شیكاری: درەو
🔻 دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە بوونی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق؛
🔹 تێچووی دارایی جەنگ: (3 تریلیۆن) دۆلاری ئەمریکی.
🔹 قوربانیانی ئەمریکا: کوژرانی نزیکەی (4500) و برینداربوونی (32000) سەرباز .
🔹 قوربانیانی هاوپەیمانان: کوژرانی (1400) لە هاوپەیمانان.
🔹 قوربانیانی مەدەنی: دەیان هەزار عێراقی زیانیان بەرکەوتووەو (تەنها لە جەنگی داعشدا 13,000 مەدەنی بوونە قوربانی).
🔻 زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وابوو کە داگیرکردنی عێراق خراپترین بڕیار بووە لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، چونکە بەدوای خۆیدا ساڵانێک لە ڕاپەڕین، پشێوی، و توندوتیژی لە نێوان گرووپە شیعی و سوننییەکان هێنا، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی (2 هەزار 500) سەربازی ئەمریکی و دەیان هەزار عێراقی.
🔻 ئەمە یەکەم جار نیە کە سوپای ئەمریکا عێراق جێدەهێڵێت. لە 18ی کانوونی دووەمی 2011دا، دوا کاروانی سەربازی ئەمریکا لە سنوورەوە بەرەو کوێت پەڕییەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەی ئاسایش کە کۆتایی ئەو ساڵەی وەک وادەی چوونەدەرەوەی تەواوی هێزەکان دیاری کردبوو.
🔻 کورد، کە لە کاتی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و باڵەکانی لەلایەکی ترەوە ڕووبەڕووی سەدان پەلامار بوونەتەوە، و ئێستاش گرنگترین قۆڵی پارێزەری خۆیان لەدەست دەدەن، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەتر دەبنەوە.
سەرەتا
لە ئازاری 2003دا هێزەکانی ئەمریکا چوونە ناو عێراقەوە، لە جەنگێکدا کە شێوازی دەوڵەتەکە و ناوچەکەی گۆڕی، ژمارەی سەربازانی ئەمریکیش لە لوتکەی بڵاوبوونەوەیاندا لە ساڵی 2007 گەیشتە نزیکەی (170 هەزار) سەرباز.
دوای زیاتر لە دوو دەیە، بەغدا بەرەو داخستنی دوا قۆناغی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەو سەردەمە هەنگاو دەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی کشانەوەی سەرجەم هێزە جەنگییەکان و هێزەکانی پشتیوانیی لۆجستیی ئەمریکای لە 30ی ئەیلولی 2026 کۆتایی دێت.
ئەمە یەکەم جار نیە کە سوپای ئەمریکا عێراق جێدەهێڵێت. لە 18ی کانوونی دووەمی 2011دا، دوا کاروانی سەربازی ئەمریکا لە سنوورەوە بەرەو کوێت پەڕییەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەی ئاسایش کە کۆتایی ئەو ساڵەی وەک وادەی چوونەدەرەوەی تەواوی هێزەکان دیاری کردبوو.
بەڵام عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ لە هێزەکانی ئەمریکا دوور نەکەوتەوە؛ لە حوزەیرانی 2014دا و دوای کەوتنی مووسڵ، گەڕانەوەی سەربازی بە ناردنی نزیکەی (275) سەرباز دەستی پێکردەوە و دواتر ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دامەزرا کە بە شێوازی جیاواز تا ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
لە ساڵی 2021دا ڕۆڵی جەنگیی ئەمریکا بە فەرمی کۆتایی هات، بەڵام نزیکەی (2 هەزار 500) سەرباز لە عێراق مانەوە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ڕاوێژکاری، هاوکاری و بەهێزکردندا، بەوەش ئەوە کشانەوەیەکی تەواوەتی نەبوو. ڕێککەوتنی دواتری نێوان بەغدا و واشنتن ڕێگەیەکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتییەکە دارشت تا دەگاتە وادەی کۆتایی لە 30ی ئەیلوولی 2026.
بەرلە گەیشتن بەو وادەیەش، بنکەی "ڤیکتۆریا" لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە بوونی ئەمریکییەکان چۆڵکرا و بنکەکەی ڕادەستی عێراق کرایەوە، لە هەمان کاتدا فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی کشاونەتەوە.
بەمەش عێراق ڕووبەڕووی یەکەم قۆناغ دەبێتەوە لە دوای گەڕانەوەی هێزەکان لە ساڵی 2014دا کە تێیدا هیچ هێزێکی چالاکی ئەمریکی لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانێتیدا لەسەر خاکی وڵاتەکەیدا نەمێنێت.
بەغداش بڕیاریدا سەنگ و بایەخێکی ڕەمزیی جیاواز بداتە ئەم ڕۆژە، بەو پێیەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە 30ی ئەیلوولەوە تا 3ی تشرینی یەکەم بکاتە پشووی فەرمی بەبۆنەی ئاهەنگگێڕان بە "ڕۆژانی سەروەری"، دوای ئەوەی حکومەت ڕایگەیاند 1ی تشرینی یەکەم سەرەتای قۆناغێک دەبێت کە عێراق تێیدا چۆڵ بێت لە بوونی سەربازیی بیانیی پەیوەست بەم ئەرکەوە، و بەرپرسیارێتیی ئاسایش بە تەواوی دەگوێزرێتەوە بۆ هێزە عێراقییەکان.
کشانەوەی دوا سەربازی ئەمریکا لە عێراق ... دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک
دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق دوو ئامانجی سەرەکی پێکا: ڕووخاندنی سەدام حسین و بەزاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی "داعش"، بەڵام ئەمە بەبێ باجێکی قورس و تێچوویەکی زۆر تێنەپەڕی. هەروەها هەژموونێکی گەورەشی بەخشیە ئێران، بەڵام چۆن؟
دوای زیاتر لە 23 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسین و دوای ساڵانێک لە جەنگی دژوار دژ بە ڕێکخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی- (داعش))، دواین هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە.
بڕیارە کشانەوەکە بە شێوەیەکی فەرمی ڕۆژی چوارشەممە (30ی ئەیلوولی 2026) تەواو ببێت. لەو بارەیەوە بەرپرسێکی عێراقی ڕۆژی یەکشەممە (27ی ئەیلوولی 2026) بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی DPAی ڕاگەیاند کە تەواوی هێزە جەنگییەکان و هێزەکانی پشتیوانیی لۆجستیی ئەمریکا وڵاتەکەیان جێهێشتووە. بەڵام تا ئێستاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەرنەچووە.
چۆن و بۆچی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێستا دەکشێنەوە؟
عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2024دا لەسەر کشانەوە ڕێککەوتن. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە ساڵانی دواییدا نزیکەی (2 هەزار و 500) سەربازی ئەمریکی لە عێراق جێگیر ببوون. بەرلە کشانەوەکە، هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر لە هەرێمی کوردستان-عێراق، لە بنکەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، و لە کۆمەڵگەی حکومی لە بەغدای پایتەخت کە بە "ناوچەی سەوز" ناسراوە، جێگیر ببوون.
ئەرکی جەنگیی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی (دەوڵەتی ئیسلامی - (داعش)) لە ساڵی 2021دا کۆتایی هات، و سەربازە ئەمریکییە مانەوەکان لە وڵاتەکەدا تەنیا وەک ڕاوێژکار و ڕاهێنەر خزمەتیان دەکرد.
کشانەوەکە بە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و میلیشیا شیعییەکانی پشتگیرکراو لەلایەن ئێرانی تێدا ئەژمار دەکرێت. بڕیار بوو ئەم میلیشیایانە هاوتەریب لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا چەکەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەم هەنگاوە تا حوزەیرانی 2027 دواخرا و دەرفەتەکانی سەرکەوتنی هێشتا نادیارن.
دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق چۆن دەستی پێکرد؟
بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بە پەلامارە تیرۆریستییەکانی ئەیلوولی 2001 بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەستراوەتەوە. چونکە جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا "جەنگی دژی تیرۆر"ی ڕاگەیاند و چەمکی "تەوەری شەڕ"ی داڕشت: ئێران، عێراق و کۆریای باکوور، و ئەم وڵاتانەی بە پشتیوانیکردنی تۆڕە تیرۆریستییەکان تۆمەتبار کرد.
ویلایەتە یەکگرتووەکان سەدام حسین، سەرۆکی ئەو کاتەی عێراقی بە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە و هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی چەکی کۆکوژ تۆمەتبار کرد. دواتر ناڕاستیی هەردوو تۆمەتەکە سەلمێندرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی 2003دا ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا هێرشی کردە سەر عێراق و ڕژێمی سەدام حسێنی ڕووخاند، کە حوکمڕانییە دڵڕەقەکەی گیانی سەدان هەزار کەسی سەندبووەوە.
ئەنجامەکانی دەستوەردانی ئەمریکا تا ساڵی 2011 چی بوون؟
زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وابوو کە داگیرکردنی عێراق خراپترین بڕیار بووە لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، چونکە بەدوای خۆیدا ساڵانێک لە ڕاپەڕین، پشێوی، و توندوتیژی لە نێوان گرووپە شیعی و سوننییەکان هێنا، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی (2 هەزار 500) سەربازی ئەمریکی و دەیان هەزار عێراقی.
وێنەکانی دەستبەسەرکراوانی بەندیخانەی ئەبو غرێب، لە کاتێکدا لەلایەن ئەندامانی سوپای ئەمریکاوە ئەشکەنجە دەدران و ڕەفتاری خراپیان بەرامبەر دەکرا، لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەوە.
لە کاتی جەنگەکە و دوای ئەوەش، ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو هەژموونیان زیادی کرد. هەروەها بۆشایی سیاسی بەشدار بوو لە بەهێزکردنی ڕێکخراوی قاعیدە، و دواتریش بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی - (داعش)).
تێچووی گشتیی جەنگەکە تا (3 تریلیۆن) دۆلاری ئەمریکی مەزەندە کرا. لە هەندێک قۆناغدا تا (170 هەزار) سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەدا جێگیر ببوون.
بۆچی واشنتن لە ساڵی 2014دا جارێکی تر هێزەکانی بڵاوکردەوە؟
هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای بەغدا گەڕانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی پێی دەوترا "خەلافەت"ی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"، کە بە ناوێوە پێکهاتەکانی شیعه سوونە و ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ دەکران. گرتە ڤیدیۆییەکانی لەسێدارەدانەکان ترسی خستە دڵی جیهانەوە، و پەلامارە تیرۆریستییەکان مەترسیی ڕێکخراوەکەیان گواستەوە بۆ ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لەگەڵ دەستپێکردنی "ئۆپراسیۆنی عەزمی پۆڵاین" بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە زیاتر لە 80 وڵات ئامادەییان تێدا دەربڕی، جەنگی ڕزگارکردنی عێراق و سوریا لە زۆرداریی ڕێکخراوەکە دەستی پێکرد. هەندێک لە بەرەکانی جەنگ زۆرجار چەند هەفتەو تەنانەت چەند مانگی دەخایاند. ڕێکخراوی "ئێر وۆرس"ی بەریتانی (هەزار و 400) قوربانیی لە هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکی و نزیکەی (13 هەزار) کوژراوی لە مەدەنییەکان تۆمار کرد.
شکستهێنانی سەربازیی ڕێکخراوە توندڕەوەکە لە ساڵی 2017دا لە عێراق و لە ساڵی 2019دا لە سوریا ڕاگەیەندرا. هێشتا شانە نوستووەکانی ڕێکخراوەکە چالاکن و ناوە ناوە پەلامار دەدەن، بەڵام ڕێکخراوە توندڕەوەکە ئەو ڕووبەرە بەربڵاوانەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوون لە هەردوو وڵاتدا لەدەستداوە.
سەرکەوتنەکە، کە دوای دەیان هەزار هێرشی ئاسمانی هاتە دی، بەبێ هاوکاریی چەکدارە ناوخۆییەکان ئەستەم بوو، لە نێویاندا هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەمڕۆ، تەواوی سەرنجی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لەسەر "مانەوە"یە، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ئۆپراسیۆنی عەزمی پۆڵاین. لە عێراق، وەک چۆن لە سوریاش کە هێزەکانی ئەمریکا لە نیسانی ئەمساڵدا لێی کشابوونەوە، پەلامارەکان دابەزیون بۆ ئاستێک کە هاوشێوەی ساڵی 2013یە. لە ئێستاشدا هەزاران زیندانیی داعش لە بەندیخانەکانی عێراقدان.
کشانەوەکە چی کاریگەرییەکی لەسەر جەنگی ئێران دەبێت؟
لە بنەڕەتدا بڕیار بوو میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق لە چەک داماڵرێن و هاوتەریب لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا تێکەڵ بە دەزگا ئاسایشییەکانی حکومەت بکرێن.
لەبەر ئەمەش کشانەوەکە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە، چونکە ڕێگەی پێدەدات هەژموونی خۆی لە عێراق بپارێزێت یان بەرفراوانتری بكات. میلیشیا عێراقییەکانی پەیوەست بە ئێرانیش دەتوانن بەردەوام بن لە پەلاماردانی دامەزراوە ئەمریکییەکان یان ژێرخانی ئابووریی وزە لە وڵاتانی کەنداو. هەندێک کەس دەترسن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان: کشانەوەیەکی سەربازی بەبێ ڕەواندنەوەی تەواوەتیی مەترسییەکان. بەڵام لەگەڵ ڕۆیشتنی سەربازە ئەمریکییەکاندا، میلیشیا شیعییەکان یەکێک لە گرنگترین پاساوەکانی خۆیان بۆ شەرعیەتدان بە "بەرەنگاربوونەوە"ی چەکداری لەدەست دەدەن.
واشنتن بەردەوام دەبێت لە گوشارکردن بۆ چەکداماڵینی میلیشیا عێراقییە لایەنگرەکانی ئێران. لهێب هێجل لە سەنتەری توێژینەوەی "گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان" ICG دەڵێت: "نەبێت ئامانجەکە ڕووبەڕووکردنەوەی عێراق بێت دژ بە ئێران؛ چونکە ئێران خاوەنی هەژموونێکی سیاسیی گەورەیە لە عێراق، و هاوبەشێکی ئابووریی زۆر گرنگیشە بۆ عێراق". لهێب هێجل، بە ئاماژەدان بە هاوسەنگییە وردەکەی نێوان تاران و واشنتن زیاتر لەوە دەڵێت: "عێراق پێویستی بە بواری هەناسەدان هەیە تا هاوسەنگیی تایبەتیی خۆی بدۆزێتەوە".
کشانەوەکە چی دەگەیەنێت بۆ کورد؟
کورد، لە کاتی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و باڵەکانی لەلایەکی ترەوە ڕووبەڕووی سەدان پەلامار بوونەتەوە، و ئێستاش گرنگترین قۆڵی پارێزەری خۆیان لەدەست دەدەن، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەتر دەبنەوە. دوای کۆتاییهاتنی "بەڕێوەبەریی خۆجێیی" لە سوریا کە کوردەکان ئەستوونەکەی بوون دوای کۆتاییهاتنی پشتیوانیی ئەمریکا، بەرپرسانی هەرێم دەترسن لەسەر پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییەکەیان کە لە بنەڕەتدا بە پاراستنی ڕۆژئاواییەکان دامەزرا، بەپێی ئەوەی سەنتەری توێژینەوەی ئەنجومەنی ئەتڵەسی ئاماژەی پێداوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی کوردستان ڕەوشەکەی بە "شەرمەزاری" وەسف کرد.
بنکە سەربازییە سەرەکییەکانی ئەمریکا بەر لە کشانەوە
گرنگترین بنکە سەربازییەکان، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەکاریان هێنابوون بەر لە تەواوبوونی دواین کشانەوەیان لە کۆتایی ئەیلوولی 2026دا، لە چوار بنکە و سەنتەری بڕیاردان و ڕابەرایەتیی سەرەکیدا خۆیان دەبینییەوە، کە ئۆپراسیۆنەکان، ڕاهێنان، و پشتیوانیی لۆجستیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان تێدا چڕ ببووەوە، ئەوانیش:
1. بنکەی ئاسمانیی عێن ئەسەد لە (پارێزگای ئەنبار)
· شوێن: کەوتووەتە ناحیەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.
گرنگی: بە دووەم گەورەترین بنکەی ئاسمانی لە عێراق و کۆگای سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئەژمار دەکرا. بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنەکانی پشتیوانیی لۆجستی، چاودێریی ئاسمانی، و پاراستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنرا، بەرهەمێنەر و لەخۆگرتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووش بوو.
2. بنکەی ئاسمانیی هەریر لە (پارێزگای هەولێر)
شوێن: کەوتووەتە قەزای شەقڵاوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان.
گرنگی: نزیکترین بنکە بوو لە سنوورەکانی سوریا و ئێرانەوە، و وەک سەنتەرێکی سەرەکی بۆ ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان و شوێنی هەڵسانی فڕۆکەکانی چاودێری و درۆنەکان بەکاردەهێنرا. بە دواین بنکە داەنرا کە بەر لە چۆڵکردنی تەواوەتی، شاهیدی ئۆپراسیۆنی چڕی جێبەجێکردنی جێگۆڕکێی لۆجستی بوو.
3. بنکەی ڤیکتۆریا / کەمپی نەسڕ (بەغدا)
شوێن: لە ناو کۆمەڵگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد هەڵکەوتبوو.
گرنگی: سەنتەری سەرەکیی کۆنتڕۆڵ، ئاڕاستەکردن و ڕابەرایەتیHQ بوو بۆ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. بارەگا کارگێڕی و ئاسایشییەکانی لەخۆدەگرت بۆ هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و سەرکردە سەربازییەکان لە پایتەخت.
4. بنکەی تەوحید / باڵیۆزخانەی ئەمریکا (بەغدا)
شوێن: لە ناو کۆمەڵگەی شوورادراوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا هەڵکەوتبوو.
گرنگی: گرنگییەکەی لەوەدا دەبینرێتەوە کە بنکەیەکی ئاسایشیی بچووککراوەیە، هێزی پاراستنی تایبەت و ڕاوێژکارانی سەربازی لەخۆدەگرێت، و بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وەک سیستەمی C-RAM ئامادەکرابوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئاسمانی و مووشەکییەکان کە نێردەی دیپلۆماسی و ڕاوێژکاران دەکەنە ئامانج.
سەرچاوەکان
- خالد سلامة، آخر جندي ينسحب: ربع قرن من التدخل العسكري الأمريكي في العراق، (DW)، 2026/9/28؛
https://shorturl.at/Pzn8B
- الميادين (almayadeen.tv)، من غزو #العراق عام 2003 إلى الترتيبات الأمنية الحالية، أكثر من عقدين تغيّر خلالها شكل الوجود الأميركي في العراق. فكيف وصل الوجود الأميركي إلى ما هو عليه اليوم؟، 2026/9/28؛
https://www.instagram.com/reel/Dd1PCfZzR5Z/
- عربي21، هذه القواعد الأمريكية في العراق وأماكن توزيعها (خريطة)، 05-Jan-20؛
https://shorturl.at/DuzPv
- Fadhel al-Nashmi, US Begins ‘Pre-Planned’ Withdrawal from Iraq’s Kurdistan Region, (aawsat), 2 August 2026;
https://shorturl.at/auZvc
- Atlantic Council experts, Ten questions (and expert answers) on the final withdrawal of US troops from Iraq, September 9, 2026
https://shorturl.at/cCFZy
- The New Arab Staff, US redeploys forces in Erbil ahead of Iraq withdrawal, 03 August, 2026;
https://shorturl.at/w61eX