تەزویری ریفراندۆم کەرکوکی دۆڕاند، ئەی تەزویری هەڵبژاردن بۆ کوێی دەبا؟
2018-05-30 11:04:06
كەمال چۆمانی چەند رۆژێک پێش ریفراندۆم، مەسعود بارزانیی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی و پارتیی و بەرپرسانی کەرکوک کۆدەبێتەوە. ئاسۆ مامەند بە بارزانیی دەڵێت "ئەگەر ریفراندۆم لە کەرکوک بکەین، ئەگەری هەیە بدۆڕێین." بارزانی پێیدەڵێت: "بڕۆن تەزویر بکەن."
لە کەرکوک ریفراندۆم کرا، تەزویرێکی زۆریش کرا، "بەڵێ" بە رێژەیەکی خەیاڵیی بردیەوە، بەڵام ئەنجامەکەی دۆڕانی کەرکوک بو.
بە چەوساندنەوەی کورد بەعسیزم نەیتوانی بیباتەوە. بە پەراوێزخستنی عەڕەب و تورکمان کورد نەیتوانی بیباتەوە. کەرکوک بە تەزویریش نابردرێتەوە. هەر بردنەوەیەکیش بە تەزویر، وەک بردنەوەکەی ریفراندۆم کورتخایەن دەبێت.
ئەوەی چارەنوسی کەرکوک یەکلاییدەکاتەوە، مادەی ١٤٠ە، ئەو مادەیەش هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێڕاقەوە نییە، خۆ کورد لە هەڵبژاردنی پێشتور ٨ کورسیی بردەوە، بەڵام هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕی.- (هەرچەندە باشترین چارەسەریی بۆ کەرکوک نە مادەی ١٤٠ە، نە ئەوەش بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان یان بەغداد، بەڵکو دروستکردنی هەرێمێکی فیدرالە بۆ کەرکوک، بە رای من). کورد لە کەرکوک کورسییەکی هەبێت یان ١٠ هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، ئەوەی لە ئێستادا گرنگە، ئەگەر لە خەمی کورد دان، چۆن کورد بتوانێت لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان زۆرینە بەدەستبهێنێت و کەسێکی باش ببێتە پارێزگار، نەک کەسێکی یەکێتیی یان پارتیی. ئەگەر لە خەمی کەرکوکیشن، بۆچی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا گرێنادەن و پارێزگاری نوێ هەڵنابژێرن. سەیرە، پارتیی ئامادەیە بچێتەوە بەغداد بەڵام ئامادە نییە ئەندامانی خۆی بنێرێتەوە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کە بەدڵنیایی کورد دەتوانێت پارێزگار هەڵبژێرێت.
هەندێک بە بیانوی پاراستنی زۆرینەی کوردیی لە کەرکوک، تەزویری یەکێتیی بەرز دەنرخێنن، یان ئەو هەوڵانەی بۆ دەرخستنی راستییەکان هەن بە خیانەت تەماشادەکەن لە کوردایەتیی، راستییتان ناوێت، دیوێکی کوردایەتیی خۆی خیانەتە.
تەزویری ریفراندۆم کەرکوکی دۆڕاند، هەزاران کەس ماڵوێران و ئاوارە بو، دەیان رۆڵەی ئەو گەلە بونە قوربانیی، ئەندازیارانی تەزویڕەکەش ئێستا لەسەر خوێنی ئەوان مامەڵەی سیاسیی دەکەن. ئەی ئەو تەزویرەی یەکێتیی کەرکوک بەرەو کوێ دەبات؟ یەکێتیی دەبێت هۆشیارتر بێت و نابێت رێبدات توندوتیژیی و شەڕ دروستببێت، ئەگەر راستە تەزویر نەکراوە، با قبوڵیبکات دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە. یەکێتیی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەسەر گەلی کورد هێنا وەک خۆیان دەڵێن "لەپێناو پاراستنی گیان و ژیانی وڵاتییان،" ئەی بۆچی لە پێناو پاراستنی داهاتوی کەرکوکییەکان و عێڕاق و هەرێمی کوردستان ئامادە نییە قبوڵبکات دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە تا دۆخەکە خراپتر نەبێت؟