ئەوەی تێی ناگەیت،، سەرت ئەخوات..

Draw Media

2022-05-16 16:55:25



سمكۆ ئەسعەد 

لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە نەوت و غازی هەرێم وچۆنیەتی رێكخستنی وزە، لە 15/2/2022، حكومەتی هەرێم و لە بەرزترین ئاستدا، دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، لە بەرامبەریشدا:
- لە دوبەی، لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە (28-29 ئاداری 2022)، هەردوو وەزیری نەوتی سعودیەو ئیمارات، بەبەرچاوی ئامادەبوانی كۆڕبەند، بە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان وت: (پێویستە دۆسێی وزە بە جیابگیرێت لە دۆسێی سیاسەت و تێكەڵ بە یەكتر نەكرێن..) ئەمە وڵامێك بوو بۆ وتارە فرە تەوەرەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی (نەوت و غاز، دادگای باڵا، باری سیاسی عێراق و دەستێوەردانەكانی ئێران).
- لە لەندەن، رۆژی 20/4/2022 لەمیانی پێشوازیكردنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، یەكەمیان بە دووەمیانی وت: (ستایشی هەوڵەكانتان ئەكەین بۆ یارمەتیدانمان بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستنی ئەوروپا بە نەوت و گازی ڕووسی ..) ئەوەی تۆزێك شارەزا بێت لە زمانی ئینگلیز، ئەزانێت ئەو ستایشە واتای ڕەتكردنەوەی هەوڵەكانە.
- لە بەغدا، بەر لە گەشتەكەی لەندەن، لە 11/4/2022 وەزیری نەوتی عێراق داوای دامەزراندنی (كۆمپانیایەكی تایبەت بە ووزەی هەرێم لە هەولێر) كرد.
- لە واشنتن، رۆژی 5/5/2022 پرۆژە یاسای (نۆپیك- No Oil Producing and Exporting Cartels ) لە لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پەسەندكراو ماوەتەوە هەردوو ئەنجومەنی پیران و كۆنگرسی ئەمریكا پەسەندی بكات، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و تێركردنی خواستی بازاڕ لە دوای قەیرانی (ڕوسیا – ئۆكرانیا)، ئەم پرۆژە یاسایە، نەخشەڕێگای نوێی هاوپەیمانییە ئابوورییەكانی جیهان ڕێكدەخاتەوە، كێ‌ لەگەڵ ئەمریكایەو كێ‌ دژە.. پێوەرەی ئەو لەگەڵ بوونە، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانە بۆ بەرژەوەندی بازاڕو دابەزاندنی نرخی نەوت..
- لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین، ئەمڕۆ 16/5/2022 لە كۆنگرەی نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2022، وەزیری نەوتی سعودی، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگەیاند.. هەر ئەمڕۆ 16/5/2022 وەزیری نەوتی عێراق، ئامادەیی بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتی عێراقی ڕاگەیاند، لەكاتێكدا لە 22/2/2022 ڕایگەیاندبوو، عێراق بەرهەمهێنانی نەوت بە جێكیری ئەهێڵێتەوە.
ئەی لە هەرێم چی ئەگوزەرێت ؟؟
من دڵنیام بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم نازانن پرۆژە یاسای (نۆپیك)ی ئەمریكی چی یە، واتا نازانن چی لە بازاڕی جیهان ئەوێت و چۆن نەخشەسازی هاوپەیمانییە ئابوورییەكانی جیهان لە داڕشتنەوەدان، تەنها ئەوە ئەزانن بڵێن (ئێمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقین لەبارەی نەوت وغازی هەرێم و خۆمان غاز هەناردە ئەكەین) بەبێ‌ ئەوەی بزانن ئەو بڕیارەی دادگای باڵاو بڕیارەكانی وەزارەتی نەوت، عێراق ڕێكئەخاتەوە لە ڕیزبەندییە ئابوورییە نوێیەكەی جیهاندا.
من دڵنیاتان ئەكەمەوە، ئەگەر لە دەرهاویشتەكانی بڕیارەكەی دادگای باڵا تێنەگەن، ئەگەر لە پرۆژە یاسای (نۆپیك) تێنەگەن، ئەگەر خوێندنەوە بۆ گۆڕانكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان نەكەن و لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا ئەو تێنەگەیشتنە سەری ئەم هەرێمە ئەخوات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

لەگەڵ ئەوەیت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand