سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

چەند سەرنجێک دەربارەی زیندان و زیندانیکراوەکان

بڵاوکراوەتەوە لە : 17 ئایار 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

نامەکەی تیمی پارێزەرانی حەمە رەش، ئەو کەسەی لەبەردەم دادگای سلێمانیدا باسی لەوە کرد کە ئەشکەنجە دراوە و لە پیاوەتی خراوە. نامەیەکیان ئاراستەی حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان کردوە و تیایدا بەسەرهاتی ئەشکەنجەدانەکەی حەمە ڕەش دووبارەدەکەنەوە. ئەوان لە نامەکەیان ئەم دەستەواژانە بۆ باسکردنی دۆخی جەستەیی و دەرونی حەمە ڕەش بەکاردەهێنن: «لێدان و ئەشکەنجەی توند»، «پێشێلکاری» و «کارەساتی تۆقێنەر»، «بە شێوازێکی نامرۆڤانە و لە لوتکەی دڕندەیدا، هێرش کراوەتە سەری»،  «ئەتککراوە»، «کەرامەت» و «جەستە» و «شکۆ»ی «لەناوبراوە» ق «سڕاوەتەوە»، «لە پیاوەتی خراوە». «ددانی  شکێندراوە»، «سەری شکێندراوە»  و «پشتی بە چەقۆ لێیدراوە». بە کورتییەکەی «ڕووبەڕووی دۆزەخ» کراوەتەوە.

 

 چەندی ئەم قسانەی سەرەوە راستە و چەندی ناڕاستە، بابەتی ئەم نووسینە نییە. ئەوەی ئەم نووسینە دەیەوێت باسیبکات، ئەو تێگەیشتنەیە بۆ زیندان، بە تایبەتی بۆ زیندانی نەیارانی سیاسیی لە دونیای ئێمەدا، هەیە و ئەو شێوازی مامەڵەکردنەیە کە لەناو ئەو زیندانانەدا ئەنجامئەدرێن. چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆرێکی ڕزگاربوو لە یەکێک لە زیندانەکانی هەرێم، بە بوێریەکی گەورە و جێی ڕێزەوە، بەسەرهاتی ئەو ئازاردانە جەستەیی و ئەو تەعەداکردنی سێکسییانەی گێرایەوە کە لە زیندندا لێیکرابوو. ئەو کورەش لە تەمەنێکی زۆرگەنجدا  لەکاتی جەنگی ناوخۆدا لە هەولێر گیرابوو، دوایی برابووە یەکێک لە زیندانەکانی پاراستن و لەوێ ئەو مامەڵە نائینسانییانەیان لەگەڵداکردبوو. 

زیندان لەو کۆمەڵگایانەدا کە لانی هەرەکەمی رێزی مرۆڤی تێدادەگیرێت، شوێنی قێزەون و زەلیلکردن و ئیھانکەردنی ئینسان نییە

بێگومان هاتنەدەرەوەی ئەو جۆرە زانیارییانە سەربارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی نەیارانی سیاسیی لە دونیای ئێمەدا، کارێک نییە کەسی تووشی شۆک و داچڵەکین بکات. زۆربەمان ئەو راستییە سادەیە دەزانین کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە و خراپتریش، یاسای مامەڵەکردنی نەیارە سیاسییە زیندانیکراوەکانە لە هەرێمدا. بە تایبەتی نەیارێکی سیاسیی پشت و پەنای نەبێت، واتە مرۆڤێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگاکە بێت. لە دونیای ئێمەدا ئەزموونی زنیدانیکردن تەنها ئەزموونی لەدەستدانی ئەو ئازادییە بچووکانە نییە کە ئینسان لە ژیانی ڕۆژانەیدا ھەیەتی و هەلی ئەوە بە مرۆڤ دەبەخشن خاوەنی بڕێک لەسەربەخۆبوون بێت، بەشێوەیەکی گشتیی ژیان و جەستەی موڵکی تایبەتی خۆی بن، نەوەک گۆڕابن بۆ رووبەرێکی گەمارۆدراو کەسانی تر بەوجۆرە دایبڕێژنەوە و مامەڵەیبکەن، کە دەیانەوێت. 

 

بەشێوەیەکی گشتی ئەزموونی زیندان ئەزموونی دەرھێنانی ئینسانە لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵگا و گلدانەوەیەتی لە شوێنێکدا لە دەرەوەی کۆمەڵگادا. مرۆڤ لە ئەزموونی زینداندا  ھەمیشە لەبەردەم جۆرێک لە نەفیبوون و وونکردندایە. نەفیبوون و وونکردنێک لە فۆرمی سزایەکی کاتیدا بەرامبەر بە تاوانێک کەسەکە ئەنجامیداوە. زیندان، وەک فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆ دەڵێت، دەزگایەکی مۆدێرنە و تیایدا کەسەکان سەرلەنوێ پەروەردەدەکرێنەوە تا ئەو شوێنەی دوای تێپەربوونی ماوەی سزدانە کاتییەکەی، وەک کەسێکی «ئاسایی» بۆناو کۆمەڵگا بگەڕێتەوە. لە زینداندا مرۆڤ لە رووی جەستەییەوە سزانادرێت، تەعەدای سێکسیی و ناسێکسیی لێناکرێت، بەڵکو دید و روانین و بەها ناوەکییەکانی، کە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکانیەتی، «ریفۆرم» دەکرێنەوە و لەم ڕێگەیەشەوە  زیندانییەکە بۆ گەڕانەوەی بۆناو کۆمەڵگا، ئامادەدەکرێتەوە. لەم دۆخانەدا ئەو کەسەی زیندان بەجێدەهێڵێت بووە بە خاوەنی «کەسایەتییەکی نوێ» کە نایەوێت ئەو ”تاوان“انە ئەنجامبداتەوە کە زیندانیکردن، پاداشتەکەی بووە. بە کورتییەکەی هاتنەدەرەوە لە زیندان هاتنە دەرەوەی مرۆڤێکە «تەندروستر» و «گونجاوتر» و «بەسودتر» بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەی. ئەم وێنەیە بۆ زیندانتەواو ناکۆکە بەو وێنەیەی زینذان وەک شوێنێک بۆ «لێدان» و «ئەشکەنجە» و «ئەتککردن»، وەک «جەهەنەم»ێک مرۆڤ لەناویدا «ئەشکەنجەی توند» و «پێشێلکاری» بەرامبەر بە مرۆڤبوونی ئەنجامبدرێت، رووبەرووی «کارەساتی تۆقێنەر» و « لوتکەی دڕندەیی» بکرێتەوە، «کەرامەت» و «جەستە» و «شکۆ»ی «بسڕێتەوە».  

 

زیندان لەو کۆمەڵگایانەدا کە لانی هەرەکەمی رێزی مرۆڤی تێدادەگیرێت، شوێنی قێزەون و زەلیلکردن و ئیھانکەردنی ئینسان نییە، بەڵکو شوێنی سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داڕشتنەوەی بەهایی و ئەخلاقیی و دەرونیی زیندانییەکانە، بە شێوەیەک بتوانن لەگەڵ بەھا و نۆرمە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگادا بگونجێن و بژین. زیندان لەباتی شوێنێک بۆ سزادانی جەستەیی دەزگایەکە بۆ سەرلەنوێ «دروستکردنەوە» و «دیسپلینکردن» و «ڕێکخستنەوەی» دونیای ناوەکیی، مرۆڤەکان. 

کەم ناوچەی دونیا ھەیە بە ئەندازەی ئەم ناوچەیەی ئێمە زیندانی تۆقێنەری تێدابێت

ئەوەی ئەدەبیاتی زیندان لەم ناوچەیەی ئێمەدا نیشانیئەدات، زیندان نییە بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمکرد. واتە شوێنێک بۆ ڕیفۆرمکردن و دروستکردنەوە و ”پەروەردەکردنەوە“ی مرۆڤەکان. بەڵکو شوێنی ئیھانەکردن و سوکایەتیپێکردن و وێنرانکردنێکی بێوێنەی جەستە و دەرونی مرۆڤەکانە. تەنھا شوێنی تەمێکردنێکی تۆقێنەری جەستەیی ”تاوناباران“یش نییە، بەڵکو شوێنی مامەڵەکردنی مرۆڤەکانە وەک ئاژەڵێکی بێنرخ و بێبەها، دابڕاو لە هەر مافێک و لە لانی هەرەکەمی پاراستنی کەرامەرتیشی. مرۆڤ لەم جۆرە زیندانانەدا دەکرێت بە شتێک کەمتر لە دەعبا و وەک کەمتر لە دەعباش، مامەڵەدەکرێت. بەزۆر مانا زیندانی ئەم ناوچەیە دەزگای گۆڕینی مرۆڤەکانە، بە تایبەتی زیندانی نەیارە سیاسییەکان، بۆ شوێنی ھەڵکەندنی کۆمەڵێک برین لە جەستە و دەرونی مرۆڤدا، کە تا مردن ساڕێژ نەبن و بەردەوام بکولێنەوە و لەگەڵ ئینساندا بمێنێتەوە. ئەوە وەبیری مرۆڤەکان بهێننەوە، کە بوونەوەری بچووک و بێنرخ و بێمانان و ژیان و مردنیان لە دەستی ئەو کەسانەدایە کە زیندانیکردون. بەم مانایە زیندان لەم ناوچەیەی ئێمە دا، دیسانەوە بە تایبەتی زیندانی نەیارانی سیاسیی، کەمتر پەیوەندی بە پاراستنی کۆمەڵگاوە ھەیە و زیاتر پەیوەندی بە پاراستنی ئەو گروپە دەسەڵاتدارەوە ھەیە کە حوکمڕانە. 

 

کەم ناوچەی دونیا ھەیە بە ئەندازەی ئەم ناوچەیەی ئێمە زیندانی تۆقێنەری تێدابێت، زیندانەکانی ئەم ناوچەیە تەنھا دەزگایەک نین لەناو ڕستێک دەزگای تری حوکمڕانیدا، بەڵکو دەزگای سەرەکیی سسیستمی حوکمڕانییەکەن. مەرج نییە هەمیشە پڕبن لە نەیارانی سیاسیی، بەڵام بەردەوام وەک شوێنی ئەتککردن، لە خەیاڵی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکەدا ئامادەبێت. زیندان ئاکاری سەرەکی ئەو ڕژێمە سیاسییانەمان نیشانئەدات کە لەاارادان. ڕژێمێک نەک تەنھا دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، نەک تەنھا خودی نیشتیمان خۆیشی بە موڵکی تایبەتی خۆی دەزانێت، بەڵکو خۆیشی بە خاوەنی مرۆڤەکان دەزانێت و بڕیاری ژیان و مردن و بەدبەختیی و بەختەوەرییان لەدەستی خۆیدا دەهێڵێتەوە.  ئەم شێوازە لەدەسەڵات جگە لە وێنەی کۆیلەیەکی ھاوچەرخ، وێنەیەکی تری بۆ ئینسانی ئەم ناوچەیە نییە و جگە لە وێنەی خاوەن کۆیلەیش وێنەیەکی تری بۆ خۆی نییە. 

 

لەم زیندانانەدا مرۆڤ بێ ھیچ  پشت و پەنایەک، بێ هیچ مافێک، لە غیابی تەواوەتی هەر یاسایەکدا، بە تەنهاییەکی ڕەھاوە، لەبەردەم ھێز و ڕق و خواستی تۆڵەی دەسەڵاتێکی داخراوی توندوتیژ و تۆقێنەردان. ھەندەسەیەکی تایبەتی دەسەڵاتیان هەیە کە ھەندەسەی  ئیھانەکردن و تێکشانی کەسایەتیی و ئەتککردنی مرۆڤەکانە، بەتایبەتی ئەو مرۆڤانەی نەیاری سیاسیی ئەوانن. هاوکات دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە لەشکرێک ئینسانی رۆبۆت و ئینسانی جانەوەریان دروستکردوە کە لەناو زیندانەکاندا مرۆڤەکان لە مرۆڤبوون دەخەن و وەک دەعبا و جانەوەر مامەڵەیان دەکەن. وردەکارییەکانی ئەو ھەندەسە تایبەتەی دەسەڵات، هەندەسەی سوکایەتیکردن و ئازاردان و چاندنی ھەستی بچووکیی و بێنرخیی، لە ئینسانە زیندانیکراوەکاندا دەچێنن. ئەم جۆرە سیستمە لە زیندان دوو جۆر مرۆڤ لە هەناوی خۆیدا دروستدەکات. یەکەمیان مرۆڤێکە ئەو ھەستەی تێدا دروسبووبێت لە قالۆنچەیەک زیاتر نییە. دووھەمیان ئەو جۆرە مرۆڤەیە، کە ئازاردان و ئەتککردنی ئەو مرۆڤە بەقالۆنچەکراوانە  بە ئاسایترین و چێژبەخشترین کار بزانێت. ئەم دوو شێوازە لە مرۆڤ بەرھەمی ئەو مۆدێلەن لە حوکمڕانیی کە جگە لە دەسەڵاتادارن خۆیان، نرخ بۆھیچ شتێکی دیکە دانانێن.

 

زیندانی ئەم ناوچەیە، وەک دین و سیاسەت و فیکر لە ناوچەکەدا، زیندانێکی پەڕگیرە، پڕە لە شێوە جیاواز و تۆقێنەرەکانی خراپەکاریی. ھەموو شتێک لەناویدا ڕەھایە، خراپە خراپەی ڕەھایە، بێڕەحمی بێڕەحمی ڕەھایە، بێمافیی بێمافیی ڕەھایە، ئیھانەکردن ئیهانەکردنی ڕەھا،  دڵڕەقیی دڵرەقیی ڕەھایە، ھتد..

بە کورتییەکەی زیندانەکانی ئەم ناوچەیە نیشاندەری وێنە راستەقینەکانی ئەو دەسەڵاتدار و حوکمڕانیانەن کە بەردەوام لە پشتی وێنە و ریتۆریکی جیاوازەوە، خۆیان حەشاردەدەن.

بۆئەوەی وێنەی راستەقینەی دەسەڵاتداران و حوکمڕانانی وڵاتێک ببییت، زیندانەکان ئەو ئاوێنە راستەقینەیان کە پێویستە تەماشابکرێن. ئەوەی لە زیندانەکاندا ڕوودەدات لۆژیکی ئەو حوکمرانییەیە کە لە دەرەوەی زیندادا، دەخوازێت بەشێوەیەکی دیکە و لەجل و بەرگ و دیکۆرێکی تردا دەربکەوێت.

 

 

null

فیل بە ئاسمانی كوردستانەوە

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

شەڕی ئیسرائیل-ئێران، شەڕێكی جیۆستراتیژیی جیهانیی

null

جەنگێکی جیاواز

null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ