"یەكبون نەك لەتبون"
2018-06-05 21:02:02
■ عەبدولڕەزاق شەریف .....
رێككەوتنی سیاسی هەڤدەی ئەپرێلی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە ئەلفەوە تا یا، بەدیباجە و جەوهەر و چەندوچونی، ئامانجەكەی گەڕاندنەوەی تەوافوق و تەوازون لە پرۆسە و هاوكێشەی سیاسی هەرێمی كوردستان بو، لە رێگەیەوە دەستوری هەرێمی كوردستان بنوسرێتەوە، هەندێك لە یاسا گرنگەكانی تایبەت بە ژیانی خەڵك و سیستمی سیاسی لە پەرلەمان دەربچێت یان هەمواربكرێتەوە، بەشێوەیەك زامنی گۆڕانكاری و گەشە و بەرەوپێشچوونی ئابوری، زانستی و كۆمەڵایەتی هەرێم بكات، وەك ستون و بناغەیەكی پتەویش بۆ دەرفەتی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان رایبگرین.
ئەمە، دوا وێستگەی ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا بو، تیایدا، بانگهێشتی گشت حیزب و لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستانیشی بۆ پشتیوانی و هاوكاری و بەشداری كردبو.
بە هەر پیلان و بەهانە و هۆكارێكی دەرەكی یان ناوخۆیی بوبێ، ئەو دەرفەتەش، وەك زۆر وێستگەی تری مێژوی كوردایەتی، بەخۆمان و لە دەرەوەی خۆمان، مەیی و لەمەنگەنە درا، جارێكیتر پەنجەرەكانی ئومێدی پێشكەوتن و سەربەخۆیی یان بەڕوی گەلەكەماندا، كلۆم كرد، لە پشتیشەوە، دەرگا گەورەكانی شكست و كەوتنیان بۆ كردینەوە.
تا دێ و هەرا و زەنای بێدادی و بێژیانی و كاولەماڵی، رەنگ و دەنگی زیاتر دەبێت، مەترسی و ئاڵەنگارییەكان گەورەتر دەبن، تاقانە روناكی ناو ئەم تونێلەی كە هەمومانیان لەناویدا، خزاندوە، دواین پرۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفایە، كە دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە رێككەوتنی سیاسی هەڤدەی ئەپرێلی نێوان ب.گ و ی ن ك ناسرا.
عیبرەت وەرنەگرتنی یەكێتی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، هیچ لە بەهای ئامانج و بیری سیاسی و ناوەڕۆكی پرۆژەكە كەمناكاتەوە.
بۆ ئەم قۆناغەی میللەتەكەشمان، بەنرخترین میراتی نەوشیروان مستەفایە و مەیدانێكی فراوان و گرنگی بزوتنەوەكەشە، كە دەتوانێ بێ ئافات، جوڵەی سیاسی تیا بكات.
لە پشكی یەكێتی و یەكێك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی سەركردایەتی هاوبەش "كە تەنیا خاڵی جێبەجێكراوی رێككەوتنەكە بو" ئێستا رێبەرایەتی رێكخراوێك لە دەرەوەی یەكێتی دەكا، كۆڵەكەیەكی پتەوی بەرنامەی سیاسی هاوبەشی ئەندێشەی ئەپرێل و پرۆژە نوستوەكەیە، پلان و بەرنامەی بێگرێوگۆڵیشی بۆ جێبەجێكردنی هەیە.
ئەركی پەلەی ئەم سەروەختەی پێكەوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی ئەو، پێداچونەوە، بوژاندنەوە و جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنامەیەیە.
بەمەش شەپۆل و تەوژمێكی گەورە لە گۆمی وەستاوی پرۆسەی سیاسی هەرێمدا، دروستدەكات و ئاسۆی تاریكی تونێلەكەش روناك دەكاتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش، وێڕای ئەو بەدحاڵی و بەدگومانی و بەدگۆیی یە، لە رابردودا لەسەر ئەو رێككەوتنە كردی، لە پایدا، دەستێكی رەشی خانمكردەی پشتی بارزانی و پێنج پەنجەی داخكراوی بەیاننامەیەكی لە پانزەی ئۆكتۆبەردا لە هاوینەهەواری دوكان وەگرتەوە و لە رۆژی دوایی و لە شانزەیا، پێش گەیشتنی حەشدی شەعبی، لە كەركوك بەدكاری و بەدرەفتاری چنیەوە، خۆ ئەگەر پارتی ئاهێكی وەبەردا، هاتبێتەوە، زەحمەتە ئەمجارە هەمان سیناریۆ لەدژی ئەو رێككەوتنە دوبارە بكاتەوە، عیبرەتی ئەمجارەش سەلماندنی پێناسی راستەقینەی رێككەوتنەكەیە كە بۆ یەكبونە نەك لەتبون.