درەو:
🔻 بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان؛
🔹 لە هەرێمی کوردستان (8) ئایین و ئایینزای جیاواز و کۆمەڵەی نەتەوەییەکانی (تورکمان، کلدانی سریانی ئاشوور و ئەرمەن) هەن.
🔹 پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لەسەرجەم کابینەکانی حکومەت بەشداربوونە و لە کابینەی نۆیەمیش دوو وەزارەتیان هەیە.
🔹 لە هەرێمی کوردستان (6 هەزار و 224) مزگەوت هەن، تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، (454) مزگەوت دروست کراون و نزیکەی (250) مزگەوت و شوێنی ئایینیی موسڵمانان نۆژەن کراونەتەوە، (273) کەنیسە و مەزار و دێر، هەروەها بۆ ئێزدی و پێکهاتەکانی تر (325) شوێنی ئایینی هەن.
🔹 بۆ خوێندنی تورکمانی (19) قوتابخانە، (هەزار و 995) قوتابی و (285) مامۆستا و فەرمانبەر هەن. بۆ خوێندنی سریانی (50) قوتابخانە، (6 هەزار و 690) قوتابی و (634) مامۆستا و فەرمانبەر هەن. هەروەها (24 هەزار و 369) قوتابی لە خوێندنی کوردیی ئێزدیاتی دەخوێنن.
🔹 (36) رێکخراوی ناحکوومی لەبواری پێکەوەژیان و کلتوور ئازادانە کاری خۆیان دەکەن.
ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری
پوختە
ژمارەی پێكهاتەی ئایینیی و نەتەوەیی: لەهەرێمی كوردستان (8) ئایین و ئایینزای جیاواز و كۆمهڵه نهتهوهییهكانی (توركمان، كلدانی سریانى ئاشوور و ئهرمهن) بە فەرمی ناسێنراون.
بەشداریی پێکهاتەکان لە حكومەت: پێكهاتەكان لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەشدار بوونە و لە كابینەی نۆیەمدا دوو وەزارەت وەزیرەكانیان لە پێكهاتەكان بووە.
خوێندنی پێکهاتەکان: بۆ خوێندنی تورکمانی (19) قوتابخانە، (هەزار و 995) قوتابی و (285) مامۆستا و فەرمانبەر هەن. بۆ خوێندنی سریانی (50) قوتابخانە، (6 هەزار و 690) قوتابی و (634) مامۆستا و فەرمانبەر هەن. هەروەها (24 هەزار و 369) قوتابی لە خوێندنی کوردیی ئێزدیاتی دەخوێنن.
شوێنە ئایینییەکان: لە هەرێمی کوردستان (6 هەزار و 224) مزگەوت، (273) کەنیسە و مەزار و دێر، هەروەها بۆ ئێزدی و پێکهاتەکانی تر (325) شوێنی ئایینی هەن (183 مەزارگە و (142) نیشانگە).
ڕێکخراوەکان و کۆچبەران: لە هەرێمی كوردستان، (36) ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو لە بواری پێکەوەژیاندا کار دەکەن (32 ناوخۆیی و 4 بیانی). هەروەها بەهۆی شەڕ و هێرشەکانی داعشەوە، هەرێم بووبە پەناگەی نێزیکەی (2 ملیۆن) ئاوارە و پەنابەر، لەوانەش (138 هەزار) مەسیحیی دەشتی نەینەوا لە ساڵی 2014، ڕوویان لە هەرێم کردووە.
بەشداریی سیاسی و حکومڕانی
پێکهاتەکان لە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی 1992ـەوە خاوەن کورسیی (کۆتا) و پێگەی سیاسی بوون. لە کابینەی نۆیەمدا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ مەسیحییەکان (کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن) و وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان (بۆ تورکمانەکان) تەرخان کراوە.
کولتوور و زمان و خوێندن
پێکهاتەکان، وەك هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، مافی خوێندن و پاراستنی کولتوور و قسەکردن بە زمانی خۆیان هەیە، بەشدارن لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی تایبەت بە مافی پێکهاتەکان دەدات و بە مەبەستی پاراستنی کولتوور و فەرهەنگیان، ڕۆڵیان لە دامودەزگاکانی حکومەت و ڕێکخراو و دەزگای تایبەت بە خۆیان هەیە.
لە ڕێگەی هەردوو بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی تورکمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گرنگی تایبەت بە هونەر و کولتووری پێکهاتەکان دەدرێت و تایبەتمەندیی خۆیان پارێزراوە. هەروەها لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە و نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتە ئایینەکان لەخۆ دەگرێت، کە پێک هاتووە لە نوێنەری ئایینەکانی (مەسیحی، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، زەردەشتیی و جوو) لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مەسیحییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان هەن.
هەموو ئەمانە سەرپەرشتیی کاروباری پەرستگاکان و شوێنە ئایینییەکان دەکەن و هاوکاریی کارگێڕیییە ناوخۆییەکانی ئایینەکان و بۆنە و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان ڕایی دەکەن.
هەروەها لە بواری خوێندن و پەروەردەدا، بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە خوێندنی تورکمانی و سریانی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆیان دەخوێنن، جگە لە مانەش زانکۆی کاسلۆلیکی، کە یەکێکە لە زانکۆ گرنگەکان و ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابییەکانی سەر بە باوەڕی مەسیحین و ئێزیدین و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی پێدراوە و سەر بە کەنیسەی کلدانیی کاسۆلیکییە/ سەرۆکایەتیی ئیبارشییەی (هەولێر)ـی کلدانی.
خشتەی 1

هەروەها لە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن، هاوکات ساڵانە چەندین جەژن و بۆنە و یاد، بە فەرمی بۆ پێكهاتەكان دیاری كراوە، هەندێك لەو یادانە كراونەتە پشووی گشتی و هەندێكیشیان وەك پشوو تایبەت بە پێكهاتەكان دەستنیشان كراون.
خشتەی 2

پێکهاتە و ئایین و ئایینزا لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ماددەی 125ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق و یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ماددەی یەكەم/بڕگەی دووەمدا هاتووە: "پێكهاتهكان: كۆمهڵه نهتهوهییهكان (توركمان، كلدانى سریانى ئاشوور و ئهرمهن) و كۆمهڵه ئایین و ئاینزاكان (مهسیحى، ئێزدى، سابیئهى مهندائی، كاكهیی، شهبهك، فهیلى، زهردهشتىی و هی دیكه) هاووڵاتیى كوردستانى عێراقن."
لە ھەرێمی کوردستان، پێکھاتەی ئایین و ئایینزاكان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بۆ ڕاییکردن و جێبەجێکردنی کارەکانیان، بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بەخۆیان هەیە. هاوکات پێکهاتەکان، هەر لەگەڵ دروستبوونی قەوارەى سیاسیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێگە و بەرپرسیارێتیی باڵایان هەبووە لە حکومڕانی، بۆنموونە لە کابینەی نۆیەمدا، دوو لە وەزیرەکان لە پێکهاتەی جیاوازن، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لای پێکهاتەی کریستیانەکان و وەزارەتی کاروباری پێکهاتەکانیش لای پێکهاتەی تورکمانە.
لە كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هاتووە "پێداگری لەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە کورد و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی و عەرەب و موسڵمان و ئێزدی و مەسیحی و کاکەیی و مەندایی و زەردەشتی دەکەینەوە و ئەو تایبەتمەندییەی هەرێم دەپارێزین و بەهێزتری دەکەین."
· ئایینی ئیسلام
زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، ئایینی فەرمییان ئیسلامە، لە هەرێمی کوردستان (6 هەزار و 224) مزگەوت هەن و تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، (454) مزگەوت دروست کراون و نزیکەی (250) مزگەوت و شوێنی ئایینیی موسڵمانان نۆژەن کراونەتەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان موسڵمانن، لەم راپۆرتە زیاتر سەرنج دەخەینە سەر ڕۆڵ و تایبەتمەندیی ئایینەکانی دیکە.
· ئایینی مهسیحى
ئایینی مەسیحی یان کریستیان، دووەم گەورەترین ئایینە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەدوای ئیسلام. مێژووی ئایینەکە لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زایینی.
لە هەرێمی کوردستان، (273) کەنیسە، مەزار و دێر هەن و (14) تائیفەی مەسیحی، لە عێراق دانیان پێدانراوە و لە کوردستان بوونیان هەیە، کە شوێنی پەرستشی ئایینیی تایبەت بە مەسیحییەکانە.
خشتەی 3

زۆربەی کەنیسەکان لە گوندەکانن، ئەمەش ئاماژەیەکە بە بوونی لەمێژینەى ئایینی مەسیحیەت لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بودجەی تایبەت بە کاروباری ئایینیی مەسیحییەکان تەرخان کراوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ـەوە، بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی کەنیسەکان و شوێنە ئاینییەکان وەستان، بەڵام لە کابینەی نۆیەم هەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی کەنیسە بۆ مەسیحییەکانی کوردستان و مەسیحییە ئاوارەکانی عێراق، کە بەهۆی ترس و هەڕەشەوە، بەناچاری زێدی خۆیان جێ هێشتووە و هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، دەستی پێ کردەوە.
لە دوای ساڵی 2005ـەوە نزیکەی (20) کەنیسەی نوێ دروست کراون و (70%)ـی کەنیسە و شوێنە ئاینییەکانی دیکەش نۆژەن کراونەتەوە. لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، مەزندە کراوە ژمارەی مەسیحییەکان لە تەواوی عێراق نزیكەی (ملیۆنێك و 800 هەزار) كەس بووە، بەڵام دوای ساڵی 2006، بەهۆی دروستبوونی شەڕی تائیفی، زۆربەی مەسیحییەکانی عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، وەک شوێنێکی ئارام و سەقامگیر، بەشێکیشیان بە ناچاری بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد، بەو هۆیەوە ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق کەمی کردەوە، ئێستاش بەشێکی زۆر لەو مەسیحییانە لە هەرێمی کوردستان ماڵیان هەیە و بەئازادانە و بەئارامی دەژین.
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی هاتنی داعش لە ساڵی 2014، نزیکەی (138 هەزار) مەسیحیی دەشتی نەینەوا، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، مەزەندە دەكرێت لە ئێستادا نزیکەی (350 هەزار) مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک و مووسڵ بژین و ژمارەیەکی زۆر کەمی مەسیحی لە شارەکانی دیکەی عێراق دەژین؛ لە کابینەی نۆیەمدا سێ کەنیسەی نوێ دروست کراون.
· ئایینی ئێزدی
ئایینی ئێزدی یەکێکە لە ئایینە زۆر کۆنەکان لە هەرێمی کوردستان، زۆربەی ئێزدییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەژین، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی ئێزدییەکان نزیکەی 500 بۆ 700 هەزار کەس دەبێت، هەروەها سەدان شوێنی تایبەتی ئایینیی ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا هەن.
خشتەی 4

زۆربەی شوێنە ئاینییەکان لە دوای ساڵی 2003ـەوە دروست کراون یان نۆژەن کراونەتەوە، ساڵانەش 200 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی پەرستگای لالش دەکەن، کە زۆربەیان لە جەژنی جەمایێ دەچنە پەرستگاکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ.
هاوشێوەی کریستیان و ئێزدی، ئایین و ئاینزاكانی وەك (سابیئهى مهندائی، كاكهیی، شهبهك، فهیلى، زهردهشتى و هی دیكه)، كه هاووڵاتیی كوردستانى عێراقن. شوێنی ئایینی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئازادانە پەرستشەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەراورد بە کریستیان و ئێزدییەکان، ژمارەیان کەمترە و مەزندە دەکرێت بە تێکڕا نزیکەی 100 هەزار کەس بن.
ئازادیی ئایینیی و چالاکیی ڕێکخراوەیی
لە هەرێمی کوردستان، ئازادییەکی تەواو فەراهەم کراوە بۆ پیادەکردنی سەرجەم مافەکان لەلایەن پێکهاتە و ئایینەکانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015ـی تایبەت بە پاراستنی مافی پێکهاتەکانە، لە چوارچێوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان و کۆمەڵەی ئایینەکان دەرکردووە و بە یاسا ماف، تایبەتمەندیی پێکهاتەکان پارێزراوە و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بەو یاسایە داوە.
هەروەها لە بواری کارکردنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پێکەوەژیان و کولتووری، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی ڕێکخراوەكانی ناحکومی، ئاسانکاریی تەواوی بۆ چالاکانی بواری پێکەوەژیان و کولتووری ڕەخساندووە؛ ئێستا (36) ڕێکخراوی تایبەت لە بواری پێکەوەژیان بەگوێرەی یاسا مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە، لەو ڕێکخراوانە (32) یان ناوخۆیین و چوار دانەکەی دیکەشیان ڕێکخراوی بیانین.
كابینەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداریی سیاسیی پێکهاتەکان
پێکهاتەکان بەشدارێکی کارای سەرجەم قۆناغەکانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و شۆڕشەکان بوون، لە ڕێکەوتی 8ـی نیسانی ساڵی 1992، بەرەی کوردستانی بڕیارێکی تایبەتی بە ڕێبەرایەتیی بەرەکە دەرکردووە، کە نینوس پثیو، لە بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، وەک یەکێک لە ڕێبەرانی سیاسیی بەرەی کوردستانی دیاری کراوە و دواتر بە بڕیاری ژمارە 3ـی ڕێکەوتی 15ـی نیسانی ساڵی 1992، دەستەیەکی باڵا بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێک هێنراو و بەگوێرەی بڕیارەکە، نوێنەری پێکهاتەکانی کلدانی و سریانی و ئاشووری، نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت و 5 کورسیی پەرلەمان بۆ نوێنەری ئەو پێکهاتانە تەرخان کرا.
خشتەی 5

هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا، لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە بڕیار درا بە شارۆچکەکردنی شارەدێی عەنکاوە، ئەمەش لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە پێکهاتەی مەسیحی و پێشخستنی زیاتری خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی شارۆچكەكە، كە زۆرینەی سەر بە باوەڕی مەسیحین و بەنەتەوە کلدانین.
بۆنە و ڕێوڕەسمە تایبەتەکان
لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەیان بۆنە و یادی تایبەت بە پێکهاتە ئایینییەکان ساز دەکرێت و بەرز ڕادەگیرێت، هەندێک لەو بۆنە و ڕێوەڕەسمانە ڕووداوی مێژووییی گرنگن، دیارترینیان بریتییە لە سەردانی قەداسەتی پاپا فرەنسیس لە ئاداری ساڵی 2021، کە لە فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێشوازیی لێ کرا و دواتریش سەرۆک مەسعود بارزانی، بەجیا پێشوازیی لە پاپا فراسنیس کرد، لەم ڕووداوەدا هەر لە فڕۆکەخانەدا، خەڵکانێکی زۆر بە جلی هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، لەوانەش جلی کوردی، تورکمانی، عەرەبی، سریانی، کلدانی، ئاشووری و ئەرمەن، بە بەدەستەوەگرتنی چڵەداری زەیتوون وەک ئاماژەیەک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، پێشوازییان لە پاپا کرد.
ئەم سەردانەی پاپا فرانسیس، وێستگەیەکی مێژوویی بوو بۆ پێشاندانی پێکەوەژیانی ئایینی و ئاشتی لە هەرێمی کوردستان. هەر لە هەولێری پایتەختی کوردستانیش لە یاریگەی نێودەوڵەتیی فەرنسۆ هەریری، نوێژی گشتی بۆ کریستیانەکان ئەنجام درا.
هەروەها لە 23ی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی نزای نیشتیمانی لەژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو. لەو ڕۆژەدا سەرۆک بارزانی، لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە، "کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئازادیی بیروڕای ئایین و مەزهەب، لەدێر زەمانەوە لە کوردستان هەیە و شانازی پێوە دەکەین و داکۆکی دەکەین، کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ڕێگەیە."
هەروەها لە 12ـی ئەیلوولی ساڵی 2021، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەنیسەی کورسی پارتریارکیی ئاشوورییەکان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە و ئەم کەنیسەیەش نوێنەرایەتیی هەموو ئاشوورییەکانی کوردستان و جیهان دەکات.
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان
له دوای شهڕی ئازادیی عێراق، تیرۆر و توندوتیژی بهرۆكی ئهم وڵاتهی گرتبوو، ههرێمی كوردستان ناوچهیهكی ئارام و سهقامگیر بوو، نەك تهنیا كریستیانهكانی عێراق، بهڵكوو زۆرێك له پێكهاتهكانی دیكهش، بۆ پاراستنی كهرامهت و ژیانی خۆیان، ڕوویان له ههرێمی كوردستان كردبوو.
هاوكات لهگهڵ ئهم ڕووداوانهی عێراق، پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان ڤاتیکان و هەرێمی کوردستان هەیە و چەندین جار سەردانی فەرمی لەلایەن هەردوولا ئەنجام دراوە، دیارترینیان سەردانی قەداسەتی پاپا فرەنسیس، لە ئاداری ساڵی 2021 و چەندین جاریش بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، سەردانی ڤاتیکان و قەداسەتی پاپایان کردووە.
ڕۆڵی هێزی پێشمهرگه بۆ پاراستنی پێكهاتهكان
لهماوهی شهڕی داعش و توندوتیژییهكانی وڵاتانی دراوسێ، كولتووری پێكهوهژیان و میواندۆستی و لهباوهشگرتنی لێقهوماوان لەلایهن گهلی كوردستانەوە گهیشته لووتكه و ئهم خاكه بووه پهناگهی نزیكهی دوو ملیۆن ئاواره و پهنابهر. ڕۆڵی گەورەی هێزی پێشمهرگهی كوردستان بۆ پاراستنی پێكهاته ئایینییهكان، جارێكی دیكه كولتووری ژیاندۆستی و پێكهوهژیانی ئاشتیانهی گهلی كوردستانی خسته سهرهوهی ڕووداوه گرنگهكانی جیهان.
ناوهنده ئایینییهكانی ئهو پێكهاتانهی كه بههۆی توندوتیژییهوه پهنایان بۆ ههرێمی كوردستان هێناوه، ههمیشه ڕێز و سوپاسی خۆیان بۆ ههرێمی كوردستان دهربڕیوه و ستایشی ههوڵی حكومهتی ههرێمیان كردووه و زۆرێكیشیان بۆ پیشاندانی پشتگیریی خۆیان بۆ ههرێمی كوردستان و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چهندین جار سهردانی ههولێریان كردووه.
ئاڵبێرتۆ مارتین ئۆرتێگا، باڵیۆزی ڤاتیكان له عێراق، ڕۆژی 5ـی ئاداری 2016، سەردانی سهرۆك بارزانیی کرد و به ستایشكردنی ڕۆڵی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش داوای كرد، هێزی پێشمەرگە ناوچەكانی ژێر داگیركاریی تیرۆریستان ڕزگار بكات.
ئۆرتێگا، رۆژی (10) تشرینی دووهمی 2019، له دیدارێكی دیكهدا لهگهڵ سهرۆك بارزانی ڕایگەیاند: ئەو كارهی پێشمەرگە كردی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بوو. خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی تەنگانەدا ئاوارە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیان پاراست و دەرگەیان بۆ كردنەوە.
هێزی پێشمەرگە له ماوهی شهڕی دژی تیرۆر له ساڵانی رابردوودا، به قوربانیدان و لهخۆبووردهیی، بووه قهڵغانێكی مرۆیی بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و ڕزگاركردنی بهشێكی زۆری ناوچهكانیان و لهسهر ئاستی جیهان بووە سیمبولی خۆڕاگری و بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر.

