رێككه‌وتن، چۆن و بە چی ..!؟
2022-04-06 07:49:46
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
كۆمه‌ڵێك پرس هه‌ن كۆنترۆڵی ئه‌و دیارده‌یه ده‌كه‌ن كه پێی ده‌وترێت رێككه‌وتن Agreement. كێن ئه‌و گروپانه‌ی كه رێكده‌كه‌ون؟ ئه‌و ناكۆكییانه چین كه پێویسته كۆتاییان پێبهێنن؟ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌بێت؟ له‌چ هه‌لومه‌رجێكی مێژوویدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟ به چ میكانیزمێك جێبه‌جێده‌كرێت؟ به‌رژه‌وه‌ندیی گروپه ناكۆكه‌كان چین و ئه‌و پێویستییانه‌ش كامانه‌ن كه بۆ رێككه‌وتن هه‌ن و له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندیی گروپهكانهوهن؟
ئه‌گه‌ر وردتر تیۆریزه‌ی كۆنسێپتی رێككه‌وتن بكرێت، ره‌نگه لیستی ئه‌و پرسیارانه زیادبكات، له‌گه‌ڵیدا ئاڵۆزیی ئه‌م بابه‌ته روونببێتهوهو به‌و هۆكاره بونیادییه‌ش Structural reason ئاشناببین كه له‌پشت شكستى زۆرێك لهرێككهوتنهكان و ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌وه‌ن. پرسی رێككه‌وتن ته‌نها به‌و باكگراوه‌نده سیاسییه كهمخوێنانه چاره‌سه‌ر ناكرێت كه ده‌شێت سیاسییه‌كان و پارته‌كانیان هه‌یانبێت. ئه‌م پرسه ره‌هه‌ندی عه‌قڵانی و زانستیی هه‌یه، ره‌گی فه‌لسه‌فیی بیرۆكه‌ی خودی رێككه‌وتن-ی تیا دیاریده‌كرێت!. واته له‌یه‌ككاتدا لهمهحهكدانی كولتوری سیاسی و تاقیكردنه‌وه‌ی شارستانییه‌تی كۆمه‌ڵگه‌شه، چونكه رێككه‌وتن، به‌و چه‌مكه فه‌لسه‌فییه‌ی كه راڤه‌ی ده‌كه‌ین، ئه‌و چوارچێوه سیاسییانه تێپه‌ڕده‌كات كه زۆرجار چاره‌نووسی رێككه‌وتنه‌كانیان به‌ده‌سته، به‌تایبه‌ت رێككه‌وتنه كاتییه‌كان، یان ناچاری و نادڵخوازهكان، یان ترسئامێزو مل بۆ دراوه‌كان، یان ئه‌وانه‌ی كه زاده‌ی لاسه‌نگیی ته‌رازووی هێزو نابه‌رابه‌ریی نێوان گروپه‌كانن.
كۆنسێپتی رێككه‌وتن، ئه‌و چوارچێوانه به‌به‌شێك له‌فه‌لسه‌فه‌ی مرۆدۆستانه‌ی رێككه‌وتن نازانێت، ئه‌وانه هیچیان ئه‌وسه‌ریان دیار نییه!، خزمه‌ت به‌به‌هاكانی ئاشتی، لێبورده‌یی، فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیان ناكه‌ن كهئاینهكان و فه‌لسه‌فه مرۆڤگهراكان Humanism له‌سه‌رده‌مى رێنیسانسه‌وه (سه‌ده‌ی 16) بانگه‌وازیان بۆ ده‌كه‌ن. رێككه‌وتن، ئه‌گه‌ر به فه‌لسه‌فه‌ی هێز به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیی گروپه‌كان ژێرخانی بێت، ئه‌گه‌ر وابه‌سته‌ی پێویستییه‌كی مێژوویی دیاریكراو بێت، ئه‌وا رێككه‌وتن نییه، به‌ڵكو راگرتنێكی له‌رزۆكی ململانێكانه!. مێژووی زۆربه‌ی جه‌نگه‌كان و به‌ریه‌ككه‌وتنه خوێناوییهكانى كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییش، مێژوویی شكستی ئه‌و گرێبه‌ست (ناوخۆیی) و رێككهوتنانهن (ده‌ره‌كی) كه كراون بهئامراز بۆ مه‌رامی تر نه‌ك رێككه‌وتن خۆی!، مێژووی هه‌ژموونی فهلسهفهیهكیشن بۆ رێككه‌وتن كه له‌سه‌ر بنه‌مای هێزو به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه باڵاده‌سته‌كان دامه‌زراوه، یان دۆخی شكست و ناچاریی هێزه لاوازه‌كان!.
ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه كاتین و جێگیرنین، یان به نابه‌دڵی و ناچارین، یان له‌ئه‌نجامی ترس و ملكه‌چین، یان به‌پاڵنه‌رو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی مێژوویین، ناچنه نێو چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فییانه‌ی چه‌مكی رێككه‌وتنه‌وه. ئه‌و دیاردانه درێژه‌دانێكی ناڕاسته‌وخۆن به‌لۆژیكی نه‌یارێتی و جه‌نگ. كه‌س نییه نه‌زانێت كه زۆرجار ته‌نانه‌ت جه‌نگاوه‌رانیش له‌جه‌نگدا پێویستییه‌كیان به‌پشوو هه‌یه!، یان ئاگربڕو كپكردنه‌وه‌ی شه‌ڕگه‌كان!. رێككه‌وتن، به‌م مانایه، ئاشتی ناهێنێت ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویستییه‌ك بێت بۆ جه‌نگێكی ناكۆتا. بێگومان راسته كه مێژووی مرۆڤایه‌تی مێژووی ململانێیه Conflict. ئاگادارین كه ئه‌ده‌بیاتێكی فه‌لسه‌فی و سۆسیۆلۆژیی زۆرمان هه‌یه كه ململانێ وه‌ك قه‌درێكی مرۆڤایه‌تی له‌قه‌ڵه‌مده‌دات، هۆكاره‌كه‌شی بۆ نادادپه‌وه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گێڕێته‌وه هه‌روه‌ك ماركس ده‌ڵێت، یان به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌هاكان و ئاره‌زوو بۆ هێزو شكۆ هه‌روه‌ك لای لویس كۆزهر-ی سۆسیۆلۆگی ئه‌مریكی ده‌یبینین. ئێمه ئاگادارین كه تائێستاش تیۆریزه‌كردن بۆ فۆرمه جیاوازه‌كانی ململانێ هه‌ر به‌رده‌وامه هه‌روه‌ك له‌تێزی "ململانێی شارستانییه‌كان"دا لای هانتینگتۆن به‌دیده‌كه‌ین، به‌ڵام هاوكات ده‌زانین كه‌بانگه‌شه‌ى گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فییش هه‌یه بۆ ئاشتیی هه‌میشه‌یی هه‌روه‌ك لای كانت ده‌یبینینه‌وه، یان بانگه‌واز بۆ دیالۆگ و كۆمه‌نیكه‌یشن هه‌روه‌ك لای هابرماس سه‌رنجی ده‌ده‌ین.
بێگومان رێككه‌وتن بۆ رێگرتن نییه له‌ململانێ، به‌ڵكو بۆ به‌رگرتنه له‌و توندوتیژی و تاوانانه‌ی كه ده‌شێت به‌بۆنه‌ی ململانێوه په‌نایان بۆ ببرێت. له‌كوێدا ململانێ جه‌نگ و تاوانكاری لێكهوتهوه، له‌و شوێنه‌دا رێككه‌وتن ده‌بێته پێویستى. رێككه‌وتن توند گرێدراوی چه‌مكی ئاشتی و مه‌ده‌نییه‌ته، بۆیه له‌گه‌ڵ دۆخی شه‌ڕانگێزی و به‌ربه‌رییانه‌ی ململانێدا هه‌ڵناكات.
ئێمه له‌باشووری كوردستاندا، چه‌ند پێویستیمان به‌ململانێی نێوان هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان هه‌یه بۆ گۆڕانكاری و گه‌شه‌كردن، ئاوهاش پێویستیمان به‌رێككه‌وتنى نێوانیان هه‌یه. فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه ده‌ستنیشانی به‌هاكانی دوالیزمی خودی ململانێ و رێككهوتنیشمان بۆ ده‌كات!. رێككه‌وتنمان هه‌رگیز سه‌قامگیرنابێت ئه‌گه‌ر له‌دۆخی ململانێی شه‌ڕانگێزانه‌دا بژی، ئه‌گه‌ر به‌لۆژیكی هێز بسه‌پێنرێت، ئه‌گه‌ر بارگاوی بكرێت به‌توندوتیژیی ره‌مزی، له‌هه‌مانكاتدا ناشیهتهدی ئه‌گه‌ر به‌مانای سڕكردنی ململانێی شارستانیانه‌ى نێوان ململانێكاران بێت، یان په‌كخستنی جوڵه‌و ده‌ستپێشخه‌ریان، یان چالاكی و پێشبڕكێی نێوانیان. كاتێك هابرماس عه‌قڵانییه‌تی كۆمه‌نیكه‌یشن ده‌خاته‌ڕوو، مه‌به‌ستێتی كهململانێكان به‌رده‌وام بن، به‌ڵام به‌دیالۆگ و په‌یوه‌ندیی شارستانییانه، كه‌ره‌سته‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ره‌خنه‌گرتن بێت له‌نێوان خود-خود، خود‌و ئه‌ویتر، كرانه‌وه‌و كارلێكى نێوان جیاوازه‌كان بێت. ئه‌مڕۆ واقعی ئێمه پێویستییه‌كی زۆری به‌م عه‌قڵانییه‌ته كۆمهنیكهیشنكاره هه‌یه، ئێمه به‌بێ ئه‌م پرۆسه‌یه، ململانێكانمان ده‌بنه‌وه به‌جه‌نگ، رێككهوتنهكانیشمان به‌وه‌هم!.