لیستەكەی عەبادی چۆن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات؟

Draw Media

2018-05-29 09:29:56



درەو میدیا 

" تا ئێستا بەشداریكردنی لیستی نەسری عەبادی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەنها بیرۆكەیە، بەڵام دەكرێت بە هەمان ئامانجی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بەشداری بكەین ئەویش ئەوەیە كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەست بكەن كە بەشێكن لە عێراق" ئەمە وتەی جەرجیس گولیزادەیە كە سەرۆكی لیستی نەسری حەیدەر عەبادی بوو لە پارێزگای هەولێر، گولیزادە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ "درەو میدیا " پێی وایە كە ساختەكاریان بەرامبەر كراوەو دەڵێت: ئەو ساختەكاریە بەرامبەر بە لیستە گەورەكان كراوە ئیتر چۆن بەرامبەر بە حزب و لیستە بچوكەكان نەكراوە؟، سەبارەت بە بیرۆكەی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گولیزادە دەڵێت: دەكرێت لیستێكی كوردی بە ئەندامی كوردی و بەناوێكی كوردستانی بەشداری بكەین و  كە حەیدەر عەبادی رابەرایەتی نەكات بەڵكو هاوپەیمانی نەسر پاڵپشتی بكات. 

دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ جەرجیس گولیزادە، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی نەسر لە پارێزگای هەولێر


درەو میدیا: ئێوە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستانیشدا بەشداری دەكەن؟
جەرجیس گولیزادە: لە راستیدا بەشداریكردنی هێزەكانی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشداریكردنێكی رەمزی بوو، بەو شێوەیە نەبوو كە وەك حزبە گەورەكانی هەرێمی كوردستان، بە حوكمی ئەوەی ئەو بەشداریكردنە تەنها تەجروبەیەك بوو ، ئەمە یەكەمجاربوو كە لیستی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بەشداری بكات، پێشتریش ئەیاد عەلاوی لیستی هەبوو لە هەڵبژاردنەكانی خولی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەو كاتیش هەر رەمزی بوو نەتوانرا كورسی بەدەستبهێنن، ئەمەش لەو روانگەیەوە، ئەمەش لە پێناو ئەوەیە كە هاوڵاتیانی هەرێمیس كوردستان هەست بكەن كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، عێراقش ئەو هەستەی هەبێت كە وەكو دەسەڵاتێكی فیدراڵی كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە عێراق، لەو روانگەیەوە ئەو بەشداریكردنە هاتە گۆڕێ، هەرچەندە بە قەبارەیەكی گەورە نەبوو چونكە ژمارەی كاندیدەكان كەم بوو، هەر كەمی ژمارەی كاندیدەكان بەڵگەی ئەوەیە كە بەشداریكردنە كە رەمزی بووە. 

درەو میدیا/ پێتان وایە هۆكاری ئەوەی ئێوە نەتان توانی دەنگی پێویست بهێنن پەیوەندی بە هەڕەشەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەبوو كە پێشتر دوو بۆ سێ كاندیدتان لە دهۆك رفێنران دواتر ئازادكران یان ئەوەتە هەڕەشەتان لەسەر بوو؟ یان پەیوەندی بە ساختەكاریەوە هەیەو ساختەكاری بەرامبەر ئێوەش كراوە؟ 
جەرجیس گولیزادە:  هۆكارەكان بەتایبەت لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، راستە ئەو ئازادیە نەبوو، لیستەكەمان بە ئازادی بانگەشەی خۆی نەكرد، بەبەڵگەی ئەوەی پۆستەرەكانی خۆم دوو جار هەڵمان دەواسی بەڵام نەدەمان و لێدەكرانەوە، حەزیشمان نەكرد بیكەینە كێشەو بەدواداچوونی بۆ بكەین، ئەویش لە پێناو ئەوەی ئەو پرسە كاریگەری لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغداد نەكات ، هۆكارێكی دیكە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكان شەش حزب لە كوردستان نارەزاییان دەربری كە هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تیایە، ئەوەیش هۆیەكی دیكەیە لە هۆكارەكان. 
درەو میدیا: كەواتا پێتان وایە ساختەكاری كراوەو ئەو ساختەكاریەش كاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگەكانی ئێوە هەبووە؟كە نەتانتوانیوە كورسی بهێنن؟ 
جەرجیس گولیزادە: ئێمە ناڵێن هۆكاری سەرەكیە بەڵام مەسەلەی ساختەكاری هەموو لایەكە زۆرینەی لایەنەكان سكاڵایان كردووە لەسەر كۆمسیۆن، ئەو ساختەكاریە بەرامبەر بە حزبە گەورەكان كراوە ئیتر چۆن بەرامبەر بە حزب و لیستە بچوكەكان نەكراوە؟
 بە گشتی لەو روانگەیەوە ئێستا بیرۆكەیەك هەیە لەسەر هەمان بیرۆكەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كە لیستی نەسر بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، ئەویش وەك هەڵبژاردنی پێشوو ئامانج لێی ئاماژەیەكی عێراقیانەیە كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەست بە عێراقی بوونی خۆیان بكەن، بۆیە دەكرێت لیستێكی كوردی بە ئەندامی كوردی لەسەر ئاستی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەشداری بكەین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە وەكو قەوارەكی سیاسی نەك وەكو حزب بە مەرجەكانی كۆمسیۆن تۆمار دەكرێت. بەڵام ئەمە تەنها بیرۆكەیەو هێشتا نەبووە بە بڕیار و ئەنجامدان .


درەو میدیا: ئەم بیرۆكەیەی كە هەیە لە هەمان بیرۆكە دەبێت كە د. حەیدەر عەبادی رابەرایەتی بكات؟ 
جەرجیس گولیزادە: نەخیڕ بەڵام هاوپەیمانی نەسر دەبێتە پاڵپشت بۆ ئەو لیستە، واتا دەكرێت بەناوی تر بە كەسێكی تر، بەپێی مەرجەكانی تۆماركردنی كیانی سیاسی، دەكرێت دەسەیەك بێت و سەرۆكی هەبێت، بەپێی یاساكە لیستی خۆی لەو شارانە هەبێت، دەكرێت بەناوێكی كوردستانیش بێت، بەڵام لە چوارچێوەی عێراقی و دەستوری عێراقیدا بێت، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق.


درەو میدیا: كاك جەرجیس گولیزادە ئێوە ئامادەن سەرۆكایەتی ئەو قەوارە سیاسیە بكەن لە هەرێمی كوردستان؟
جەرجیس گولیزادە: ئەگەر ئەو هاورێ و برادەرانەی نیازیانە لەناو ئەو قەوارەیەدا بن ئەگەر ئەوان رایان لەسەری بێت، هەرچەندە بەروحێكی دیموكراسی دەبێت سەرۆكەكە هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەگەر بەرای ئەوان بوو بۆ من ئاساییە سەرۆكایەتی بكەم یان هاورێیەكی دیكە سەرۆكایەتی بكات، گرنگە ئامانجە لە پێناو خزمەتكردنی میللەتی كورد بێت، لە پێناو خزمەتی عێراق بێت، لە پێناو خزمەتی ئەو بۆچوون  و روانگە عێراقیە بێت، بۆ ئەوەی توشی كێشەی دەرەكی نەبین، بتوانین چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی خۆمان بكەین . 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand