تێڕوانینێکی یاسایی لەسەر نوسراوەکەی سەرۆک
2018-05-30 20:51:00
حەبیب محەمەد جاف
لەم نوسراوەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەردەکەوێت ، کە لە سەرۆکایەتی کۆماردا شارەزا و راوێژکاری بواری یاسا لەو دامەزراوەیەدا لە ئاستێکی باشدا نیە لە بەر ئەم هۆکارانەی لای خوارەوە:-
۱- ئەگەر مەسەلە پێشێلکاری دەستور بێت دەستور باسی سەرۆک کۆمار دەکات کە دەبێت شەونخون بێت لەسەر پارێزگاریکردنی پابەندبوون بە دەستورەوە(م 67 دەستور) ، بۆیە دەبوایە خودی سەرۆک کۆمار نوسراوەکەی ئیمزابکردایە، نەک بەرێوەبەری نوسینگەکەی .
۲- نازانین سەرۆکایەتی کۆمار لەم نوسراوەدا رای دەربڕیوە یان فەتوای داوە ،چونکە لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت (تری رئاسە الجمهوریە) ئەم داڕشتنە لە فەتوایەکی مجلس شورای دەوڵەت دەچێت.
۳- دەبوایە سەرۆکایەتی کۆمار نوسراوەکەی تەسبیب بکردایە لەرووی دەستوری ویاساییەوە کە چۆن بڕیارەکەی پەرلەمان کە( ژمارەی بڕیارەکەشی نەنوسیوە ) پێچەوانەی دەستور و یاسای کومسیۆنە؟
٤-ئەگەر ئەمە لێدوانی سەرۆک کۆمارە لە ئەم هەلومەرجە تازەیەی هەڵبژاردن ، ئەوا دەکرا وتەبێژی سەرۆکایەتی لە رێگای بەیانێکەوە یان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیەوە رای خۆی دەرببڕایە نەک نوسراوکردن بۆ کۆمسیۆن.
٥- نوسراوەکەی سەرۆکایەتی وەک نوسراوێکی پشتگیری بۆ کۆمسیۆن دەردەکەوێت ، وەک لەوەی ئەرکێکی دەستوری سەرۆک کۆماربێت بۆ پارێزگاری لە دەستور و یاساٚ
٦-ئێمە پێشتر لە پۆستێکیتردا ووتمان سەرۆکایەتی کۆمار نەیتوانیوە ئالیەتێک بدۆزێتەوە بۆ پارێزگاری لە دەستور کە خودی دەستور ئەو ئەرکەی خستۆتە سەرشانی سەرۆک کۆمار، بۆیە ئەم نوسراوانە هیچ کاریگەریەکی دەستوری و یاسایی نابێت .
۷- پەرلەمان خۆیان باش دەزانن کە لە رووی یاساییەوە ناتوانن دەستکاری دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن ،بۆیە ئێستا هەوڵی هەمواری خودی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و کۆمسیۆن دەدات بۆ ئەوەی لە بڕگەیەکدا ئەو دەسەڵاتە بدات بەخۆی بۆ ئەوەی بتوانێت دەستکاری دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکات.
۸-بەڵام پەرلەمان دەتوانێت استجوابی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکات و دواتر اقالەیان بکات ، یان خانەنشینیان بکات.
ئومێدەوارین سەرۆکایەتی کۆمار کە پشکی کوردە وماڵە لەسەر کورد ویەکێتی نیشتمانی کورودستان تێڕوانینێکی دەستوری ویاسایی وورتری هەبێت وسەرپێی بڕیار و نوسراو دەرنەکات.