گرەو لەسەر کوردانی دڵشکاو گێچی کورد لە تەرازووی هەڵبژاردنی ٢٠٢٣-ی تورکیادا

Draw Media

2021-09-18 06:54:10



درەو:

ئەحمەد قادر عەلی، توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی گازی لە ئەنقەرە – تورکیا / گۆڤاری ئایندەناسی

 

بەرایی

تا دێت باسوخواسی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣-ی تورکیا گەرمتر دەبێت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش یەکێکە لە ئەگەرەکان. هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەگەڵ گەرمتربوونی ململانێکانیان، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕاکێشانی دەنگی کوردەکانی تورکیا بەلای خۆیاندا، بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری بنێن بۆ نزیکبوونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کە زیاتر بە پارتی کوردەکان ناسراوە. پارتی داد و گەشەپێدان ( (AKP کە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بەدەستە، لە لایەک بۆ ڕازیکردنی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP) و لە لایەکی ترەوە بۆ دەرهێنانی پارتی باش )  (İyi Partiلەناو هاوپەیمانیی میللەت (Millet İttifak) و ڕاکێشانی بۆ ناو هاوپەیمانیی کۆمار ) (Cumhur İttifakı، لە هەوڵی داخستنی “HDP” دایە لە ڕێگەی دادگای دەستووریی تورکیاوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی ترسی لەدەستدانی زیاتری دەنگەکانی لە ناوچە کوردییەکان، ئاک پارتی بابەتی داخستنی “HDP”ی خستووەتە سەر پشتی کیسەڵێک و دەیەوێت ئەو کیسەڵە دوای هەڵبژاردن بگاتە هەوارگەی خۆی.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2023

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣-ی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا، گڕی بەر داوەتە میدیای تورکیا. ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بە سەرکردایەتیی پارتی گەلی کۆماری Cumhuriyet Hal Partisi) (CHP)) لە لایەک بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن و لە لایەکی دیکەوە بە هەرچوار لادا دەسەڵاتی ئاک پارتی ڕەخنەباران دەکەن. لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ئاک پارتی و “MHP” هەموو ئەو پارت و لایەنانەی لە دەرەوەی ڕێککەوتنەکەی ئەواندان (ڕێککەوتنی کۆمار) بە “هاوکارانی تیرۆریستان و دەستی دەرەکی” ناو دەبەن و لە لایەکی دیکەشەوە تا ئێستا هیچ بە پێویستی نازانن هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. لەسەرووی هەموو ئەمانەوە سەرۆکی ئاک پارتی و سەرۆککۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) وەک سیاسییەکی ئەزمووندار لە یارییەکی تاقەتپڕووکێندایە بۆ پەرتکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و لەبەریەکهەڵوەشاندنی هاوپەیمانیی میللەت و لە هەمان کاتدا داخستنی “HDP” بەبێ ئەوەی دەنگەکانی ئاک پارتی لە هەڵبژاردندا کەم بکات، یاخود هیچ نەبێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار کە خۆیەتی؛ بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار سەر بکەوێت.

لە ئێستادا بەپێی دەرەنجامی ڕاپرسیی سەنتەرەکانی توێژینەوە بێت، دەنگی پارتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی کۆمار لە دابەزیندان و دەنگی پارتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی میللەت لە بەرزبوونەوەدان، دەنگی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)یش نزمبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی ڕای گشتیی ئاڤراسیا (Avrasya Kamuoyu Araştırmaları Merkezi) (AKAM) بێت کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاو کراوەتەوە، دەنگەکانی هاوپەیمانیی کۆمار لەنێوان مانگی کانوونی دووەم بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٤.٧٪ کەمی کردووە و دەنگەکانی هاوپەیمانیی میللەت بە ڕێژەی ٣.٩٪ زیادی کردووە، هەر چی دەنگی “HDP”یە بە ڕێژەی ٠.٥٪ کەمی کردووە، بەڵام ئاستی دەنگەکانی “HDP” هێشتا لە ئاستێکدایە بەتەنها خۆی دەتوانێ بەربەستی ١٠٪-ی پەرلەمانی تورکیا ببڕێت.


لاوازیی ئەگەری گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ

لەپاش لێدوانێکی پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی “HDP”، ئێرۆڵ کاتریجی ئۆغڵو (Erol Katırcıoğlu) بۆ سایتی هەواڵی “kronos34.news” لە ٢٩ی حوزەیران، کە باسی لەوە کردبوو ئەگەر لە بابەتی چارەسەری کێشەکاندا ئەردۆگان و ئاک پارتی هەنگاوێک بنێن، بەڵێ دەکرێت گفتوگۆ دەست پێ بکەینەوە و “HDP” لەگەڵ ئاک پارتی ڕێک بکەوێت. ئەردۆگان خۆی کەسێکی باشە و مەیلی ڕێککەوتنی بەلای کورددا هەیە، بەڵام دەوروبەری و ئەوانەی لەگەڵیدا ڕێک کەوتوون؛ ڕێگەی پێ نادەن([1]). ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە لەناو ئاک پارتیدا گەیشتوونەتە پلە هەستیار و کاریگەرەکان و بەرپرسانی “MHP” کە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی کۆمارەوە (Cumhur İttifakı)هەر شتێکیان بوێت بۆ دژایەتیکردنی کورد، بە ئاک پارتی جێبەجێی دەکەن. بەڵگەیەکی ڕوونیش، کوشتنی ئەندامێکی “HDP” بە ناوی دەنیز پۆیراز (Deniz Poyraz) بوو لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە شاری ئیزمیر کە بە بڕوای ئەو ئەندامپەرلەمانەی “HDP”، “ئەو هێرشە پەیامێک بوو بۆ ئەردۆگان کە بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکاتەوە نزیک ببێتەوە لە کوردەکان”([2]).

نووسەری سایتی ئیڤرەنسەل (Evrensel)؛ ڤەدات ئیلبەی ئۆغڵو (Vedat İlbeyoğlu)، لە نووسینێکدا لە ٤ی تەممووز ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بە “ئەو کەسانەی کە حەزیان بە ڕێککەوتنی کورد و ئاک پارتییە([3])” وەسف دەکات، هیچ بەهایەکی بۆ قسەکانی دانەناوە.

لە لایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی “HDP”؛ میدحەت سانجار (Mithat Sancar) لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی “İndipendent Türkçe” لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢١، باسی لەوە کرد کە ئەوە بۆچوونی ئێرۆڵ کاتریجی ئۆغڵویە و گوزارشت لە سیاسەتی گشتیی “HDP” ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا میدحەت سانجار بەتەواوی بۆچوونەکانی پەرلەمانتارەکەی “HDP”ی ڕەت نەکردەوە. سانجار لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە “بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێویست بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی فراوان و هاوبەش دەکات”، باسی لەوەش کرد کە “پێشنیار و بژاردەمان بریتییە لە ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییەک کە هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەخۆ بگرێت و پاڵپشت بێت بە بناغەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتیی فراوان و ڕۆڵی پەرلەمان کاریگەر و بەهێز بکاتەوە و پڕۆسەیەکی نوێی یاسایی ڕوون و ئاشکرا سەرپێ بخات([4])“.

ئەم لێدوانەی میدحەت سانجاریش بە جۆرێک لە جۆرەکان نیەتی “HDP”ی بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆی لێ دەخوێنریتەوە، بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ ئاک پارتیدا نا، بەڵکوو لەگەڵ هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیادا. لە هەمان کاتدا هەمان پێشنیاری “سەلاحەدین دەمیرتاش”ە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی سێیەم و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی فراوانتر لە هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت. لەگەڵ ئەوەشدا لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی “HDP”وە زۆر بەتوندی ڕەت کرایەوە و پێیان وا بوو “لە کاتێکدا هەزاران ئەندام و لایەنگری ‘HDP’ لە زینداندا بێت، گفتوگۆ بۆ ڕێککەوتن قسەی پڕووپووچە([5])“.

لە لایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی “HDP”؛ پەروین بوڵدان (Pervin Buldan)، لە ١٤ی تەممووز لە چوارچێوەی “بانگەشەی بەرگری” (Savunma Kampanyası) لە شاری ئورفا (Urfa) لە وتارێکدا باسی لەوە کرد “لەپاش ئەو هەمووە کارە نایاسایی و ستەمەی لەلایەن ئاک پارتییەوە کراوە، هیچ کوردێک نییە کە ئامادەی گفتوگۆ بێت لەگەڵ ئاک پارتیدا([6])“، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ تووڕەیی “HDP” لە دەسەڵاتی تورکیا.

بەم پێیە بێت ڕەوتی بەهێز لەناو “HDP”دا هەروەک ڕەوتی بەهێزی ناو ئاک پارتی و ڕێککەوتنی کۆمار، هیچ ئامادەییەکی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لە دۆخی ئێستای تورکیادا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا نییە.

قەدەری هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ لە دەستی کورد و “HDP“دا

لەگەڵ ئەوەی پارتی گەلی کۆماری (CHP) بەبێ داواکاری و ڕێککەوتنێکی ئاشکرا لەگەڵ “HDP” و کوردی تورکیادا توانیی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیای ٢٠١٩ بە دەنگی کوردەکان و لایەنگرانی “HDP” سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات. ئەوکات بە هۆی زویربوونی کورد لە دەسەڵات و بێباکیی ئاک پارتی و ئەردۆگانیش بە کوردەکان، دەرەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەو جۆرە کارەساتبارە بۆ ئاک پارتی کۆتایی هات. کوردەکان جگە لە بژاردەی کاندیدی “CHP”، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان شک نەدەبرد تاوەکوو وانەیەکی باش بە ئاک پارتی و ئەردۆگان بدەن کە بەبێ کورد سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا مەحاڵە. لە هەمان کاتدا “CHP” لەبەر ئەوەی دڵنیا بوو کە ئاک پارتی هیچ مەیلێکی بەلای کورددا نەماوە و “HDP” و دەنگدەری کوردیش بە هەر جۆرێک بوو دەیانویست ئاک پارتی و ئەردۆگان شکست بهێنێت، بۆیە بەئاشکرا هیچ داوای لە کورد و “HDP” نەکرد دەنگ بە کاندیدەکانی بدەن.

بەڵام هەنووکە بارودۆخ گۆڕاوە، لە لایەک “HDP” و کوردەکان نایانەوێت هەر وا بەبێ دەستکەوتێک بۆ کورد و تەنها لە پێناو شکستی ئاک پارتی دەنگ بە کاندیدەکانی “CHP” و ڕێککەوتنی میللەت (Millet İttifakı) بدەن و لە هەمان کاتدا هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمارە و جیاوازە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە لایەک “HDP” خۆی کاندیدی بۆ پەرلەمان دەبێت و لە لایەکی دیکەش پێویستە پارتەکانی ناو هاوپەیمانیی میللەت تەنها یەک کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار هەبێت و لەبەرامبەر ڕکابەرەکەشیان کە ئەردۆگانە؛ زۆرترین دەنگی بۆ کۆ بکەنەوە، بەپێچەوانەوە دەکرێت ئەو دەنگانەی کە پارتەکانی هاوپەیمانیی میللەت باکیان پێی نییە، لە ڕێککەوتنێکی درەنگوەختیشدا بێت بڕواتە سەبەتەی ئەردۆگانەوە.

لە هەمان کاتدا ئیدی ئەردۆگان و ئاک پارتییش گەیشتوونەتە ئاستی بێئومێدی لە دۆخی “MHP”ی هاوپەیمانیان و پێیان وایە “MHP” نەک ناتوانێت دەنگەکانی زیاد بکات، بەڵکوو ئاک پارتییش بە هۆی ئەو سیاسەتەی لەگەڵ “MHP” لە چەند ساڵی ڕابردوودا جێبەجێی کردووە؛ دەنگەکانی بەردەوام لە کەمبوونەوەدان، بەتایبەت ئەو دەنگانەی کە لەنێوان ئاک پارتی و “HDP”دا مابوونەوە، وردە وردە دەڕۆنە سندووقی “HDP”وە. لەبەر ئەمەیە نووسەرێکی وەک ئاڵتان تان (Altan Tan) کە وەک کەسایەتییەکی ئیسلامیی نەتەوەپەرستی کوردی لە دوو خولدا پەرلەمانتاری “HDP” بووە، لە نووسینێکیدا لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢١، پێی وایە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی تورکیا، “دەنگدەری کورد پێگەی ‘مەلیک’ی هەیە لە یاریی شەترەنجی نێوان هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت”، ئەمەش لەبەر ئەوەی “ئەو کەسەی دەنگی کوردەکان بەدەست نەهێنێت، ناتوانێت پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣دا بباتەوە([7])“.

 لە هەمان کاتدا نووسەری دیاری ڕۆژنامەی حوڕییەت (Hürriyet Gazetesi) کە پێشکەشکاری بەرنامەی “زانیارییە نەبیستراوەکانی ئەنقەرە” (Ankara Kulisi)یە لە کەناڵی “CNN Türk”؛ عەبدولقادر سێلڤی (Abdülkadir Selvi)، پێی وایە “قەدەری هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ تورکیا لە دەستی دەنگدەری کورد و ‘HDP’دایە کە ئاخۆ دەچێتە ناو هاوپەیمانیی میللەتەوە، یاخود هێڵی سێیەم هەڵدەبژێرێت و خۆی هاوپەیمانییەک پێک دەهێنێت؟ ئەو بڕیارە یەکلایکەرەوە دەبێت بۆ هەر کەس و لایەنێک کە دەیەوێت پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ بەدەست بهێنێ([8])“.

ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێت عەبدولقادر سێلڤی لە پرسیارەکەیدا ئاماژەی بەو ئەگەرە نەداوە کە “HDP” بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بێهیوایی هەردوو لا لەوەی کە بتوانن پێکەوە لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆ ببنەوە([9]).

لەگەڵ ئەوانەشدا بە هۆی نەتەوەپەرستیی “MHP” و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی چەند ساڵی ڕابردووی نێوان ئاک پارتی و “HDP” و نەتەوەپەرستیی پارتی باش و کەمالیستی “CHP”ەوە، جگە لە بەرژەوەندیی سیاسی و بەدەستهێنانی کورسیی زیاتری پەرلەمان و پۆستی سەرۆککۆمار، ئومێدێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو هاوپەیمانییەکەی تورکیا لەگەڵ “HDP” و دەنگدەرەکانیدا نەماوەتەوە. دەبێت ئەوەش بزانین کە هەردوو هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت پەیوەندییەکانیان بە هەر جۆرێک بێت، کاتێک دێتە سەر مەسەلەی کورد لەو هێڵە لا نادەن کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاTürkiye Milli Güvenlik Kurulu)   (کێشراوە([10]).

مۆتەکەی پارتە نوێیەکان بەسەر ئاک پارتییەوە لە ناوچە کوردستانییەکاندا

جگە لە هاوپەیمانیی کۆمار و میللەت، هەریەک لە پارتی ئایندە (Gelecek Partisi) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (Demokrasi ve Atılım Partisi) (DEVA) بە سەرۆکایەتیی علی باباجان، چاویان بڕیوەتە دەنگی کوردەکان و ئەوانەشی کە دڵیان شکاوە لە سیاسەتی ئاک پارتی. بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو پارت لە چالاکیدان لە ناوچە کوردییەکان. سەرکردەی هەردوو پارتەکەش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ “HDP” بەرەوپێش دەبەن و هەوڵ دەدەن دڵی کوردەکان و “HDP” لە خۆیان نەڕەجێنن، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرکردەی هەردوو پارتەکە لە سەردانەکانیان بۆ کۆنگرەی لقی دیاربەکری پارتەکانیان بەجیا سەردانی سەرکردایەتیی “HDP”یان لە دیاربەکر کردووە. لەوەش گرنگتر، سەرۆکی پارتی “DEVA”؛ علی باباجان، لە دیاربەکر هیچ بایەخی بە چالاکییەکانی “دایکانی دیاربەکر” (Diyarbakır Anneleri) نەداوە کە چالاکییەکی بەردەوامە و لەلایەن دایکانی ئەو منداڵانەوە بەردەوامیی پێ دەدرێت کە وەک ئەوان دەڵێن “منداڵەکانیان لەلایەن پەکەکەوە ڕفێنراوە”، ئەم چالاکییە لەلایەن ئاک پارتییەوە پشتیوانی دەکرێت و هەر سەرکردەیەکی تورکیا بڕواتە دیاربەکر، سەردانی ئەو چالاکییە دەکات. لە بەرامبەردا علی باباجان لە ڕێگەی تویتەرەوە پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی “دایکانی شەممە” (Cumartesi Anneleri) ڕاگەیاندووە کە چالاکییەکی بەردەوامی ئەو دایکانەیە کە کەسوکاریان لە شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەدا بوونەتە قوربانی و لەلایەن “HDP”وە پشتیوانی دەکرێت([11]).

لە لایەکی ترەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سەردانی سەرۆکی ئەو دوو پارتەی باس کران بۆ دیاربەکر، ڕۆژی ٩ی تەممووزی ٢٠٢١، ئەردۆگان سەردانی دیاربەکری کرد. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی “DW”، “لەگەڵ ئەوەی ئامادەکاریی تەواو بۆ سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ دیاربەکر کرابوو، بەڵام ڕۆژەڤی خەڵکی شارەکە لەبریی سەردانەکەی سەرۆککۆمار؛ بریتی بوو لە هەڵئاوسانی ئابووری و بێکاری و کێشە مەدەنییەکان([12])“.

لە هەمان کاتدا بە بڕوای ڕۆژ گیراسون (Roj Girasun)؛ بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاوێست (Rawest Araştırmaları Merkezi)، “یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو سەردانەی ئەردۆگان بۆ دڵدانەوەی ئەندامانی ئاک پارتی بوو لە ناوچە کوردییەکان و وەک هەوڵێکیش بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو دەنگانەی ئاک پارتی بوون لە دیاربەکر و ناوچە کوردییەکاندا. واتە سەردانەکەی ئەردۆگان بەشێک بوو لە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی کۆمار([13]).

بەپێی ڕاپرسییەکان بێت، لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا ئەو کەسانەی کە پێشتر دەنگیان بە ئاک پارتی داوە و تەنانەت لایەنگرانی ئاک پارتییش لە ئێستادا، “دوودڵن یاخود هێشتا بڕیاریان نەداوە” کە دەنگ بە ئاک پارتی بدەنەوە، هەڵبەت بڕیاریان نەداوە دەنگ بە لایەنێکی دیکەش بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکە کە هەریەک لە پارتەکانی “DEVA” و پارتی ئایندە بەشداریی تێدا دەکەن کە سەرکردەکانی هەردوو پارتەکە لە ئاک پارتی جیا بوونەتەوە([14]).

بەپێی ڕاپرسییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاوێست (Rawest Araştırmaları Merkezi)، پارتی “DEVA” بەشێک لە دەنگەکانی ئاک پارتی و “HDP” لە چینی ناوەندی ناوچە کوردییەکانی دانیشتووانی شارەکان بۆ خۆی دەبات و پارتی ئایندەش چینی پارێزگار و ئیسلامییەکانی ناوچە کوردییەکان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. لە لایەکی دیکەشەوە پشتیوانیی عەبدوڵا گویل سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا بۆ پارتی “DEVA”، ڕێژەی دەنگی پارتەکە لە ناوچە کوردییەکان بەرزتر دەکاتەوە([15]).

 بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت چینی پارێزگار و ئیسلامییەکان و لایەنگرانی عەبدوڵا گویلیش لە ڕابردوودا زیاتر دەنگیان بە ئاک پارتی داوە، واتە زۆربەی ئەو دەنگانەی بۆ ئەو دوو پارتە دەڕۆن، دواجار لە دەنگی ئاک پارتی کەم دەکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە پێکهێنانی هاوپەیمانیی کۆمار لەلایەن ئاک پارتی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستیی تورکیا و زیادبوونی داواکارییەکانی پارتی نەتەوەرپەرست کە زۆربەیان داواکاریی نەژادپەرستی و دژی کورد و “HDP”یە، وای کردووە کوردەکان بگەنە ئەو بڕوایەی کە ئاک پارتی لەو بنەمایانە لای داوە کە لەسەری دامەزراوە، بەتایبەت لە بابەتی کێشەی کورد و کوردستانی عێراقدا. بەڵگەش بۆ ئەوە، تێڕوانینی وەهاب جۆشکون (Doç. Dr. Vahap Coşkun) کە مامۆستایە لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر (Dicle Üniversitesi Hukuk Fakültesi)، کە پێی وایە “لەبەر ئەوەی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بەدیلی ئاک پارتی بۆ ئەو کوردانە نەبوو کە دەنگیان بە ‘HDP’ نەدەدا، بۆیە دەنگیان بە ئاک پارتی دەدا. بەڵام لە ئێستادا هەردوو پارتی ئایندە و پارتی ‘DEVA’ وەک بەدیلی ئاک پارتی لە ناوچە کوردییەکاندا پێشوازییان لێ دەکرێت و بەدڵنیاییەوە بەشێک لە دەنگی ئاک پارتی بۆ خۆیان دەبەن([16])“.

لە لایەکی ترەوە هەردوو پارتی ئایندە و پارتی “DEVA”، دژی دانانی قەییومن (Kayyım) لەبریی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی “HDP” کە لەلایەن حکومەتەوە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پەکەکەوە لا دەبرێن و کەسانی نزیکی ئاک پارتی بە فەرمانی حکومەت لە جێگەیان دادەنرێت. دژایەتیی ئەو دوو پارتە بۆ دانانی قەییومەکان و تێڕوانینی ئەرێنییان بۆ کێشەی کورد، وا دەکات کە “HDP”یش نەکەوێتە دژایەتی و سەنگەری بەرامبەر لەو پارتانە نەگرێت، بەم جۆرە بەئاسانی دەتوانن لە ناوچە کوردییەکاندا بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان بکەن و بە هەموویان پەڕوباڵی ئاک پارتی لەو ناوچانەدا بکەن.

هەوڵەکانی داخستنی “HDP” و کاریگەریی لەسەر دەنگی لایەنەکان

ئاک پارتی بە دەستلەپشتدانی لەلایەن “MHP”ی هاوپەیمانییەوە، لە بەهاری ئەمساڵەوە لە هەوڵدایە بۆ داخستنی “HDP” و قەدەغەکردنی کاری سیاسی لەسەر زۆرێک لە سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی “HDP”. بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا دوو جار ڕاپۆرتی تێروتەسەل لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە (Yargıtay Cumhuriyet Başsavcılığı) نێردراوە بۆ دادگای دەستووریی تورکیا (Türkiye Anayasa Mahkemesi) و لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بڕیاری لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکان دراوە([17]). ئەم هەوڵەی ئەردۆگانیش لە پێناو ڕازیکردنی “MHP”یە بۆ مانەوەی لە هاوپەیمانێتیی کۆماردا و لەوەش زیاتر ڕاکێشانی مەیلی بەرپرسانی پارتی “باش”ە بۆ ئەوەی بێنە هاوپەیمانیی کۆمارەوە کە پارتی باش دواجار هەر درێژکراوەیەکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP)یە و بگرە لەوانیش نەتەوەپەرستترن، تەنانەت وەک باس دەکرێت پارتی باش بە هۆی نەرمینواندنی “MHP” لەگەڵ ئاک پارتی لە ساڵانی ڕابردوودا و “لادان لە بنەما و برەنسیپە سەرەکییەکانی تورکچێتی” لە ساڵی ٢٠١٧ لە “MHP” جیا بوونەوە([18]).

بە بۆچوونی ڕۆژ گیراسون (Roj Girasun)؛ بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاوێست (Rawest Araştırmaları Merkezi)، داخستنی “HDP” لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ئەو پارتە لەگەڵ دەنگدەرەکانی و نەک دەنگەکانی کەم ناکات، بەڵکوو وەک ستەملێکراوێک ڕێژەی دەنگەکانی بەرز دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا داخستنی “HDP”، دەنگی ئاک پارتی لە ناوچە کوردییەکاندا کەمتر دەکاتەوە و لەو دۆخەشدا دەنگدەری “HDP” دەنگ دەدات بە پارتی ئایندە و پارتی “DEVA”([19]).

خاوەنی کۆمپانیای مێترۆپۆل بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاپرسی (Metropoll Araştırma şirketi)؛ ئۆزێر سەنجار (Özer Sencar)، پێی وایە کە “ئەردۆگان هێشتا دڵنیا نییە لە بابەتی داخستنی ‘HDP’دا و لە حاڵەتی داخستنی ئەو پارتەشدا ٥٪ی ئەو کوردانەی کە دەنگیان بە ئاک پارتی داوە؛ جارێکی دیکە دەنگی پێ نادەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بەرپرسانی ‘HDP’ نەشتوانن بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ پارتێکی تازە دروست بکەن، ئەوا دەنگەکانی ‘HDP’ ناڕوات بۆ ئاک پارتی و بە ئەگەری زۆر بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەڕوات دەنگەکان([20]).” لێرەدا ئەوەی ڕوونە ئەردۆگان لە یاریی داخستنی “HDP”دا هیچی دەست ناکەوێت و بگرە لەوانەیە زیانیش بکات. یاخود بە واتایەکی دیکە: دەکرێت ئاک پارتی لە ڕێگەی داخستنی “HDP”وە بتوانێت پارتی باش لە هاوپەیمانیی میللەتەوە بۆ هاوپەیمانیی کۆمار ڕابکێشێت و بەم جۆرە ڕێژەی دەنگی کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کە ئەردۆگانە؛ بەرز بکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەم دەنگی خودی ئاک پارتی لای کوردەکان کەم دەکات کە کاریگەری دەکاتە سەر ڕێژەی ژمارەی ئەندامپەرلەمانەکانی ئاک پارتی لە پەرلەماندا، هەمیش ڕێژەی دەنگی هاوپەیمانیی میللەت زیاد دەکات، چونکە لەو دۆخەدا دەنگدەرانی “HDP” دەنگ بە هاوپەیمانیی میللەت دەدەن. بەڵام ئاساییە ئەگەر لە پێناوی بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماردا ئاک پارتی و ئەردۆگان قوربانی بە چەند کورسییەکی پەرلەمان بدەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەردۆگان وەک یاریکەرێکی لێزان لەوانەیە بابەتی داخستنی “HDP” وەک تۆپێکی گرنگ لە قاچی خۆیدا بهێڵێتەوە و تا ئەو کاتەی دڵنیا نەبێت لە ڕاکێشانی پارتی باش بۆ هاوپەیمانیی کۆمار؛ نەینێت بە گۆڵی “HDP”وە. یاخود هەر تۆپەکە بهێڵێتەوە و لەدوای هەڵبژاردن بە لێدانی یەکلاکەرەوە گۆڵی خۆی پێ بکات.

“HDP” لەنێوان هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەتدا، دڵی بە “ڕێگای سێیەم”ەوەیە

ئێستا هیچ پارتێکی تورکیا ئامادەیی بەستنی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ “HDP” دەرنەبڕیوە، لە بەرامبەردا “HDP”یش داواکاریی پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئاراستەی هیچ هێز و لایەنێک نەکردووە. تەنانەت سەرۆکی پارتەکانی ئایندە و “DEVA”یش لە سەردانەکانیاندا بۆ دیاربەکر و سەرەڕای بینینی هاوسەرۆکانی “HDP”،  بەڵام هیچ باسوخواسێکی هاوپەیمانیی نێوان ئەو پارتانە و “HDP” ڕۆژەڤی میدیای تورکی و باکووری کوردستان نین.

هاوسەرۆکی “HDP”؛ پەروین بوڵدان (Pervin Buldan) لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە داوە کە “پشتیوانیمان لە یەکێتیی هێزە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا گرنگ بوو، بەڵام لەمەودا هیچ کەسێک چاوەڕێی هەمان هەڵوێستمان لێ نەکات”. تەنانەت چەند ڕۆژێک دواتر لە وەڵامی پرسیاری “ئایا لەلایەن هاوپەیمانیی میللەتەوە هیچ داواکارییەکتان ئاراستە کراوە بۆ بەشداریکردن لەو هاوپەیمانێتییەدا؟”، گوتی: “نە لەلایەن هاوپەیمانی میللەتەوە داواکارییەکی لەو جۆرە بۆ ‘HDP’ نێردراوە و نە ئێمەش عەوداڵی بەشداریکردنین لەو هاوپەیمانێتییەدا، پێویستیشمان پێی نییە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کێشەی بەربەستی (١٠٪)مان نییە([21]).”

ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پارتەکانی هاوپەیمانیی میللەت و پارتی “DEVA” و پارتی ئایندە کە ئیدی هێلکەی خۆمان بەئاسانی ناخەینە سەبەتەی هیچ کەسێکەوە و باکمان پێتان نییە و خۆمان بەجیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و کاندیدمان دەبێت، هەر چەندە هۆکاریش بێت بۆ شکستی ئاک پارتی و هاوپەیمانیی کۆماری ڕکابەر و تا ڕادەیەک دوژمنی “HDP”. لەبەرامبەر ئەمەدا سەرۆکی “CHP”؛ کەمال کلیچدار ئۆغڵو (Kemal Kıliçdaroğlu) پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکی “HDP”؛ میدحەت سانجار (Mithat Sancar) ئامادە نەبوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ببەستن، تەنانەت بۆ یادگارییش بێت وێنەیەکی لەگەڵ میدحەت سانجاردا نەگرت. لەوەش زیاتر سەرۆکی پارتی باش (İYİ Parti)؛ مێرال ئاکشەنەر (Meral Akşener) هەر وەڵامی داواکاریی “HDP”ی بۆ سەردان و کۆبوونەوە نەداوەتەوە. ئاکشەنەر کە “HDP”ی وەک باڵی سیاسیی پەکەکە و درێژکراوەی ئەو حیزبە وێنا کردووە، گوتوویەتی “پێویستە ‘HDP’ وەک پارتێکی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات”. ئەمەش دەریدەخات کە هیچ پارتێکی سیاسیی تورکیا لە ئێستادا ئامادەیی تێدا نییە هاوپەیمانی لەگەڵ “HDP”دا ببەستێت و “HDP”یش مەیلی بۆ چوونە پاڵ هیچ یەکێک لەو هاوپەیمانێتییانە نییە.

بە هەمان شێوە ئاڵتان تان پێی وایە داخستنی هەموو دەرگاکان بە ڕووی دەسەڵات و ئاک پارتیدا لەلایەن “HDP”وە و لە هەمان کاتدا پشتگیریکردنی بێ قەید و مەرجی ئۆپۆزسیۆن کارێکی باش نییە([22]).

بەو پێیە بێت نە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئامادەن “HDP” لە ئامێزی هاوپەیمانییەکانی خۆیاندا جێ بکەنەوە، نە “HDP”یش چاولەڕێی ئەو دوو لایەنەیە.

لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، بەشداریی “HDP” بەتەنها خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەگەری تێپەڕاندنی بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمانی لەسەر قورس دەکات و کاندیدی سەرۆککۆماری ئەو پارتەش ئەگەر هەیبێت؛ سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە دۆخێکی لەو جۆرەدا دەکەوێتە گەڕی دووەمەوە.

 لەگەڵ ئەمانەشدا، پێشبینی دەکرێت “HDP” ڕێگای سێیەم هەڵبژێرێت و بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ی تورکیا لەگەڵ پارت و پێکهاتە و ڕێکخراوە چەپە کوردییەکانی تورکیا هاوپەیمانێتییەک پێک بهێنێت([23]).

“HDP” کە کێشەی بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمانی نییە و خۆی بەتەنها دەتوانێت تێیپەڕێنێت، لە دۆخێکدا هاوپەیمانێتییەک بۆ خۆی و دۆستەکانی پێک بهێنێت، دەتوانێ ڕێگری بکات لە پەرشبوونی دەنگدەرەکانی و لە هەمان کاتدا مەیلی بەشێک لە دەنگدەرانی ئاک پارتییش بۆ خۆی کێش دەکات کە بە هۆی سیاسەتەکانی ئاک پارتییەوە لە فیکری ئیسلامیەت و پارێزگارییش کشاونەتەوە.

 

سیناریۆکان

لە ئێستادا ئەوەی ڕوونە هاوپەیمانیی کۆمار بە سەرۆکایەتیی ئاک پارتی و هاوپەیمانیی میللەت بە سەرۆکایەتیی “CHP” لە ململانێیەکی سیاسیی سەختدان و هەردوو لا لە هەوڵی بەدەستهێنانی مەیلی پارتەکانی دیکەدان بەدەر لە “HDP“، هەڵبەت ناشیانەوێت دڵی دەنگدەرە کوردەکانیش لە خۆیان بڕەنجێنن.

سیناریۆی یەکەم بریتییە لە بەردەوامیی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، واتە هاوپەیمانیی کۆماریی ئاک پارتی و “MHP” لە لایەک و هاوپەیمانیی میللەتی “CHP” و پارتی باش لە لایەکی دیکەوە لە ململانێی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆککۆمار و زۆرینەی پەرلەمانیدان، بەڵام هیچیان ناتوانن کورسیی سەرۆککۆمار و زۆرینەی پەرلەمانی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنن. هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا، هەریەک لە پارتەکانی ئایندە و “DEVA” و “HDP” بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن و تەنها “HDP” دەتوانێت بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمان ببڕێت.

سیناریۆی دووەم بریتییە لەوەی پارتی باش لە هاوپەیمانیی میللەت بێتە دەرەوە و بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا ئاک پارتی و هاوپەیمانیی کۆمار تەنها لە ڕێگەی لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP)وە بانگەوازیان بۆ سەرۆکی پارتی باش (Meral Akşener) کردووە کە “ئیتر کاتی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەکەی خۆت([24])!” بەدەر لەوە، کەسیان ناوێت. هەڵبەت وەک هەنگاوی کردەییش، یەکێک لە ئامانجەکانی هەوڵەکانی داخستنی “HDP” بۆ ڕاکێشانی پارتی “باش”ە بۆ ناو هاوپەیمانیی کۆمار. ئەگەر بێتوو پارتی باش بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، ئەوا تاکە کاندیدەکەی بۆ کورسیی سەرۆککۆمار کە ئەردۆگانە؛ بێ دوودڵی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەر دەکەوێت و زۆرینەی پەرلەمانیش بەدەست دەهێنن.

سیناریۆی سێیەم بریتییە لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەلایەن هاوپەیمانیی کۆمار یان هاوپەیمانیی میللەتەوە لەگەڵ “HDP” و چوونی ئەو پارتە بۆ ناو یەکێک لەو هاوپەیمانێتییە. هەر چەندە ئەگەرێکی لاوازە و لە هیچ لایەکیانەوە نیەتی یەکگرتن بەدی ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی سەرۆککۆمار و زۆرینەی پەرلەمانی لەم هەڵبژاردنەدا یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و تەنانەت بۆ “HDP“یش.

ئەردۆگان ئەگەر دڵنیا ببێتەوە لەوەی بە داخستنی “HDP”؛ پارتی باش دێتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، ئەوا پێش هەڵبژاردنەکان ئەو کارە جێبەجێ دەکات، بەپێچەوانەوە نایەوێت بەشێک لە دەنگدەرە کوردەکانی ئاک پارتی لە خۆی زویر بکات و هیچیشی دەست نەکەوێت.

سیناریۆی سەرکەوتنی کاندیدی هاوپەیمانیی میللەتیش لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کە هێشتا دیار نییە کێیە، شتێکی مەحاڵە و لە دۆخێکدا کە هەڵبژاردنەکە بکەوێتە خولی دووەمەوە و لەبەرامبەر هاوپەیمانیی کۆماری ئاک پارتی و “MHP”دا سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (CHP,İYİ Parti, DEVA, Gelecek Partisi) بە “HDP”یشەوە ئینجا دەتوانن کاندیدەکەیان لەبەرامبەر ئەردۆگاندا سەر بخەن.

 

ئەنجام

هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣-دا بکرێت یاخود پێشتر بخرێت، دەنگدەرە کوردەکان و “HDP” وەک مەلیکی ئەو یاریی شەترەنجە وان و هەر لایەنێک بتوانێت “کش مات”یان بکات، ئەو دەتوانێ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا و زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەو ئەگەرە نزیکە لە مەحاڵەوە. ئەگەری بەهێز ئەوەیە “HDP” ڕێگای سێیەم هەڵبژێرێت، بە واتایەکی دیکە: ڕێگای سێیەمی لە بەردەمدا بهێڵرێتەوە تا هەڵیبژێرێت. بۆیە تەنها ڕێگای بەردەمی “HDP“، بەستنی هاوپەیمانییە لەگەڵ پارت و گرووپە سیکۆلارەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا، ئەمەش لە پێناوی پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز لەبەرامبەر هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی “میللەت”ی تورکەکاندا.

لە لایەکی تریشەوە مەترسیی داخستنی “HDP” لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە، ئەگەرێکی کراوەیە. ئەگەر “HDP“ دابخرێت، کێشەیەکی لە داخستنی ئەو پارتە گەورەتر ڕووبەڕووی کوردە چەپەکانی تورکیا دەبێتەوە، ئەویش بریتییە لە دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی کاری سیاسی لەسەر زۆرێک لە سەرکردە و ئەندامە پلە باڵاکانی “HDP“. لەم دۆخەدا زیاتر لە نیوەی دەنگدەرە کوردەکانی تورکیا لایەنێک شک نابەن تاوەکوو دەنگەکانی خۆیانی پێ بدەن و بە ئەگەری زۆر ناچارن دەنگ بدەن بە پارتی ئایندە و پارتی “DEVA“، دواجاریش دوور نییە ئەم دوو پارتە بچنە هاوپەیمانیی میللەتەوە و ئەردۆگان و ئاک پارتی لە مەیدانی دەسەڵاتی تورکیا دوور بخەنەوە. بەم جۆرە جارێکی دیکە کوردەکان وەک مەلیکی شەترەنجەکە بە دەستی خۆیان پارتێکی کەمالیستی وەک “CHP” و پارتێکی نەتەوەپەرستی وەک پارتی باش دەکەنەوە بە دەسەڵاتداری تورکیا. کەواتە هەر لایەک لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە دەنگی لایەنگرانی خۆی یاخود بە دەنگی کوردەکان سەر بکەوێت، “باری کورد هەر ٤٠ مەن دەبێت”!

_______________________________________________

سه‌رچاوه‌كان

 

[1]İlbeyoğlu, Vedat, (4.7.2021), Kürdün AKP’yle işbirliği yapma ihtimalini sevenler!, https://www.evrensel.net/yazi/89033/kurdun-akpyle-isbirligi-yapma ihtimalini-sevenler, 17.8.2021.

[2]. Demokrathaber.org, (4.7.2021), ‘Kürdün AKP’yle işbirliği yapma ihtimalini sevenler!’ https://www.demokrathaber.org/guncel/kurdun-akpyle-isbirligi-yapma-ihtimalini-sevenler-h147677.html, 18.8.2021.

 

[3]. İlbeyoğlu, Vedat, هەمان سەرچاوەی پێشوو

 

[4]. İndipendenttürkçe.com, (2.7.2021) Sancar: AKP ile uzlaşma anlamına gelecek bir girişimde olmayız, https://www.indyturk.com/node/382281/siyaset/sancar-akp-ile-uzla%C5%9Fma-anlam%C4%B1na-gelecek-bir-giri%C5%9Fimde-olmay%C4%B1z, 19.8.2021.

 

[5]. Tan, Altan, (2.7.2021), Tan: Cumhur ve millet ittifakları söz konusu Kürtler olunca MGK politikalarının ötesine geçemiyor, https://rojevakurdistan.org/tan-cumhur-ve-millet-ittifaklari-soz-konusu-kurtler-olunca-mgk-politikalarinin-otesine-gecemiyor/, 20.8.2021.

 

[6]. Demokrathaber.org, (14.7.2021), Buldan: AKP ile masaya oturacak tek bir Kürt yoktur, https://www.demokrathaber.org/siyaset/buldan-akp-ile-masaya-oturacak-tek-bir-kurt-yoktur-h148163.html, 16.8.2021.

[7]. Tan, Altan, هەمان سەرچاوەی پێشوو

 

[8]. Selvi, Abdülkadir, (26.7.2021), 2023 seçimlerinde HDP’ye biçilen rol, https://www.hurriyet.com.tr/yazarlar/abdulkadir-selvi/2023-secimlerinde-hdpye-bicilen-rol-41859719, 20.8.2021.

[9]. Tan, Altan, هەمان سەرچاوەی پێشوو

 

[10]. هەمان سەرچاوە.

 

[11]. Haberkurulu.com, (11.7.2021), Diyarbakır annelerini görmezden gelen Ali Babacan, HDP’lilerin ağızıyla Cumartesi anneleri için tweet attı!, https://haberkurulu.com/diyarbakir-annelerini-gormezden-gelen-ali-babacan-hdplilerin-agiziyla-cumartesi-anneleri-icin-tweet-atti/, 15.8.2021.

 

[12]. Dw.com, (8.7.2021), Erdoğan’ın Diyarbakır ziyareti oyları geri getirecek mi?, https://www.dw.com/tr/erdo%C4%9Fan%C4%B1n-diyarbak%C4%B1r-ziyareti-oylar%C4%B1-geri-getirecek-mi/a-58209050, 17.8.2021.

[13]. هەمان سەرچاوە.

[14]. هەمان سەرچاوە.

[15]. Dw.com, (12.7.2020), Gelecek ve DEVA partilerinin Kürt seçmenle imtihanı, https://www.dw.com/tr/gelecek-ve-deva-partilerinin-k%C3%BCrt-se%C3%A7menle-imtihan%C4%B1/a-54105346, 18.8.2021

[16]. Dirilişpostası.com, (9.7.2021), Cumhurbaşkanı Erdoğan’dan Diyarbakır’a tarihi ziyaret, https://www.dirilispostasi.com/haber/7398429/cumhurbaskani-erdogandan-diyarbakira-tarihi-ziyaret, 18.8.2021.

 

[17]. Mahmut Övür, (22.6.2021), HDP kapatma davası ve olası sonuçları, https://www.sabah.com.tr/yazarlar/ovur/2021/06/22/hdp-kapatma-davasi-ve-olasi-sonuclari, 19.8.2021.

[18]. Medyafaresi, (25.9.2017), Meral Akşener İYİ PARTİ’yi kurdu!, https://www.medyafaresi.com/haber/meral-aksener-iyi-partiyi-kurdu/845169, 20.8.2021.

[19]. Dw.com, (25.6.2021), Güneydoğu’da HDP tepkisi, https://www.dw.com/tr/g%C3%BCneydo%C4%9Fuda-hdp-tepkisi/av-58051830, 17.8.2021.

 

[20]. Dw.com, (22.6.2021), “AKP kendisine oy veren Kürtleri kaybedebilir”, https://www.dw.com/tr/akp-kendisine-oy-veren-k%C3%Bcrtleri kaybedebilir/a-57989460 ,15.8.2021.

 

[21]. Selvi, Abdulkadir, هەمان سەرچاوەی پێشوو

[22]Tan, Altan, هەمان سەرچاوەی پێشوو

[23]. Selvi, Abdulkadir, هەمان سەرچاوەی پێشوو

[24]. Youtube.com, (5.8.2021), Bahçeli’den Akşener’e “Eve dön” Cağırısı,  https://www.youtube.com/watch?v=bxjwnxL8dfI, 19.8.2021.

 

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand