درەو:
🔹 گۆڕانی جرف ئەلسەخر بۆ ناوچەیەکی دابڕاو لە دانیشتووان و سەربازگەیەکی سەر بە گرووپە چەکدارەکان، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئەمنی و ئابووری؛ لە ڕووی ئەمنییەوە ناحیەکە گۆڕاوە بۆ بارەگایەک کە میلیشیاکان و شوێنەکانی هەڵگرتن و دروستکردنی چەکی قورس و مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت، لە ڕووی ئابووریشەوە ناوچەکە بووەتە سەکۆیەک بۆ دزین و بەقاچاخبردنی نەوت، چاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، و چاندنی زەوییەکانی خەڵک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و دروستکردنی حەوزی ماسی تێیدا، سەرەڕای بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، وەک ئەوەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان پێکربووه.
🔹 لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی خستەڕوو کە ڕاستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە کە لە ڕاپۆرتی ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکاندا هاتبوون، و ئاماژەی بە چاودێریکردنی پرۆسەی قاچاخچێتیی سیستماتیک، بوونی پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی، سەرەڕای حاڵەتەکانی دەستکاریکردن و یاریکردنی بەرفراوان لەم دۆسیە هەستیارەدا کرد.
🔹 بەپێی وتەی شارەزایانی بواری نەوت، بڕی پارەی نەوتی بەقاچاخبراو لە ناحیەی جرف ئەلسەخرەوە بە 1.5 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێت، و پرۆسەکانی قاچاخچێتی بە شەو و ڕۆژ بەدرێژایی شەش ساڵی ڕابردوو، گروپه چهكدارهكان بە لایەنی کەمەوە لە ڕێگەی 100 بارهەڵگرەوە لە ڕۆژێکدا ئەنجام دراون. بەدرێژایی شەش ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3 ملیار دۆلاریان وەک قازانجی سافی لە پرۆسەکانی دزین و بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جرف ئەلسەخر دەستکەوتووە.
🔹 کەتیبەکانی "حیزبوڵڵا"ی عێراقی ڕوودانی هەر پرۆسەیەکی بەقاچاخبردنی نەوتیان لە پێگەکەیان لە ناحیەی جرف ئەلسەخر ڕەتکردەوە، و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیان بە هەڵبەستنی ئەم دۆسیەیە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەریان لە دۆسیەی چەکداماڵیندا تۆمەتبار کرد، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی توندی گرژیی سیاسی و ئەمنی لە نێوان هەردوولادا.
🔹 گرووپە چەکدارەکان جرف ئەلسەخر بە (بانکی ناوەندی) و سەرچاوەی سەرەکیی دارایی خۆیان دەزانن، کە ئەمەش وا دەکات ههر ڕووبهڕووبوونهوهیهك سەخت بێت.
سهرهتا
لە پێشهاتێکی ئەمنی و سیاسیی بێپێشینەدا کە گۆڕەپانی عێراق بەخۆیەوە دەیبینێت، حکومەتی عێراق ئامادەکاریی بۆ چوونەناوەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بۆ ناحیەی جرف ئەلسەخر (جرف ئەلنەسر) لە باکووری پارێزگای بابل ڕاگەیاند، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، کە جەخت لە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و کۆتاییهێنان بە هەر دیاردەیەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای هەڵکشانی گرژییەکان دێت لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکومی لەگەڵ ئیستفزازکردن لە کاتی بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش دەرگای لەبەردەم پاکێجێک لە ڕێکاری سزاییدا کردەوە و دوورخستنەوەی سەرکردە ئەمنییە باڵاکان و ڕەوانەکردنی تێوەگلاوانی بۆ دادگا لێکەوتەوە.
وردەکاریی بڕیارە حکومییەکە و پەیامە توندەکان
وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی، دەرچوونی فەرمانێکی ڕاستەوخۆی لەلایەن سەرۆک وەزیران عەلی زەیدییەوە ئاشکرا کرد بۆ چوونەناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەت بۆ ناحیەی جرف ئەلسەخر، و جەختی کردەوە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاسایش و سەپاندنی شکۆی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانە.
عەبودی لە لێدوانە توندەکانیدا، پەیامی هۆشداریی ڕوونی ئاراستە کرد و جەختی کردەوە کە "دەوڵەت بە لۆژیکی شەقاوەگەری بەڕێوەناچێت"، و "ئەوەی پێی وایە لە دەوڵەت بەهێزترە لە خەیاڵدا دەژی"، وەک ڕەتکردنەوەیەکی یەکجارەکی بۆ هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع یان یاخیبوون لە دەسەڵاتی یاسا.
وتەبێژە فەرمییەکە ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم جووڵە سەربازی و ئەمنییە وەک وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ هاتووە بۆ ئەو ئیستفزازکردنەی کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومیی ڕاسپێردراو بە بەدواداچوونی دۆسیەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە چاودێرییەکانیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە".
عەبودی دووپاتی کردەوە کە "حکومەت بەردەوامە لە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی، و دڵنیابوونەوە لە ملکەچبوونی سەرجەم ناوچەکانی عێراق بۆ کۆنترۆڵی ڕەهای دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان بەبێ هیچ جیاکارییەک".
کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلە و دوورخستنەوەی بەکۆمەڵ
دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلە کە تەرخان کرابوو بۆ خستنەڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە پارێزگای بابل، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی ڕەوانەکردنی سەرجەم تۆمەتبارە تێوەگلاوەکانی لەم پرۆسانەدا بۆ دادگا ڕاگەیاند بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی خستەڕوو کە ڕاستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە کە لە ڕاپۆرتی ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکاندا هاتبوون، و ئاماژەی بە چاودێریکردنی پرۆسەی قاچاخچێتیی سیستماتیک، بوونی پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی، سەرەڕای حاڵەتەکانی دەستکاریکردن و یاریکردنی بەرفراوان لەم دۆسیە هەستیارەدا کرد.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئەنجامانەدا، زەیدی بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی نۆ لە دیارترین بەرپرسە ئەمنی و جێبەجێکارەکان لە پارێزگای بابل و کەرتە پەیوەندیدارەکان، و لیستی دوورخراوەکان هەریەک لەمانەی گرتەوە:
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.
بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری.
بەڕێوەبەری موخابەراتی پارێزگای بابل.
فەرماندەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل.
فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆرییە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوت.
بەڵێنەکانی زەیدی بۆ ڕاوەدوونانی قاچاخچییەکان و پشتگیریکردنی دادگا
لە وتەیەکدا کە لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی سەبارەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جرف ئەلسەخر پێشکەشی کرد، زەیدی بەڵێنی دا کۆتایی بە پرۆسەکانی بەقاچاخبردن و دزینی نەوت لە سەرتاسەری وڵاتدا بهێنێت "لە زاخۆوە تا بەسرە"، و جەختی کردەوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بە ڕێژەی 100% پشتگیریی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی هەیە.
زەیدی هۆشداریی دایە تێوەگلاوان و وتی: "ئەوەی پێی وایە هیچ چاوێک نییە چاودێریی بکات لە خەیاڵدا دەژی و دەبێت بە حیساباتەکانیدا بچێتەوە"، و وتیشی "عێراق لەم نموونانە ماندوو بووە"، لە هەمان کاتدا ڕۆڵی پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەریی لە ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی گەندەڵی و قاچاخچێتیدا بەرز نرخاند.
زەیدی جەختی کردەوە کە "هێزە عێراقییەکان توانای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتیان هەیە و ئەگەر بەپێی هۆشداریی هەندێک سەرکردەش نەیانتوانی، ئەوا گەل خۆی دەستوەردان دەکات و یارمەتیی دەوڵەت دەدات لە سەپاندنی هەژموونیدا"، کە ئەمەش پەیامێکە ئاراستەی شەقامی عێراقی کراوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانییان لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و چەکداری لەگەڵ کەتیبەکانی "حیزبوڵڵا" کە بە بڕوای زۆرێک نزیک بووەتەوە.
هەڵوێستی کەتیبەکانی "حیزبوڵڵا" و چوارچێوە سیاسییەکە
لە بەرامبەردا، کەتیبەکانی "حیزبوڵڵا"ی عێراقی ڕوودانی هەر پرۆسەیەکی بەقاچاخبردنی نەوتیان لە پێگەکەیان لە ناحیەی جرف ئەلسەخر ڕەتکردەوە، و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیان بە هەڵبەستنی ئەم دۆسیەیە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەریان لە دۆسیەی چەکداماڵیندا تۆمەتبار کرد، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی توندی گرژیی سیاسی و ئەمنی لە نێوان هەردوولادا.
ئەم مشتومڕە ئاشکرایە لە سایەی فشارە ڕوو لە زیادبوونەکانی ئەمریکادا دێت کە دەخرێنە سەر بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کە ئەمەش ئەو دۆسیەیەیە سەرۆک وەزیران لەوەتەی پۆستەکەی وەرگرتووە بەڵێنی چارەسەرکردنی داوە.
ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان دەوڵەت و کەتیبەکاندا نزیک دەبێتەوە
لەم بارەیەوە، سەرکردە لە کوتلەی سوودانی و ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، تالیب ئەلیەساری، پێشبینیی ڕوودانی پێکدادانێکی چەکداریی چاوەڕوانکراوی لە نێوان حکومەتی عێراق و کەتیبەکانی "حیزبوڵڵا" لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا کرد، لە ئەگەری شکستهێنانی هەردوولا لە گەیشتن بە سازانێک سەبارەت بە دۆسیەی ناوچەی جرف ئەلسەخر.
ئەلیەساری لە لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردەوە کە "کەتیبەکان ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا نیشان داوە"، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان "توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتیان نییە، کە ژمارەی ئەندامەکانیان دەگاتە یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس".
وتیشی: "قەیرانەکە دوای دانپێدانانی کەتیبەکان بە بوونی دامەزراوەی پاڵاوتنی نەوت کە سەر بە خۆیانن قووڵتر بووەوە، کە ئەمەشی بە ئاڵنگارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت لە قەڵەم دا".
ئەلیەساری جەختی کردەوە کە "عێراق چیتر بەرگەی قەیرانی ئابووریی زیاتر و بێکاری ناگرێت کە گەیشتووەتە ئاستێک کە بە تۆقێنەر وەسفی کرد"، و هۆشداریی دا کە "بەردەوامبوونی ئەم گرژییانە ڕەنگە وڵات بەرەو داڕمانێکی گشتگیر و کەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت پاڵ بنێت ئەگەر ئەم دۆسیانە بە یەکلاکەرەوەیی و بەبێ گەڕانەوە یەکلا نەکرێنەوە".
پاشخانی دیمەنەکە: 12 ساڵ لە دابڕان و ئاوارەکردن
پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ناحیەی جرف ئەلسەخر گرنگییەکی ناوازە بەدەست دەهێنن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە ناوچەکە زیاتر لە دوانزە ساڵە تێیدا دەژی؛ بەوپێیەی ناحیەکە لەوەتەی لە ساڵی 2014ـەوە لە ڕێکخراوی "داعش" کۆنترۆڵ کراوەتەوە، لە ژێر کۆنترۆڵی ڕەهای کەتیبەکانی "حیزبوڵڵا"ی لایەنگری ئێراندا ماوەتەوە.
بەدرێژایی ئەم ساڵە دوورودرێژانە، ناحیەکە گۆڕا بۆ ناوچەیەکی تەواو داخراو، بە جۆرێک کەتیبەکان سەرجەم هەوڵەکانی پێشووی حکومەتیان بۆ چوونەناوەوەی هێزە فەرمییەکان یان سەپاندنی ئیدارەی مەدەنی تێیدا ڕەتکردەوە، هەروەها ڕێگرییان لە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی جرف ئەلسەخر کرد بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و کێڵگەکانیان دوای ئەوەی بەزۆر ئاوارە کران، تا دۆسیەی ئاوارەکانی خەڵکی جرف وەک یەکێک لە دیارترین دۆسیە مرۆیی و سیاسییە هەڵپەسێردراوەکانی عێراق بمێنێتەوە.
لەسەر ئاستی ئابووریش، هەمیشە ڕاپۆرتە چاودێرییەکان و سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بە قۆستنەوەی ئەو دابڕانە سەپێنراوەی سەر ناحیەکە دەکرد لە چالاکیی ئابووریی نایاساییدا، کە ئەمەش بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەو لیژنە حکومییەوە سەلمێندرا کە بەم دواییە چووە ناو جرف ئەلسەخر؛ بەوپێیەی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان تێوەگلانی کەتیبەکانیان لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانیدا، و بەڕێوەبردنی پاڵاوگەی نایاسایی دوور لە چاودێریی وەزارەتی نەوت و لایەنە چاودێرییە فیدراڵییەکان ئاشکرا کرد.
بۆرییەکانی قاچاخچێتی لەژێر پەردەی "بەرەنگاری"دا
زۆرینەی عێراقییەکان تووشی شۆک نەبوون بە ئاشکرابوونی پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جرف ئەلسەخر، کە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە ماوەی 12 ساڵە دەستیان بەسەر ناحیەکەدا گرتووە؛ چونکە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و لە سەرووشیانەوە "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا"، گەڕانەوەی دانیشتووانی بەزۆر ڕاگوێزراوی ناحیەکە ڕەتدەکەنەوە بە بیانووی ترس لە گۆڕینی ناوچەکە بۆ پێگەیەکی تیرۆر کە هەڕەشە لە کەربەلا و بەغدای پایتەخت بکات، بەڵام ڕاستییەکە بریتییە لە قۆستنەوەی جرف ئەلسەخر لەلایەن میلیشیاکانەوە لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، شانبەشانی قۆستنەوە ئەمنییەکەی.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی عێراق ئاشکرایان کرد کە گرووپە چەکدارەکان ماوەی چەندین ساڵە لە ناوچەی جرف ئەلسەخرەوە نەوت و بەرهەمەکانی بە قاچاخ دەبەن و لەو ڕێگەیەشەوە بە ملیۆنان دۆلاریان دەستکەوتووە، ئەویش لە ڕێگەی تانکەرەوە کە بە ڕێڕەوی دیاریکراودا دەیگوازنەوە بۆ بەغدا.
تۆمەتەکانی دزین و بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جرف ئەلسەخر ئاراستەی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" دەکرێن، بەوپێیەی ئەو میلیشیایەیە کە ماوەی 12 ساڵە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناحیەکەدا سەپاندووە و ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی دەکات، تەنانەت ڕێگە بە چوونەژوورەوەی هیچ لایەنێکی حکومیش نادات بۆ ناوچەکە، چ ئیداری بێت یان سەربازی.
بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە چالاکییەکانی قاچاخچێتی لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا لای دەزگا ئەمنییەکانی عێراق تۆمارکراون، واتە پرۆسەکان بەدرێژایی 6 ساڵی ڕابردوو بەردەوام بوون، و لە ڕێگەی کونکردنی ئەو بۆرییە نەوتییانەوە ئەنجام دەدرێن کە بە جرف و دەوروبەریدا تێدەپەڕن، بە جۆرێک گرووپە چەکدارەکان هەڵدەستن بە کونکردن و شکاندنی بەشێکی بۆرییەکان و بارکردنی نەوت و بەرهەمەکانی لە ڕێگەی تانکەری تایبەتەوە و دواتر بەقاچاخبردن و فرۆشتنیان.
بەڵگەنامەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە گرووپە چەکدارەکان بە حوکمی کۆنترۆڵکردنی جرف ئەلسەخر، پاڵاوگەیەکی نەوتی بچووکیان لەسەر یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکان دروستکردووە بۆ ئەوەی بتوانن بڕێکی زیاتری نەوت لە کاتی تێپەڕبوونی بە ناحیەی جرفدا بدزن و بە قاچاخی ببەن.
بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنی و هەواڵگرییەکەی عێراق، پرۆسەی قاچاخچێتییەکە لە ڕێگەی 3 قۆڵهوە ئەنجام دەدرێت؛ یەکەمیان قۆڵی (موسەییەب - بەغدا)یە، کە تێیدا نەوتەکە لە ڕێگەی پردی موسەییەبەوە بەرەو بەغدای پایتەخت بە قاچاخ دەبرێت دوای گۆڕینی تانکەرەکان.
قۆڵی دووەم بریتییە لە قۆڵی (عامرییەی فەللوجە)، کە سووتەمەنی لە پاڵاوگەکەوە بەرەو عامرییەی فەللوجە دەگوازێتەوە تا دەگاتە قەزای حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار، سەبارەت بە قۆڵی سێیەمیش بریتییە لە ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی کە نەوتەکەی بۆ دەگوازرێتەوە بۆ ساغکردنەوەی بڕە ڕاکێشراوەکان دوای تێکەڵکردنی تانکەرە قاچاخەکان لەگەڵ تانکەرە فەرمییەکان کە بەرەو وێستگەکان دەڕۆن.
بەپێی ڕاپۆرتە 19 لاپەڕەییەکە، پرۆسەکانی وردبینی هەواڵگری و شیکارییە جوگرافییە ئاسمانییەکان کە پشتیان بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و بەدواداچوونی جووڵەی تانکەرەکان لە نێوان ساڵانی 2021 و 2026 بەستووە، چالاکیی دووبارەبوەوەیان لە شوێنە دیاریکراوەکانی ناو ناحیەی جرف ئەلسەخر دەرخستووە، و ئاماژەیان بە چاودێریکردنی تانکەرگەلێک کردووە کە توانای هەر یەکێکیان 36 هەزار لیترە و هاتوچۆی شوێنە نزیکەکانی ڕێڕەوی بۆرییە نەوتییەکان دەکەن، شانبەشانی دامەزراوەگەلێک کە گومان دەکرێت بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی نەوت بەکاربهێنرێن، کە هەندێکیان دەکەونە ژێر زەوی و بە پەیکەری ئاسنین داپۆشراون بۆ شاردنەوەیان لە چاودێریی ڕاستەوخۆ.
تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەبارەت بەو زانیاری و ڕاپۆرتە بڵاوکراوانە دەرنەچووە کە تایبەتن بە بەقاچاخبردن و دزینی نەوت لە ناحیەی جرف ئەلسەخر و دەوروبەری.
3 ملیار دۆلار لە بەقاچاخبردنی نەوتی جرف ئەلسەخر
بەپێی وتەی محەمەد جەنابی شارەزای بواری نەوت، بڕی پارەی نەوتی بەقاچاخبراو لە ناحیەی جرف ئەلسەخرەوە بە 1.5 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێت، و پرۆسەکانی قاچاخچێتی بە شەو و ڕۆژ بەدرێژایی شەش ساڵی ڕابردوو، و بە لایەنی کەمەوە لە ڕێگەی 100 بارهەڵگرەوە لە ڕۆژێکدا ئەنجام دراون.
بەپێی ئەو ژمارانەی ئهو شارهزایه خەمڵاندوونی، گرووپە چەکدارەکان بەدرێژایی شەش ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3 ملیار دۆلاریان وەک قازانجی سافی لە پرۆسەکانی دزین و بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جرف ئەلسەخر دەستکەوتووە.
پێشتریش تۆڕی "ئەلساعە" لە ڕاپۆرتێکی قووڵدا سەبارەت بە چالاکییەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە کێڵگەکانی نەجمە و گەیارە لە باشووری مووسڵ، ئاشکرای کردبوو کە دزییەکان بە زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، لە ماوەی ئەو ساڵانەی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ لە ساڵی 2017 هاتن.
بۆیه بهشێك له چاودێران پێیان وایه، گرووپە چەکدارەکان جرف ئەلسەخر بە (بانکی ناوەندی) و سەرچاوەی سەرەکیی دارایی خۆیان دەزانن، کە ئەمەش وا دەکات ههر ڕووبهڕووبوونهوهیهك سەخت بێت.
جرف ئەلسەخر.. وەبەرهێنانێکی کراوەی میلیشیاکان
هۆکاری پشت گۆڕینی جرف ئەلسەخر بۆ ناوچەیەکی دابڕاو لە دانیشتووان و سەربازگەیەکی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئەمنی و ئابووری؛ لە ڕووی ئەمنییەوە ناحیەکە گۆڕاوە بۆ بارەگایەک کە میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان و شوێنەکانی هەڵگرتن و دروستکردنی چەکی قورس و مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت، لە ڕووی ئابووریشەوە ناوچەکە بووەتە سەکۆیەک بۆ دزین و بەقاچاخبردنی نەوت، چاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، و چاندنی زەوییەکانی خەڵک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و دروستکردنی حەوزی ماسی تێیدا، سەرەڕای بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، وەک ئەوەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان پێکردبوو.
لەم بارەیەوە، توێژەر لە کاروباری عێراقدا غانم عابد جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاشکراکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە جرف ئەلسەخر لەلایەن میلیشیاکانەوە، پەیامێکی وەڵامدانەوەی خێرای زەیدییە بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەسەر زاری وتەبێژی کەتیبەکان "ئەبو موجاهید عەساف" هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەوەیان کرد کە بە "هەڵدانەوەی پەڕاو و ئابڕووچوونەکانی تایبەت بە سەرۆک وەزیران" وەسفی کردبوو.
عابد لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "ئەلساعە" ئهوهی وتووه: "بەڵگەنامە تایبەتەکان بە بەقاچاخبردنی نەوت لەلایەن میلیشیاکانەوە لە جرف ئەلسەخر، پەیامێکی وەڵامدانەوەی حکومەتە بۆ ئەو تۆمەتانەی کە بەم دواییە لەلایەن عەسافەوە ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کران".
عابد جەختی لهوه کردوەتهوه کە کردنەوەی دۆسیەی میلیشیاکان لە جرف ئەلسەخر تەنها لە پرۆسەکانی دزین و بەقاچاخبردنی نەوتدا قەتیس نابێت، بەڵکو ئابڕووچوونی گەورە دەگرێتەوە کە لە قۆستنەوەی ناحیەکەوە لە پرۆسە ئابوورییە گوماناوییەکاندا دەستپێدەکات و سوودمەندبوون لێی لە ڕووی داراییەوە لەسەر حیسابی هێشتنەوەی خەڵک و دانیشتووانە ڕەسەنەکەی بە ئاوارەیی و بەزۆر.
وتوشیهتی: "گرووپە چەکدارەکان جرفیان گۆڕیوە بۆ سەکۆیەک بۆ دزین و بەقاچاخبردنی نەوت، دروستکردنی کێڵگەی پەلەوەر و حەوزی گەورەی ماسی لەسەر ڕووبارەکە، و دروستکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان کە قازانجێکی زۆر بۆ گرووپە چەکدارەکان دەستەبەر دەکەن، شانبەشانی چاندنی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن پێیانەوە، بە جۆرێک ئەمڕۆ جرف بووەتە مەترسیدارترین شوێن لە چاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراقدا".
گرووپە چەکدارەکان شانبەشانی قۆستنەوە ئابوورییەکە، جرف ئەلسەخریان لە ڕووی سەربازیشەوە قۆستووەتەوە، بە جۆرێک ناحیەکە گۆڕاوە بۆ سەربازگەی گەورە کە حوسییەکان، گرووپە بەحرەینییە نزیکەکان لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای پاسدارانی ئێران لەخۆدەگرێت.
سهرچاوهكان
شبكة الساعة (تقارير)، 12 عاماً من هيمنة الكتائب.. هل اقتربت الدولة من فرض سيادتها على جرف الصخر؟, نشر في: 16 نوفمبر 2026:
https://shorturl.at/bSI3O
فريق التحرير - شبكة الساعة (تقارير)، أنابيب التهريب تحت عباءة "المقاومة".. كم تقدر مبالغ النفط المسروق في جرف الصخر؟، نشر في: 10 نوفمبر 2026:
https://shorturl.at/LhBe5