ئیسڕائیل و كورد: پەیوەندیەكی ناهاوسەنگ

2022-03-21 21:17:36
د.محەمەد كیانی
هەبوونی پەیوەندی هاوسەنگ لە زۆر كات و دۆخی تایبەت پێویستە و دەبێ هەبێت، بەڵام دەبێ هاوسەنگ بێت دژ بە لۆجیكی پەیوەندی بەرژەوەندی لایەنێكیان نەبێت. ئەوەی دەبیندرێ لە پەیوەندی ئیسڕائیلەوە بە گەلی كورد پەیوەندیەكی پارادۆكس بووە بە لێكدانەوەی بەرئەنجامی ئەو پەیوەندیانە. ڕەنگە لە هەندێ وێستگەیدا توانیویەتی تای تەرازوو بەلای بزوتنەوەی چەكداری كورددا بشكێنێتەوە لە بەربەرەكانی كردنی لەگەڵ حوكمەتەكانی عێراق، بەڵام ئەنجامەكان خزمەتی ستراتیج و ئامانجە ڕەواكانی گەلی كوردی نەكردووە تا سەر. ئیسڕائیل وەك دەوڵەت لۆمە ناكرێت كە هەمو هەلێك دەقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و لە خزمەت ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل بە هێشتنەوەی دەوڵەتانی دەوروبەری بە ناسەقامگیری. بەڵام ئەوەی ئیسڕائیل ناڕاستە بڵێت یارمەتی گەلی كورد دەدات. ئیسڕائیل كورد وەك ئامرازی لاوازكردنی عێراق و سوریا و ئێران وە هەتا توركیاش، دەبینێت لە ئێستادا. ئیسڕائیل نایەوێت كورد دەستكەوتی چەسپاوی هەبێت لەو دەوڵەتانە تا ئیستقڕاڕیان تێدانەبێت و بە پارچەپارچە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەپڕژێنە سەر گەڵاڵەكردنی سیاسەتی پێچەوانەی ویستی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل. ئیسڕائیل ئەوەی لە باشوری كوردستان كردویەتی و دەیكات یارمەتیدانی هێشتنەوەی بنەماڵەی بارزانییە لە دەسەڵاتداری كورددا. چونكە بەلای ئەو بنەماڵەیەوە گرنگترین پرس مانەوەیانە لە دەسەڵاتداری گەلی كورد، گربگ نییە خەڵكی كورد لە چ دۆخێكی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، سەلامەتی گیان و سەروەری و تەناهی دادەبێت. ئەم دوو مەرامەی ئیسڕائیل و بنەماڵەی بارزانی یەكیان گرتوەتەوە و لەسەر ئەم هێلە هەماهەنگی یەكتر دەكەن. ئەوەی نا ئەخلاقیە بۆ ئیسڕائیل بە زانینەوە ئەم هاوكاریەی مانەوەی بنەماڵەی بارزانی دەكات بە دژی ویستەكانی گەلی كورد و مافی ڕەوای و ئیستقڕاڕ و ژیانی خەڵكی كوردستان. ئەمانە و سەلامەتی گەلی كوردی كردوەتە ئامراز و قوربانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل بێ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ بەرژەوەندی و چەمەسەری و قڕبونی گەلی كورد بكات. ئیسڕائیل لە هەڵوێستەكانی مەلا مستەفا بۆ ساخ بوەتەوە كە ئەو بنەماڵە ئامادەبونە لە سەرەتاوە قوربانی بە بەرژەوەندی گەلی كورد بدات بۆ مانەوەی پەیوەندیان بە ئیسڕائیلەوە لەسەر بنەمای هێشتنەوەیان. لە قەڵەمڕەوی گەلی كورددا. هەر ئەم هۆیەش بو لەپاش واژۆكردنی بەیانی یازدەی ئازار، بارزانی قەت جدی نەبو لە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی بەیانی ئازار و قوربانیدان بە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە بۆ دورستكردنی متمانە لە نێوان سەركردایەتی كورد و حوكمەتی بەعس. ئیسڕائیل لە هیچ هەڵوێستێكی جدی پشتی كوردی نەگرتووە. لە كاتی ڕیفەڕاندۆم نەتنیاهو گوتی ئێمە پشتگیری جیابونەوەی كورد ناكەین لە عێراق. بە نسبەت گەلی كورد و مافەكانی، ئیسڕائیل یەك ستراتیجیەتی هەیە لەگەڵ توركیا. سیاسەتی ئیسڕاێیل بەرامبەر بە گەلی كورد لە توركیاوە ئاڕاستە دەكرێت. ئیسڕائیل هیچ سیاسەتێكی كوردی پەیڕەو ناكات یەكدی بڕبێت لەگەڵ سیاسەتی توركیا، هەتا لە كاتی بونی خراپترین پەیوەندی لە نێوان ئیسڕائیل و توركیا.
