مەرکەزییەتی دەوڵەت و مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان
🔹 دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی 31ی ئایار تۆم باراک _یەکێکە لە گەورە دەوڵەمەندەکان و نزیکترین هاوڕێکانی سەرۆک ترامپ_ وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا ڕاگەیاند.
🔹 دەستنیشانکردنی کەسایەتی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی ئەمریکییە بەرامبەر بە بەڕێوەبردنێکی ڕاستەوخۆتر بۆ دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراقدا.
🔹 لێدوانەکانی باراک دەربارەی فیدراڵییەت و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد مشتومڕێکی بەرفراوانی ناوەتەوە.
🔹 هەڵوێستە ڕاگەیەنراوەکانی ڕابردووی تۆم باراک گوزارشت لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی دەوڵەتێکی مەرکەزی بەهێز و توانای ئەو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دەکەن.
🔹 باراک پێی وایە کە مەرکەزییەت، نامەرکەزییەت و فیدراڵییەت هەموویان "وەهم"ن کە حکومەتەکان دروستیان دەکەن.
🔹 ئەوەی لەم قۆناغەدا مەترسیدارە، تەنها دیدگای باراک نییە، بەڵکو ئەو لێکترازانی ناوخۆییەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
🔹 یەکێک لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی باراک دەبنەوە لە عێراقدا، بریتی دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی نفوزی ئێراندا.
سەرەتا
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی (31ی ئایار 2026)، دەستنیشانکردنی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەنقەرە، تۆم باراک (تۆماس باراک) _یەکێکە لە گەورە دەوڵەمەندەکان و نزیکترین هاوڕێکانی سەرۆک ترامپ، و خاوەنی پەیوەندی کۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو پێیەی بۆ چەندین ساڵ لە سعوودیە کاری کردووە و پەیوەندی لەگەڵ چەندین دەوڵەتی کەنداودا هەیە_، وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە نوێنەرایەتی فراوانبوونی فەرمی ئەرکەکانی دەکات لە ناوچەکەدا، ستایشی ئەو ڕۆڵەشی کرد کە باراک دەیگێڕێت، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای هەیە، و بەردەوامە لە خزمەتکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی پێگە نوێیەکەیەوە.
ئەوە لە کاتێکدا بوو ڕۆژێک پێش ئەم ڕاگەیاندنە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ جەختی کردەوە کە تۆم باراک ڕۆڵێکی سەرکردایەتی دەبینێت لە هەردوو دۆسیەی عێراق و سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی سەرۆک ترەمپدا، سەرەڕای کۆتایی هاتنی ئەرکی پێشووی وەک نێردەی تایبەت بۆ سووریا.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ دەربارەی تۆم باراک و ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ، ڕەهەندێکی فەرمی دەبەخشنە ئەو ڕۆڵەی کە باراک لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کرداری لە دۆسیەی عێراقدا دەستی پێکردبوو، دوای ئەوەی گۆڕا بۆ یەکێک لە دیارترین ڕوواڵەتەکانی پەیوەندیگرتنی ئەمریکا لەگەڵ بەغداد دوای بەربەست لەبەردەم دەستبەکاربوونی مارک سافایا لە ئەرکەکانی وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق بە شێوەیەکی فەرمی.
دەستنیشانکردنی تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ عێراق، ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی کۆشکی سپییە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی بەغداد لە چوارچێوەی دیدگایەکی هەرێمیی یەکگرتوودا. لە کاتێکدا شارەزایان گرەو لەسەر نفوزی ڕاستەوخۆی ئەو لای سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقدا، لە هەمان کاتدا تەحەددییەکانی نفوزی ئێران، داهاتووی کوتلە و گرووپە چەکدارەکان، و شێوازی دەوڵەتی عێراق وەک دیارترین ئەو دۆسیانە دەردەکەون کە لەسەر مێزی نێردە نوێیەکە دەبن.
تۆم باراک لە ئێستادا بە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسایەتییە ئەمریکییانە دادەنرێت، کە ڕاسپێردراون بە بەدواداچوونی دۆسیەکانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی، بەتایبەتی عێراق، سووریا و لوبنان، ئەمەش بەهۆی باگراوەندی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، سەرەڕای بەستنەوەی بە دۆسیەی تورکیاوە، کە ئەمانە هەمووی پێگەیەکی کاریگەری پێبەخشیوە لە بەڕێوەبردنی ئەو وەرچەرخانانەی لەم دەوڵەتانەدا ڕوودەدەن. ئەو ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە قۆناغی سیاسی نوێ لە سووریا، لە کاتێکدا هاوشانی ئەو پێشهاتە ئاڵۆزانە دەڕوات کە لوبنان بەخۆیەوەیان دەبینێت، عێراقیش زۆر دوور نییە لەم سیاقە هەرێمییانە، ئەمەش بەهۆی تێهەڵکێشی سیاسی و ئەمنییەوە لەگەڵ هەردوو دۆسیەی سووریا و لوبناندا.
بۆچی تۆم باراک؟
تۆم باراک کە ملیاردێرە لە کەرتی خانوبەرە و یەکێکە لە نزیکەکانی سەرۆکی ئەمریکا "دۆناڵد ترەمپ"، ئەو نێردەی سەرەکی ئیدارەی ئەمریکییە بۆ سووریا لە ساڵی 2025ەوە، هاوکات لەگەڵ کارەکەی وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە لە تورکیا، پێش ئەوەی دۆسیەی عێراقی بۆ زیاد بکرێت.
تۆم باراک لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوازێکی ناڕاگەیەنراو بەدواداچوونی بۆ ژمارەیەک لەو پرسانە کردووە کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکاوە، بۆیە ئەو دوور نەبووە لە دۆسیەی عێراقی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، ئەمەش دەرفەتی پێبەخشی بۆ پێکهێنانی مەعریفەیەکی قووڵتر بە وردەکارییەکانی دیمەنی سیاسی عێراق و ئاڵۆزییەکانی. هاوکات شارەزایان ئاماژە بەوەش دەکەن یەکێک لە دیارترین ئەو خەسڵەتانەی باراک پێی دەناسرێتەوە، خێراییە لە بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکان، سەرەڕای خاوەندارێتیکردنی پاڵپشتی ڕاستەوخۆ لە کۆشکی سپییەوە، ئەمەش هامشێکی فراوانی پێدەبەخشێت بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر ڕێڕەوی پەیوەندی نێوان بەغداد و واشنتۆن لە ماوەی قۆناغی داهاتوودا.
باراک تەنها وەک نێردەیەکی تر بۆ سووریا یان عێراق سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک ئەوە دەردەکەوێت کە نوێنەرایەتی تیۆرییەکی جیاواز دەکات دەربارەی چۆنیەتی ڕێکخستنی ناوچەکە و بەڕێوەبردنی ململانێکانی ناوی و بنیاتنانی پەیوەندییەکان و سەپاندنی داواکارییەکان.
سەرهەڵدانی باراک ڕەنگدانەوەی وەرچەرخانێکە لە سیاسەتی هەرێمیدا لە سەردەمی ترامپدا، ئەویش لە تەرکیزکردن لەسەر لایەنە کاراکتەرە سەربەخۆ یان بچووکەکان (چ لە ڕووی قەبارە یان تواناوە) بۆ تەرکیزکردن لەسەر دەوڵەتە مەرکەزییە بەهێزەکان و لایەنە کاراکتەرە بڕیاربەدەستەکان، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکارییکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا، وەک چۆن لە تویتەکەیدا لەسەر سەکۆی ئێکس ئاماژەی پێدا، لە کاتێکدا باراک خۆی سیاسەتی "پشتگوێخستنی لایەن یان قەوارەکانی تری کەمتر کاریگەر و کەمتر دەوڵەمەند و کەمتر مەرکەزی" چەسپاندووە، چونکە سیاسەتەکەی ترامپ کە نێردەکەی "باراک" جێبەجێی دەکات، گرنگییەکی گەورە دەدات بە هاوکاریی توندوتۆڵ لەگەڵ حکومەتی شەرع لە سووریا، و حکومەتی نوێی عێراق بە سەرکردایەتی عەلی زەیدی، لە کاتێکدا لایەنە کاراکەرە سیاسییە بچووکەکان فەرامۆش دەکات.
هاوکات باگراوەندی ئابووری باراک وەک پیاوی کار و وەبەرهێنەر، ڕەنگە ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی ئەمریکی بێت بەرەو فراوانکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراقدا، و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی، و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران لە هەندێک دۆسیەی زیندوودا، لە ڕێگەی بنیاتنانی پەیوەندییەک کە پتەو بێت لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان. بۆیە دەستنیشانکردنی باراک دەگونجێت لەگەڵ دیدگایەکی ئەمریکی نوێ بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەولەوییەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی مقارەبەیەکی جیاواز لەو سیاسەتە تەقلیدییانەی واشنتۆن پەیڕەوی دەکردن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، و بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەو وەرچەرخانانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
هەروەها ئەزموونی پێشووی باراک لە دۆسیەی تورکیادا، لە پاڵ نزیکایەتی لە سەرۆکی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ، پێگەیەکی کاریگەری پێدەبەخشێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە وزە، هاوسەنگییە هەرێمییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکان، سەرەڕای توانای ئەو بۆ کۆکردنەوە لە نێوان ڕەهەندە ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا لە یەک کاتدا.
بوونی کەسایەتییەک بەم خەسڵەتانە لەسەر لوتکەی دۆسیەی عێراق، ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی ئەمریکییە بەرامبەر بە بەڕێوەبردنێکی ڕاستەوخۆتر بۆ دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراقدا، بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ دیدگای ئیدارەی ئەمریکی ئێستا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.
دەستنیشانکردنی باراک لە کاتێکدا دێت کە هاوکاتە لەگەڵ جوڵانەوەیەکی سیاسی و ئەمنی خێرا لە عێراقدا، و لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆکانی پەیوەست بە داهاتووی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیدا و ئەو جموجۆڵانەی لە دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکاندا هەیە.
لە یەکەم لێدوانی خۆیدا دوای دەستنیشانکردنی وەک نێردە بۆ عێراق، باراک ستایشی هەنگاوەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کرد بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و دەستخۆشی لەو گرووپانە کرد کە بڕیاریاندا چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
باراک لە پۆستێکدا وتی: "گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین لەسەر ئەم هەنگاوە گرنگە، کە نوێنەرایەتی بەردی بناغە دەکات بۆ حوکمڕانییەکی زاتی عێراقی نوێبووەوە، کە پتەوە لەسەر گەڕاندنەوەی سەروەری، و سەقامگیری هەمیشەیی، و بەڵێنی ڕیفۆرمی نیشتمانی"، ستایشی ئەو کۆمەڵانەشی کرد کە "بڕیارە مەبدەئییەکەیان بە گەڕاندنەوەی تەواوی چەکەکان بۆ دەوڵەتی عێراق، بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی سیستمدا".
مەرکەزییەتی دەوڵەت و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان
باراک سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات وەک "کۆمەڵێک لە عەشیرەت و گوند کە بە شێوازێکی دەستکرد دوای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ لە ساڵی 1916دا دابەش کراون بەسەر دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا"… و بەڕێوەبردنی ئەو فرەچەشنییە پێویستی بە دەسەڵاتێکی مەرکەزیی بەهێز هەیە.
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە؛ باراک دیدگایەکی جیاوازی هەڵگرتووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا، کە پشت دەبەستێت بە سوودوەرگرتن لەو هەڵانەی هاوشانی ئەزموونی ئەمریکی بوون لە دوای ساڵی 2003، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە لاوازیی دەسەڵاتی مەرکەزی و فراوانبوونی نەزعاتی فیدراڵی و هەرێمەکان، هەڵوێستە ڕاگەیەنراوەکانی ڕابردووی ئەو گوزارشت لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی دەوڵەتێکی مەرکەزی بەهێز و توانای ئەو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دەکەن.
بێگومان ناتوانرێت باسی تۆم باراک بکرێت بەبێ ئاوڕدانەوە لەو دۆخەی کە خۆی سەرکردایەتی دروستکردنی کرد بەرامبەر بە کورد لە سوریا، کاتێک باراک کوردی سووریای پشتگوێ خست، کاتێک ڕایگەیاند کە ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەد) لەگەڵ کۆتاییهاتنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە کانوونی دووەم/ یەنایەری ئەمساڵدا کۆتایی پێهاتووە، دوای هاوبەشییەک کە چەندین ساڵی خایاند، کە تێیدا پێشینەکەی "جۆیل ڕایبۆرن" تەرکیزی کردبووە سەر هاوبەشی لەگەڵ قەسەددا سەرەڕای دژایەتی توندی تورکیا، لە کاتێکدا باراک تەرکیزی خۆی خستە سەر بەهێزکردنی مەرکەز لە دیمەشقدا.
لەسەر ئەوە بنەمایە لە سەردەمی شەڕی داعشدا، کورد بۆ ئەمریکا "هاوبەشێکی ستراتیژی" بوو، بەڵام لە دیدگای باراک و ئیدارەی نوێی ترەمپدا، کاتێک شەڕ تەواو دەبێت، هاوبەشەکان دەبنەوە بە "ئەرکێکی سیاسی" . لێدوانەکانی باراک دەربارەی ئەوەی کە کورد بەردەوام کێشە بۆ مەرکەز دروست دەکات، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن چیتر ئامادە نییە بەهۆی پاراستنی تایبەتمەندیی کوردەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدادی "بەهێز" تێکبدات. باراک دەیەوێت بەغداد بەهێز بکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، و لەم پێناوەشدا ئامادەیە قوربانی بە هەندێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێم بدات.
هاوشێوەی سووریا، وەک ئەوە دەردەکەوێت کە نێردەی ئەمریکی هەمان ڕێڕەو لەگەڵ عێراقیشدا دەگرێتەبەر، بەتایبەتی لە هەردوو دۆسیەی گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئێران، و هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، واشنتۆن هانی عێراقی داوە بۆ چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران کە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان وەک پاڵپشتییەک بۆ تاران لە ماوەی شەڕی کۆتاییدا ئەنجامدا، کە زۆربەی ئەندامانیان لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا جێگەیان دەبێتەوە. هەروەها بەردەوامی پاڵپشتی ئەمریکای بەستووەتەوە بە دوورخستنەوەی ئەم گرووپانە و باڵە سیاسییەکانیان لە حکومەتی نوێ.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، لێدوانەکانی باراک دەربارەی فیدراڵییەت و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد مشتومڕێکی بەرفراوانی ناوەتەوە. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا، پێی وابوو کە مەرکەزییەت، نامەرکەزییەت و فیدراڵییەت هەموویان "وەهم"ن کە حکومەتەکان دروستیان دەکەن، وەک چۆن ئاماژەی بەوە کرد کە وەک ئەوە دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان نەیەوێت ببێتە بەشێک لە عێراقی فیدراڵ بەو شێوازەی کە دەستوور دەقی لەسەر جێگیر کردووە. سەرەڕای ئەوەی ئەم لێدوانانە بەو مانایە نین کە دژایەتییەکی ڕاستەوخۆ بێت بۆ بوونی هەرێم یان داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بکات، بەڵام گوزارشت لە ڕوانگەیەکی سیاسی دەکەن کە ئەولەوییەت دەدات بە دەوڵەتە مەرکەزییە بەهێزەکان لەسەر حیسابی ڕێکخستنەکانی حوکمی نامەرکەزی یان پڕۆژە سیاسییانەی کە پشت بە بڕێکی گەورە لە سەربەخۆیی دەبەستن.
باراک لێدوانی ڕەخنەگرانەی هەیە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە هەرێم نایەوێت ببێتە بەشێک لە عێراقی فیدراڵ، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ خەونی سەربەخۆیی، و چۆنیەتی ئەوەی کە ئەو بە بەردەوامی بەربەستی لەبەردەم مەرکەز لە بەغداد دروست دەکرد، و هاوکار نەبووە لەگەڵیدا.
ئەم دیدگایە تاڕادەیەک دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لای هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە باراک پێشتر هەڵوێستی دژبەری وەرگرتبوو بەرامبەر پڕۆژەکانی فیدراڵی لە ناوچەکانی تری وەک سوریا، ئەمەش ئەو باوەڕە بەهێز دەکات کە ئەو مۆدێلەکانی حوکمڕانی مەرکەزی پەسەند دەکات لەسەر حیسابی شێوازەکانی لامەرکەزی.
بەڵام سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە دەستوورییەکەیان پێیان وایە وەک بەشێکە لە سیستەمی بەرگری، و قەناعەتی شارەزایان و چاودێرانیش بە شموولکردنیان بە میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە ئێستا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا کاری پێدەکرێت، دۆخی پێشمەرگە لە هەڵواسراویدا دەمێنێتەوە، هەمان چارەنوسیان نابێت.
هێزەکانی پێشمەرگە هێزێکن کە لە دەستووردا لە ماددەی 121دا وەک پاسەوانی هەرێم دەقیان لەسەر جێگیر بووە، و هیچ سکاڵایەکیان لەسەر نەبووە، چ لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بێت یان دەوڵەتانی کەنداو، وەک ئەوەی لەگەڵ حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکاندا ڕوویداوە.
پێشتر سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، لە لێدوانێکی جەختی کردبووەوە کە "چەکی هێزەکانی پێشمەرگە ناتوانرێت لەودا کورت بکرێتەوە کە تەنها کەرەستەی سەربازی یان ئامرازی شەڕ بن، بەڵکو گوزارشت لە ڕەمزێکی قووڵ دەکات بۆ مێژوویەکی درێژ لە خەبات و قوربانیدان، و جەختی کردووەتەوە کە پێشمەرگە "لە خوێن و ناڵە و فرمێسکی گەلی کوردستانەوە لەدایکبووە، و چەکەکەشی ڕەنگدانەوەی جەوهەری کەرامەت، مێژوو و فکری خەباتگێڕانەی گەلی کوردە".
ئەم مشتومڕە هاوکاتە لەگەڵ مەترسییەکانی هەولێر لە گوشارەکانی حکومەتی ئیتتیحادی (فیدراڵی)، و جووڵەکانی تۆم باراک نێردەی ترەمپ کە بە پشتگیریکردنی مەرکەزییەت لەسەر حیسابی هەرێمەکان دەناسرێت.
ئەوەی لەم قۆناغەدا مەترسیدارە، تەنها دیدگای باراک نییە، بەڵکو ئەو لێکترازانی ناوخۆییەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. باراک وەک پیاوێکی بازرگان، دەزانێت چۆن لە درزەکانەوە بچێتە ژوورەوە. کاتێک یەکێتی و پارتی ناتوانن لەسەر دۆسیە ئەمنییەکان و یەکخستنی پێشمەرگە ڕێبکەون، باراک ئەمە وەک بەڵگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ لای سەرۆک ترەمپ کە "ئەم مۆدێلە کار ناکات" و پێویستە چەک و بڕیار بگەڕێتەوە بۆ مەرکەز.
ئاڵنگارییەکانی باراک
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، یەکێک لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی باراک دەبنەوە لە عێراقدا، بریتی دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی نفوزی ئێراندا، و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان بەغداد و واشنتۆن، لە پاڵ پشتگیریکردنی کرانەوەی عێراق بەڕووی دەوروبەرە هەرێمییەکەیدا، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکانی.
هەروەها گۆڕەپانی عێراقی هێشتا دۆسیەی ئاڵۆزی تێدایە کە پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن و بەدواداچوونی واقیعی هەیە، ئایا تۆم باراک توانای هەیە تۆڕێک لە پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لە ناو ناوخۆی عێراقدا بنیات بنێت کە یارمەتی بدەن لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیانە بە شێوازێکی کارامەتر لە ماوەی قۆناغی داهاتوودا؟.
ئەرکی داهاتووی باراک ڕەنگە چڕببێتەوە لەسەر لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و پێکهێنانی تیمی کارکردنی عێراقی-ئەمریکی، و ڕەنگە عەرەبیش، بۆ هاوشانبوون لەگەڵ وەرچەرخانە سیاسییەکان لە وڵاتدا، و پشتگیریکردنی ڕێڕەوی دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی ئامادەیی، بەدوور لە کاریگەریی چەکی دەرەوەی یاسا و نفوزی دەرەکی، کە ئەمەش نەفەس درێژی دەوێت.
سەرچاوەکان
- د.سەردار عەزیز (درەو میدیا)، تۆم باراک، 1 حوزەیران 2026؛
https://drawmedia.net/opinion/18743-tom-barak
- نوروز سنجاري، توم براك في بغداد بصفة رسمية… قصة أمريكية جديدة تثير الشارع العراقي، 6 يونيو، 2026، شبکة نیریج؛
https://shorturl.at/58s72
- العالم الجديد، تقریر، من أنقرة ودمشق إلى بغداد.. باراك يقود الرؤية الأمريكية الجديدة في العراق، 2026-06-04؛
https://shorturl.at/QnDWH
- العالم الجديد، تقریر، «فخ» توم باراك و«مصيدة» المركزية: هل تدفع البيشمركة «المنقسمة» ثمن نزع سلاح الفصائل؟، 2026-06-04؛
https://shorturl.at/Jjttd