دۆخی چه‌قبه‌ستووی عیراق كێشه‌و ململانێیه‌كان
2022-05-27 13:31:47
یونس جاف
كاتێك وشه‌ی عێراق به‌ر گوێمان ده‌كه‌وێت ڕاسته‌وخۆ خه‌یاڵمان بۆ كێشه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی درێژخایه‌ن و چاره‌سه‌ر نه‌بوو ده‌چێت. عێراق له ده‌ستپێكی دامه‌زراندنیه‌وه (1921) له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناسروشتی (ناته‌بیعی) پایه‌كانی دانراون، كه به ته‌واوی ناكۆك بووه له‌گه‌ڵ خواست و ویستی ئه‌و نه‌ته‌وه‌و گروپ و ئهتنیكانهی له‌و ناوچه‌یه‌دا ژیاون كه ئه‌مرۆ له‌چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به (عێراق) ناوی ده‌هێنرێت. كێشه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌و گروپه ئایینیانه‌ی له عێراقدا ده‌ژن له ده‌ستپێكی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه تاوه‌كو ئه‌مرۆ به‌شێوه‌و فۆڕمی جیاواز به‌رده‌وامی هه‌یه. ئه‌م به‌رده‌وامییه وایكردووه سایكۆلۆجیه‌تی مرۆڤی عێراقی -به هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانیه‌وه-تێكبشكێنێت و بهاڕدرێت.
كورد و شیعه دوو له پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراقن و له‌هه‌مانكاتدا له‌و پێكهاتانهن كه زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه. كاتێك ده‌وڵه‌تی عێراق داده‌مه‌زرێت سونه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی پله‌یه‌ك و سه‌رده‌ست ده‌سته‌ڵات وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش تاوه‌كو ساڵانی 2003 و ڕوخانی ڕژێمی به‌عس به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی له دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 وه له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌بێته خاوه‌نی هه‌رێم و ناوچه‌ی دانپێدانراو، به‌ڵام دوای كۆتایی هاتنی ده‌سته‌ڵاتی ڕژێمی (سه‌دام حسێن)، به پله‌ی یه‌كه‌م شیعه‌كان ده‌سته‌ڵات وه‌رده‌گرن و كوردیش ڕۆڵی پێده‌درێت و سونه‌كان ده‌خرێنه په‌راوێزه‌وه.
له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ده‌سته‌ڵاتی سه‌دام حسێن، حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌ستی كرد به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز، كه له ئێستادا بڕه‌كه‌ی به نه‌وتی هه‌رێم و به‌غدا ده‌گاته نزیك (4) به‌رمیل له ڕۆژێكدا، ئه‌مه جگه له‌و بڕه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و له ڕێگه‌ی جیاجیاوه هه‌نارده ده‌كرێت، به‌مه‌ش توانای دارایی عێراق و هه‌رێم زۆر به‌رزبووه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بووه هۆكاری خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك و گۆڕانی ژێرخان و سه‌رخانی عێراق به‌ره‌و وڵاتێكی مۆدێرن و پێشكه‌وتوو، به‌ڵكو ڕۆژ به ڕۆژ سیماكانی وێرانكاریی له بواره‌كانی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و ڕێگاوبان و ئاو و كاره‌با پتر ته‌نگ به هاوڵاتیان هه‌ڵده‌چنن، ئه‌مه جگه له گرانبوونی هه‌موو جۆره پێداویستیه‌كانی ژیان. له ئێستادا عێراق به گشتی به ده‌ست چه‌ند گروپێكی مافیاییه‌وه ده‌ناڵێنێت كه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و پارته سیاسیه باڵاكانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن، به واتایه‌كی تر سه‌رانی حزبه باڵاكان هه‌ریه‌كه‌ی خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا‌و دامه‌زراوه‌یی میدیایی و هێزی چه‌كداره كه به‌هۆیه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و به‌یاسا ده‌ستیانگرتووه به‌سه‌ر داهات و سامانی ده‌وڵه‌تدا. ئه‌مه‌ش وایكردووه ڕۆژ به ڕۆژ ڕه‌وشی عێراق پتر به‌ره‌و چه‌قبه‌ستوویی و ئاڵۆزی بچێت.
لێره‌دا ده‌پرسین ئایا ئه‌م دۆخه‌ی عێراق بۆچی گه‌یشت به‌و ئاسته‌ی كه هاوڵاتی عێراقی (كورد و شیعه) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ختی و نه‌هامه‌تی زۆریان به ده‌ست ڕژێمه‌كانی عێراقه‌وه چه‌شتووه، به‌ڵام له ئێستادا بڕوایان وایه گۆڕینی ڕژێمی عێراق شتێكی ئه‌وتۆی له ژیانی ئه‌وان نه‌گۆڕیووه، به‌ڵكو به جۆرێكی تر خزێنراونه‌ته نێو دۆخێكی چه‌قبه‌ستوو و داخراو كه به‌به‌رچاویانه‌وه سامان و داهاته‌كانی وڵات ده‌فرۆشرێن و خێر‌و بێرهكهشی ده‌چێته گیرفانی چه‌ند گروپ و بنهماڵهیهكهوهو زۆرینه‌ی خه‌ڵك لێی بێبه‌شن؟! ئایا وه‌ڵامی سیاسیه‌كانی عێراق چیه كاتێك گوێبیستی هاوڵاتیانیان ده‌بن كه ئاوات ده‌خوازن به حوكمی كه‌سایه‌تیه‌كی خوێن‌ڕێژ و دكتاتۆری وه‌كو سه‌دام حسێن؟! سیاسیه كورده‌كان كه شانازی ده‌كه‌ن به ڕابردوویانهوهو شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێری وه‌ك كارتێكی فشار به‌كارده‌هێنن، وه‌ڵامیان چیه بۆ به‌شێك له‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌سوكاریان ئه‌نفال و كیمیاباران كراون كه‌وا ئه‌مڕۆ له به‌رئه‌نجامی ئه‌و دۆخه‌ی له ئارادایه ستایشی سه‌دام حسێن و ڕژێمه‌كه‌ی ده‌كه‌ن؟!
دۆخی چه‌قبه‌ستووی عێراق گه‌یشتووه به ئاستێك هیچ واتایه‌ك بۆ سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردن بوونی نه‌ماوه، بۆیه ڕۆژ به ڕۆژ متمانه‌ی خه‌ڵك به سیاسیه‌كان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌متر ده‌بێته‌وه. دواین هه‌ڵبژاردنیش بۆ خۆی وه‌ڵامێكی بێده‌نگ و جه‌رگبڕ بوو بۆ پارته سیاسیه‌كان، كه ڕێژه‌ی به‌شداری هه‌وڵاتیان له ئاستێكی زۆر نزمدا بووه‌و به‌م هۆیه‌شه‌وه هه‌ڵبژاردنه‌كه ڕه‌وایه‌تی خۆی له ده‌ستداوه. له گۆشه‌یه‌كی تره‌وه ئه‌كرێ بگوترێ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش كه تۆمار كراوه به‌هۆی ئه‌نجامی به‌شداریپێكردنی هێزی ئه‌منی و سه‌ربازی بووه كه ئاراسته‌كراوه.
ئه‌وه‌ی له ئێستادا بۆ عێراقیه‌كان روونه بریتیه له‌وه‌ی كه عێراق وڵاتێكی هه‌ڵوه‌شاوه‌و داگیركراوه‌و له‌لایه‌ن زلهێزه‌كان و وڵاته ههرێمیهكانهوه ئاراسته ده‌كرێت و هه‌ر ئه‌وانیش پشتگیری له مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی سیاسیه مافیا‌و گه‌نده‌ڵه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن، بۆیه له پرۆسه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌ك هه‌ڵبژاردنیشدا دوور له ئیراده‌ی عیراقیه‌كان، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌پێی خواستی زلهێزه‌كان و وڵاتانی هه‌رێمی دیاری ده‌كرێن. به واتایه‌كی تر ئه‌و كێشه‌و ململانێیه‌ی ئێستا له عێراق ده‌گوزه‌رێت شه‌ڕی به وه‌كاله‌ته بۆ وه‌ڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه. به‌ره‌ی ڕوسیا‌و ئێران و له‌لایه‌كی تره‌وه به‌ره‌ی ئهمریكاو ئه‌وروپاو توركیا‌و به‌شێك له وڵاتانی كه‌نداو.
تێكچوونی هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌ریه‌كه له‌م دوو به‌ره‌یه‌دا به زیانی عێراقیه‌كان ته‌واو ده‌بێت، چونكه دواجار عێراق یه‌كێك له مه‌یدانه گه‌رمه‌كانی شه‌ڕو ململانێی نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌یه. گه‌ر گریمانه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی ڕۆژئاوا‌و ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی بكه‌ین به‌سه‌ر به‌ره‌كه‌ی تر كه به‌ره‌ی رووسیا و ئێرانه بیگومان ئه‌م به‌ره‌یه ته‌نیا ته‌ماشاكه‌ری یاریه‌كه نابن، به‌لكو هه‌وڵی نانه‌وه‌ی پشێوی و به‌كارهێنانی ئه‌و ھێزه جهكداریانه ده‌ده‌ن كه له خۆیان نزیكن واته له‌بری رێره‌وی دیبلۆماسی هێز به‌كاردێنن بۆ یه‌ك لایكردنهوهی كێشه‌كان. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه دواجار پهلبكێشی بۆ شه‌ری ناوه‌خۆ ته‌نانه‌ت كوده‌تاش له عێراقدا. گه‌ر به‌ره‌ی ڕووسیا و ئێرانیش سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر به‌ره‌كه‌ی تر كه ئه‌مریكایه، بیگومان ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی وه‌ڵامی توندیان ده‌بێت و ڕێگای سزای ئابووری به‌هێز عێراق ئابلوقه ده‌دات، به‌مه‌ش عێراق له رووی سیاسی و ئابووری پهراوێزدهخرێ داده‌برێت له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. بۆیه ده‌كرێ بڵێین به هه‌ردوو باره‌كه‌دا ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م و كۆتایی ده‌بێ ته‌نیاو ته‌نیا هاوڵاتیانی عێراقین.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه دوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێم كه زیاتر وه‌ك نوێنه‌ری كورد سه‌یر ده‌كرێن له (به‌غداد)، به ته‌واوی خۆیان یهكلاكردۆتهوهو هه‌ریه‌كه‌ی به‌لای یه‌كێك له‌و دوو به‌ره ناكۆكه‌دا، ئه‌مه له كاتێكدا كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت و كیانهو هیچ جۆره پێگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی دانپێدانراوی نیه. ئایا باشتر نه‌بوو ئه‌م دوو پارته ده‌ست له به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان هه‌ڵبگرن و به‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له‌و دوو به‌ره‌یه‌دا دابه‌ش نه‌بن و بێ لایه‌ن بمێننه‌وه؟ یاخود هاوكێشه‌ی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه قبوڵ ناكات و دواجار ئه‌م دوو پارته‌ش له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا توێنراونهتهوهو له ئیستاشدا جگه له بوكه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ستی ده‌وله‌ته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هیچی تر نین؟!
نابه‌رپرسیارێتی و ناهۆشیاریی سیاسیه‌كانی عێراق گه‌یشتووه به ئاستێك كه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی دڵنیان كه ڕه‌وشی خه‌ڵك زۆر خراپه‌و هه‌روه‌ها خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداری نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر خه‌مساردی و درێژه‌دان به هه‌مان سیاسه‌تی شكستخواردوو، بۆ نموونه ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له ئێستادا له دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئارادایه، ڕه‌وشێكی كۆمیدی و گاڵته‌جارییه. خه‌ڵك داوای بونیادنانه‌وه‌ی وڵات و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌كات، به‌ڵام پارته سیاسیه‌كان ململانێ له‌سه‌ر به ده‌ستهێنانی پۆست و داهات ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌زانن ئه‌م فۆڕمه له ململانێ بۆ هاوڵاتی عێراقی هیچ جۆره بایه‌خێكی نیه.
له دوای 2003 شانۆی سیاسی عیراق دیمه‌نێكی پێشكه‌شكرد كه تێیدا عێراق وه‌ك خه‌زێنه‌یه‌كی زێڕ ده‌رده‌كه‌وێت و پارته سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه سیاسیه باڵاكانی ناو پارته‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌ی لای خۆیه‌وه وه‌كو سه‌رده‌سته‌ی گروپێكی مافیایی هه‌ڵپه‌و ململانێیانه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن زۆرترین به‌ش له‌و زێره بۆ خۆیان ببه‌ن، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌مه موڵكی هه‌موو خه‌ڵكه‌و پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی خه‌ڵكدا بخرێته‌گه‌ڕ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌بینین به‌رده‌وام دوا به‌شی یان دوا دیمه‌نی ئه‌و شانۆ تاڵانكارییه ئه‌وه‌یه كه سیاسیه‌كان و سه‌رانی پارته سیاسیه‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان لای خۆیه‌وه‌و له ڕێگای مه‌كینه‌ی زه‌به‌لاحی میدیاییانهوه خۆیان وه‌ك خه‌مخۆرو فریادڕهشی خه‌ڵك ده‌ناسێنن.
ئه‌م دۆخه‌ی له ئێستاداو له دوای دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له ئارادایه پێمان ده‌ڵێت:
1. هه‌ڵبژاردن به ته‌واوی به‌هاو واتای خۆی له ده‌ستداوه‌و ته‌نیا ئامرازێكه به‌كارده‌هێنرێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێی پارته سیاسیه‌كان، ئینجا كامه پارت و به‌ره پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی هه‌بێت، ئه‌وا پتر كورسی بۆ دیاری ده‌كرێت و پتر ده‌ستكراوه ده‌كرێت بۆ یاری كردن له مه‌یدانه‌كه‌دا.
2. ده‌وڵه‌ت وه‌ك بوارێك بۆ ڕێكخستن و په‌یره‌وكردنی یاسا جۆراو جۆره‌كان بوونی نه‌ماوه‌و له شوێنی ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵێك هێزو گروپی جیاواز حوكم ده‌كه‌ن كه هه‌ریه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ئاراسته ده‌كرێن.
3. هیچ جۆره پارت و جوڵانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و سه‌ربه‌خۆ بوونی نیه، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی به‌ناوی ئۆپۆزیسیۆن و په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ خۆیان ده‌ناسێنن هیچ نین جگه له كۆمه‌ڵێك گروپ و كه‌سایه‌تی ده‌ستی دوو كه ئاراسته ده‌كرێن و ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسێنراوه له‌و گۆمه لێڵه‌ی پێی ده‌گوترێت عێراق مه‌له بكه‌ن و ئینجا له‌نێوان ململانێی پارت و گروپه به‌هێزه سیاسیه‌كاندا به پاره‌و وه‌رگرتنی ئیمتیازات و ڕێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر لایه‌نگیری بكه‌ن.
4. به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق وڵاتێكی داگیركراوه‌و بوه‌ته مه‌یدانێك بۆ یاریكردنی ده‌زگا موخابه‌راتیه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ژێر ئه‌و كاریگه‌رییه‌دا كۆمه‌ڵێك میلیشیاو گروپی چه‌كدار دروستكراون كه به ته‌واوی سیمایه‌كی ده‌وڵه‌تێكی عه‌سكه‌ری و ئه‌منی به عێراق به‌خشیووه، بۆیه عێراق به ته‌واوی داماڵدراوه له هه‌موو جۆره به‌هایه‌كی مه‌ده‌نی و شارستانی.
5. هه‌ر له چوارچێوه‌ی بایه‌خدان به هێزی چهكدارو ئه‌منی، له‌به‌رامبه‌ردا چینی ناوه‌ند داڕماوه‌و هیچ جۆره بایه‌خێكی پێ‌نادرێت، بۆ نموونه مامۆستایان (له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تاوه‌كو زانكۆ) له زۆر ڕووه‌وه سوكایه‌تیان پێده‌كرێت و له گرنگی و بایه‌خی كاره‌كه‌یان كه‌مده‌كرێته‌وه. چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی موچه‌كه‌ی نزیك به (1400000) یه‌ك ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار دیناره، به‌ڵام مامۆستایه‌كی قوتابخانه یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و موچه‌یه وه‌رده‌گرێت.
6. دوای پرۆسه‌ی دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و دروستبوونی ململانێ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار، پتر وێنه‌ی ڕه‌وشی عێراق ڕوون بووه‌وه كه پارته سیاسیه‌كان پۆست و داهاتیان به‌لاوه له خه‌ڵك و خزمه‌تگوزاریه‌كان گرنگتره، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك كۆمار پۆستێكی ته‌شریفاتیه، به‌ڵام خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئیمتیازاته كه ده‌بێته خێر‌و بێر بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی پۆسته وه‌رده‌گرێت. له په‌یوه‌ندیدا به‌م بابه‌ته‌وه نه‌ته‌وه‌ی كورد به نموونه وه‌رده‌گرین، چونكه ململانێكه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته پتر له نێوان دوو پارته سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هه‌رێمه. ئه‌م جۆره ململانێ ئاست نزمه‌ی ئه‌م دوو پارته له‌سه‌ر ئه‌م پۆسته ده‌یكه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك ڕوونكرده‌وه كه بانگه‌شه‌ی كوردایه‌تی و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێری هیچ نین جگه له كۆمه‌ڵێك دروشم بۆ خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵك و پتر به ده‌ستهێنانی داهات و سامان. ئه‌گینا نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه خاوه‌نی پتر له 182 هه‌زار ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و بێ شه‌روشوێن بوونی 8 هه‌زار بارزانی وێنرانبوونی پتر له 4 هه‌زار لادێ بێت و له لایه‌كی تره‌وه هه‌تا ئێستا دوای نزیك 20 ساڵ له ڕوخانی ڕژێمی به‌عس هێشتا نه‌یتوانی بێت كێشه‌ی ناوچه كوردستانیه‌كانی كه‌ركوك و ده‌ورووبه‌ری چاره‌سه‌ر بكات، چۆن ئه‌بێت پارته سیاسیه‌كانی ئه‌وه‌نده خۆیان بچووك بكه‌نه‌وه بۆ وه‌رگرتنی پۆست و پاره ده‌ستبه‌رداری خاك و مافی خه‌ڵك ببن؟
7. دوا به دوای توندبوونه‌وه‌ی ململانێكان له نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك (به‌ره‌ی سه‌درو مالیكی) له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار‌و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، ڕابه‌ری ڕه‌وتی (سه‌در) له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی مانگی ڕه‌مه‌زان پشوی ململانێكانی ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌یه كه ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ هیچ واتایه‌كی نوێی نیه‌و گۆڕانكارییه‌كی ئه‌و تۆ له ژیانی خه‌ڵك و دۆخی عێراقدا ناهێنێته ئاراوه، چونكه ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و حكومه‌تی نوێی عێراق هه‌ڵگری به‌هاو پرۆژه‌ی باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك و چاره‌سه‌ركردنی كێشه خزمه‌تگوزاریه‌كانی عێراق بوایه، ئه‌وا پێكهێنانی ئه‌بووه پێویستیه‌ك كه جێبه‌جێ بكرێت و دوا نه‌خرێت یان نه‌كرێته قوربانی ململانێی گروپ و ده‌سته مافیاكان. ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان و پشوه‌كانی جه‌ژنیشدا، لایه‌نه سیاسیه‌كان ئاماده نه‌بوون له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵوێسته‌یه‌كی خه‌مخۆرانه بكه‌ن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵی كات كوشتن و به‌رده‌وامیدان به قه‌یرانه‌كان ده‌ده‌ن.
له كۆتاییدا ئه‌مانه‌وێ ئاماژه به‌و خاڵه بكه‌ین كه به‌شی زۆری كێشه‌و ململانێیه‌كان و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناهۆشیاری تاك، كه ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی چه‌ندی بگه‌ڕێته‌وه بۆ خودی تاك، ئه‌وه‌نده‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و تاكه‌و كۆمه‌ڵگای عێراقی به‌گشتی له ده‌ستپێكی دامه‌زراندنیه‌وه كار ده‌كرێت له‌سه‌ر تێكشكاندنی ناخی و دروستكردنی هه‌ستی خۆ به‌كه‌مزانی له ناخیدا. له ئێستادا له ڕێگای پرۆژه‌ی سیاسی پارته سیاسیه عێراقیه‌كانه‌وه، دانیشتوانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو دابه‌شكراون و خهریككراون به كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و كولتووری و قه‌ومیه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه وزه‌یان له‌م كێشانه‌دا به فیرۆ بچێت و نه‌پڕژێنه سه‌ر ئه‌و زوڵم و زۆره‌ی كه پارته سیاسیه‌كان لێیان ده‌كه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه به جۆرێك دابه‌شكراون و كۆت و به‌ندكراون، وایلێهاتووه به جۆرێك له جۆره‌كان ببنه‌وه به خزمه‌تكاری پارته سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه مه‌زهه‌بیه‌كان.
*-ماسته‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی