ئەوەی لە بەغدا روودەدات، خراپتر چاوەڕێی هەرێم دەكات!
بڵاوکراوەتەوە لە : 29 حوزەیران 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 29 حوزەیران 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
د. كامەران مەنتك
ئەو پڕۆسە سەربازییەی ئەمڕۆ لە بەغدا دژی گەندەڵكاران دەستیپێكرد، دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە، لە بەهێزكردنەوەی حكومەتی ناوەند، هاوكات سەرەتایەكە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكان لە ناوەخۆ و دەرەوەی ئێراق. لە سەر ئاستی دەرەوەدا، ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بێت و سەركەوتن بە دەست بێنێت، پێگەی ئێراق لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێزتر دەكات، لەسەر ئاستی ناوەخۆش، دەسەڵاتی حكومەت دەخاتە سەرووی دەسەڵاتی هەموو هێزەكانی تر، كە تا ئێستا بە شێوەیەك لە شێوەكان دەستیان لە كار و باری حكومەت وەرداوە و بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەستوور و یاساكاندا كردووە!
ئەوەی لەم پڕۆسەیەدا زۆر نوێ بوو، سەرباری گرتن و بندەستكردنی كۆمەڵێك كەسایەتی گەندەڵ و دەستڕۆیشتوو، بۆیەكەمجار بوو، كە هێزی دژەتیرۆری ئێراقی بێتە ناو هەرێم و چالاكی سەربازی لەم شێوەیە ئەنجام بدات، ئەمە تا رادەیەكی زۆر گەڕانەوەی سەروەری ئێراق بۆ سەر هەرێم دەگەیەنێت، هەتاوەكو ئەگەر رەزامەندی حكومەتی هەرێمیش وەرگیرابێت، هەرچەندە هەرێم لە دۆخێكدا نییە بتوانێت رێگری لە هێزەكانی ئێراقدا بكات و بەگژیان دابچێتەوە، رەنگ بێت ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ گرتنی هەموو ئەو تاوانبارانەی رژێمی پێشوو، کە ئێستا لە هەرێمن، بێگوماا دوای ئەوانیش تاوانبارانی ئەنفالیش دەگرێتەوە! راستە بۆ ناوەخۆ قارەمان و شۆڕشگێڕ و .... هتد، بەڵام بەرامبەر بەغدا، ئێستا بەرپرسانی هەرێم، لە هەموو كاتێك زیاتر دەستیان بەكڵاوی خۆیانەوە گرتووە و چاوەڕوانی تورەگەكەی سەربازە ئێراقییەكان دەكەن، لەبەرئەوەی وەك روونە ئەو پڕۆسەیەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەستیپێكرد، دەگاتە هەرێم و كۆمەڵێك كەس دەكەونەوە ئەم داوەوە، جا ئەگەر ئەو بەرپرسانەی ناویان لە ناو لیستەكەی تۆم باراك و عەلی زەیدیدا هەیە، لە كەسە نزیكەكانی بنەماڵە بە ناو فەرمانڕەواكانی هەرێم بن، ئەو كاتە یارییەكە سەرنجڕاكێشتر دەبێت، چونكە ناتوانن نەیاندەنە دەست ئێراق و رووبەڕووی ئەو هێزە ببنەوە، كە لە ڤیدیۆكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبینین چۆن رەفتار دەكەن و كەس ناناسن، ئەگەر بشیاندەنە دەست، ئەو كاتە چی لەو قارەمانییەتییە دەكەن، كە رۆژانە بەرامبەر خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان ئەنجامی دەدەن!
بۆیە ئەگەر پڕۆسەی گرتن و راوەدوونانی گەندەڵكاران لە بەغدا پڕۆسەیەكی یاسایی بێت، ئەوە لە هەرێمی كوردستان رەهەندێكی سیاسیش وەردەگرێت، دەكرێت بكرێتە ئامڕازێك بۆئەوەی بەغدا راستەوخۆ ئیدارەی ئەو بەشە بگرێتە ئەستۆ، بە واتایەكی تر، لە پەنای گرتنی گەندەڵكاراندا، كە دیارە هەرێم تژییەتی لەگەندەڵكاری بۆینباخی گران بەها لەبەر، سوپای ئێراق بگەڕێتەوە هەرێم، ئەوەی دیمەنەكە تا رادەیەك روونتر دەكاتەوە و پێمان دەڵێت، كە بەرپرسانی هەرێم خۆیان بۆ دۆخێكی لەم شێوەیە ئامادە كردووە، هەرچیەك بەغدا بیەوێت بۆی دەكەن و هەر كەسێك بیەوێت دەیدەنە دەست، تەنیا سەری چەند كەسێكیان رزگار بێت، بەڵام قۆناغە بەوە دەچێت، كە هەرچی بكەن، لە رۆژانی ئایندەدا رووداوی زۆر سەرنجراكێش و رەنگ بێت كاریگەرتر لەوەی بەغدا لە هەرێم رووبدات.
یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ئەو پڕۆسە سەربازییەی دژە تیرۆری ئێراق، لە بیرچوونەوەی مەسەلەی دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بوو، بەیاننامەكەی پارتیش، كە بە بۆچوونی خۆیان تۆپەكەیان هاویشتە گۆڕەپانی هێزەكانی تر، جۆرێكە لە تەسلیمبوون بەو واقعە نوێیە، كەواتە دەتوانین بڵێین كابینەی نۆیەم، دەبێتە ئەو كابینەیەی، كە تیایدا ماڵئاوایی لەو ئەزموونە شكستخواردووە دەكرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجیشە، ئەو هەڵمەتەی دەستیپێكردووە، ئەو شەرعیەتیە شۆڕشگێڕییەی 35 ساڵە هێزە كوردییەكان دەستیان پێوەگرتووە و لە پەنایدا وڵات تاڵان دەكەن، بۆ هەتا هەتایە بەكۆتا دێت، چونكە لەو پڕۆسەیەدا، مەسەلە سیاسییەكان بە تەواوی پەردەپۆشكراوە و ئەوان مامەڵە لەگەڵ گەندەڵ و دزەكان دەكەن، كاتێك كەسێك بە تاوانی دزی و گەندەڵی دەخرێتە بەردەم دادگا، چۆن دەتوانێت جارێكی تر باس لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بكاتەوە!؟