ئەمریکیەکان، میللەتێک لە بەخشندەیی
2022-06-24 18:13:24
گۆران دوكانی
بەشی یەکەم:
"پێشەکی"
لەم زنجیرە نوسینەدا قسەمان لەسەر ئەو نهێنی و پاوەرو دەسەڵاتە نیە کە ئەمەریکای کردۆتە گەورەترین هێزو گەورەترین ئابووری جیهان، بەڵکو بەتەنها قسە لەسەر خەڵکی سادەی شەقامی ئەمەریکا دەکەین کە بەهۆی بەخشین و کارە مرۆڤایەتیەکانیان بونەتە میللەتێکی پێشەنگ لەسەر ئاستی جیهاندا.
ئەگەرچی هەگبەی ئەمەریکیەکان پڕیەتی لە هاوکاری مرۆیی و ئینسانی وەزۆرێک لەو هاوکاریانە نەک تەنها بۆ خەڵکی ئەمەریکی یان وڵاتە هەژارنشینەکان بوە تەنانەت هەندێکجار ئەم کارە مرۆیانەی ئەمەریکیەکان ووڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە!، لەم زنجیرە نوسینەدا باس لە چوار بەخشین و کاری مرۆیی ئەمەریکیەکان دەکەین، کەبەشی یەکەمی بابەتەکە تەرخان دەکەین بۆ (بەخشینی ئەندامانی جەستە دوای مردن بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی). کە لەئێستادا ئەم جۆرە لە بەخشین بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو لەناو زۆرینەی خەڵکی ئەمەریکادا.
"داتاکانی بەخشینی جەستە"
داتاکانی بەخشینی ئەندامانی جەستە لەلایەن هاوڵاتیانی ئەمەریکیەوە سەرسوڕهێنەرن. بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی دانیشتوانی ئێستای ئەمەریکا نزیکەی 335 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیە کە ماڵپەڕی World Population Review ئاستی تەمەنەکانی جیاکردۆتەوە نزیکەی 260 ملیۆن ئەمەریکی Adult گەورەن، واتا لەسەروی 18 ساڵەوەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 169 ملیۆن ئەمەریکی بڕیاریانداوە دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشن بەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی، یان بەو نەخۆشخانەو سەنتەرو زانکۆیانەی ئەمەریکا کە شیکاری و توێژینەوە لەسەر لاشەی مردوەکان ئەنجام دەدەن.
هەروەها بەپێی زانیاریەکان لە %95ی خەڵکی ئەمەریکی پشتگیری بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان دەکەن بەڵام هەتا ئەمڕۆ نزیکەی لە 60%ی بەخشەرە ڕاستەقینەکان ناوی خۆیان تۆمارکردوە کە دوای مردنیان ئەندامەکانی جەستەیان ببەخشن، لەناو ئەندامەکانی جەستەدا بەخشینی چاو گەورەترین بەخشینە کە لە 60 ساڵی ڕابردوودا واتا لەساڵی 1961 دوای دامەزراندنی کۆمەڵەی بانکی چاوی ئەمەریکا هەتا ساڵی 2021 لەڕێگەی بەخشەرەکانەوە بیناییان گێڕاوەتەوە بۆ 2,196,866 هاوڵاتی. لەگەڵ هەموو ئەم داتا گەورانەدا گەورەترین بانکی بەخشینی خوێنیش لەسەرئاستی جیهاندا لە ئەمەریکایە.
"چەند ئەندامی جەستەی بەخشەر بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەر؟"
مرۆڤ لەدوای مردنی بەشێوەیەکی گشتی 8 ئەندامی جەستەی سودی لێ دەبینرێت بۆ چارەسەری نەخۆشەکان کەبریتین لە: (دڵ، پەنکریاس، جگەر، ڕیخۆڵە، گورچیلەکان، سییەکان، چاوەکان، شانەکان)، ئەمە جگە لەوەی لەبەخشینی شانەکاندا دەتوانرێت سود وەربگیرێت لە (ڕیشاڵەکان، ئێسقانەکان، شانە بەستراوەکان، پێست، قژ، بەستەرو خوێنبەرەکانی دڵ).
"بەخشەر دوای مردن ژیان بۆ چەند مرۆڤ دەگێڕیتەوە؟"
ئەگەر بەخشەر لەدوای مردنی تەواوی جەستەی خۆی ببەخشێت بە بانک و سەنتەرەکانی دۆنەیشن لەئەمەریکادا دەتوانێت ژیانی 8 کەس ڕزگار بکات لەمردن و بینایش بۆ 158 مرۆڤ بگێڕێتەوە!، ئەمە جگە لەوەی دەتوانرێت لاشەکەی دەیان تیۆکاری و شیکاری هەمەجۆری زانستی پزیشکی Medical Science لەسەر ئەنجام بدرێت.
هەریەک لەدوو گورچیلەی بەخشەر دەبنە هۆی چارەسەری دوو مرۆڤ کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە، جگەری بەخشەرەکە دەتوانرێت بەش بکرێت Share بۆ دوو کەس کە نەخۆشی جگەریان هەیە، هەریەک لە دوو سییەکانی بەخشەر بۆ دوو مرۆڤی نەخۆش و دڵەکەی بۆ نەخۆشێک و پانکریاسیشی بۆ نەخۆشێک، هەروەها تاکە یەک چاوی بەخشەر دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت بۆ چارەسەرو گێڕانەوەی بینایی 79 کەس کە گیرۆدەی نەخۆشیەکانی چاون، واتا هەردووک چاوی بەخشەر دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری چاوی 158 نەخۆش. ئەمە جگە لەسودی شانەکانی بەخشەر کەدەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی 75 مرۆڤ هەبێت، هەروەها سودی ئەنجامدانی تیۆکاری و شیکاریە هەمەجۆرەکان لەسەر جەستەی بەخشەرەکە. بەگشتی ئەگەر مرۆڤێک تەواوی جەستەی خۆی ببەخشێت دەتوانێت سودو کاریگەری لەسەر 241 مرۆڤی نەخۆش و پەککەوتەو کەنەفتەکاری دوای خۆی هەبێت.
"تاچەند ئاین ڕێگرە لەبەردەم بەخشینی جەستەدا"
ئەگەرچی بەخشینی جەستە دوای مردن و پێش مردن زیاتر لە وولاتانی ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ بەشێک لەولاتانی ڕۆژهەلاتی ئاسیادا، کۆمەڵگا ڕۆژهەلاتیەکان بەگشتی و بەتایبەت زۆرینەی کۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکان بەخشینی جەستە بە زیندوی بەحەڵاڵ دەزانن بەومەرجەی زیانی بۆ بەخشەرەکە نەبێت بەڵام تاکو ئەمڕۆ بەخشینی جەستە دوای مردن لەزۆرینەی وڵاتە موسوڵمانەکاندا ڕێگەپێدراو نیە ئەگەرچی بەپێی زانیاریەکان هەندێک لە موسوڵمانانی دانیشتوی ئەمەریکاو ئەوروپا ئەو بەخشینە ئەنجام دەدەن بەڵام زۆر کەمینەن، هەروەها جگە لەئاینی ئیسلام بەشێک لە وڵاتە مەسیحی نشینەکانیش بەتایبەت وڵاتە ئەوروپیەکان سڵ لەم جۆرە بەخشینە دەکەنەوەو ئەم کارە ناکەن بەتایبەت مەسیحیە محافزکارەکان، هەربۆیەشە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان داوای بەخشینی ئەندامانی جەستە لە ئەمەریکا دەکەن بەتایبەت لە بەخشینی چاودا کە ساڵانە بانکی بەخشینی چاوی ئەمەریکا هاوکاری بانکەکانی بەخشینی ئەوروپا دەکات.
"كۆتایی بەشی یەکەم"
سەرچاوەکان:
_ ماڵپەڕی Worldometer
_ ماڵپەڕی World Population Review
_ ماڵپەڕی Penn Medicine
_ ماڵپەڕی Health Resources and Services Administration
_ ماڵپەڕی Eye Bank Association of America
ئامادەکردنی: گۆران دوکانی
ڤێرجینیا _ ئەمەریکا