من بایکۆت دەکەم، کەواتە هەم..
2022-07-23 09:17:10
رێبوار سیوەیلی
1. مرۆڤ هەر بە تەنیا بوونەوەرێکی هۆشمەند، کۆمەڵایەتی، گەمەکەر، نییە، بەڵکو بایکۆتکەریشە. لەسەر ئەو هەڵوێست و شتانە هەڵدەپرینگێتەوە، سڵدەکاتەوە، ئێست دەکات، کە زیانی مادیی و مەعنەوی و ئەخلاقی لێدەدەن. بۆیە بایكۆتكردنی هزر و كاڵا، وەك ڕەوەندێكی خۆدروستكردنیان لێهاتووە. پەیوەندییەكی توند لە نێوان ئەوەی مرۆڤ چی دەخوات و بەكار دەبات، لەگەڵ ئەوەی چۆن بیر دەكاتەوە، هەیە. چۆن بیركردنەوە ئەو شتانەت پێ هەڵدەبژێریت كە وەدەستیان دەهێنیت، لە كاتێدا ئەو شتانەی بەدەستیان دەهێنیت و دەتەون، بەرەنجامی شێوەیەكی تایبەتی بیركردنەوەن. تاكەكەس لەوێوە دروستدەبێت كە ناكۆكی لەنێوان كردار و بیركردنەوەیدا نەبێت، كە ئەمە لە دوا پەرەگرافدا ڕوونتر دەبێتەوە.
2. بایكۆت بەو مانایە ڕەوندێكی خۆ دروستكردنە لە ڕێگەی ڕەتكردنەوەی كاڵاوە، ڕەوندێكی خۆدروستكردن و لە خۆتێگەیشتنیشە لە ڕێگەی جۆرێكی تایبەت لە بیركردنەوەوە. بایكۆت، هەم كردارە و هەم بیركردنەوە. بیركردنەوە و كردار لە چالاكیی و هەڵوێستی بایكۆتیانەدا، وەك هەردوو ڕووی هەمان دراویان لێدێت. لەم ڕوانگەیەوە، بایكۆت ڕێگری لە دوو ڕوویی و نیفاق دەكات، چونكە ئەوەی مرۆڤ بە دزیی لە خەڵكی دەشارێتەوە، لەخۆیەوە ئاشكرایە و دزی لە خۆی پێناكرێت. بۆیە بایكۆت ئاوێنەیەكی ڕاستنوێنە، كە خۆمانمان بە ڕووتی و بێ دەمامك پیشاندەداتەوە.
3. بایكۆت كردار و بیركردنەوەیەكی ڕەسەن و دانسقەیە، كە بوار بە تاكەكەس دەدات ڕاستگۆیانە خۆی دروست بكات و ڕاستەقینانە لە ژیاندا هەبێت. ئەمەش ساتەوەخێكی بوونخوازانەیە، كە دەگمەنییەت و نایابی دەداتە مرۆڤ. لە ڕێگەی بایكۆتەوە تاكەكەس دەتوانێت ئیرادە بكات، هەڵبژێرێت و ڕەتبكاتەوە. سێ چالاكیی كە بۆ خۆبەرجەستەكردن و خۆسەلماندن زۆر پێویستن. ویست لە قوڵایی بوونی ئێمەوە دیت و جەوهەریی مرۆییمان پیناسە دەكات. هەڵبژاردن بەرجەستەكەری ویستە لە میانەی هەڵبژاردنی شتێك و هەڵنەبژاردنی شتگەلێكدا. ڕەتكردنەوەش ڕۆحیكی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریبەخش بە كۆی چالاكییەكە دەبەخشێت.
4. بۆیە بایكۆت وەك كردەیەك و بایكۆتچی وەك كەسێك، هەر تەنیا لە میانەی نمایشێكەوە، كە تیایدا تاكەكەس وابەستەیی خۆی بە ئەوانیترەوە ئاشكرا دەكات، خۆی ناسەلمێنێت. بەڵكو ئەو دەچێتە سەر شێوازێكی بیركردنەوەی نوێ بۆ ئەوەی ژیانی خۆی لە ڕێگەوە بگۆڕێت، كە ئەمەش هەنگاویكی تاكەكەسیانەی یەكەمە بۆ گۆڕینی جیهانیش. بەمجۆرەش بایكۆتچی بە تاقی تەنیا لەگەڵ هێزێكی ئابووریی، ئەخلاقی و میدیایی مەزن، دەكەوێتە جەنگێكەوە، كە دەیەوێت لە هەموو جیهاندا ئەو شتە جوان و نۆرماڵ و بگشتێنێت، كە قازانجی خۆی تیدایە و زەرەری مرۆڤایەتی. بایكۆتچی بەمكارەی لەیەك كاتدا سێ شۆڕش دەكات: شۆڕشی ئیرادە بەسەر دەستەمۆییدا، شۆڕشی ڕەتكردنەوە بەسەر میكانیزمەكانی ڕیكلام و گشتاندن و بازاڕگەرییدا، كە هەموو شتێك بەسەر تاكەكەسدا دەسەپێنن و شۆرشی ئاگایی و هووشاریی لە نێوان هەڵبژاردنی شتێك و هەڵنەبژاردنی سەدانیتردا.
5. بایكۆت ئەگەر وەك مۆدێكیش تەماشای بكرێت، ئەوە مۆدێكی سەرمایەیداریانە نییە و دەرچوونە لە میكانیزمەكانی فیتیشیزم و كاڵاپەرستی، كە بەشێكە لە ئایینی سەرمایە و پێكەوەنانی قازانج. بۆ ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە، لەوە ئازاربەخشتر نییە وڵات پڕ ببێت لەو تاكەكەسانەی كە بە هووشارییەوە ڕەتدەكەنەوە. بۆیە هەستدەكەم نابێت تەنیا لە پەیوەندیی بە كاڵای توركییەوە تەماشای بایكۆت بكەین، بەڵكو پێویستیشە بایكۆت وەك بەرەنگارییەك لە ئاست كۆی سیستەمی سەرمایەدارییدا ببینین، كە سەمایەداریی توركیاش بەشێكییەتی. نەك هەر تەنیا نابێت بایكۆت كاڵا بگرێتەوە، بەڵكە پێویستە ڕەتكردنەوەی ئایدیۆلۆژیا، ئایین، كولتوور، سیاسەت و دیاردەباوەكانی ژیانی ڕۆژانەش بگرێتەوەو بایكۆت بكرێن، كە زیان لە خودێتی مرۆڤ دەدەن. كارەكە قورس و ڕەوەندەكە درێژخایەنە، بەڵام بۆ ساتەوەختێك بیر بكەوە كە بەبێ چەك و ئامراز، تاكەكەس دەتوانێت چیی بكات. ئەمەش ئەو خەونە مەزنە بوو كە كیەکەگۆ( کیرکگارد) فەیلەسووفی دانماركی، هەموو پڕۆژە فەلسەفییەكەی خۆی لەسەرەوە دامەزراندبوو: تاكەكەس پێویستە خۆی بێت، چارەنووسی ئەوەیە خودی خۆی بێت و توانای ڕەتكردنەوەی هەر شتێكی هەبێت، كە لە خۆی دوور دەخاتەوە.