بەربانگی سەربازانی توركیا لەخاكی هەرێمی كوردستان
2018-06-03 11:29:45
سەرتیپ جەوهەر..
بڵاوبونەوەی دیمەنی هاتنی جەندرمەی تورك بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان و گەڕان و سوڕانیان بەناو دێهات و گوندەكانی باشوری كوردستان لە پارێزگای هەولێرو دهۆك، قەبارەی دەستوەردان و هەژمونی توركیا بەسەر ئەو سنورانە دەردەخات، بەڵام بیرمان نەچێت دەستوەردان و دەستڕۆیشتنی جەندرمەو موخابەراتی توركیا لەوناوچانە هەر ئەوەندە نییە رێككەوتنێكی كاتی بۆ ئۆپەراسیونێكی دیاریكراوی سەربازیی كرابێت لەنێوان پارتی و موخابەرات یان دامەزراوەی عەسكەریی توركیا، بەڵكو لەوەدەچێت ئەو رێككەوتنە زۆر لەوە گەورەتر بێت كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین!
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن ئێستا زیاتر لە 20 بنكەی سەربازیی و موخابەراتیی دەوڵەتی توركیا لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان لەهەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك بونیان هەیە، لەبەشێك لەو بنكانە، چەكی قورس و جیاوازو تەنانەت هێلی كۆپتەری هێرشكردن و شەڕكردنیش هەیە، لەگەڵ بونی سەدان تانك و تۆپی دورهاوێژ!
بەپێی هەندێ زانیاریی، لەهەندێ ناوچە، یان لەهەندێ بنكەی سەربازیی توركیا، سەربازانی ئەو هێزانەی توركیا، بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگوێزرێنەوە! ئەمە، هەم بۆ پاراستنیان لەڕوی ئەمنییەوە، هەمیش بۆئەوەی لەشەقام و جادەكانی كوردستان نەبینرێن و وێنەیان نەگیرێت و لێكەوتەو ناڕەزایی لەلایەن خەڵكەوە لێنەكەوێتەوە!
بەپێی زانیاریی، زیاتر بەشێك لەو لیوا هاوبەشانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەناچەی بارۆخ لەكانی ماسی لە پارێزگای دهۆك بۆ پارێزگاریی بنكەیەكی میتی تورك دانراون، بەڵام كێشە دروستبووە لەسەر پارێزگاریی لەو بنكەیەو ئەفسەرانی سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناڕازیی بوون، كاتێك توركەكان زانیویانە ئەو هێزە هاوبەشەو پێشمەرگەو ئەفسەرانی یەكێتی تێیدا هاوبەشن! داواینكردووە تەنها هێزێكی ئەركی پارێزگاریان بگرنە ئەستۆو ناڕازیی بوون ئەفسەران و پێشمەرگەی یەكێتی لەو هێزە بمێننەوە!
خراپتر لەوە، هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، لەناوچەكانی سنور، یەكێك لەكەسە دیارەكانی سنوری (برادۆست –لۆلان) لەلایەن جەندرمەی توركیا داوەتكراوە بۆ ئەنكەرەو لەوێ داوایكردووە چەك پێویستی بدەنێ تا هێزێكی (كوی كورجوسو) ( köy korucusu)واتە پارێزگاری گوندەكان دروستبكات! ئەمەش ناڕەزایی توندی لەلایەن پارتی لێكەوتۆتەوە! بەوپێەی ناكرێت هێزێك لەژێر سەرپەرشتی توركیا لەباشوری كوردستان دروستبكرێت!
ئەو دیمەنانەی سەرەوە، روداوەكانی دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی و ئەو هەموو دروشمە بریقەداراەی بەشێك لەسیاسیەكانی كوردستانە، كاتێك ئەو بارودۆخە دەبینین، باشتر روونتر دەبێتەوە كە ریفراندۆم پرۆژەیەكی قەومی نەبوو، بەڵكو پرۆژەیەكی سیاسی بووە لەچوارچێوەی ئەجێندایەكی دیاریكراو و سەرەنجام چاوبەستكردنی خەڵكی كوردستان بوو بەدروشمیی قەومیی!
ئەو دیمەنانەی سەرەوە، دوفاقی حكومەتی هەرێم دوبارە دەبێتەوە، بەوەی لەئاست دەستوەردان یان لێدوانێكی ئێران بەیاننامەی توند دەردەكات، كەچی لەئاست بون و دەستوەردان و سنوربەزاندنی سوپای توركیاو بێدەنگ و كڕوكپە! نەك بەیاننامەی ناڕەزایی بەڵكو بەشێك لەدامودەزگاكانیشی خستۆتە خزمەت ئەو دەستوەردانە!
دەستوەردانی سوپای توركیا هەر ئەوەندە نییە، بەڵكو دوپاتبونەوەی نەبونی هیچ سەروەرییەكە، بۆ خاك و خەڵكی كوردستان! نەبونی هیچ بەهایەكی قانونی و شەرعییەتی نێودەوڵەتییە بۆ سنورەكانی هەرێمی كوردستان!
خولاسەی كەلام، ئەوەی رودەدات، پەیوەندی بەئیرادەو خواستی خەڵكی كوردستانەوە نییە، بەڵكو، بڕیارو مێژوی لایەنێكی سیاسی دیاریكراوی كوردستانە، من و ئێوەو هەموومان بەدەنگ و رەنگ تۆماری دەكەین، سەرەنجام، دیمەنێكە لەمێژوی سیاسی لایەنێكی دیاریكراوی كوردستان و هەمیشە خۆی دوبارەو دوبارە دەكاتەوە!