سەركەوتن باوكی زۆرە ئەوە (شكستە) كە بێ باوكە
2018-06-01 15:18:19
عەبدوڵا ئەحمەد...
ئەگەر كەمێك خۆمان دوورخەینەوە لە وتاری ئاگرین، لە كەفوكوڵی ناوسۆشیال میدیا، لە تۆمەتباركردنی یەكتری و بەچاوی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەوە ئاوڕێك بدەینەوە و سەیرێكی خۆمان بكەین و بپرسین بۆچی و لەبەرچی گۆڕان بەم دۆخە ناهەموارە و بەم شكستەگەورەیە گەیشت؟ هۆكارەكان چین ؟ ئایا هەر بەتەنها تەزویرە كە وایكردوە گۆڕان بەوشێوەیە پاشەكشەبكات؟ بەوشێوە متمانەی دەنگی هاونیشتمانیان لەدەستبدات؟، بەدڵنیاییەوە (نەخێر)، هۆكارەكان زۆر لەوە زیاترن كەمن لێرەدا بەشێكیان بەكورتی دەخەمەڕوو:
۱_كاندیدی دووبارە و فیگەری باو لە لیستەكەدا، گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا لەدیاریكردنی كاندیدكاندا پێچەوانەی ئەو بنەمایانە كاریكرد كە لەسەری دامەزرابوو, لەجیاتی هێنانی دەموچاوی تازە بۆ ناو لیستەكەی هەمان ئەو فیگەرانەی دووبارە و بارزكردەوە كە لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا یان ئەندامی پەرلەمان بوون لە عێراق و كوردستان یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگابوون یان ئەو كاندیدانەبوون كە لە هەڵبژاردنەكاندا دەرفەتی دەرچونیان نەبووە، بەمەش بۆمان دەردەكەوێت لەماوەی ڕابردوودا گۆڕان دەموچاوی نوێی نەهێناوەتە پێشەوە بەڵكو خەریكی خولانەوە بووە لە بازنەی دەموچاو دووبارەكاندا.
۲_نەبونی پلان و ستراتیژیی بەدرێژای كەمتر لە یەك ساڵی دوای كۆچی دوایی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا.
۳_نەبوونی ڕوئیاكی وازح بۆ بەشداریكردن و نەكردن لە ڕیفراندۆمدا.
٤_بایەخنەدان بە دامەزراوەكانی گۆڕان وەك ژوورەكان و مەكۆكان و سەرلەبەری دامەزراوەكانی تری.
٥_نەبوونی بڕیار و خەمساردی هەردوو دامەزراوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی لەهەمبەر كێشە ناوخۆییەكانی حزب و ئەو ڕووداوە سیاسییانەی كە دێنە پێش، لە زۆر حاڵەتیشدا ئەم دوو دامەزراوە گرنگە نەیانتوانیوە دەربچن لەو فۆڕمە تەقلیدییەی كە لە دیدی گۆڕانەوە فۆڕمی سەركردایەتین و فەرمانی سەرەوە جێبەجێدەكەن.
٦_ڕاگەیاندن كە بەدرێژای بانگەشەی هەڵبژاردن و پێش بانگەشەش بەزمانی زبر و دوور لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەخۆشمەوە كە كارم تێداكردووە، ڕۆژێك لە ڕۆژان كەس لەسەر هەواڵێك یان ڕاپۆرتێك یان زمانی زبری دوورلە لۆژیك لە بەرامبەر نەیارەكانمان كە كردومانە، توشی لێپرسینەوە نەبوین، كورد و كرمانجی( میدیا حزبێك بووە لەناو حزبدا) لەگەڵ ئەمەشدا نابێت ئەو ڕاستیەشمان بیربچێت دەستبەرداربونی میدیای گۆڕان لە هەمبەر لۆژیك و كاری پرۆفیشناڵ پەیوەندی زۆری بەو هێرشە توند و زمانە زبر و تەشهیراوییەوە هەبوو كە میدیایی پارتی دوای دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان بەرامبەر گۆڕان كردیان.
۷_فەرامۆشكردنی دەنگدەرانی گۆڕان و بیركەوتنەوەی خەڵك بەتەنها لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
۸_پانتایی پۆپۆلییستەكان، پۆپۆلیستەكان ئەوانەی لەسەر ئەم فیكرەیە ئەژین لەناو گۆڕاندا چۆنیان ویستوە چۆنیان بۆ لوابێت بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆیان ئاوا ئەم بزوتنەوەیان بەكارهێناوە بێ گوێدانە هیچ بەهاو پررەنسیپێك كە بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دامەزراوە.
۹_بەشداریكردنی گەنجی بێ ئەزمون لە پرۆسەی سیاسییدا كەتوانای خوێندنەوە و بینیی واقیعی سیاسی كوردستانیان نەبووە و زۆر بەخێرایی بەقات وڕیباتەوە كەوتنە ناو پرۆسەكەوە.
۱٠_ خراپی ئەدائی هەندێك لەو كەسانەی كە لە جومگە هەستیارەكانی پەرلەمان و حكومەتدا بوون بە گشتی و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی تر.
۱۱_ئەدائی خراپی بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق لە فراكسیۆنەكەی بەغداد و بەڵێنی بێ بنەما لە جۆری هێنانی موچە و هتد... هەروەهاخۆ دوورخستنەوە لە كێشەكانی بەغداد و خۆهەڵواسین بە كێشەكانی هەرێمدا و وێناكرنی عێراق بە شامی شەریف بە جۆرێك كە ئەمانە هەموویان بە زیان بۆ گۆڕان شكاونەتەوە.
۱۲_بایكۆتی دەنگدەرانی گۆڕان بەهۆی نەبوونی متمانە وبێ ئومێدبوون لەهەموو پرۆسەیەكی چاكسازی لە كوردستان.
۱۳_خاوەندارێتی گردی زەرگەتە وگواستنەوەی لە موڵكی بزوتنەوەكەوە بۆ موڵكی شەخسی و دەنگدانەوەی لە میدیاكاندا وبینیشمان ناڕەزایەتی بەشێك لە دەستەبژێری ڕۆشنبیرانی كوردی لێكەوتەوە بەجۆرێك كە مەترسی تەوریسی سیاسی ولێدان لە فیكر و پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفایان ڕاگەیاند, ئەمەش كاریگەری زۆرسلبی لەسەر دەنگدەرانی گۆڕان و خەڵكی گۆڕانخواز دروستكرد.
لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم كاتی خۆی ساڵی ۲٠٠۹بە سەدان تێكۆشەری سیاسی و سەربازی لە هەموو ئاستەكاندا كە ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان , لەپێناو گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و باوەڕبوون بە پرەنسیپ و بەهابەرزەكانی نەوشیروان مستەفا بووە، نەك لەپێناوی كۆمەڵێ بێ ئەزمونی سیاسی و پۆپۆلیست كە سەرئەنجام گۆڕان و خەونی گۆڕانكارییان بەم دۆخە گەیاند.