر واتە بەر لە هێرشە ترسناكە جیهانهەژێنەكەی سەر تاوەرەكانی نیۆرك و ئەمریكا هەندێك لەبیرمەندانی ئەمریكی باسیان لە ئایدۆلۆژیاییەكی نوێ دەكرد كە توانستی رەنگڕێژكردن و بەرجەستكردنی گۆڕانكارییە جیهانییەكانی هەبێت، یان بە ئەندازەیەك توانستی كاریگەریی و هەژمونگەری هەبێت پاش داروخانی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم و برەوی جەبەرووتی لیبرالیزمی خۆرئاوایی و سەمایەداریی بازاڕ و كۆمپانیا گەورەكان. بەڵام هەر دوابەدوای ١١ ی سێپتەمبەر ئەم روانین و دنیابینییە نەك هەر دەنگی نەما بەڵكە بە ئەندازەیەك قڵپ بۆوە كە تا ئەوڕۆكە لەدوای ئەو كارەساتەوە تێكڕای دنیابینی و راڤەكارییەكان بۆ دنیا و دابەشكارییە سادەوساكارەكانی وەك جیهانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، لیبرالیزم و نیولیبرالیزم و جیهانی سێیەم و تادوایی كەوتنە بەردەم گومان و ژێر پرسیاری گەورەوە.
وەهمی جیهانێكی پڕ ئاشتی
دواجار دوایەمین راچەڵكین؛ راچڵەكینی داعش و تیرۆریزمی جیهانی بوو لەفۆرمێكی جیاواز و كارەسەتئامێزی ترسناكدا... بەڵام جان بۆدریار دوابەدوای ١١ ی سێپتەمبەر لە نوسینێكدا لە لۆمۆنددا دەڵێت "كردەوە خۆكوژییە تیرۆریستییەكان تێرۆریزمی ھەژارەكان بوو، بەڵام ئەم تێرۆرە تێرۆری دەوڵەمەندەكانە. كە ئەمە زۆر بە تایبەتی دەمانترسێنێت؛ لەبەرئەوەی دەوڵەمەندبوون و خاوەنی چەندین شێواز و كەرەستەن، و دەستبەرداری وێرانكردنمان نابن." ئایا دەتوانین لەڕێی كەرەستە و راڤەكارییە كۆنەكانمانەوە راڤەو شیكاریی بۆ جیھاد و ئەو گەنجینە ئاینی و سەلەفی و وەحشیگەریی و یۆتۆپیا زەبەلاحەكان بكەین؟ یان ئەو گاڵتەجارییە دەمانخاتە نێو مەتاھەیەكی گەورەی گەمژەییەوە بۆ تێنەگەشتن لە سیحری ئەو پەلھاوێشتنە زەبەلاحانەی جیھاد لەوپەڕی رۆژھەڵاتەوە تا ئەوپەڕی رۆژئاواو قوڵایی پایتەختە رۆمانسییەكانی دنیا؟ ئایا رووداوە كوشندەكەی پاریس بچوكتریت روداوە بەڵام لەدەنگداوەنەوەیەكی گەورەدا یان شۆكێكی گەورەو شەپازڵەیەكی گەورەبوو بۆ زرگانەوەی گوێی ئەوروپا ؟ ئایا روودانی كوشتنی ئەو پۆلە رۆژنامەنوس و كاریكاتێریستە لەپاریس تەنھا كردەیەكی تیرۆریستانە بوو وەك سەرلەبەری ئەو كردەوە وەحشیگەر و ھەمەجیانەی تیرۆری ئیسلامی جیھادی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا، یان شكاندنی ئەو خەیاڵ و یۆتۆپیا گەورەیە بوو كە لەدەوری خۆرئاوا وەك شەبەنگێكی فەلەسەفی و فیكریی و ھونەری و شارستانی بۆ ئازادییەكانی مرۆڤ دەدرەوشایەوە؟
ئەوەی ئەورۆكە راماندەگرێت لەبەردەم دنیای مۆدێرن و مێژووەیەكی دێرینی ئازادی و شەڕو مشتمومڕی گەورەی فەلسەفی و فیكریی و شارستانی ئەوروپا و جیھان، پێكڕا قوڵبوونەوە لە بناغە ھەرە بنچینەییەكانی ئاین لەدەوڵت و ئاینی لە فەزای گشتی، ئاین لەفەسەفە، ئاین لە ھونەر و ئەدەب و كولتور و فەرھەنگی شارستانی و سەرەنجام قوڵبوونەوەی گاڵتەجاریی تا سنوری ئەو شۆكە گەورەیەی كە ئەوروپای گەورە ئیمپراتۆریەتی ئازادییەكانی مرۆڤ و قبوڵكردنی جیاوازییەكان و ئاشتیخواز كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و كاریكاتێریستی لە پاریس بەدەستی رەشی جیھادییەكانی خودی فەرەنسا دەكوژرێن و هاوكات چەندین كردەوەی تیرۆریستی ترسناكتر وڵاتانی ئەوروپا دەهەژەێنێت.
تیرۆر ئا لێرەدە كۆتایی نایەت، وەكچۆن تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە رزگاركردنی شارێك و كاولكردنی زۆرێك لەشارستانییەكان و ناوچە زیندووەكانی ژیان كۆتایی نایەت. بەڵام من لێرەدا دەمەوێت بگەم پێی ئەو ستراتیژە ترسناكانەیە كە لەسەروەختی جەنگی تیرۆر و ئەو راچەڵكانە گەورەیەی جیهان و ناوچە گەرمەكانی ململانێكان بە راشكاویی دەیبینین و بە قوڵی هەستی پێدەكەیەن.
گەڕانەوەی ستراتیژی بەرژەوەندییە ترسناكەكانی ورچە سپییەكەی روسیا و مەرگی ئیمپراتۆرییەتی ئەوروپی و ستراتیژی بەرژەوەندییە ترسناكەكانی ئەمریكا و ستراتیژی مەزهەبگەرایی سونیزم كە لەچەندین ئاستی جیاواز و بەریەككەوتندا بەسەر زیاد لەكایەكی ترسناكدا دابەشدەبن. هاوكات پەلهاوێژی و هەژموونی شیعەگەرایی ئێران و هاوپەیمانییە ترسناكەكانی نێوان مۆدێرنە و مەزهەبگەرایی ئاینی؛ وەك هاوپەیمانی لیبرالیزمی ئەمریكی لەگەڵ كوشندەگەرایی سونەگەرایی عەرەبستانی سعودی و هێزە ئیسلامییە میانڕەوەكانی دنیادا، وەك هاوپەیمانی ترسناكی روسیای زلهێز و ئیرانی شیعەگەراو پێشلكارو كوشندی مافەكانی مرۆڤ و مافە هەرە سەرەتاییەكانی ژیانی هاوڵاتیان و تاكەكەس و پێكڕا هاوپەیمان لەگەڵ سوڵتانیزمی توركیای ستەمكاریی ئازادی و دیكتاتۆرییەتی ئاوێتە بە فاشیزم و ئیسلامیزم.
دەرئەنجام لەناو كۆی ئەم ستەمكاریی ستراتیژییە نوێیانەدا مەرگی رێكخراوە گەورەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوەو تاكەكەس و گروپە جیاوازەكان و ململانێ شارستانی فەرهەنگی بەرجەستە دەبن. بۆنمونە بێدەنگی جیهان و هەڵوێستەی كرداری بە پەلەو بەرگریكردن و رزگاركردنی مرۆڤ لە سوریا و یەمەن و عەفرین دەبێتە درۆیەكی گەورە. كاتێك ئەم ستراتیژو بەرژەوەندییە هاوبەش و ناكۆكانە دەكەونە جەنگ و ململانێوە ئیتر كوشتنی زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ لە سوریا دەبێتە ئاوخواردنەوە، گلدانەوەی زیاد لە ٣ ملیۆن ئاوارەی سوری لە توركیا و كردنیان بە هەڕەشە بۆ ئەورپا دەبێتە هەڕەشەیەكی بەلەنگاز و ترسناك و بێ چارەسەر، دواجار داگیركردنی عەفرین لەڕێی هەمەجییەتی لەشكركێشی ئیمپراتۆریتە نوێكەی ئەردۆغانەوە كە تێكەڵەیەكە لە فاشیزم و ئیسلامیزم و هەماهەنگ لەگەڵ هێزە ئیسلامییە تیرۆریست و وەحشیگەرەكانی سوریادا گەورەترین بێدەنگی لەجیهاندا دروست دەكات...دواجار مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان نەك هەر بوونەتە گاڵتەجار بەڵكە بوونەتە زوڕناژەنێكی ترسناك بۆ چەواشەكاریی و بەردەوامیدان بە جەمسەرگەرایی و هەژمونگەرایی ستراتیژ و هاوپەیمانییە كوشندەكانی زلهێز و كارئەكتەرە وەحشیگەرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.