Draw Media

به‌دبه‌ختی‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌!

به‌دبه‌ختی‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌!

2018-05-30 19:26:54


سه‌ردار محه‌مه‌د....
میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و میدیایه‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌سه‌ر پێی‌ خۆی‌ بوه‌ستێ‌‌و ژێر به‌ژێر‌و به‌دزییه‌وه‌ پاره‌ له‌م‌و له‌و وه‌رنه‌گرێت، حاڵی‌ فره‌ په‌رێشانه‌. چه‌ندیش بگه‌ڕێی‌ به‌دوای‌ چاره‌سه‌ردا بێهوده‌یه‌.

پاش ساڵانێكی‌ زۆر له‌شه‌ونخونی‌، زۆر به‌باشی‌ درك به‌و راستییه‌ ده‌كه‌ین له‌دۆخێكدا كه‌ له‌كوردستان ده‌سه‌ڵاتی‌ “پارتی‌‌و یه‌كێتی‌” هه‌مو ده‌رفه‌تێكی‌ یه‌كسانیان له‌به‌رده‌م میدیاكاندا بۆ ركه‌به‌ریی‌ داخستوه‌، میدیای‌ ئه‌هلی‌ رۆژ به‌رۆژ زیاتر توانای‌ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبونی‌ له‌ڕوی‌ ئابورییه‌وه‌ له‌ده‌ست ده‌دات.

چه‌ند ساڵێكه‌ به‌دبه‌ختی‌ به‌رۆكی‌ به‌میدیای‌ ئه‌هلی‌ گرتوه‌، به‌رده‌وام په‌رته‌وازه‌و بچوك بچوك ده‌بێته‌وه‌، كاریگه‌ری‌‌و بایه‌خی‌ وه‌ك پێویست نامێنێ‌، ریكلام‌و سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتیان وشك ده‌كات، به‌هۆی‌ بێ‌ پاره‌ییه‌وه‌ توانای‌ خۆنوێكردنه‌وه‌و گه‌شه‌دان به‌خۆیان نییه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌رده‌وام هه‌وڵی‌ كڕینیان ده‌ده‌ن، تا چۆنیان گه‌ره‌ك بێ‌ ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌ن.

له‌سایه‌ی‌ ئه‌م دۆخه‌دا كه‌ میدیای‌ سه‌ربه‌خۆ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ‌، چه‌ند قورس‌و زه‌حمه‌ته‌ به‌پێوه‌ مانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌و میدیای‌ نوسراو؟! له‌كاتێكدا هه‌مو رۆژێك له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا ئینته‌رنێت‌و ته‌له‌فزیۆن میدیای‌ نوسراو‌و رۆژنامه‌كان ده‌كوژێت، چ بگات به‌كوردستانێك كه‌ رۆژ تا ئێواره‌ هه‌واڵ‌‌و راپۆرت‌و به‌رنامه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كان، كه‌ زۆربه‌یان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك بی‌ بایه‌خن، وه‌ك گولله‌ی‌ وێل هێواش هێواش یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ده‌كوژن، ئێستا به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م وڵاته‌ش كه‌ شه‌و به‌دیار فه‌یسبوك‌و سۆشیال میدیاوه‌ رۆژ ده‌كه‌نه‌وه‌، تاقه‌تی‌ خوێندنه‌وه‌یان نامێنی‌‌و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌یان لێناكرێ‌ به‌ته‌نگ پڕۆژه‌ی‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌‌و سه‌ربه‌خۆو میدیای‌ پیشه‌یی‌ راسته‌قینه‌وه‌ بن! دابه‌زینی‌ تیراژو فرۆشی‌ كتێب‌و رۆژنامه‌كان باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ساڵ‌ به‌ساڵ‌ ژماره‌ی‌ خوێنه‌رو خوێنده‌واریی‌ له‌م وڵاته‌دا رو له‌كه‌می‌‌و كزی‌ ده‌كات، دیاره‌ وه‌ك “ئه‌لوین تافله‌ر” ده‌ڵێت “نه‌خوێنده‌وارانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیست‌و یه‌كه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ نین كه‌ نازانن بخوێننه‌وه‌و بنوسن، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ناتوانن واز له‌بیرو بۆچونی‌ رابردویان بهێنن‌و شتی‌ نوێ‌ فێر بن”.

ئێستا میدیای‌ سه‌ربه‌خۆو ئه‌هلی‌ به‌ته‌واوی‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كا‌و گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ میدیایه‌كی‌ سێبه‌رو ئاڕاسته‌كراوی‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌ی‌ گه‌وره‌و زه‌به‌لاح چۆڵ‌ ده‌بێ‌، میدیایه‌ك كه‌ 24 كاتژمێر بێ‌ وه‌ستان كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی‌ مه‌عریفه‌و هوشیاری‌ خه‌ڵكی‌ ده‌كات، میدیایه‌ك كه‌ توانای‌ ره‌خنه‌گرتنی‌ به‌رامبه‌ر به‌و پێشێلكاریی‌ ئازادیی‌‌و نایه‌كسانی‌‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م وڵاته‌دا روده‌دات، میدیایه‌ك كه‌ به‌لانیكه‌می‌ پیشه‌یی‌ بونه‌وه‌ پابه‌ند نییه‌‌و هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌دات به‌پێی‌ ئه‌جندای‌ حزب‌و ئه‌ربابه‌كانیان خشته‌ی‌ بایه‌خی‌ رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵك دیاری بكه‌ن، به‌خه‌ڵك بڵێن ئه‌م روداوه‌یان گرنگه‌و ئه‌وه‌یان نا. ئه‌م جۆره‌ میدیانه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ له‌روداوه‌كان بۆ رای‌ گشتی‌ بگوزانه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزب‌و ئاغاكانیانه‌، هه‌موشیان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌”راستگۆیی”دا كۆل‌و “راسب”ن، كه‌ له‌ساته‌وه‌خته‌ هه‌ستیارو روداوه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا تاقیكراونه‌ته‌وه‌ له‌بری‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌‌و هه‌واڵ‌‌و كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌، خه‌ریكی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ “پاگه‌نده‌ن”.

ئه‌مڕۆ چ رۆژێكی‌ ره‌ش‌و پڕ له‌به‌دبه‌ختییه‌ بۆ میدیای‌ ئه‌هلیی‌‌و سه‌ربه‌خۆو هه‌مو ئه‌وانه‌ی دڵیان بۆ ئازادی‌‌و بۆ ئاشكراكردنی‌ راستی‌‌و حه‌قیقه‌ت ده‌سوتێ‌؟!

-رۆژنامەی ئاوێنە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand