سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

كۆڤید-19 و پەتای ئابوریی

بڵاوکراوەتەوە لە : 17 ئازار 2020

نوسینی:

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

د. نیاز نەجمەدین 

ڤایرۆسی كۆرۆنا پەتای ئابوریی بە جیهاندا بڵاوكردۆتەوە و شۆكی ئابوریی دروست كردووە. شۆكی ئابوریی بریتییە لە شڵەژاندنی پلانی بەرهەمهَنان و نرخەكانی، كاركردن و كرێكەی.
سەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە بەم شێوەیەیە.
ترس و دڵەڕاوكێ دەربارەی داهات و خەرجیی تاك و خێزانەكان دەگرێت، مەسڕەف كەم دەكەنەوە و بودجەیان ئاراستەی چەند ئایتمێك دەكەن. ئەزمونەكانیشیان لەگەڵ قەیرانەكانی پێشوتر زۆرجار هانیان دەدات خەرجییەكانیان كەم بكەنەوە. دواجار مێشك چییە؟ كۆمەڵێك خانەیە، داتا خەزن دەكات و شیكاری دەكات، وەك كۆمپیوتەر نییە هەر كات ویستت بیانسڕیتەوە و شتی نوێیان تیادا خەزن بكەیت. داتا كۆنەكان دەمێننەوە و كار لە رەفتاری ئێستامان دەكەن. بەهەرحاڵ، پەتا بەناو تاك و خێزانەكاندا بڵاودەبێتەوە و ئەم ئەویتر توش دەكات.
ئینجا وەبەرهێنەران (بزنسمانەكان) توش دەبن، قولاپ بۆ گرتنی پارەی نوێ فڕێ نادەن، خەرجیی لەسەر بزنسی نوێ كەم دەكەنەوە، پارەكانیان كۆدەكەنەوە و چاوەڕوان دەبن، بازاڕی كاڵا و خزمەتگوزارییەكانیشیان كز بووە. پەتاكە لەم بزنسمان بۆ ئەویتر بڵاودەبێتەوە و بزنسەكانیان دەوەستێنێت.
سەرەی بڵاوبونەوەی پەتاكەیە بەناو میللەتاندا. لە چ كەناڵێكەوە؟ بازرگانیی، كە هەناردەكاران و هاوردەكارانن. ڤایرۆس بە هێڵەكانی تەلەفۆن و تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا بڵاونابێتەوە، كەچی لەگەڵ یەكەم هەواڵدا پلانی هاوردەكاران و هەناردەكاران دەگۆڕێت.
ئەمریكا (24%)، چیین (16%)، یابان (6%) و ئەڵمانیا (5%) زیاتر لە 50%ی كۆی بەرهەمی جیهان پێكدەهێنن. ئەم ئابورییانە هەم پێكەوە بەستراونەتەوە، هەم هەر یەكێكیان بۆ ناوچەیەك بووە بە محوەر( هەب)، واتە ناوەند. چیین لە یابان و كۆریا و تایوانەوە بەشێك لە ماددەی خام و كاڵا و خزمەتگوزاریی هاوردە دەكات. پەككەوتنی چیین یانی پەككەوتنی ئەو وڵاتانە. بە هەمان شێوە، ئەڵمانیا (بێگومان فەڕەنسا و بەریتانیاش) میحوەرە بۆ ئەوروپا. (see Economics in The Time of COVID-19s)
ئەگەر من و تۆ پارە خەرج نەكەین، وەبەرهێنەكەش كاڵا و خزمەتگوزارییەكەی نافرۆشێت، هاوردەكاریش كەمتر كاڵا هاوردە دەكات. هاوردەی ئێمە كەم بوو، یانی هەناردەی وڵاتێكی تر كەمە.
ئیش نەما، خواستی خێزانەكان و بزنس و هاوردەكاران كەم بوەوە، حكومەتیش پارەی كەم دەكات، چونكە باج و نرخی كاڵاكانی دادەبەزن.
ئەو گۆڕانكارییە لە ناكاوانەی بەسەر خەرجییەكانی ئەم چوار لایەنەدا دێت (خێزان، وەبەرهێن-بزنسمان-، حكومەت، هەناردەكار و هاوردەكار) بە "شۆكی خواستی گشتیی، یان هەمووەكیی" ناسراوە.
پەتاكە رێڕەوی تریشی هەیە لێوەی دزە بكات و بڵاوتر ببێتەوە. خواستی هەمووەكیی هاوڕێیەكی هەیە ناوی خستنەڕووی هەمووەكییە(گشتییە)، بەڵام كەمجار دانولەیان بە یەكەوە دەكوڵێت، چونكە هەر لایەكیان لە ژێر كاریگەریی چەند شتێكدایە، پێكەوە ئارام ناگرن و سروشتی مرۆڤایەتییش وایە كە بەبێ یەكتریش نابن.
ئەگەر خواستی هەمووەكی لەژێر كاریگەریی رەفتاری خێزانەكان، وەبەرهێنەران، حكومەت و هەناردە و هاوردەدایە، ئەوا خستنەڕوو(ی هەمووەكیی) لە ژێر كاریگەریی كار، سەرمایە، زەوی و رێكخەردایە، كە بە هۆكارەكانی بەرهەمهێنان ناسراون. باسی خستنەڕوو لە باسی تێچووش جیا نابێتەوە.
كۆڤید-19 چۆن پەتای لایەنی خستنەڕووی دروست كردووە؟
- كەرەنتینەی كارمەندان، ناردنەوەی دایك و باوك بۆ ماڵەوە بۆ چاودێریی منداڵەكانیان و سەلامەتیی خۆیان، دەكاتە دەركردنی ناچاریی هێزی كار لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، كە وادەكات بەرهەم كەم ببێتەوە.
- ئەگەر كارمەندان لە شوێنی ئیشەكانیشیان بن، ئەدا و كارامەییان هەر سست دەبێت بە هۆی هەلومەرجەكەوە، دیسانەوە بەرهەم كەمدەكات.
- گەشەی بەرهەم پێویستی بە سەرمایەی مرۆیی لێهاتوو هەیە. پچڕانی خوێندن زیان بە كەڵەكەبونی سەرمایەی مرۆیی و لەمیشەوە بەرهەمهێنان دەدات.
- جوڵەی كارمەندان لە نێوان وڵاتاندا دەوەستێنێت، هێندەی تر بێ بەش دەبین لە گەشەی بەرهەمهێنان.
- كۆمپانیاكان دەبێت كرێی كارمەندانیش بدەن و قەرزەكانیشیان بدەنەوە، دیسانەوە تێچوو بەرزدەبێتەوە و بەرهەم كەمدەبێتەوە.
دوای تێگەیشتن لەوەی لە دوو كەناڵی خواستی گشتیی (هەمووەكیی) و خستنەڕووی گشتییەوە پەتاكە بڵاوبۆتەوە، سەرەی دەستنیشانكردنی زیانلێكەوتوان و ئەركی حكومەت دێت، دەرمانە كۆنەكانی ئابوریی دەخرێنەوەگەڕِ و هەوڵی دۆزینەوەی دەرمانی نوێ دەدرێت. ئەو دەرمانانە چیین؟ پرسیارێكی ترە و روبەرێكی تری بۆ وەڵامدانەوە دەوێت، كە لێرەدا بەش ناكات.

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان

null

رۆژئاڤای دڵ: