تەنیا 35%ی هاوڵاتییان كارتی بایۆمەترییان وەرگرتوەتەوە

Draw Media

2018-03-24 09:18:43



چاوپێكەوتن لەگەڵ عەلی قادر بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی  هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئۆفیسی هەولێر
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا  – هەولێر 


درەو: رێژەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە چ ئاستێك؟
عەلی قادر: ئێستا لە قۆناغی دابەشكردنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتریداین, لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 71% و  لە پارێزگای هەولێر نزیكەی 60% و لە پارێزگای سلێمانیش 49%ی دەنگدەران بایۆمەترییان ئەنجامداوە. ئەم رێژەیە سەرجەم ئەوانەی بایۆمەتریان ئەنجامدابوو  كارتەكەیان بۆ هاتوەتەوە و لە قۆناغی دابەشكردنەوەین. خەمی ئەوەمانە  هاوڵاتییان لەو ماوەیەی لە بەردەستدایە تا نزیكی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن,  نەیەن سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردن و دابەشكردنەوەی كارتەكان بكەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەیان.


درەو: رێژەی ئەو كارتانە چەندن كە ئامادەن و هاوڵاتییان وەریان نەگرتوەتەوە؟ 
عەلی قادر: لە هیچ شوێنێك رێژەی وەرگرتنەوەی كارتەكان 35%ی تێنەپەڕاندووە , لە كاتێكدا ماوەی كەمتر لە 40 رۆژمان ماوە بۆ دابەشكردنەوەی كارتەكان.
 پێویستە هاوڵاتییان لەو ماوەیە بەخێرایی بێن كارتەكان وەربگرنەوە نەك لە 10 رۆژی كۆتاییدا قەرەباڵغی لەسەر ناوەندەكان دروست ببێت و نەتوانین بیدەینەوە, ئەمە بۆ ئێمە كارەسات ئەبێت، چونكە زۆرترین هاوڵاتی لە دەنگدان بێبەش دەبێت. چونكە سیستمی ئەمجارەی هەڵبژاردن تەكنەلۆجیای تێدا بەكاردێت و كارتی دەنگدان مەرجی سەرەكی بوونی دەنگدەرە، ئەگەر كەسێك كارتی دەنگدانی پێنەبێت نابێت بە دەنگدەر.


درەو: ئەوانەی كارتی بایۆمەترییان نییە چ رێكارێكی  جێگرەوە هەیە بۆ بەشدارییان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق؟
عەلی قادر: ئەوانەی تۆماری بایۆمەترییان بۆ ئەنجامدراوە و كارتی بایۆمەتریان بۆ هاتوەتەوە هیچ رێكارێكی تر نییە بۆ بەشداریكردن جگە لە وەرگرتنەوەی  كارتی بایۆمەتری، بەڵام ئەوانەی لە بنەڕەتەوە نەهاتوون  تۆماری  بایۆمەتری ئەنجامبدەن , ساڵانی پێشوو دەنگدەری هەڵبژاردنی 2014 بوون و كارتی شینی ئەلكترۆنییان هەبووە ئەوانە دەتوانن بە كارتە شینەكە تەنها بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەنگ بدەن، بەمەرجێك پەنجەمۆری 2014 ەیان لەگەڵ ئێستایان لە سیستمەكەدا یەكانگیر ببێتەوە.


درەو: ئەوانەی كارتی بایۆمەتری یان كارتی شینیان نییە چ رێگایەكی تر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن؟
عەلی قادر: رێگایەكی تر نییە، هیچ كەسێك ناتوانێت و مافی دەنگدانی نییە ئەگەر كارتی بایۆمەتری یان كارتی ئەلیكترۆنی پێنەبێت. بەڵام ئێمە جۆرێك لە كارتی كاتیمان چاپكردووە بۆ لەدایكبووانی  ساڵانی 1997 تا 2000,لە دایكبووانی ئەم ساڵانە دەبێت خۆیان بچن كارتەكان وەربگرنەوە  كە هاوكات بایۆمەتریشیان بۆ دەكرێت و كارتەكەشیان دەدرێتەوە.


درەو: چۆن دەتوانرێت رێگری لە ساختەكاری تەقلیدی بكرێت كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا ئەنجامدراوە؟
عەلی قادر: ئەو ساختەكاریانە لە دوو  قۆناغدا ئەنجامدراون, لەو كاتەی كە دەنگدەر زیاتر لە دەنگێكی دەدا یان كەسێك دەچوو لەبری كەسێكی تر دەنگی دەدا. بەم سیستمەی ئێستا كە ئێمە پەیڕەوی دەكەین هیچیان ناتوانن دەنگ بدەن، یەكەمیان  ئەگەرخودی دەنگدەرەكە كارتی پێنەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، دووەم كاتێك كەسێك دەنگدەدات  كات و سەعات و دەقەی تۆمار دەكرێت. واتا كارتەكە وەك كارتی مۆبایلە كە یەكجار بەكارهات دووبارەكردنەوەی نییە، ئەگەر كەسەكە بیەوێت دووبارە دەنگبدات سیستمەكە پێی دەڵێ لە سەعاتی ئەوەندە و دەقەی ئەوەندەو سانیەی ئەوەندە دەنگی داوە ئێستا مافی دەنگدانی نیە، لە لایەكی تر  كەسێك ناتوانێت لەبری كەسێكی تر دەنگ بدات كە كۆچی كردبێت یان تۆماری بایۆمەتری نەبێت چونكە دەبێت پەنجەمۆری لەگەڵ هەڵبژاردنی 2014 یەكانگیر بێت. 
خاڵێكی تری پەیوەست بە ساختەكاری لە كاتی ئەنجامی دەنگەكان كە  ئێستا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت ئەوەیە ئەنجامەكە ئەلكترۆنییە و ئامێرەكان پێشكەوتوون، ئەو ئامێرەی دەنگدەران ئامێری  تەحەقوقی پێدەڵێن. ئەمەی تر ئامێری ئەژماركردن و جیاكردنەوە و  دابەشكردنی دەنگەكانە و  ئامێرێكی نوێیە و لەسەر سندوقی دەنگدان دەبێت، كاتێك دەنگدەر دێت و دەنگەكەی دەخاتە سندوقی دەنگدانەوە سندوقەكە ئەلیكترۆنیە و سكانەرێكی زیرەكی لەسەرە وێنەیەكی وەرەقەی دەنگدانی دەنگدەر دەگرێت و لای خۆی خەزنی دەكات، ئەگەر دەنگەكە دروست بێت دەیخاتە خوارێ بۆ ناو سندوقەكە ئەگەر دروست نەبێت ئەوا خەتمی پۆچەڵبوونی لێدەدا.


درەو: چاوەڕوانیتان هەیە لەماوەی ئەو 40 رۆژەی كە ماوە ئاستی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدەران لە لایەن هاووڵاتییانەوە زیاتر بێت، پێتان وایە پاڵنەری سیاسی هەبێت بۆ وەرنەگرتنەوەی ئەو كارتانە؟
عەلی قادر: چاوەڕوانی هاوڵاتییان دەكەین بێن سەردان بكەن چونكە ئێمە كارمەندی پێویست و بنكەی پێویستمان هەیە بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام حیزبەكان وەك جاران بەو گەرەمو گوڕەییەوە نەهاتوونەتە پێش وەك ئەوەی پێشتر هەموو حیزبەكان بەگەرمی زۆرەوە  هانی خەڵكیان دەدا. ئێستا ئەو گەرموگوڕییە نەماوە و دەنگدەران هاننادرێن بچن بۆ تۆماری بایۆمەتری و وەرگرتنەوەی كارتەكانیان. 


درەو : باست لەوە كرد ساختەكاری بە ئاسانی ئەنجامنادرێت، نەهاتنە پێشەوەی لایەنە سیاسییەكان بە گەرموگوڕی تاچەند پەیوەندی بە ئەنجامنەدانی ساختەكاری هەیە  بەئاسانی؟  
عەلی قادر : ئەوەی من سەرنجمداوە  تا ئێستا لایەنەكان و خەڵكیش لەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن بە تەواوی  تێنەگەیشتوون و وادەزانن ماهیەتی هەڵبژاردن لە چەند رۆژی كۆتایی هەڵبژاردنەكەدایە, بەڵام لە راستیدا وانیە گرنگی و بڕبڕەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ دەنگدەر و حیزبە سیاسیەكانیش كارتی دەنگدانە. بەپێی یاسا دەنگدەر ئەو كەسەیە كە تەمەنی گەیشتوەتە 18 ساڵ و هەڵگری رەگەزنامەی عێراقیە و ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا تۆماركراوە. بەپێی ئەو رێكارانەی كۆمسیۆن دایناوە دەنگدەرێك دەنگدەر نییە ئەگەر كارتی بایۆمەتری پێنەبێت, ئەوە بەشێكە لە رێكاری كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەكان.


درەو: ئەگەر دەنگدەر كارتەكەی پێنەبوو كارمەندانی كۆمسیۆن چۆن رەفتاری لەگەڵ دەكەن؟
عەلی قادر: هیچ دەنگدەرێك دەنگدەر نییە ئەگەر كارتی دەنگدانی پێنەبێت، بۆ نمونە ئەگەر دەنگدەر كارتی دەنگدانی پێنەبوو كارمەندی كۆمسیۆن كارتیشی بداتێ و دەنگیش بدات وەرەقەی دەنگدان بخاتە سندوقەكەوە ئەو دەنگە بە تەزویر حیسابە، لەبەرئەوەی سیستمەكە باركۆدێكی هەیە لەگەڵ كارتی دەنگداندا یەكانگیر دەكرێت وەرەقەكەش لەگەڵیاندا یەكانگیر دەكرێت.ئەگەر دەنگەكە لە رێگەی ئامێری لێكۆڵینەوە لە دەنگدەرەوە نەڕۆیشتبێت ئەوا دەنگەكە بە پوچەڵ یا بە ساختە دەژمێردرێت، ئەمە زۆر گرنگە خەڵكی بزانێت كە هەر كەس كارتی پێنەبێت دەنگیش بدات بە ساختەكاری حیساب دەكرێت.


درەو: ئایا رێگەی ئەلكترۆنی دیكە هەیە بۆ ساختەكاری یاخود رێگە لەهەموو ساختەكارییەك گیراوە؟
عەلی قادر: بێگومان هیچ رێگەیەك نەماوە بۆ ساختەكاری. ئەوانەی مەترسی ئەوەیان هەیە لە كاتی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان, دەنگەكان بۆ خەڵكی تر بڕِوا بە تەواوی ئەو مەترسییەمان رەواندوەتەوە  كە ئەم سیستمە ساختەكاری تیادا ناكرێت. بەوەی سندوقی دەنگدان وێنەیەكی وەرەقەی دەنگدان دەگرێت، ئەو وێنانە هەمووی كۆدەكرێتەوە دەخرێتە هاردێكەوە هەر حیزبێكی سیاسی دەتوانێت بێت نوسخەیەكی وەربگرێت و بەراوردی بكات لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی راگەیەنراوە، ئەو وەرەقەیەش تەزویر ناكرێت چونكە سكانەرە و ئەو كاتەش وێنەی دەگیرێت كە دەنگدەر خۆی لەسەر سندوقەكەیە. 


درەو: لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامی كۆتایی دوای چەند كاتژمێر رادەگەیەندرێت؟
عەلی قادر: لە یەكەم دەقە و سانیەی دوای تەواوبوون دەتواندرێت رابگەیەندرێت. هەتا ماوەی شەش سەعات دەنگی سەرجەم وێستەگەكان دەچنە پلەی كۆتایی و رێژەی 95%ی لە یەكتر جیادەكرێنەوە و حیزبەكان براوە و نەبراوەیان دەردەكەوێت و دەزانن چەند كورسییان بەدەستهێناوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand